30/09/2016    16:33

"ژیان لەسەر سنوور" تابلۆی شانازی فیستیڤاڵی فیلمی "لۆکاس"ی فڕانکفۆڕتی بەدەستهێنا 


Cînema

سولی ئۆن وێب


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرهێنانی هەشت منداڵی کۆبانێ و شنگاليه و لە بەرهەمهێنانی بەهمەن قوبادی تابلۆی شانازی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵانی "لۆکاس" لە وڵاتی ئەڵمانیا بەدەستهێنا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border لە دەرهێنانی هەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادی" کە لە لایەن کۆمپانیای هۆڵەندیی "ئیلۆمینا فیلمس" Illumina Films لە سینەماکان و فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی 21ی سێپتەمبەری 2016 لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی "لۆکاس" LUCAS لە شاری فڕانکفۆڕت لە وڵاتی ئەڵمانیا چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە، تابلۆی شانازی بە "بەسامە سولەیمان" و "سامی حوسێن" دوو کەس لە دەرهێنەرانی ئەم کۆمەڵە فیلمە پێشکەشکرا، تاکوو هاندانێک بێت بۆ درێژەپێدان بە دەرهێنەریی و سازکردنیی بەرهەمی نۆیان لە داهاتوودا. هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵەدا، خەڵات و دیاریی دیکەش بەم دوو دەرهێنەرە مێرمنداڵە بەخشرا.
"ژیان لەسەر سنوور" بە پەیامێک لە لایەن "بەهمەن قوبادی" و بە ئامادەبوونی "بەسامە سولەیمان" و "سامی حوسێن" دوو کەس لە دەرهێنەرانی ئەم کۆمەڵە فیلمە و هەروەها "شاهۆ نیعمەتی" راوێژکاریی دەرهێنەر لەم پڕۆژەیەدا نمایشکرا و پاشان، دانیشتنێکی تایبەت بە ئامادەبوونی ئەم کەسانە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی "لۆکاس"ی فڕانکفۆڕت بەڕێوەچوو و سەبارەت بەم فیلمانە هاتنە ئاخاوتن و لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی "لۆکاس" بە پشتیوانی رێکخراوەی فیلمی ئەڵمانی و هەر دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و سی و نۆیەمین خولی بە نمایشی فیلم گەلێکی چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی، ئەنیمەیشێن و ئەزموونی لە دەرهێنەرانی 27 وڵاتی جیهان لە رۆژانی 19 تا 25ی سێپتەمبەری 2016 لە شاری فڕانکفۆڕت لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی 29ی مایی تا 5 یۆنیۆی 2016 لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییە بڵیندەکان"ی پەنجاوشەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کراکۆف" Krakowf لە شاری کراکۆف لە وڵاتی پۆڵەندا نمایشکرا.













هه‌والی زیاتر