گەمەی نێوان پەنجەرەکان لە دەقی (کۆتایی گەمە)ی سامۆیل بێکێت دا

22/12/2015    12:57

گەمەی نێوان پەنجەرەکان لە دەقی (کۆتایی گەمە)ی سامۆیل بێکێت دا 


Şano

شادیە عەبدول


ئەو پرسیارەی (چی ڕوودەدات کاتێک بوونی مرۆڤ مانا و هەژمونی خۆی لەدەست دەدات)، سەرچاوەی دروستبوونی ئەو تەوژمە بوو کە بونیادی دەق و تێم و نمایشەکانی شانۆی گۆڕی. ئەمەش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بوو کە ڕوداوو کارەساتێکی گەورە بوو لە ئاست مرۆڤایەتیدا. بێگومان ئەم تەوژمە لە ڕێی پێشەنگی کردنی چەند نوسەرێکی وەک (سامۆیل بیکیت ، یوژین یونێسکۆ، ژان ژینییە و هارۆلد پینتەر...هتد) بوو، کە گۆڕانی بنجییان لە دەقەکانیاندا کرد و فۆڕمێکی جیاوازی شانۆیان هێنایە ئاراوە  و پاشان ڕێبازی شانۆی ئەبسۆرد دەرکەوت. ئەم شێوازە نوێیە شانۆیەکی ئەرێنی نەبوو، وەڵامی ئەو پرسیارەش نەبوو کە ئایا بوونی مرۆڤ بەهایەکی هەیە  یاخود نا؟. بە پێچەوانەوە دەلالەت کردن و بەیان کردنی بێ مانایی و پووچی ژیان بوو. گەڕان نەبوو بەدوای چارەسەردا بەڵکو جۆرێک بوو لە هۆشداری و دڵنیایی بۆ ئینسان، دەبێت قبوڵی بکات کە لەناو بازنەیەکی بێ کۆتایی دوبارەی پوچییدا دێت و دەچێت.  
 
تێمای شانۆییەکان لە جێی کێشەو مڵملانێ واقیعی و کۆمەڵایەتییەکان، بوونە ئاڵۆزی تایبەتمەندی تاکەکان لەناو خودی خۆیاندا و بەرامبەر دەوروبەریان. پووچیی مانای ژیان و هەست نەکردن بە وجودی تاک و ونبوونی تاکگەرایی لە نێوان هەموو جەنجاڵی و شلۆقییەکانی ژیاندا و تێکشان و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان لە نێوان ئینسان خۆی و دەرەوەی خۆیدا، بوونە تێما، پاشان فەزای گشتی شانۆیان گرت. کارەکتەرەکان لە تایبەتمەندییە واقیعییەکان داماڵران و جۆرێک لە کارەکتەری ناواقیعی و نائاسایی دروست کران، لە پێناو خزمەت کردنی مەبەستییان لە تێکشکان و ئاڵۆزبوونی مرۆڤدا.

بێگومان نماییش و دیمەنی شانۆییەکانیش بەدەر نەبوون لە گۆڕانکاریەکان و ئەوانیش کاریگەر بوون بە هێما و سیمبۆلگەلێک کە هەریەکەیان ئاماژەیان بۆ شتێک دەکرد و خوێندنەوەیان بە شێوەیەک بوو. ئەوەش بە  جۆرێک فەزای شانۆی فراوان کرد، کە چیتر شانۆی لەوە تێپەڕاند بریتی بێت لە سەرەتاو ناوەڕاست و کۆتاییەکی ڕوت و پێکەوە گرێدراو، بەڵکو جۆرێک لە کرانەوە بە ڕوی دەقدا دروست بوو ئەوەش لە ڕێی شێوازی نوێی داڕشتنەوەی دەقەکان و دروستکردنی کۆتاییە کراوەکان. هاوکات بە ڕاددەیەکی زۆر تاریکی هاتە ناو سینۆگرافیای دەقەکان و نمایشەکان، ڕوناکی کەم و کز و نا جێگیر، ماددەی ڕەق و تێکشکاو، "کورسییەک، مێزێک تەختی خەوێک، دەرگایەک یان پەنجەرەیەک" جێگەی سینۆگرافیا چڕ و ڕوناک و فراوانەکانیان گرتەوە. ئەوەش ئاماژە کردن بوو بە تێکەڵ بوون و تێکچڕژانی نێوان مرۆڤی مۆدێرن و کەلوپەلەکانی ناو ژیانی. خودی ئەم گۆڕانە سەرتاسەرییەش هەمان ئارەزووی بینەر بوو بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی هاووێنەی خۆی، بە جۆرێک خۆی و ژیانی خۆی لەو چوارچێوەیەدا دەبینییەوە کە ڕەنگی شانۆی گرت.
 
