هونەرێک لەهەمبەر زمانی ڕەخنە و دیسکۆرسی هونەریدا

07/04/2018    17:20

هونەرێک لەهەمبەر زمانی ڕەخنە و دیسکۆرسی هونەریدا 


Têkst



سولی ئۆن وێب

نوسینی : هه‌ڵگورد ئه‌حمه‌د


لەبەرواری ٢٠ی دووی ٢٠١٨، هونەرمەند ڕێبوار سەعید لەپێناو پاڵپشتیکردنی بەرخودانی عەفرین، پێشەنگایەکی نیگارکێشی لەزانکۆی سلێمانی/ کۆلێژی هونەر ڕێکدەخات، تێیدا نوسین بەسەر ڕووکاری ژمارەیەکی زۆر لە نیگارەکانیەوە هەبوون.بەجۆرێک، تێکستبەرلە وێنە، سەرنجی وەرگری بەلای خۆیدا ڕادەکێشا. هونەرمەند لەم ئەزموونەیدا نوسینی زۆری لەخزمەت کاپشن کردنی وێنەکانی بەکارهێنابوو.هۆکاری ئەم هەوڵەش، پێدەچیت دەرخەری بێمتمانەیی هونەرمەندبێت بە 'زمانی وێنە'، بەجۆرێک گومانی لە شیمانەی ئەم گەیەنەرە هەبووبێت لە گەیاندنی تەواوەتی بیرۆکە هونەرییەکانی، هەربۆیە هەڵیکوتاوەتە سەر بەکارهێنانی 'زمانی نوسین' بۆ ڕەوانکردن و دڵنیابوون لەگەیشتنی گوزارشتەکەی. ئەشکرێت نوسینەکان وەک هەر ڕەگەزێکی دیکەی ناو نیگارکێشی هەژماری بۆبکرێت بێئەوەی تێیاندا وێڵی دۆزینەوەی مانای دوورتر و قوڵتربین. بەڵام ئەم خوێندنەوەیە لە پراکتیکی هونەری هونەرمەندا کاتێک دروستە کە زمانی نەتەوەیی خۆی بەکارهێنابێت. بڕوام وایە، دەستبردن بۆ چەندبارە نوسینەوەی(Save Afrin)،بەو شێویەی پانتایی ناو گەلێک لە نیگارەکانی داگیر کردبێت و لەسەر حسابی وێنەکان پێگەیان گەیەنرابێتە ئەوجی خۆیان، مەبەستێکی دیاریکراوی هونەرمەندی لەپشتە. لێرەدا دەکرێت مەبەست لەم جۆرە لەپاڵیەکدانانەی تێکستی ئینگلیزی لەگەڵ وێنە، یان بەکارهێنانی تێکستی ئینگلیزی وەک کەرەستەی هونەری ڤیژوەڵ، بریتیبێت لەهەوڵی بەشداری پێکردنی ڕەهەندی تیۆری کاری هونەریی لەگەڵ ئەو دیسکۆرس و ڕەخنە باڵایەی لەسەر ئاستی ئینگلیزی-زمانەکان ڕوودەدەن، یاخود ئەگونجێت ڕەنگدانەوەی هەژموونی کەللتوری و سیاسی نەتەوەکانی خاوەن ئەم زمانەبن بەسەر کەللتور و سیاسەتی ئەو نەتەوانەی خۆنەویستانە کەوتونەتە ژێر کاریگەریانەوە.

