چاوپێکەوتن لەگەڵ سەمیرە مەخمەڵباف

28/12/2015    05:16

چاوپێکەوتن لەگەڵ سەمیرە مەخمەڵباف 


Cînema

سازدانی مەمەد هەقیقەت
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال


سەمیرە مەخمەڵباف لە ١٥ی فێبریوەری ١٩٨٠ لەدایکبووە و دەرهێنەر و سیناریستی ناوداری ئێرانە. کچی دەرهێنەری گەورەی ئێران موحسین مەخمەڵبافە. سەمیرە بە بە یەکێک لەو دەرهێنەرانە دادەنرێت کە لە شەپۆلی نوێی سینەمای ئێراندا کاردەکەن. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا و لە ساڵی ٢٠٠٠دا توانی خەڵاتی لیژنەی داوەران بۆ فیلمی تەختەڕەش بەدەستبهێنێت کە بەهمەنی قوبادی لەو فیلمەدا ئەکتەری سەرەکییە.

بۆچی کوردستانت وەک شوێنی وێنەگرتنی فیلمی تەختەڕەش هەڵبژاردووە؟
-چیرۆکی یەکەم کاری سینەماییم (فیلمی سێو) لە تاران کارم تێداکردووە، لەوێ کاری وێنەگرتنم بۆ ئەنجامداوە، کوردستانیش هەرێمێکی ئێرانە و بەشێکە لەو، فیلمەکانی داهاتووشم لە بەشە جیاجیاکانی تری وڵاتەکەمدا ئەنجامدەدەم... بۆ فیلمی تەختەڕەش زۆر ناوچەی ئێران گەڕام بە کوردستانیشەوە، لەگەڵ باوکمدا (موحسین مەخمەڵباف کە بەرهەمهێن و سیناریست و مۆنتێری فیلمی تەختەڕەشە) بە زۆر ناوچەدا گوزەرمان کرد. باوکم بیری لە جۆرەها بابەت دەکردەوە، کە دەربارەی بیرکردنەوەکانی هەموویانی لە گەشتەکەماندا بۆ باسکردم، بەڵام بیرۆکەی فیلمی تەختەڕەش سەرسامی کردم، کاریگەری لەسەر دروستکردم و دڵخۆش بووم پێی.

پاش کورتە فیلمی سێو کە چیرۆکێکی سادە و چەند کەسایەتیەکی کەمی تێدابوو، چۆن ئەو توانایەت لا دروست بوو کە بتوانیت سیناریۆیەکی وا هەڵبژێریت کە بە سەدان کەس تێیدا بەشداربوون؟
-هەموو بابەتێک پێکهاتنی تایبەتی خۆی هەیە، هەموو بابەتێکیش مانای خۆی هەیە. سیناریۆی تەختەڕەش وای نەدەخواست کە من سێ بۆ چوار ئەکتەری تێدا بەشداری پێ بکەم. تێپەڕاندنی کورتە فیلمی سێو ئەزموونێکی زۆرباش بوو بۆ من، کە توانایەکی لە ڕادەبەدەری پێبەخشیم. ئەم توانایەش کارێکی گەورەترم پێ ئەنجامدا، کە تەختەڕەش بوو.

فیلمی تەختەڕەش زمانی سەرەکی تیایدا کوردییە، ئایا پێشتر بەو زمانە ئاشنابوویت؟
-لە بەختی من هەردوو زمانی فارسی و کوردی لە کوردستان قسەی پێدەکرێت. ئەکتەرەکان بە فارسی قسەیان لەگەڵ ئێمە دەکرد و لەناو خۆشیاندا بە کوردی دەدوان، ئەمە وایکرد کە بتوانم بە ئاسانی لە دەربڕینەکانیان تێبگەم. هەندێکجار کە لە دیالۆگی ناو سیناریۆکە لایاندەدا، وام دەبینی تەواو گونجاوبوون. بە درێژایی کاری دەرهێنان،من توانیم زۆرباش زمانی کوردی فێربم، پاشان کە سەیری فیلمەکەم دەکردەوە بەباشی لێی تێدەگەیشتم.