هێماو سیمبۆلە بەکارهێنراوەکان هەڵقوڵاوی تەوژمی ڕێبازەکانی سوریالی و ئەبستراکت بوون، چونکە هەر خودی ئەو هونەرانە نیشاندەری هەمان چڕی و جەنجاڵیی ژیانی مرۆڤ بوون لەناو ئەندازە و هێڵ و تەریبە تێکەڵ و ئاڵۆزەکاندا، بۆیە نوسەری دەقەکان پشتیان کردە پێویستیی چڕی و فراوانی تەختەی شانۆ و دەرهێنەرەکانیش لە نمایشەکاندا هەمان ڕێگەیان گرت.

گەر سەرنج بدەینە زۆربەی دەقە جیهانیەکان و نمایشەکانیان، لە نێوانیاندا چەندین سینۆگرافیای ئەبستراکت و سوریالی دەبینین کە لە زۆربەیاندا پشت بەستراوە بە  ئامێر و شتومەکی سادە و ساکار، بەڵام  بوونە هێما وسیمبۆلی تایبەت و وەک سینۆگرافیا بەکارهێنراون و کاریان لەسەر کراوە، ئەو هێمایانەش  زۆر و جیاوازن هەر کام لە نوسەرەکان  لە ڕێی بیرۆکەی تایبەت بە فەزای دەق و گونجاندنیان لەگەڵ دەقەکەدا بەکاریان هێناون، بێگومان ئەمەش پێکداچونی نێوان پێکهاتەی بونیادی شانۆی زیادتر کرد و تەنانەت لە هەندێ دەقدا دەبینرێت کە پێکهاتەکانی سینۆگرافیا و تێمای دەق و کارەکتەرەکان بە جۆرێک پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و پێکەوە گرێدراون گەر دەرهێنەر  بییەوێت کاری جیاواز و شێوازی جیاوازی تێدا دروست بکات، ناتوانێت زۆربەی ئەو بەشانە فەرامۆش بکات کە لە دەقە نوسراوەکەدا هاتوون، یان بە جۆرێکن توانای گۆڕین و لابردن و زیادکردنیان نابێت. لەو ڕوانگەیەوە سەرنج دەخەینە سەر دەقی (کۆتایی گەمە\ سامۆیل بیکێت).

 لە دەقی (کۆتایی گەمە)دا دوو پەنجەرە هەن. هەرچەند گەر ورد بینەوە لە زۆربەی دەقە جیهانیەکان کەم تا زۆر بەر چەندین سیمبۆل و میتافۆڕی جیاواز دەکەوین کە لە کۆی دەقەکان یان لە دەقی چەند نوسەرێکدا دوبارە دەبێتەوە. ڕەنگە لە زۆر دەقی تردا بەر بوونی پەنجەرەکان بکەوین. بەڵام لە ئەم دەقەدا پەنجەرەکان تێکەڵن بە تێممای دەقەکە و کارەکتەرەکان بەرکەوتن و مامەڵەی زۆر نزیکیان لەگەڵیاندا هەیە،  گەر بمانەوێت وەک بەشێکی جیاواز یاخود تەنها وەک بەشێک لە ئیکسسواری سینۆگرافیا سەیری بکەین ئەوا بێگومان بەهەڵەدا چووین.
کۆی فەزای دەقەکە مشتومڕی کارەکتەرەکانە لەسە ژیانیان و دەربارەی (چیم کرد و چیت کرد و چییان کرد چی دەکەین و چی بکەین...) بەردەوام گفتوگۆ دەکەن. هاوکات گەمەی جەنگ ئاسای نێوان کارەکتەرەکان بۆ سەلماندنی وجودی خۆیان و مانەوەیان بەدی دەکەین. دەبینین زۆربەی گفتوگۆکان لە نێوان دوو کارەکتەردا (هام و کلۆڤ) ڕوو دەدەن و بەردەوام لە هەمان شوێندان، پاشان یەکێک لەو شتانەی چەندین جار لەبارەیەوە دەدوێن پەنجەرەکانن.