مێژووی لەپاڵیەکدانانی تێکست لەگەڵ وێنە نوێ نییەو دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی پەیدابوونی یەکەم سیستەمی نوسین لەدەوروبەری ٣،١٠٠ ساڵ پێش زاین (کەبەناوی سۆمەریەکانەوە ئەم مێژووە تۆمارکراوە)، دواتریش لەناو هونەری ڤیژوەڵی زۆربەی گەلانی تردا و لەهەر کات و شوێنێکدا ناوبەناو تێکست خۆی بەیانکردووە و هەمیشەش ڕاڤە و واتای خۆی هەڵگرتووە. هەربۆیە ئەم بابەتە لەسەر پرسەکانی پەیوەندی نێوان ئەم دوو گەیەنەرە ناوەستێت، بەڵکو لەسەر هەڵتۆقینی زمانی بیانیە (بەتایبەت زمانی ئینگلیزی)، لەناو هونەری گەلانی تردا هەروەک نموونەی ئەم ئەزموونەی ڕێبوار و هەندێک نموونەی هونەری تری ناو بابەتەکەمان و چەندین نموونەی تری ناو کایەی هونەریی ئەمڕۆ کە لێرەو لەوێ بەرچاو دەکەون.
وادەزانم،هەوڵی بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی بەم جۆرەی ئەمڕۆ لەنێو کایەی هونەری دادەبینرێت، بەمەستبێت یاخود بێمەبەست، ڕەنگدانەوەی هەژموونی ڕاستەقینەی ئەو میللەتانە بێت کە خاوەندارێتی ئەم زمانە دەکەن.ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ زماندا،بەشێوەک لەشێوەکان،زیاتر بووەتە کردەیەکی ناچاری، وەک لەوەی وویستی خۆی لەسەربێت. هەڵبەت کەلتوری ئینگلیزی زمانەکان تاکە کەللتور نیە کە کردە ڤیژوەڵی و تیۆرییەکانی وادەردەکەوێت دزەیان کردبێتە ناو فەرهەنگی گەلانی تر، بەڵکو زۆرن ئەو کەللتورانەی کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەیە. بەڵام کاتێک بەتایبەت لەسەر کەللتوری ئینگلیزی دەوەستم لەبەر دوو هوکارە.یەکەمیان: ئەم کەلتورە ڕاستەخۆ دەستی هەیە لەهەڵسوڕاندن و ڕووگەپێدانی زۆربەی ئەو هونەری ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان ئەنجام دەدرێن. دووەمیان: پاوەری ئەم کەللتورە لەهەموو ڕەهەندەکانییەوە زۆرترین کاریگەری هەیە بەسەر کەللتوری نەتەوەکانی ترەوە، لەناویاندا کەللتوری ئێمەی کوردیش.

