بۆ یەکەمجار ڕۆمانێکی نووسەرێکی ناوداری ئەمریکی دەکرێت بە کوردی

24/12/2015    00:24

بۆ یەکەمجار ڕۆمانێکی نووسەرێکی ناوداری ئەمریکی دەکرێت بە کوردی 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



بۆ یەکەمجار ڕۆمانێکی نووسەر و ڕۆماننووسی ناوداری ئەمریکی ئۆرسولا لى گوين بەزمانی کوردی بڵاودەکرێتەوە. (The lathe of heaven) ناونیشانی ئەو ڕۆمانەی ئۆرسولا لی گوینە کە شیلان ڕەشید لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و بڕیارە ناوەندی غەزەلنووس لە ئاییندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاویبکاتەوە.

دەربارەی ئەم ڕۆمانە و نووسەرەکەی، شیلان ڕەشید وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەرانی سولی ئۆن وێب وتی: "ئەو ڕۆمانەی وەرمگێڕاوە یەكێكە لە دیارترین ڕۆمانەكانی ئۆرسولا لی گوین، ئۆرسولا لی گوین ناوێكی دیار و بەرچاوی ئەدەبی ئەمریكییە و هاوشانی نووسەرە زۆر باڵا و داهێنەرەكانی جیهان دادەنرێت، بەڵام  تا ئێستا هیچ بەرهەمێكیشی كە خۆی فرە بەرهەمە لە بواری شیعر و چیرۆك و وتار و رۆمان و جۆرەنووسینی تریشدا كارایە، هیچ بەرهەمێكی نەكراوەتە كوردیی، ئەوەندەی ئاگاداریش بم زۆر كەم لە كارەكانیشی كراون بە عەرەبی و فارسیش، رەنگە بەو هۆیەش بێت كە لە دنیای نووسین و خوێندنەوەی كوردییدا نامۆ بێت. من ئەو ڕۆمانەم لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە."

وتیشی: "ڕۆمانەكە وێڕای ئەوەی خەیاڵی زانستییە و نموونەیەكی هەرە دیاری ڕۆمانی خەیاڵی زانستییە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەر لە خەیاڵی زانستییدا كورتنابێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجی زۆرە لایەنەكانی دیكەی ڕۆمانەكەن نەك خەیاڵی زانستیی بە تەنیا، ئەوانیش دیوی سایكۆلۆژیی و فیكریین.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە، شیلار ڕەشید ڕونیکردەوە: "ناتوانین بە دیاریكراویی بڵێین ڕۆمانەكە باسی چی دەكات و چ تەوەرێكی هەڵبژاردووە، چونكە لە ڕێی خەیاڵ و تانوپۆچنینەكەی وای كردووە فرە ڕەهەند بێت، بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بكەم كە ئەو ڕۆمانە زۆر لە كێشە و پرسیارە هەڵواسراوەكانی سەدەی بیست و سەدەی بیستویەكیشی لە خۆ گرتوون. چی بەسەر ئەو جیهانە دێ؟ جەنگەكان دەتوانن چی بگۆڕن؟ چ گرووپێك دەمێنێـتە و كێن ئەوانەی تێدادەچن؟ ژینگە چی بەسەر دێت؟ مرۆڤەكان چۆن دەگۆڕێن و بە چی دەگەن؟ زۆر پرسیاری دیكەش كە تا ئیستایش جیهان بە دەستییانەوە گیرۆدەیە. ئۆرسولا بە هۆی پاڵەوانەكەیەوە  قوڵ دەچێتە ناو هەمووئەو پرسیارانە. من وای دەبینم چەندە ڕۆمانە ئەوەندەیش پانۆرامایەكی سەرنجراكێشە لە بارەی ڕِووداو و گۆڕانە چڕ و پڕەكانی سەدەی بیست لە بارەی هۆمۆسێكسوالێتی، شەڕ، كاری بزووتنەوە جیاجیاكان، و بەرەوپێشەوەچوونەكانی زانستیی پزیشكی و هەروەها ژینگەش."






هه‌والی زیاتر