لە زانکۆی سلێمانی دوو کورتە فیلم نمایشکران

23/12/2015    23:53

لە زانکۆی سلێمانی دوو کورتە فیلم نمایشکران 


Cînema

سولی ئۆن وێب

ڕۆژی سێشەممە، ۲۲ی ۱۲ی ۲٠۱٥، لەدەستپێکی چالاکییە هونەرییەکانی کۆمەڵەی ٦۸، لە هۆڵی عەلی جۆڵای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، هەردوو کورتە فیلمی (ڕیکۆرد) و (زەوی ونبووان) ی دەرهێنەر هەوراز محەمەد، نماییشکران، دواتر گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان ئامادەبووان و دەرهێنەر بەڕێوەچوو.

هەوراز محەمەد، دەرهێنەری هەردوو کورتە فیلمی ڕیکۆرد و زەوی ونبووان، پاش نماییشکردنیان باسی لە ناوەڕۆك و چیرۆکی فیلمەکان کرد، و وتی: "فیلمەکان گێڕانەوەی قۆناغێکن لە ژیانی کۆمەڵگەی ئێمە".

دەربارەی کورتە فیلمی زەوی ونبووان، کە بۆ یەکەمین جاربوو نمایش بکرێت، چیرۆکی فیلمەکە بریتییە لە گەڕانی پیاوێك بەدوای کەسوکارەکەیدا، وتی: "مرۆڤی کورد، هەمیشە بەدوای ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت، بەدوای شتێکدا کە لێی ونبووە، من ئەم پەیامەم لەناو چیرۆکی زەوی ونبوواندا دۆزیوەتەوە".

هەروەها لەبارەی کورتە فیلمی ڕیکۆردەوە کە بەشداری ۲۷ فێستیڤاڵی کردووە و براوەی ٥ خەڵاتە، فیلمەکە دەربارەی کۆچی گەنجانە لە زەمەنی دوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆدا. دەرهێنەر ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵیداوە لەڕێگای کۆمیدیاوە ناخۆشی و دەردەسەرییەکانی ئەو سەردەمە بگێڕێتەوە.

لاوك ئەبوبەکر، ڕێکخەری کۆمەڵەی ٦۸، دەربارەی گرنگی نماییشکردنی فیلم لەناو زانکۆی سلێمانی بۆ خوێندکاران و کارکردن لە کایەکانی کلتوور، بەتایبەتی لە کایەی هونەردا، وتی: "هەبوونی ئەم هەوڵ و چالاکییە کلتورییانە گرنگن بۆ دروستکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی جوانبینیی تاکی خوێندکار. تا لە ڕێییەوە دونیابینییەکی فراوانی هەبێت و کلتورێکی پێشکەوتوو و نوێخوازی لێ بەرهەم بێت. کە هەر ئەمەشە ئامانجی پێکهێنان و کارکردنی کۆمەڵەی ٦۸ ".

جێگای ئاماژە پێکردنە ئەمە بۆ یەکەمین جارە لە زانکۆی سلێمانیدا لەلایەن گروپێك لە خوێندکارانەوە فیلم نماییش بکرێت، و تێیدا خوێندکاران و مامۆستایان و میوانانی دەرەوەی زانکۆ ئامادەبن.

فۆتۆ:لاژە تەها






هه‌والی زیاتر