ڕاستی ئەم دوو هۆکارەی سەرەوەلەو میراتە مێژووییەی ئینگلیزەکان تۆماریان کردووە دەردەکەوێت و دەرئەنجامی ئەم هەوڵەشیان بەتۆپزی خۆی سەپاندووە بەسەر ژینگەی زۆرێک لەنەتەوەکانی تردا.ئەگەر بۆ پەیبردن بەم ڕاستیە، هەندێک بگەڕێنەوە ناو مێژوو بۆمان دەردەکەوێت کەئیمپراتۆریەتی بەریتانیەکان بەهۆی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازییەوە ئەم زمانەیان گەیاندە هەر نەتەوەیەکی جهیان کە داگیریان دەکرد، لەناویاندا نەتەوەی کوردی-زمانیش. تەنانەت ئەم پاوەرەلە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست،ڕاستەخۆ دەستی لەناو هەموو جومگە سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵایەتیەکان ئەم ناوچە هەبووە و لەئێستاشدا ناوبەناو ئەم هەژموونە لەناو ژینگەی سیاسی و کەللتوری ئەم ناوچەیەدا هەستی پێدەکرێت. دیسانەوە لەسەدەی شانزە و حەڤدە، وەشاندنی گورزی زانستی و تەکنەلۆژی و پیشەسازی لەلایەن بەریتانیەکانەوە هێزێکی خۆسەپێنەری دایە ئینگلیزەکان و زمانەکەشیان بووە زمانی زانست و تەکنەلۆژیا. دواتر دێتە سەر سەدەی نۆزدە و قوتبونەوەی پاوەری ئابوری، جارێکی تر ئەو زمانەی ئابوری هەڵدەسوڕان ئینگلیزی بوو، بەتایبەت دوای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا و دواتر بەشداری پێکردنی گەلانی تر. لەدواجاردا سەدەی بیست کە پاوەری کەللتوری قەوارەی تەواوەتی وەردەگرێت، ئینگلیزی دەبێتە زمانی زۆربەی زۆری ئەوە خەڵکەی کۆمەڵگەی مۆدێرنیان گەیاندە ئەمڕۆ. ئەم مێژووە و دواتر مێژووی تۆتالیتاری سیاسی و کەللتوری ئەمەریکا کۆمەڵگەیەکی بەدەستلێنەدراوی جێنەهێشت. لەئێستاشدا کە سینەمای ئەمەریکی و مۆسیقای سەردەم و زمانی هەڵسوڕاندنی تۆڕە کۆمەڵایتیەکان و گەلێ شتی تر، هەموویان پێکەوە وایانکردووە دان بەنێودەوڵەتی بوونی ئەم زمانەدا بنێین.ئەگەر کایەی هونەری ڤیژوەڵیش بەجیا لە مێژووی ئەم دوو زل هێزەبێنینە دەرەوە، هەژموونی ئەم دوو نەتەوەیە ئاشکرایە. بەتایبەت ئەزموونی دواهەمین هەوڵە هونەرییەکان، کەلە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرچاوە دەگرن و لەچوارچێوەی هونەری هاوچەرخدا خۆیان بەرجەستە دەکەن. بەئاگابوون لەم مێژووە، دەگونجێت کەڵکەڵەی خۆدان بەدەست ئەم پاوەرە زەبەلاحەت بۆ دروستبێت و بەبیانوی نێودەڵەتی بوونیزمانەکەیان، سڵ لەبەکار‌هێنانی نەکرێتەوە، لەلایەک. لەلایەکی تر، بەبیانوی یونیڤێرسەڵیبوونی هونەریش، هونەرێک بەرهەمبێنرێت یەک پارچە لەژێر کاریگەری ئەو هونەرەدا بێت. بەڵام دواجار دەپرسین: ئایا ئەگەری پەیدابوونی چالاکییەکی خۆڕسک هەیە بێ ئەوەی هیچ ڕەگێکی ئەم چالاکییە چووبێتەوە ناو کەللتوری ناوبراو؟

یەکێک لەئاگاترین ئەو هونەرمەدانەی کە درکی ئەم حەقیقەتەی کردووە و وادەردەکەوێت هەوڵی دابێت لە پشت کاریگەریەکانی ئەو کەللتورەی ئاماژەی پێدراوە هونەر بکات (میلان سیلۆنۆڤیچ)ی هونەرمەندی کۆنسێپچوەڵی کرواتییە، (١٩٤٧-٢٠١٦). لەیەکێک لەکارەکانی لەساڵی ١٩٩٢، ئەم هونەرمەندە لە چوارچیوەی هونەری کۆنسێپچوەڵ لەسەر پەڕۆیەکی ڕەنگ پەمەیی بە تێکستی ئینگلیزی دەنوسێت (AN ARTIST WHO CANNOT SPEAK ENGLISH IS NO ARTIST)،بەوەرگێڕانی بۆ کوردی دەبێتە:هەر هونەرمەندێک ئینگلیزی نەزانێت هونەرمەند نیە، پاشان وەک کارێکی هونەری دەیخاتەبەر دیدی وەرگر. دواتر لە ووڵاتی ئەمستەردام لەساڵی ١٩٧٩ وانەیەک لەدژی زمانی ئینگلیزی دەڵێتەوە، بەڵام خۆی ووتەنی هیچ کەس لەم وانەیە تێناگات، چونکە بەزمانی کرواتی ووتویەتیەوە! ڕەنگە هونەرمەند ئەم هەوڵانەی ئارۆنیکانە ئاڕاستە کردبێت و وەک توانجێک لەوەی هونەرمەند کاتێک هونەر دەکات دەبێت ڕەچاوی کەللتوری خۆسەپێنەر بکات، بەپێچەوانەوە هونەرەکەی ناخوێنرێتەوە و دەچێتە پەراوێزی مێژوو، دواجاریش ووندەبێت. هونەرمەند لەڕێی ئەم چەشنە لەکاری هونەری دەیەوێت بپرسێت: ئایا هونەرێک دەتوانێت پاوەری هونەریی خۆی هەبێت لەکاتێکدا بەزمانێک جگە لەزمانی ئینگلیزی تاوتوێ ڕەهەندە هزری و تیۆرییەکانی بکرێت؟ لەڕاستیدا ئەم هونەرمەندە لەڕێی کۆنسێپتی ئەو وانەیەی کەگوایە بەزمانی کرواتی دژی ئەم زمانە ووتویەتیەوە دەیەوێت ئەم پرسە بوروژێنێت، چونکە لەڕاستیدا هونەرمەند هیچکات وانەیەکی بەکرواتی لەسەر زمانی ئینگلیزی نەگوتوەتەوە، بەڵکو وەک کۆنسێپتێکی هونەری مامەڵە لەگەڵ ئەم بانگەشەیەدا دەکات. بەدەربڕینێکی تر، دەیەوێت بڵێت: ئایا دەکرێت بەنەفەسی کرواتیانەش هونەر بوونی هەبێت بێ ئەوەی هەژمار بۆ ئەو دیسکۆرسە هونەرییە بکرێت کەبە زەبری زمانی ئینگلیزی هەڵدەسوڕێت؟

