دیمانەیەک لەگەڵ کارلۆس رویز زافۆن

27/01/2016    20:04

دیمانەیەک لەگەڵ کارلۆس رویز زافۆن 


Têkst

سازدانی: گیلبەرت کروز
وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە:  لازۆ ئازاد



هەردوو ڕۆمانی (سێبەری با) و (گەمەی فریشتەکە) بە دەوری ئەو شوێنە تاریک و ئەفسوناویەدا دەسوڕێنەوە کە ناوی (گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکانە). دەتوانیت وردەکارییەکەیمان بۆ باس بکەیت لەگەڵ ئەوەی کەی ئایدیای تەمومژاوی ئەو شوێنە کەوتە سەرتانەوە؟



گۆڕستانی کتێبە لە یادکراوەکان گەورەترین و نایابترین کتێبخانەیە کە تۆ بتوانیت لە خەیاڵی خۆتدا وێنای بکەیت. لابۆرێکە لە کتێب کە تونێل و پرد و شوێنی نهێنی تێدایە، شاراوەیە لە ناو شوێنێکی کۆندا لە شاری بەرشەلۆنەی دێریندا. شوێنێکی نهێنیە کە خەڵکانێکی کەم پێیدەزانن، وە لەویادا دەتوانیت هەموو ئەو کتێبانە بدۆزیتەوە کە بزربوون، لەیادکراون و ئینسان هەوڵیداوە لەناویانبەرێت. ئەم جێگایە لەلایەن گروپێکی نهێنی لە مرۆڤەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوە دەچێت کە هەوڵدەدەن پارێزگاری لە کتێب و یادەوەری و ئایدیاکان بکەن. ئەم شوێنە چەندین سەدەیە هەبووە و شتەکە بەم جۆرەیە: یەکەم جار کە ئاشنای ئەم شوێنە دەکرێیت، تۆ مافی ئەوەت دەبێت کتێبێک هەڵبژێریت لەناو هەزاران کتێبدا لەم کتێبخانە گەورەیەدا، وە تۆ دەبێت ئاگاداری بیت کە هەرگیز ون نەبێت و لەناونەبرێت.


بیرۆکەی ئەم کتێبە لە کۆتایی ساڵەکانی ٩٠دا لەلام گەڵالە بوو،  پێم وایە لەو کاتەوە بوو کە هۆشیاریم بەرامبەر لە ناوبردنی یادەوەری لەناوبردنی مێژوو دروست بوو.
من هەمیشە پێم وابووە ئێمە ئەوەین کە بیرماندەکەوێتەوە و لەیادماندەمێنێتەوە، وە تا کەمتر بیرمان بکەوێتەوە ئێمە کەمتر دەبین. بە بیکردنەوە لەوە و گەران بە ناو ووڵاتدا و دۆزینەوەی هەموو ئەو کتێبفرۆشییە نایابانە کە هیچ کەسێک سەرنجی نەدەدانێ، هەموو ئەم شتانە لە مێشکمدا دەسورانەوە، لەو کاتەدا وێنەی ئەم شوێنە هاتە بەرچاوم. ئەوە ڕوونە کە ئەو شوێنە وێنەیەکی سیمبۆلی بوو بۆ نەک تەنیا ئەو کتێبانەی بیرچوونەتەوە بەڵکو خەڵکان و ئایدیاگەلێکیش.


ئەم کتێبانە سەرەتا و ناوەراستی سەدەی بیستەمی بەرشەلۆنە باس دەکەن، چ شتێک لەو زەمەنەدا هەیە کە سەرنجی تۆی راکێشاوە تا هێندە کونجکۆڵ بیت دەربارەی؟
 من سەرسامم بەو زەمەنەی لە شۆڕشی پیشەسازیەوە دەستپێدەکات تا دوای جەنگی جیهانی دووەم. شتێک لەو ساتەی زەمەندا هەیە کە ئازایانە و تراژیدیانەیە. خاڵێک هەیە لە دوای شۆڕشی پیشەسازی کە وا دەردەکەوێت دواجار ئینسان شتەکان بە (راست)ی بکات.  بەرەوپێشچوون لە دەرمانسازی و تەکنەلۆژیا و سیستەمی پەروەردەدا روویاندەدا. مرۆڤ دەیتوانی تەمەنی درێژ بێت و زیاتر بژی. خوێندەواری زیاتر بڵاودەبۆوە. هەروەک ئەوەبوو دواجار دوای چەندین سەدە لە کاری قورس و رەنج و بەدبەختی مرۆڤ بەرەو دۆخێکی باشتر بڕوات. وە ئەوەش کە دوای ئەوە روویدا ڕێک پێچەوانەکەی بوو. مرۆڤایەتی خیانەتی لە خۆی کرد.