دەستپێکی سکین_ی دەقەکە بەم شێوەیەیە:

(ژورێکی ڕووت و قوت...ڕوناکییەکی خۆڵەمێشی دڵتەنگ. دوو پەنجەرە بە بەرزاییەکەوە بە دیواری لای ڕاست و چەپ بەرەو قوڵایی شانۆ هەڵواسراون. پەردەکان دادراونەتەوە لە پێشەوەی شانۆ لە لای ڕاست، دەرگایەک بە دیوارەکەوە قایم کراوە، لە نزیک دەرگاکەوە تابلۆیەک بە هەڵگەڕاوەیی هەڵواسراوە. لە پێشەوەی شانۆ لە لای چەپ دوو زبڵدان[دوو تەنەکەی خۆڵ] بەرامبەر بە یەک دانراون. ...).
 
 تا ڕاددەیەکی زۆر دەتوانین بڵێین هەر کام لەو ئیکسسوارانەی هەن ئەندازەیین و لە هەمان کاتتدا بەشێک لە وێنەیەکی سوریالی دەخوڵقێنن بۆ کۆی سێتی شانۆییەکە. گەر سەرنج بدەین بە درێژایی بەردەوام بوونی دەقەکە هەر کام لەم شتانە گەر بۆ ئاماژەیەکی بچوکیش بێت ئاماژەیان پێ دەکرێت و بەهایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە.  هەندێک جار بیکێت بەوە زۆر نیگەران بووە کە هەر شتێک کە لەم دەقەیا هەبووە لێی کەم کراوەتەوە یان بۆی زیاد کراوە. ئەوەش ڕاستی بوونی ئەوەیە کە بێگومان بیکێت دەیەوێت تەنانەت بچوکترین شتێک کە لە دەقەکانیدا وەک سینۆگرافیا ئاماژەی بۆ کردووە، لە دەرهێنانی دەقەکانیشدا هەمان ئەرک و تایبەتمەندی خۆیان پێ بدرێتەوە. هەم دەرهێنەر توانای پێدانی ئەو تایبەتمەندییەی هەبێت و هەم ئەکتەر بتوانێت بە تەواوی  لەگەڵ هەر کام لەو شتانەدا تێکەڵ ببێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
  لەگەڵ دەستپێکی جوڵەکانی ئەکتەر دا سەرنج دەخرێتە سەر پەنجەرەکان و کلۆڤ پاش سەیرکردنی بۆ هام بەرەو ڕوی پەنجەرەکان دەڕوات و بەردەوام لەو ماوەیەدا بە ناجێگیری و نا ئارامی سەیری پەنجەرەکان دەکات، وەک ئەوەی ترسێک لە سەیرکردنی دیمەنی ئەودیو پەنجەرەکان پیشان بدات.
 
هاتن و چوونی بەردەوامی کلۆڤ لە نێوان هەردوو پەنجەرەکەدا و تەماشا کردن و بەردەوام قسە کردنی لە بارەی ئەودیو پەنجەرەکانەوە، پرسیار کردنی بەردەوامی هام و ویستی ئاگاداربوونی لە فەزای ئەودیوی پەنجەرەکە، پرسیار لە بارەی ڕەنگ و چۆنێتی دونیا و هاتن یان نەهاتنی کەشتیوانەکان. ئەو بڕوایە تێکدەشکێنێت کە کارەکتەرەکان و فەزای گشتی شانۆییەکە لە دونیای دەرەوە دابڕاو و دوورن. چونکە بەردەوام کارەکتەرەکان لە گومان و دودڵییەکدان بەرامبەر ئەودیو پەنجەرەکان وگفتوگۆی لە بارەوە دەکەن. بۆیە گەر ترس و ڕاکردن بێت یان حەز و بەرەوپیر چوونیان بێت، کارەکتەرەکان بەردەوام شتێک دەیانبەستێتەوە بە دونیای دەرەوە، چی ڕودەدات یان چی دەگوزەرێت تێیدا، دەیانەوێت لێی ئاگادار بن.
 