پێدەچێت، هونەرمەند بیەوێت سەنتەری تاوتوێکردنی هونەر و ئاڕاستەپێدانی بباتەوە ئەو شوێنەی خۆی چالاکیەکانی تیا ئەنجام دەدات،هەر لەوێشەوە هەوڵی خۆبەدورگرتن لە کەللتوری زاڵ لەڕێی ئەندێشە و بیر و تێگەیشتن و زمانی کرواتیەوە پەراوە پێبدات و نیمچە سەنتەربوونێت بۆخۆی بەدەست بێنێت. بەڵام دواجار دەیەوێت بڵێت هەوڵی لەم جۆرە بێئاکەمە و ئەم ناتێگەیشتنەی لێدەکەوێتەوە کە لەئەنجامی وانە وتنەوەکەوە دەرکەوتووە، بەشێوەیەک کرواتی دەبێتە زمانی ناحاڵی لەئاست تاوتوێکردنی ئەو زمانە ئینگلیزییەی فۆرمەڵەکەری تیۆریای هونەریی ئەمڕۆیە. لەهونەری ڕێبواریدا، ئاماژەکە هەندێک تەماویترە. سەرباری ئەوەی ناوەڕۆکی نیگارەکانی زۆر خودییە و وابەستەی ڕووداوێکی مێژوویی خودی نەتەوەکەیەتی، بەڵام بەزمانی کەللتورە ئمپریالیستەکە لەنێوچاوانی زۆربەی نیگارەکانی دەنوسێت: سەیڤ ئەفرین. لێرەدا سەیڤ ئەفرین کە بەواتای پارێزراوبێت ئەفرین، یان ئەفرین بپارێزە، نزا یاخود هاوار بەزمانی نەتەوەیەک دەکات لەوانەیە، لەلایەک پێی وابێت دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی هەیە بۆ هێنانی ڕزگاری، لەلایەکی ترەوە بانگێکی هونەرییە بۆ پاوەری هەمان دەسەڵات تا لەڕەهەندی کەللتوری و فەرهەنگییەوە خۆی بەدەستەوە بدات و خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لە هونەری سینەماشدا هاوشێوەی سیلۆنۆڤیچ و ڕێبوار، بەهمەنی قوبادی بەجۆرێک لەڕێی هەمان کەرەستەوە ئەم پرسە دەجوڵێنێت، بەڵام ئەم هەلەیان لەڕێی سینەماوە. لە (فیلم)ی 'کیسەڵەکانیش دەفڕن' کەلەساڵی (٢٠٠٥)، دەرچوو و دەرهێنەر خۆی سکرین پلەی بۆ نوسیوە، هەوڵدەدات لەڕێگەی گفتوگۆیەکی پێکەنین-ئامێزی نێوان دوو لە کارەکتەرەکانی ناو فیلمەکەی، بەناوەکانی کاک سەتەلیتی بازرگانی مین و کاک ئەحمەدی پوچەڵکەرەوەی مین،هەمان ئێریا بجوڵێنێت. کاتێک کاک سەرتەلایت بەمەبەستی فرۆشتنی مینەکانی دەچێتە لای کاک ئەحمەد و بەزمانی ئینگلیزی پێی دەڵێت: "هەلاو مستەر، هاو ئار یوو."کاک ئەحمەدیش لەوەڵامدا دەڵێت: "هەلاو زەهرەمار و قوزەڵقورد، بۆ بە زمانی بنیادەم قسە ناکەیت."لێرەدا زمانی بنیادەم بەواتای زمانی خۆ دێت، بۆ ناچاری زمانێکی دی. پەیامی ئەو گفتۆگۆ ئینگلیزیانەی دەرهێنەر ترنجاندویەتیە ناو فیلمەکەوە مانایەکی توندتر دەگەیەنێت بەبەراورد بەو مانا گاڵتەئامێزە ڕووکەشییەی دەمانخاتە پێکەنین. کاک سەتەلایت لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەمەریکی وا خەریکە دێن، دوو ئۆکەی بڵێ و تەواو پێشدەکەویت." لەدووتوێی ئەم ئاماژەدا پەیامێکی شاراوە خۆی مەڵاس داوە. وەک بڵێیت تایتانیکی سینەمای ئەمریکی والێرەیە، چی بکرێت بۆئەوەی بەجێنەمێنیت و لەگەڵ خۆی هەڵتگرێت. ڕەنگە هەمان پەیامی شاراوە لەپشت فیلمی (بێکەس)ی، کارزان مەحمودی دەرهێنەریشەوە بێت، کاتێک لەڕێی خەونی دوو کاراکتەری سەرەکی فیلمەکەی بەگۆڕینی شوناسی کوردییان بۆ شوناسی ئەمەریکی دەیانەوێت بگەنە ئەمەریکا. ئەم فیلمانەوە نموونەی چەندەها فیلم و هونەری تر کە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم زمان و ناوەڕۆکانە دەکەن، هەوڵێکن بۆ بەکارهێنانی زمان وەک ئامرازێکی پەیوەندی دروستکردن لەنێوان هونەرەکەی خۆیان لەگەڵ ئەو قەوارە تیۆرییەیو هونەرییەی لایەنی دووەم هەیەتی.