ئایا هەموو ئەکتەرەکان کەسانی ناپڕۆفیشناڵن؟
-بەڵێ جگە لە بەهناز جەفاری کە ڕۆڵی هەڵاڵەی دەگێڕا. ئەو یەکێکە لە بەتواناترین ئەکتەرە باشەکانی شانۆ و سینەما. هەروەها بەهمەنی قوبادی کە ڕۆڵی مامۆستا ڕێبواری دەگێڕا، کە ئەو لەڕاستیدا یەکێکە لە دەرهێنەرە بەتواناکانی کوردستان. لە یەکەم کاری فیلمی درێژی سینەمایی خۆیدا (ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکان) هەڵبژێردراوە تاوەکو لە فێستیڤاڵی کانی ساڵی ٢٠٠٠دا نمایش بکرێت، بەڵام هەموو ئەوانی دی هەر لە شوێنی وێنەگرتنەکە کۆمانکردنەوە.





تا چەند ڕووداوەکانی فیلمی تەختەڕەش واقیعییە؟
-لە ڕاستیدا تەوەری چیرۆکی فیلمەکە لەنێوان ڕاستی و خەیاڵدایە. قاچاغچێتیکردن بە کەلوپەلەوە، گەڕان و تێکۆشانەکانیان ڕاستییە. کەسایەتی هەڵاڵە، لە ژیانی ژنێکەوە دروستمکردووە کە مێردەکەی کوژرابێت، داوام لە بەهناز کرد کە بە وردی بچێتە ناو ڕۆڵی ئەو کەسایەتییەوە کە ئەویش دەیەوێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە.

ئایا ئەو پیاوە پیرانە بەڕاستی لە هەڵەبجەوە هاتبوون؟
-بەڵێ لەماوەی شەڕی نێوان ئێران-عێراقدا (١٩٨٠-٨٨) ، کوردە عێراقییەکان پەنایان هێنایە کوردستانی ئێران، بۆ هەڵهاتن لە کیمیابارانی ڕژێمی بەغداد. هەڵەبجە شارێکە لەسەر سنوورە کە ڕژێمی بەغداد لە دژی چەکی کیمیایی بەکارهێنا، لە نزیک ئەو شارە کاری دەرهێنانم ئەنجامدا. هێشتا مینی بەجێماو لە زەویەکەیدا مابوو. دانیشتوانی ناوچەکە ڕێنوێنییان کردین بۆ ڕزگاربوون لەو کێڵگە مینانە.

لەکوێوە ئەو گەنجە قاچاغچیانەت هێنابوو؟
-ئەو گەنجانە هەموو ڕۆژێک لەسەر سنوور دەپەڕنەوەبۆ ئاڵوگۆڕکردنی کەلووپەل بە مەبەستی بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، هەموو ڕۆژێک ژیانیان لە مەترسیدایە. 





لە تەختەڕەشدا وایدەبینم کە تۆ باس لە نەوەیەک دەکەیت کە چێژ لە خوێندن دەبینن و پەرۆشن بۆ فێربوون و یەکسانیی؟
-ڕاستە،گەنجەکان دەبێت کاربکەن تاوەکو ژیان بۆ خۆیان دروست بکەن، چونکە دایک و باوک تا سەر بۆیان نامێنن، ئەم لاوانە کاتی تەواویان نییە بۆ خوێندن. چوونە ناو تەمەنەوە، نەوەی ڕابردوویان دەهێننەوە یادی خۆیان، کە ئارامییان نییە گوێ لە کەسانی تر بگرن. بۆ ئەوان، کاتی فێربوون بەسەرچووە، ئەوان تەنها شوێن ژیان کەوتوون، تاوەکو بەشوێنێکیان بگەیەنێت. یادەوەری تاڵ بێزاریان دەکات. ئەم نەوەیە زیاتر وابەستەی نەتەوەن وەک لەوانی دیکە. ئەم نەوەیە زیاتر نزیک دەبێتەوە لە ڕێگای کۆتایی هێنان بە ژیان و ئاوات بە مردن خواستن لە خاکی نیشتیمانەکەیاندا بۆیە ئەوان لەناو فیلمەکەدا دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ خاکی لەدایکبوونیان.

