کتێبێک دەربارەی ڕێکخراوە ژینگییەکان لە باشوری کوردستان

12/01/2016    23:19

کتێبێک دەربارەی ڕێکخراوە ژینگییەکان لە باشوری کوردستان 


Jînge

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



"ژینگە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە باشوری کوردستان" ناونیشانی یەکەمین کتێبی تایبەت بە ڕێکخراوەکانی ژینگەیە لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن سەروەر قەرەداغی، پارێزەری ژینگەوە کاری نووسین و کۆکردنەوەی بابەتەکانی ئەنجامدراوە و پێشەكی کتێبەکەیش لەلایەن ئەندازیاری ڕاوێژكار عەبدولڕەحمان سدیق، یەكەم وەزیری ژینگەی عێراقەوە نووسراوە و  پێداچوونەوەی لەلایەن نوسەر عەتا قەرەداغی و ڕۆژنامەنوس فەرمان خێڵانییەوە بۆ ئەنجامدراوە، کتێبەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان چاپکراوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان دەستدەکەوێت.

دەربارەی ئەم کتێبە، سەروەر قەرەداغی نووسەر و ئامادەکاری کتێبەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "سەرچاوەی وەك كتێب بەزمانی كوردی تایبەت بەبواری ژینگە لەكتێبخانەی كوردیدا زۆر كەمن، بەتایبەت لەبواری كار و ڕۆڵی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لەباشوری كوردستان، بۆیە وەك پارێزەرێكی ژینگە كە بۆماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لەبواری ڕێكخراوەیی ژینگەیدا كاردەكەم بڕیارمدا دەست بەكۆكردنەوە و نوسین بكەم. لەدوای ئەنجامدانی چەندین چاوپێكەوتن و كۆكردنەوەی دەیان سەرچاوە و بابەتی گرنگ دەستم بەنوسینی ئەو كتێبەكرد و لەدوای یەكساڵ هەوڵدان. توانیمان بەچاپی بگەیەنین."

وتیشی: "ئەوەش دەبێت بەیەكەمین كتێبی لەچاپدراو تایبەت بە كار و ڕۆڵی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لەباشوری كوردستان.  ئەو كتێبە سەرچاوەیەكی زۆر گرنگ و پڕ زانیارییە بۆ ئەو تاكانەی كەبایەخ بە ژینگە و ژینگەپارێزی دەدەن لەڕێگەی ڕێكخراو و تۆڕ و كۆمەڵە ژینگەییەكانەوە، هەروەها ئەم کتێبە نوسینەوەی مێژوویەكە كەڕەنگە تا ئەمڕۆش تاكی كورد و تەنانەت چالاكوانانی بواری ژینگەش لەباشوری كوردستان پێی ئاشنا نەبووبن.  لەڕێگەی خوێندنەوەی ئەو كتێبەوە ئاشنادەبن بە ژینگە و مێژوی ڕێكخراوە ژینگەییەكان لەساڵانی نێوان ١٩٩١ تا ٢٠١٥ ز."
 

ناوەڕۆکی کتێبی "ژینگە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە باشوری کوردستان" لەم بەشانەی خوارە پێکهاتووە:

بەشی یەكەم: چەمكی ژینگە، چەمكی سیستەمی ژینگەیی، پێكهاتەكانی سیستەمە ژینگەییەكە، پرسی ژینگە لە جیهاندا، ڕژێمی بەعس و كاریگەریی لەسەر ژینگەی باشوری كوردستان.

بەشی دوهەم:
ڕێكخراوە ژینگەییەكان لە جیهاندا، سەرەتای كاری ڕێكخراوەیی ژینگەیی لە باشوری كوردستان، كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز G.K.A, كۆمەڵەی ژینگەی كوردستان، ڕێكخراوی سەوزی كوردستان.

بەشی سێهەم:
  كۆمەڵە و سەنتەرە ژینگەییەكان،  پرۆژەیاسای پاراستنی ژینگە.

بەشی چوارهەم:
  ڕێكخراوە ژینگەییەكان، دیارترین ڕێكخراوە ژینگەییەكان. فیدراسیۆن و تۆڕە ژینگەییەكان.

بەشی پێنجەم:
داهاتی ڕێكخراوە ژینگەییەكان، چۆن ڕێكخراوێكی ژینگەیی دادەمەزرێنیت؟ پێكهێنانی ڕێكخراوی ژینگەیی خاوەن ئەندام،  چۆن ڕێكخراو، تۆڕ یان كۆمەڵەی ژینگەیی تۆمار دەكەیت؟

بەشی شەشەم:
  ژینگە و ڕێكخراوەژینگەییەكان لەڕاگەیاندن و چاپەمەنیی كوردیدا.
بەرنامەی ژینگەیی لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەكان، یەكەمین كتێبی ژینگەیی بەزمانی كوردی، یەكەمین رۆِژنامەی ژینگەیی، گۆڤاری ژینگەیی، سایتی ژینگەیی، پەیكەری ژینگە.



هه‌والی زیاتر