هاوشانی گۆڤارەکەیان، کتێبی تایبەت بە ژانری چیرۆک بڵاودەکەنەوە

07/01/2016    15:08

هاوشانی گۆڤارەکەیان، کتێبی تایبەت بە ژانری چیرۆک بڵاودەکەنەوە 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



گۆڤاری ئیلیان کە گۆڤارێکی تایبەت بە ژانری چێرۆکە، یەکەمین کتێبی تایبەتی خۆی هاوشانی گۆڤارەکە چاپ و بڵاوکردەوە، یەکەمین کتێبی ئیلیان بەناونیشانی "ژەنەراڵ و مەسیح"ـە کە کۆمەڵە چیرۆکێکی چیرۆکنووسی بەناوبانگی عێراقی فازل عەزاوییە و لەلایەن عەلی نارێنی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.


دەربارەی ئەو چالاکییانەی کە هاوشانی گۆڤاری ئیلیان بڕیارە جێبەجێ بکرێن، هەژار فەقێ سلێمان سەرنووسەری گۆڤارەکە، بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "گۆڤاری ئیلیان وەك لە سەرەتادا پەیمانی بە خوێنەرە ئازیزكانی دابوو، كە هەموو ژمارەیەكی بە پلانی نوێ و سوپرایزی نوێوە، بكەوێتە بەر دیدەی ئەدەبدۆستان و خوێنەرانی ئەدەبیاتی گێرانەوەوە، یەكێك لەو پرۆژانەش ئەوەبوو لەپاڵ گۆڤارەكەدا پرۆژەی كتێبی ئیلیانیشمان هەبێت و لە ئێستادا یەكەم كتێبی ئیلیان لە بەردەستی خوێنەراندایە."

دەربارەی ناوەڕۆکی کۆمەڵە چیرۆکی "ژەنراڵ و مەسیح" ناوبراو وتی: "ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لە حەوت چیرۆك پێكهاتووە، بەناوەكانی {ئەو، دارستان، بازنەی سفر، پادشا لە تەنیاییەكەیدا، دڕندەی هەتاهەتایی، شانشینی دوور، ژەنەراڵ و مەسیح}، كە چیرۆكنووس زۆرێك لە دنیابینیی و تێڕوانییەنەكانی لەمەڕ مرۆڤ و كۆمەڵگە دەخاتەڕوو، تێماگەلێكی وەكو (ژیان و مردن و خۆشەویستی و دڕدۆنگی و ڕەشبینی و لەخاچدان و وەهم و زۆری تر.) بەرباس دەدات."

 
وتیشی: "زۆرێك لەنوسەر و ڕەخنەگرە عێراقییەكان هاوڕای ئەوەن كە تاكە موعجیزەی سەدەی بیستی ئەدەبی عێراقی فازڵ عەزاوییە، ئێمەش لە خەممانەوە بۆ چیرۆك و بەتایبەتیتر چیرۆكەكانی ئەم شاعیر و چیرۆكنووس و ڕۆماننووسە گەورەیەی شاری كەركووك، ئەم نووسەرمان هەڵبژارد، كە دەتوانین بڵێن پێش ئیلیان، جگە لە هەندێ شیعری كەمی نەبێت، ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین هیچ شتێك لەبارەیەوە نەنوسرابوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەم نووسەرەگەورەیە لە زۆرێك لە گفتوگۆكانی نووسەر و شاعیرانی ئێمەدا بەبایەخەوە لێیڕوانراوە، بەنموونە شاعیرانی وەك شێركۆبێكەس و لەتیف هەڵمەت."

سەرنووسەری گۆڤاری ئیلیان ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، ئەوان سەرەرای خراپیی باری ماددی بەهاوکاری ڕۆحی خۆبەخشانەی وەرگێڕەکانیان بەردەوام دەبن و پرۆژەی وەرگێرانی سێ کتێبی دیکەیشیان لەبەردەستە، ئەمە جگە لەوەی کە لە ژمارەکانی داهاتووی ئیلیاندا مەلەفی تایبەت بە لایەنی تیۆری چیرۆک بۆ خوێنەران بڵاودەکەنەوە.








هه‌والی زیاتر