ئامادەکردن و دەرهێنانی فیلمی تەختەڕەش چەندی خایاند؟
-ئامادەکردن و دەرهێنانی کارەکە تێکەڵاوبوون. بە دووبەش کارمانکرد، بە گشتی چوار مانگی خایاند. زۆر کارمان ئەنجامدا. هەموو بەیانیەک هەشت لۆریمان دەنارد بۆ گوندەکان لەو ناوچەیەدا بە مەبەستی هێنانی ئەکتەرە لاوەکیەکان. ئەو ژمارە زۆرەش بۆ پەڕینەوە قورس بوو بەو شاخەدا، هەندێک کێشەش خۆیان دروستیان دەکرد، بۆ نموونە لە کاتی پرسە و ئاهەنگ یان ڕۆژی هەینیدا، دەبوایە کارەکە بوەستایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم کە ئەو پیاوە پیرانە زۆر کاریگەربوون بەسەر فیلمەکەوە. ئەوە من بووم کە دەبوایە خۆم بگونجاندایە لەگەڵیان. بۆ نموونە دیمەنی ناو ڕووبارەکە دەبوایە خۆم پێشتر تاقیمبکردایەتەوە بۆیان. ئاوابوو کە دەستمکرد بە وێنەگرتنی ئەوان. بەو ڕێگایە باشتر توانام بۆ دروست بوو بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاریان.

تا چەند باوکت (موحسین مەخمەڵباف) یارمەتیدەرت بوو لە فیلمی تەختەڕەشدا؟
-ئەو بەرهەمهێن و سیناریستی کارەکە بوو، لە ڕاستیدا، زیاتر چیرۆک بوو هەندێک دیمەنیشی پێشنیازکردبوو بۆ هەندێک لە گرتەکان، چەند جۆرێک شێوازی بۆ نووسیبووم کە من خۆم بتوانم هەڵیبژێرم. لەکاتی وێنەگرتندا ئەوەی پێم جوان بوو هەڵمدەبژارد. ڕۆژ بە ڕۆژ سیناریۆکە باشتر دەبوو. ئێستا دەتوانم بڵێم سیناریۆکە هەردووکمان نووسیوومانە. پاشانیش هەر باوکم مۆنتاژی کرد.

ئایا لە مۆنتاژیشدا بەشداربوویت؟
-بەڵێ من دیاریم دەکرد. پێکەوە گفتوگۆمان لەسەر دیمەنەکان دەکرد. باوکم زۆر دیموکراتە، بۆیە زۆر ڕێزی سیناریۆ و مۆنتاژیم گرتووە. فیلمەکانی خۆی زۆرینەیان خۆی مۆنتاژی کردوون. هەندێکجار لەکاتی مۆنتاژدا پێیدەوتم کە بەو جۆرە ڕازی نییە لەسەر ڕیتمی دیمەنەکە، بەڵام ئەویش ڕێزی کاری من دەگرێت.




ئایا هیچ بیرۆکەیەکت هەیە بۆ کاری داهاتووت؟
-جارێ پێویستم بە پشووە. پێدەچێت هەموو ساڵێک کارێک بکەم، هەروەها گەشت دەکەم و دەخوێنمەوە. هەندێک بیرۆکەشم هەیە، بەڵام پەلەم لێیان نییە.

ئایا حەز بەوە ناکەیت لە دەرەوەی ئێران کارێک ئەنجام بدەیت؟
-ڕەنگە ڕۆژێک بێت فیلمێک لە دەرەوە بەرهەم بهێنم، بەڵام تا ئێستا بیرم لە شتێکی وا نەکردووەتەوە لە دەرەوەی ئێران کارێک بکەم. ئەگەر واش بیربکەمەوە من هاوڵاتی هەموو سەرزەمینم. دەتوانم بڵێم بۆ دەرهێنانی فیلمێک لە وڵاتێکی تردا زۆر پێویستە کە کلتووری ئەو ناوچەیە فێرببم. لەلایەکی تریشەوە من پێموایە هەموو ناوچەیەکی دنیا دەرهێنەرێکی هەیە کە کلتووری نەتەوەکەی تیادا بناسێنێت و کار لەسەر نەتەوەکەی بکات.

کۆمەڵگای ئێران بەردەوام لە گەشەدایە، ئایا تەوژمی ژنان بە گشتی کایە هونەریەکاندا چۆنە؟
-ژن و کچە ئێرانیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر چالاک دەبن. بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردن و کۆمەڵگای مەدەنیدا. دەستیان کردووە بە ڕۆڵگێڕانی گرنگتر. لە میدیادا، شانۆ و سینەما، ئامادەیی خۆیان پیشان دەدەن. ئێستا چەندین دەرهێنەری ئافرەتی باشمان هەیە.
 


هه‌والی زیاتر