کارەکتەرەکانی تۆ هۆگری کتێبن، ئەمە بەشێکی بەهۆی (گۆرستانی کتێبە لەیادکراوەکان)ە و ئەوەیتریشی بەهۆی شوێنی دوهەمتە لە ڕۆمانەکدا کە کتێبفرۆشییەکە. تۆ هەمیشە دەوری خۆت بە کتێبەکان تەنیوە؟


منداڵیی من کتێب و نوسین دەوریان دابوو. لە تەمەنێکی زۆر بچکۆلەوە من سەرسام بووم بە چیرۆک گێرانەوە، بە ووشەی چاپکراو، بە زمان بە خەیاڵ. من بەدوایاندا دەگەرام. هەڵبەت من کتێبفرۆشییەکی جوان وەک ئەوەی لە کتێبەکەمدا باسی دەکەم لەبەردەستمدا نەبوو. بەڵام بە زۆر شێوەی جۆراوجۆر من هەمیشە ئەوەی دەمکرد دروستکردنی چیرۆک و کارەکتەرەکان بوو. تەنانەت پێش ئەوەی فێری خوێندنەوە و نوسین ببم، من چیرۆکم دەگێرایەوە. من هەمیشە ئەوەم زانیوە کە دەبمە نوسەر چونکە هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەم لەبەردەستدا نەبوو. من بەردەوام بەو راستییە سەرسام بوو کە دەتوانی کاغەز و مرەکەب بەکاربێنیت بۆ دروستکردنی ووشە، وێنە، کارەکتەر. ئەمە وەک ئەفسون دەردەکەوت.


تۆ باسی ئەوە دەکەیت کە کتێب و مرەکەب و کاغەز ئەفسونیان لێتکردووە، پێدەچێت تۆ نرخ و قورساییەکی زۆرت لە سەر وشە چاپکراوەکان دانابێت،  واتە بەرهەمەکە خۆی. ئایا تۆ بیرت لەوە کردۆتەوە کە ئەمە چەند گۆرانی بەسەردا دێت لەگەڵ ئەوەی پێ‌ی دەوترێت کتێبی ئەلکترۆنی؟



ئەمە هەمووی دەربارەی بەشداریکردنە، پێم وانییە ئەمە هیچ پەیوەندیەکی بە کتێب و ئەدەب و گێرانەوەوە هەبێت. مێژووی چاپکردن ئەم پێشکەوتنانەی بەردەوام بە خۆیەوە بینیوە، گەر بگەڕێیینەوە بۆ سەدەی ١٩هەم  ئەو کاتەی هەندێک لە باشترین ئەو رۆمانانەی دنیای تیادا نوسران کە سەردەمەکانیتریش دەژین، چاپکردن زۆر جیاواز بووە. خەڵک کەمتر کتێبی کڕیوە، ئەوان چیرۆکەکانیان بەش بەش لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا خوێندۆتەوە. هەندێک لەم چیرۆکانە دواتر کۆکراونەتەوە و چاپکراون. بەڵام بە گشتی هەموو کلتوری کتێب فرۆشتن و چاپکردن زۆر جیاواز بووە. ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ دەیناسین ئەو بەرهەمەیە کە لە سەدەی بیستدایە. ئایا لە داهاتوودا بەرەو کوێ دەڕوات من نازانم. بەڵام من دەزانم سروشتی ئەو جۆرە لە گێرانەوە، لە زمان و لە ئەدەب هەرگیز ون نابێت چونکە ئەوە بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ.


