بانوێڵ، لە خزمەتکردنی کەنیسەوە بۆ جیهانی سینەما

06/02/2016    02:34

بانوێڵ، لە خزمەتکردنی کەنیسەوە بۆ جیهانی سینەما 


Cînema


پشتیوان کەمال

یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی سینەمای ئیسپانیا بریتییە لە دەرهێنەر "لویس بانوێڵ". ئەم دەرهێنەرە لە ساڵی ١٩٠٠ لە شارۆچکەیەکی کشتوکاڵی بچووکی ئیسپانیا بەناوی "کەلاندا" لەدایکبووە. ئەو لەناو ئەو سروشتەدا دڵخۆشبووە و خۆی پێیوابووە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی فراوانبوونی زیهن و بیرکردنەوەی ئەو جێگەیە بووە ئەویش بەهۆی ئەو هەوا پاک و ژینگە خاوێنەوە کە هەیبووە. ئەو لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایکبووە و خاوەنی چەندین زەوی بوون لەو شارۆچکەیەدا، هەروەها بانوێڵ لە سەرەتای تەمەنیدا لە کەنیسەدا خزمەتی کردووە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەنێردرێتە خوێندنگەیەکی تایبەت و دەست بە خوێندن دەکات. گەر فیلمەکانی بانوێڵ ببینین ڕاستەوخۆ هەست بەو ڕۆحە دینیە دەکەین کە لە فیلمەکانیدا کاری لەسەر کردوون.

پاش ئەوەی لە کۆلێژێکی مەسیحی دەست بە خوێندن دەکات هەر لەوێ خوێندنی بەکالریۆسەکەی تەواودەکات، کە ئەویش شوێنێک بوو لە سەدەی هەژدەوە خوێندنەکەی هیچ گۆڕانکاریەکی تێدا نەکرابوو. هەمیشە دایک و باوکی ئامۆژگاریان دەکرد بەوەی کە دینداربێت تاوەکو هەمیشە لای خودا خۆشەویست بێت، کارە سینەماییەکانی بانوێڵ زیاتر ئەو یادەوەریانەیە کە لە منداڵیەوە بۆی جێماون لەلایەنەکانی ئەدەب و موزیک و وێنەوە. لەساڵی ١٩١٧ بانوێڵ لە زانکۆی مەدرید وەرگیرا بۆ خوێندن لە بواری موزیک بۆ ئامێری کەمانچە، بەڵام باوکی دڵنیای کردەوە کە دەبێت هونەر لەبیرخۆی بباتەوە و ئەندازیاری کشتوکاڵی بخوێنێت. پاش سێ ساڵ خوێندن لە بیرکاریدا بانوێڵی تەواو بێزار و شەکەت کرد. لەساڵی ١٩٢٠ بانوێڵ لەژێر دەستی دکتۆر بۆلیڤار دەستیکردە خوێندنی بایۆلۆژی کە بۆلیڤار بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتیمانی مەدرید بوو. پاش ساڵێک لەو خوێندنە بیری لەوە کردەوە کە ئەو هیچ سوودێ لەو خوێندنە نابینێت، چونکە هەرگیز ئەو خوێندنە سوودێک بە ئەو ناگەیەنێت بەڵام لەو ماوەیەدا ئەوەی جێی خۆشبەختی بانوێڵ بوو ئەوە بوو کە پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە هونەرمەندەکاندا دروستکردبوو کە ئەمەش مانایەکی گەورەی هەبوو بۆ بانوێڵ چونکە ئەو دەیزانی هونەر چییە، لەگەڵ هاوڕێ نوێیەکانیدا وەکو سەلڤادۆر دالی و فریدریکۆ گارسیا لۆرکا و مۆرینیۆ ڤیللا پێی باشبوو کە لەگەڵ ئەواندا لە کافتریایەکدا دابنیشێت و باسی هونەر بکات نەک بچێت لە تاقیگەیەکدا بەدیار مایکرۆسکۆبێکەوە بووەستێت کە هیچی لێ تێنەدەگەیشت و نەیدەزانی بۆچی دەیکات. 



بانوێڵ هاوڕێ لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی تردا ڕێبازی سووریالیان لە ئیسپانیادا بڵاوکردەوە. (Cionismo, Ultraismo) ئەو دوو جێگەیە بوون کە نووسەران و هونەرمەندان تیایدا کۆدەبوونەوە و دەربارەی هونەر دەدوان، لەکاتێکدا بانوێڵ خۆی بیرکردنەوەیەکی جیاواز و کەسایەتیەکی جیاوازبوو لەناو هەموو هونەرمەند و ڕەخنەگرەکانی ئەوکاتەدا بۆ نموونە هەندێک لەو کەسایەتیانە باس بکەین وەک ئەلبێرتی گویلین، داماسۆ ئەڵۆنسۆ، باراداس، پالێنسیا، ڤازگوێز دیاز، جۆز ئۆرتێگا و ئەدۆڵفۆ سالازار. 

لەساڵی ١٩٢٨ پاش گەڕانەوەی لەکارکردن لای بەڕێوەبەری فەڕەنسی بەناوبانگ جۆن ئیستیڤان لەپاریس بانوێڵ دەستی بە کارکردنکرد لە سینەمادا بە تەکنیکێکی نوێوە بە هاوڕێیەتی دالی لە فیلمی (Un Chien Andalou) کە تیایدا باسی لە چینی بۆرژوازی دەکرد و ئەو چینەی لە ئیسپانیادا تووشی شۆک کرد، بەردەوام بوو لە کارکردن لە ستایڵی سوڕیاڵیدا. دەستیکرد بە گەشتکردن بە ئیسپانیا و ئەمریکادا تاوەکو شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا دەستیپێکرد لەساڵی ١٩٣٦ لە ساتەوەختی ئەو شەڕە ناوخۆییەی ئیسپانیا بانوێڵ لە دەزگایەکدا کاری دەکرد و فیلمێکی دۆکومێنتی بە ناوی (Espana Leal En Armas) لەساڵی ١٩٣٧ دروستکرد، لەساڵی ١٩٤٦ بانوێڵ بەرەو مەکسیک دەکەوێتەڕێ، لەکاتێکدا لەو ساڵانەدا ڕۆشنبیرانی مەکسیک بەهۆی شەڕەوە لەو وڵاتە هەڵدەهاتن و سەفەریان دەکرد بۆ وڵاتانی تر. ئەو تا کۆتایی ژیانی لە مەکسیک مایەوە و زیاتر لە بیست فیلمی تا ساڵی ١٩٦٤ دروستکرد. بانوێڵ بەردەوامبوو لەسەر هێرشکردنە سەر کەنیسە و دەوڵەت لەنێو فیلمەکانیدا. لەساڵی ١٩٨٠شدا بانوێڵ دواهەمین کاری خۆی ئەنجامدا کە دەربارەی ژیانی خۆی بوو بە ناوی (My Last Sight). بانوێڵ لە مەکسیک لەساڵی ١٩٨٣ کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هەمیشە ناوی خۆی لای ئیسپانیەکان و گشت جیهان بە زیندوویی هێشتەوە. 

سەرچاوە: Spanish Directors, Wikipedia


هه‌والی زیاتر