بەشی دوو: گفتوگۆی سولی ئۆن لەگەڵ فازیل جاف دەربارەی شانۆیی (کۆچبەران)

03/02/2016    18:11

بەشی دوو: گفتوگۆی سولی ئۆن لەگەڵ فازیل جاف دەربارەی شانۆیی (کۆچبەران) 


Şano

سولی ئۆن وێب
سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا



بەشی دووەم

لە بەشی دووەمی گفتوگۆی تایبەتی سولی ئۆن وێب لەگەڵ هونەرمەندی شانۆکار فازیل جاف، دەربارەی دوایین کاری هونەرمەند، شانۆیی "کۆچبەران" دەدوێین، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی نماییش کرا. فازیل جاف لەم بەشەی گفتوگۆکەدا تایبەتمەندییەکانی شانۆنامەی "کۆچبەران" دەخاتەڕوو و ئاماژە بە لێکچونی ئەو دەقە و شانۆنامەی "بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە"ی ساموێل بێکێت دەکات. هەروەها تیشک دەخاتە سەر چۆنییەتی بەرهەمهێنانی و دروستکردنی ئەو نماییشە.


سولی ئۆن وێب: ئەم ئیشە نوێیەت، شانۆیی (کۆچبەران) کە لە نووسینی مرۆژێکە، لە چ ئاستێکدایە بەراورد بە کارەکانی دیکەی نووسەر؟

فازیل جاف: (کۆچبەران) شانۆنامەیەکی زۆر تایبەتە، لایەنی بەهێزی زۆرترە بەڵام ڕەنگە بڵێم یەک لایەنی لاوازیشی هەیە، لایەنی بەهێزییەکەی ئەوەیە کە ئەم شانۆنامەیە کاریگەریی بێکێتی زۆر پێوە دیارە، بەتایبەتی شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە). لە کۆچبەراندا هەردوو کارەکتەرەکە چاوەڕوانن، لێرە چاوەڕوانییەکە لەوەدایە کە خواستیان هەیە وەکو (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە)ـە نییە بڵێی چاوەڕوانی کەسێک بن، یەکیان چاوەڕێی ئەوە دەکات پارەی هەبێت و بگەڕێتەوە و خانویەک بکرێت و ژیانێکی ماددی بەختەوەری هەبێت، کارەکتەرەکەی دیکەیش وشە و دەستنووسی هەیە و دەیەوێت کتێب بنووسێت، بەڵام هەردووکیان لە کۆتاییدا ناگەن بە ئامانج، زۆر شتی دیکەمان هەیە کە زۆرجار دەقەکەی بێکێتمان بیردەخاتەوە، بەدەر لە تەکنیکی نووسیندا، ئەگەر بێین تەماشا بکەین لە گۆدۆدا خۆ هەڵواسین هەیە لێرەش خۆهەڵواسین هەیە، لەوێ ئەو درەختەی کە هەیە ئەوەندە پتەو و بەهێز نییە هەتا بتوانێت خۆی هەڵبواسێت، لێرەش کەرەستەی خۆهەڵواسینەکە شتێکی لاوازە و دەڵین (بڵێی بەرگە بگرێت؟!)، لە گۆدۆدا خۆکوشتنەکە ڕوونادات لێرەش بەهەمان شێوە، ئەگەر لە گۆدۆدا باس لە خواردنی گێزەر و شتی وا بکرێت، لێرە قتوی ماسییە. من وا بیردەکەمەوە جوانیی ئەم دەقە لەوەدایە مرۆژێک هەوڵی داوە گۆدۆ بکاتە شانۆنامەیەکی واقیعی، واتە؛ بهێنێتە سەر دۆخێکی واقیعی، بەڵام بەڕای من مرۆژێک بە پێچەوانەی بێكێتەوەیە لەوەدا کە بێکێت هەمیشە کورت و پوخت و چڕە زمانی، بەڵام لەلای مرۆژێک کە من زۆربەی شانۆنامەكانیم   خوێندووەتەوە، هیچیان وەک ئەم دەقە(کۆچبەران) دیالۆگ و قسەی تێدا نییە، ئەم دەقەیان وردەکاریی ژیانی ڕۆژانەی زۆر تێدایە، زۆرجار لەم دەقەدا چەندین دیالۆگی وەسفی دەبینین کە کەمتر دەچنە ناو کردارەوە، بۆیە بەشێک لە دیالۆگەکان ئیمکانییەتی لابردنیان ئاسانترە.