هام: پەنجەرەکە بکەرەوە.
کلۆڤ: بۆچی؟
هام: دەمەوێ گوێ لە دەریا بگرم.
کلۆڤ: گوێت لێی نابێت.
هام: ئەگەر پەنجەرەکەش بکەیتەوە!؟
کلۆڤ: نا.
هام: کەواتە پێویست ناکا بیکەیتەوە؟
کلۆڤ: نا.
هام: (بە توندو تیژی) دە کەواتە بیکەرەوە.... پەنجەرەکەت کردەوە؟؟
کلۆڤ: ئا.

 ئەوەی لە کۆتایی گەمەدا دەگوزەرێت زۆربەی ڕەخنەگران وەک گەمەی دەسەڵات لە نێوان دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتدا وەسفی دەکەن، بێگومان ئەم گەمەیە پەرچە کرداری تێکشکان و شکستی کارەکتەرەکانە کە بە درێژایی دەقەکە بەریدەکەوین، دەتوانین لە گفتوگۆ و شێوازی زمانی هەر کام لە کارەکتەرەکان درک بەوە بکەین. بیکێت زۆر ورد ئەم گەمەیە دەگوێزێتەوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ پەنجەرەکاندا، لە زۆر شوێندا هام دەسەڵاتی خۆی دەسەلمێنێت بەوەی یارییەکی بەردەوام بە کلۆڤ دەکات لە نێوان هەردوو پەنجەرەکاندا و بە پرسیار کردنی بەردەوام و هاتووچۆ پێکردنی خۆی و کورسییەکەی بە کلۆڤ بۆ لای هەر کام لە پەنجەرەکان کە دەیەوێت، ئەو گەمەیە درێژە پێ دەدات.

هام: بمبەرە ژێر پەنجەرەکە دەمەوێت هەست بکەم ڕوناکی لە دەموچاوم دەدات.

هەرچەند بەردەوام دەسەڵاتی هام بەسەر کلۆڤ و کارەکتەرەکانی تر دا دەبینرێت بەڵام، تاکە شتێک کە هام لێی دەترسێت ئەوەیە کە دەزانێت کلۆڤ توانایەکی جەستەیی لە ئەو زیاتری هەیە. گومان دەکات لەناو ئەو گەمەیەی کە خۆی لەگەڵ کلۆڤ دەیکات. لە بەرامبەردا کلۆڤ گەمەیەکی شاراوە لەگەڵ ئەو بکات، گەر بییەوێت لە هاتوچۆی نێوان هەردوو پەنجەرەکان و لە بارو دۆخی ئەودیو پەنجەرەکان درۆی لەگەڵ بکات و تۆڵەی ئەو دەسەڵاتەی لێ بکاتەوە کە بەسەریەوە هەیەتی، دەشێ لەهەر کاتێکدا بێت ئەوەی ئەو دەیەوێت بە پێچەوانەوە بیکات یان بە پێچەوانەوە پێی بڵێت. بۆیە تێبینی دەکەین کاتێک هام داوا لە کلۆڤ دەکات کە پەنجەرەکە بکاتەوە سوێندی دەدات یان بە توڕەیی و توندوتیژییەوە داوای کردنەوەی پەنجەرەکەی لێدەکات یان پرسیاری لێدەکات و دەیەوێت تەنانەت بچوکترین دەسەڵات نەگەڕێتەوە بۆی، لە کاتێکدا دڵنیایە لەوەی کلۆڤ دەتوانێت هەر شتێک بکات بە بێ ئاگاداری ئەو. گەر بێ ئاگایی بێت یان نا کلۆڤ هەمیشە گوێڕایەڵەو ئەوەی هام دەیەوێت دەیکات، بەڵام ئاشکرا نییە ئاخۆ کلۆڤ دەیەوێت ئەو گەمەیە نەکات، یاخود کۆتایی بە گەمەکە بهێنێت.

