11/05/2016    14:09

"زمناکۆ" سەبارەت بە ھەڵەبجە خەڵاتی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجری بەدەستھێنا 


Cînema

سولی ئۆن وێب


فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی "مێھدی قوربانپوور" سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی ھەڵەبجە خەڵاتی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بەدەستھێنا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" Zemnaco لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" سەبارەت بە کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی سەدام، لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی سەرەکی و لەوحەی فەخریی بەشی "نێوان مەزھەبەکان" بە دەرھێنەریی ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.
ھەر لەم بەشەدا دیپڵۆمای فەخریی بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "زەماوەند لەگەڵ ئەوین لە کابۆل" Love Marriage in Kabul لە دەرھێنانی "ئەمین پەلەنگی" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا و ئەفغانیستان و دیپڵۆمای فەخریی بە کورتە فیلمی "ھەستی" Hasti لە دەرھێنانی "کەماڵ پڕناک" لە وڵاتی ئێران بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی "نێوان مەزھەبەکان" سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بریتی بوون لە: "ئیشتێفان فۆئێرنێر" STEPHAN FOERNER لە وڵاتی ئەڵمانیا، خاتوو "ماگالی وێن ریس" MAGALI VAN REETH ڕۆژنامەنووس و رەخنەگریی سینەمایی لە وڵاتی فەڕەنسا و ھەروەھا  سەید "مستەفا موحەقیق داماد" مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئێران.
فیلمی کوردیی "زمناکۆ" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی سەرەکیی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراجۆر، لەوانە: فەڕەنسا، چین، ئەرمەنیستان، ئێران، بڕازیل، ئیماڕات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان، سووریا، ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، کۆماری چێک، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و پاڕاگۆئە لە ڕکابەریدا بوو.
چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی زمناکۆیە کە لە ڕۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا لە دایکی جوێی دەبێتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان.
"زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە ئامادەبوونی کەسایەتیی سەرەکیی فیلمەکە "زمناکۆ محەمەد ئەحمەد" و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمی دیکۆمێنتی بەدەستبێنێت.
ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت.
"زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و ڕێزی لێگیرا.



























هه‌والی زیاتر