لەکۆتاییدا،بەکارهێنانی زمانی دایک وەک کەرستەی هونەر بۆ هەر هونەرمەندێک، چ لە فۆرمی نوسیندابیت یان ئاخافتن خوێندوەیەکی جودا لەم خوێندنەوە هەڵدەگرێت. بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی لەم هونەرانەدا، زیاتر کەرەستەی دیسکۆرسی هونەرین، وەک لەوەی کەرەستەی ئیستاتیکی کارەکان بن.زمانی ئینگلیزی زمانی ئەم دیوئەو دیوکردنی تیۆریاکانی هونەرە و ساڵەهایە پرسەکانی هونەری پێ دۆکیومێنت دەکرێت، لەکاتێکدا زمانیکرواتی و کوردی شتێکی ئەوتۆیانلەسەر هونەر پێنەگوتراوە. هەر بۆیە هەوڵی سیلۆنۆڤیچ و ڕێبوار و هونەرمەندانی تری ناوبراو، بۆ پەیوندی دروستکردنە لەگەڵ ئەو مێژووەی بەئینگلیزی دەنوسرێتەوە یاخود دەگوترێت.

 

 

 


An Artist Who Cannot Speak English Is no Artist, 1992, Coll. Van Abbemuseum, Eindhoven


Flag – You Mum Is an Old Hag, 1982


Soul Ass Erected Obscurity Department of State Security, 1983


I Have Got Paint and Paper, 1983


 

هه‌والی زیاتر