هام: سوێندم بۆ دەخۆیت کە پەنجەرەکەت کردۆتەوە؟
کلۆڤ: ئا.
هام: چاکە، کەواتە دەبێ دەریا زۆر ئارام بێ؟ .. پێتدەڵێم ئایا دەریا ئارامە؟
کلۆڤ: ئا.
   جوڵە و هاتوچۆی بەردەوامی کلۆڤ لە نێوان هەدوو پەنجەرەکەدا گوماناوی و پڕ ترسە وەک ئەوەی چاوەڕوانی شتێک بێت، یان بییەوێت شتێک ڕوبدات، بە پێچەوانەی هام کە ترسی لە ئێستا و ئەوەیە کە ئێستا بە پەنجەرەکەدا تێدەپەڕێت.

   لەگەڵ ئەوەی هام هەم نابینایە و هەم توانای ڕۆیشتنی نییە، بەڵام هەمیشە لەو گومانێکی قوڵدایە و دەیەوێت ئاگادار بێت لەوەی لەودیو پەنجەرەکان. ئەوەش هۆکاری ئەو گرێ و ئاڵۆزییەی ناخی هام_ە لە بەرامبەر دەرەوە کە شوێن و کاتە (زەمان و مەکان)، ئەو دوو شتەی کە لە ئاستیاندا دەسەڵاتی لە سفردایە و نەک توانای کۆنترۆڵ کردن، بەڵکو توانای مامەڵە کردنێکی گشتی وەک مرۆڤێکی ئاسایی نییە. بۆیە دەتوانین بڵێین هام بە تەواوی دڵنیایە لەوەی لە نێوان ئەو و پەنجەرەکاندا جەنگێکی تر هەیە، کە بەبێ هیچ بەرگرییەک هام تیایدا دۆڕاوە و توانای بەرەنگار بوونەوەی هیچ کام لە ئەو شتانەی نییە کە لەودیو پەنجەرەکانەوە دەگوزەرێت وەک چۆن توانای هەست پێ کردنێکی ئاسایی و تەواویشی نییە بەرامبەریان.

   کارەکتەرەکان قسە لەبارەی پەنجەرەکانەوە دەکەن، بێگومان لەودیو پەنجەرەکانەوە سروشت هەیە، ژیان جەنجاڵی، با باران و دەریا هتد.. هەیە. قسە لەبارەی پەنجەرەکانەوە لە نێوان ئەو گفتوگۆ و مشتومڕە قەرەباڵغانەدایە کە کارەکتەرەکان هەیانە لە بارەی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی ژیانیان. بەڵام ئەوەی هەیە تەنها قسە و گفتوگۆ کردن نییە لەبارەی پەنجەرەکان و ئەودیوی پەنجەرەکان، بەڵکو هەر کام لە ئەکتەرەکان ئەو جەنگەی بەرامبەر ئەویتر هەیەتی و بەرپای دەکات، تێکەڵی دەکات لەگەڵ بچوکترین شتێکی بێ گیانی وەک پەنجەرەکان. لەم ڕێگەیەوە بیکێت بە تەواوی فۆکس دەخاتە سەر بچوکبوونەوە وناچیز بوونی  هەموو شتێکی ژیان لە پەیوەندی و پێکەوەیی، جۆرێک لە کارەکتەر دروست دەکات تێکشکاو و ئاڵۆز و پڕ لە ترس و گومان کە جەنگی بێ مانایی  ژیانیان بە جۆرێکە، دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی میتاڵێکی چوارگۆشە یان لاکێشە. بەڵام ئایا جەنگەکە لەنێوان هام و کلۆڤ تەنها پەنجەرەکەیە یاخود ئەو سروشتەیە کە ئینسان خۆی بە تێکهەڵکێشی دەزانێت و هەمیشە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆی یاخود لێی دەربچێت، یان ئەوەی جەنگەکە لەگەڵ خودی کات و شوێندایە و ویستی ئینسانە بۆ دەستبەسەرا گرتنی.