                    دیمەنێک لە شانۆیی "کۆچبەران"    


سولی ئۆن وێب: لەم نماییشەدا ئێوە لە دیالۆگەکانتان لابردووە؟

فازیل جاف: بەڵی هەندێکم لێ لابردووە، بەتایبەت مرۆژێک "لە حەفتاکاندا" ئەم شانۆنامەیەی نووسیوە بۆ دۆخی کۆچبەریی ئەو سەردەمە زۆر شتی ناو دەقەکە باشتر دەگونجێت، ئێستا زۆر شتی پەنابەرێتی گۆڕدراوە، لەبەر ئەوە، ئەو شتانەی کە ئێمە بۆ ئەم نماییشە لامان بردوون لەسەر ئەساسی ئەو بابەتە بووە.


سولی ئۆن وێب: ئەم کارەی مرۆژێک کە هەڵتبژاردووە بۆ نماییش، نزیکەی دوو کاتژمێر دەخایەنێت و دوو کارەکتەریشی هەیە، و بینای کارەکەش لەسەر دیالۆگی کارەکتەرەکان بنیاتنراوە، تۆ چۆن هەوڵتداوە نماییشێک دروستبکەیت کە بینەر وابەستە بکەیت بە نماییشەکەوە تا کۆتایی؟

فازیل جاف: بێگومان ئەو لایەنانەی کە باستکردن، ئەو ئەگەرانەی کە هەن، لەوەی کە ئەمە دەقێکە نزیکەی دوو کاتژمێرە، دەقێکە دوو کارەکتەر قسەی تێدا دەکەن و فۆڕمی دەقەکەش زیاتر ڕیالیستە، ئەمانە هەمووی بۆ بینەری کورد زەحمەتە، بینەری کورد زیاتر جەستەیی و بینین بەلایەوە گرنگە بەقەت ئەوەی دابنیشێ گوێ لە قسە بگرێت، کە زیاتر گوزارە لە باری دەرونییەوە بکات، وەک دەرهێنەریش بەڕای من، ئیشکردن لەگەڵ دوو ئەکتەر زۆر قورسە، ببێت بە سێ ئاسانترە، ببێت بە پێنج هەر زۆر زۆر خۆشترە، بەڵام دوو ئەکتەر لەڕووی ئیستاتیکی و جوانکارییەوە زۆر زەحمەتە کارکردن. ئەمە لایەنێکی قورسایی ئیشەکەیە. وەک وتم بۆ بینەریش قورسە، بینەری کورد پەلەیەتی و حەزدەکات ئیشی پەلەیش ببینێت، ڕیتمی خێرا ببینێت.






            دیمەنێک لە شانۆیی "کۆچبەران"




سولی ئۆن وێب: تۆ کە ئەم تایبەتمەندیانەی هەم بینەری کورد دەزانیت و هەم لایەنی قورسیی کارکردن لەدەقەکەدا، چۆن هەوڵتداوە کار لەم شانۆنامەیەدا بکەیت؟

فازیل جاف: بێگومان من لە سروشتی دەقەکە شارەزا بووم، و یەکەمجار کە خوێندمەوە وابزانم ساڵی 1995 بوو چەندجارێک بەتەمای دەرهێنانی ئەم دەقە بووم، بەڵام ڕێکنەدەکەوت یان خۆم لێی پەشیمان دەبوومەوە، چونکە دەمزانی دەرهێنانی ئەم دەقە بە شێوەیەکی تایبەت و جیاهەڵکەوتوو ئاسان نییە، پێموایە ئەوەی من ویستم بیکەم ئەوەیە: ئاگاداری چەند دەرهێنانێکی ئەم دەقە بووم، بۆ نمونە لای دەرهێنەری گەورە، ئەندرێ ڤایدێ کە یەکێکە لە دەرهێنەرە گەورەکانی پۆلۆنیا، واتە ئاگاداری دەرهێنانەکانی ئەم کارە بووم چی بە وێنە چی بە ڤیدیۆ، بەڵام من ویستم کارێک بکەم جیاواز بێت، وا دەزانم و ڕەنگیشە ئەو جیاوازییەم بەدەست هێنابێت، جیاوازی لەگەڵ خەڵکی تر، من ناڵێم ئیشەکە سەرکەوتوو بووە یان نا، ئیشی من نییە ئەوە بڵێم، بەڵام دەتوانم بڵیم ئەم دەرهێنانە جیاوازە، ئەم دەرهێنانە دەرهێنانی منە، هەوڵمداوە زمانێک بۆ ئەم دەرهێنانە دابنێم کە لە هی هیچ کەسێکی تر ناچێت. دیسانەوە دەیڵێم بەو واتایە ناڵێم کە ئەم نماییشە باش بووە یان نا، بەڵام دەڵێم تایبەتە بە خۆم و بە ژیان و ئەزموونی هونەریی خۆمەوە. سەبارەت بە ڕاکێشانی بینەریش، پەیوەندی بە دۆزینەوەی ڕیتمی ڕاستەقینەی دەقەکەوە هەیە، وەک لێدانی دڵ، ئەگەر دەرهێنەریش نەزمی لێدانی دڵی نماییشەکەی ڕێکخست، دەتوانێت مێشک و هەستی بینەر بەرەو نماییش ڕابکێشێت، بەچی؟ لەڕیگەی ڕیتم و بە جووڵە و زمانی جەستەی ئەکتەرەکانەوە.