ئایا ئەم قسەوباسانە لە ئیسپانیا و ئەوروپاش دەکرێن؟ ئایا ئەمە وەک کێشەیەک سەیر دەکرێت لەوێ؟



پێم وانییە ئەمە لە ئەوروپا وەک کێشیەکی گەورە سەیربکرێت، دیارە خەڵک دەربارەی قسە دەکات بەڵام من نیگەرانییەکی زیاتر دەبینم لەلای چاپ و بڵاوکراوە ئەمریکیەکان. من پێم وایە بەشێکی زۆر پەیوەندی بەو جۆرە مامەڵەیەوە هەیە کە میدیا و راگەیاندنەکانەوە لەگەڵ ئەدەبدا دەیکەن. لە ئەمریکا ئەوە زۆر زەحمەتە لە راگەیاندنە هەمەجۆرەکانتدا کورتەیەک دەربارەی کتێبێک جێبکرێتەوە، شوێنی زۆر کەمە بۆ ئەمە، زۆر لە رۆژنامە هەواڵییەکان خۆیان پەستاندۆتە شوێنی ئەمانە. بەڵام گەر بڕۆیت بۆ ئەوروپا ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە  زۆربەی رۆژنامە هەواڵییەکان و تەلەفزیۆن و رادیۆکان بەبەردەوامی خەریکی ناساندنی نوسەرو بەرهەمەکانیانن. ئەمە بەشێکە لە ژیانی خەڵکی. لێرە پێدەچێت تەنیا خوێنەرە جددیەکان نیگەرانی ئەم شتانە بن. پێناچێت کتێب و ئەدەب بەشێک بێت لە بزاوتی سەرەکی کە ئەمە بۆ خۆی شەرمە.


کارلۆس رویز زافۆن لە ساڵی ١٩٦٤ لە بەرشەلۆنە لەدایک بووە، لە سەرەتادا وەک کەسێکی سەربەخۆ بۆ هەندێک کۆمپانیای جۆراوجۆری ڕیکلام کار دەکات، پاشان لەم کارە ماندوو دەبێت و هەموو کاتەکانی خۆی بۆ نوسین و مۆسیقا تەرخان دەکات.
یەکەم کتێبی زافۆن بە ناوی (شازادەی تەم) ە کە لە ئەدەبی ئێستادا بە رۆمانی مێردمنداڵان دەناسێنرێت و هەر ئەو کاتە خەڵاتی ئەدەبی منداڵانی پێدەدرێت.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ دا بەرەو لۆس ئەنجلس دەروات و دەست دەکات بە کاری سیناریۆ نوسین بۆ هۆلیود. هاوکات خەریکی نوسینی ڕۆمانی (سێبەری با) دەبێت کە لە ساڵی ٢٠٠١ لە ئیسپانیا چاپ و بڵاودەبێتەوە.

(سێبەری با) لە ٤٠ وڵاتی جیاواز فرۆشراوە و بۆ چەندین زمان وەرگێردراوە، وە لە دوای رۆمانی (دۆنکیشۆت)ەوە  بە پڕفرۆشترین رۆمانی ئیسپانی دادەنرێت. ئەم رۆمانە لە ساڵی ٢٠١٥ وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی بە وەرگێرانی هیوا قادر و دەزگای سەردەم چاپی کردووە.
  لێرەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم رۆمانە یەکەم رۆمانی ئەو زنجیرە کتێبەیە کە بە ناوی (گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان) دەناسرێت.
دووەم کتێبی ئەم زنجیرەیە بە ناوی ( گەمەی فریشتەکە)یە و  لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپکراوە. لە ساڵی ٢٠١١ شدا  سێیەم رۆمانی ئەم زنجیرە کتێبە بە ناوی ( زیندانی ئاسمان) بڵاوکراوەتەوە


سەرچاوەکان:
 http://www.time.com/time/arts/article/0,8599,1907807,00.html#ixzz2PnqmWOjg











 




هه‌والی زیاتر