   لە بارەی هەردوو  پەنجەرەکەوە هاوکێشەکان لە نێوان دوو کارەکتەردان، بێگومان ڕێکەوت بێت یان نا،  باس لە ناوەڕۆکی بوونی پەنجەرەکانە. (بەرامبەر یەک و سەربەرەو خوار هەر یەک بەرەو ڕوی بەشێک لە دەرەوە و هەر یەک لە سوچێک دا). بەرکەوتنی هەر کام لە کارەکتەرەکان جیاوازە، بەڵام بەرکەوتنەکە هەرچۆنێک بێت و لە هەر ئاستێکدا خۆی بگرێت، ویستی نوسەرە بۆ ئاماژە کردن بە (کەڵکەڵەی بەردەوامیی مرۆڤ لە باوەش کردن بەسروشتدا یان ڕاکردن لێی، گشتاندنی تەواو نییە، بەڵام هەمیشە کەسێک دەڕواتەوە بەرەوشتەکانی ئەودیو پەنجەرەکان باران، دەریا، با دەنگ و بۆن. و کەسێکیش لێیان تەری دەبێت).

 بێگومان بوونی هەر چوارگۆشە یان هەر ئەندازەیەکی تری ناو بەتاڵ کە نووسەر ناوی دەنێت پەنجەرە، بەردەوام بۆ خوێنەر و بینەر کەشفکەری دەرون و تایبەتمەندی شێوازی ژیانی کارەکتەرەکانە، لەبارەی ژیان و تاریکی و ڕوناکیی ناوەوەیان، و بەشێکی زۆری ئەو ئیشەی نوسەری دەق لەگەڵ دەقەکەدا کردوویەتی، دروستکردنی ڕۆحییەتێکی زیندووە  بۆخاتری نەمردنی دەق و پاشانیش نمایشەکەی. ئەمانە بەدەر لەوەی کە هەموو یەکێک لە ئێمە تەواو لەوەداین دەبێت پەنجەرەکە بکەینەوە بۆ ئەوەی بڕۆین بەرەو دەنگی دەرەوە یان نەیکەینەوە و خۆمان لەو سروشتە مەزنە بشاریینەوە، دەکرێت گەر پەنجەرەکە بکەینەوە سروشت دەستمان بەسەردا بگرێت و گەر دایبخەین سروشتمان داگیرکردبێت؟؟. چونکە پەنجەرەکان لەم دەقەدا تەنها پەنجەرە نین بەڵکو لێکەوتە و پاشگر و پێشگری ژیانی کارەکتەرەکانن. ڕەنگە بە درێژایی دەقەکە، گفتۆکان سەبارەت بە پەنجەرەکان سادە ترینبن بەڵام زۆر بنجین و زۆر لە ناو ئینساندان. کە ئەمانە زۆر وردبینی نوسەرەکانە لە ناو دیوارەکانەوە شتێکی گەورەی ڕۆحی ئینسان دەخوڵقێنن. بەدەر لەهەموو ماناو دەلالەتێک، بوونی پەنجەرەکان لە دەقەکاندا دروستکەری وێنەیەکی نزیک لە ئەبستراکت و سوریالییە کە خزمەت بە سینۆگرافیای دەقەکە دەکات.  هەمیشە سینۆگرافیای ئەو دەقانەی پەنجەرەیەک یان چەند پەنجەرەیەکییان تێدایە، ڕێگە بۆ زیندووتر کردن و فراوانتر کردنی دەق دەکەنەوە و ئەمە جگە لەوەی کارەکتەر دەست بڵاو دەکەن لە جوڵە و گفتوگۆکانیاندا شێوازێکیان هەبێت، چاوی بینەر ماندوو نەکات و هەمیشە گومانێک لای بینەر دروست بکات سەبارەت بە ئەودیو پەنجەرەکە و ئەوەی لێی دەگوزەرێت.  




سەرچاوە: کۆتایی گەمە، سامۆیێل بێکێت، و\ مستەفا قەسیم، چاپی یەکەم، هەولێر-٢٠٠٧.









هه‌والی زیاتر