سولی ئۆن وێب: تۆ بە چ شێوازێکی شانۆیی هەوڵی بەرجەستەکردنی ئەم نماییشەت داوە و بۆچی؟

فازیل جاف: لەم کارەدا هەوڵمدا لەسەر بنەمای شێوازگەری شانۆییەکە دەربهێنم، ئەم دەقە زۆر فریوتدەدات کە بە شێوەیەکی واقیعی، دەرهێنانی بۆ بکەیت، زۆرینەی دەرهێنەرەکان کە کاریان تێدا کردووە ئەوەندەی من ئاگادارم ریالیستانە کاریان تێداکردووە، بگرە هەندێک جاریش ناتورالیستانە، من بۆ ئەوەی خۆم لەو فریوخواردنە دەربکەم لەم مەسەلەی ناتورالیزم و ڕیالیزمییە، چی وردەکاریی زیادەی واقیعیانە هەبوو لە دەقەکەدا، زۆربەی زۆریم لابرد، بەس پوختەکەیم هێشتەوە، پوختەکەی کامەیە؟ ئەوەیە کە لەسەر شانۆ بەکار دەهێنرێت و کرداری سەرەکیی شانۆییەکە بەبێ ئەو ناچێتە پێشەوە، هەندێک شت هەن کردار پێی دەچێتە پێشەوە، هەندێکی دیکەش هەن شت ڕووندەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە کردار بباتە پێشەوە، بۆ نمونە لەم نماییشەدا لەباتی یەک قتو گۆشت تۆ دەتوانیت چەند قتویەک دابنێیت، دەتوانیت بۆ کارەکتەری ڕۆشنبیر کۆمەڵیک کتێبی زۆر دابنێیت، بۆ کارەکتەرەکەی دیکە دەتوانیت کابرا کە باسی وێنە دەکات و داوا دەکات وێنەیەک ببات بۆ خۆی، دەتوانیت کۆمەڵێک وێنەی زۆر لەلای سەرییەوە هەڵبواسیت، من ئەمانەم هەمووی لابردووە، وەکو لە سینۆگرافیاکەیشدا دیارە کە مامۆستا شیراز عەزیز زۆر بەدیقەت و زۆر جوان ئەنجامی داوە کە تەعبیر لە جەوهەری مەسەلەکان دەکات نەک وردەکاریی بچوک بچوک. ئەگەر سەرنجیش بدەن میزانسین و دابەشکردنی ئەکتەرەکان و هێڵی نێوانیان یان ڕووبەڕووبوونەوەیان، یان هەندێک جار کە قسە دەکرێت هاوکات لەبەر خۆیەوەیەتی و هەمانکاتیش بۆ بەرانبەر. ئەم ڕەهەندانە چوارچێوەی شێوازگەرییەکە دەچەسپێنێت.


سولی ئۆن وێب: هەستدەکەیت ئەو شێوازەی کە لە خەیاڵی تۆدا هەبووە بۆ بەنماییشکردنی شانۆنامەی (کۆچبەران) بەوجۆرە بووە کە لەسەر تەختەی شانۆ بینەر بینیویەتی؟

فازیل جاف: بەڵێ.







              دیمەنێک لە شانۆیی "کۆچبەران"

هه‌والی زیاتر