چۆنێتی چەقبەستنی هونەری مۆدێرن لەڕێی کەڵکەڵەی ڕەچاوکردنی شۆکەوە.
ڕۆجەر سکرتن

01/01/2019    16:35

چۆنێتی چەقبەستنی هونەری مۆدێرن لەڕێی کەڵکەڵەی ڕەچاوکردنی شۆکەوە. 


Têkst


نوسەر: ڕۆجەر سکرتن
وەرگێڕ: هەڵگورد ئەحمەد



کاراکتەری بۆلۆنیۆس لە یەکێک لەبەرهەمەکانی شکسپیردا دەڵێت: 'هەتا خۆت لەگەڵ خۆت ڕاستگۆ نەبیت، ناتوانی لەگەڵ کەسانی دەوروبەرت ڕاستگۆبیت.' ڤاکلۆڤ هاڤڵ یەکەم سەرۆکی کۆماری چیک دەڵێت: بەڕاستی بژی. ڕۆمان نوسی ڕوسی سۆلزنیسیان دەنوسێ: 'لێگەڕێ با درۆ بەجیهاندا گوزەر بکات، بەڵام نا تێپەڕێت بەناو مندا.' تا چەند دەکرێت ئەم ڕایانە بەهەند وەرگرین و چۆن دەبێت لەخۆماندا ڕەنگی پێ بدەینەوە؟ 

هەموو کەسێک دەتوانێت درۆ بکات. هەر ئەوەندە بەسە شتێک بڵێت بەنیازی بەلاڕێبردنی کەسێک. لەکاتێکدا، ساختەکردن دەستکەوتە. لەپێناو ساختەکردنی شتێکدا، دەبێت خۆت و دەوروبەر چاوبەست بکەیت. هەرکە درۆزن درۆکانی خستە ڕوو، دەتوانێت بەشێوەیەک خۆی بنوێنێت کە توشی شۆک بووە: بەڵام نواندنەکەی بەشێکە لە درۆکە. بەڵام کاتێک ساختەکار، ساختەیی دەکات، هەر بەڕاستی شۆک دەبێت، چونکە کۆمەڵێک کەسی خۆشباوەڕی لەدەوری خۆی خڕکردووەتەوە، لەناویاندا خۆشی یەکێکە لەوان.
سەرباری ئەوەی، لەهەموو سەردەمەکاندا یەکەم هەنگاوی خوێندنی پەروەردەیی بۆ ئەوەبووە منداڵان فێرکات دۆر نەکەن، کەچی هەمیشە کەسانێک دەردەکەون بۆ خۆقوتارکردن لەو دۆخە نەخوازراوەی تێیدەکەون درۆ دەکەن. لەکاتێکدا ساختەکردن بە دیاردەیەکی کەللتوری هەژمار دەکرێت و لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر زەقتر دەبێتەوە. بۆ نموونە، لەو کۆمەڵگاییە هۆمیرۆس وەسفی دەکات، ساختەکردن بەئەستەم بوونی هەبووە، دیسانەوە لەناو ئەو کۆمەڵگاییەی چۆسە وەسفی دەکات، ساختەکردن کەم بووە. بەڵام لەسەروبەندی شکسپیردا، شاعیر و شانۆنوس گرنگیەکی زۆریان داوە بەم جۆرە داهێنانە سەردەمییەی مرۆڤ.
لەبەرهەمی ‘کینگ لییە‌ی شکسپریدا، دوو خوشکە کەتنبازەکە بەناوی گۆنرێل و ڕێگەین، سەر بە جیهانێک بوون هەست تێدا ساختەبوو، قەناعەتیان بەخۆیان و باوکیشیان هێنابوو کە ئەوان هەست بەخۆشەویستیەکی قوڵ دەکەن، لەکاتێکدا ڕاستیەکە ئەوەبوو، ئەوان دوانی تەواو دڵمردوبوون. بەڵام هەستیان بەدڵمردوێتی خۆیان نەدەکرد: ئەگەر بیانزانیایە، نەیاندەتوانی ئەوا بەبێشەرمی ڕەفتار بکەن. تراژیدیای کینگ لییە لەوەوە دەست پێدەکات کاتێک کەسە حەقیقیەکانی وەک کێنت و کۆردیلیا و ئێدگار و گلۆستە – بەهۆی ساختەچیەکانەوە شاربەدەر دەکرێن.
ساختەچی ئەو کەسەیە کەبە دونیابینیەکی ترەوە خۆی بنیاد دەنێتەوە لەپێناو داگیرکردن و زەوتکردنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرزتر، کەنامۆیە بەو پێگە ڕاستەقینەی شیاوی خۆیەتی. هەروەک کاراکتەری تاختوف لەشانۆنامەی مۆلییەر، کە بریتیە لەو دیندارە قۆڵبڕەی لەڕێی دەرخستنی فرمێسکی بەزەییانەی تیمساحی دەستی بەسەر ماڵ و منداڵدا گرتووە. تێگەیشتنی مۆلییەر، هاوشێوەی شکسپیرە، بەشێوەیەک ساختەیی تا ناخی ئەو کەسە دەڕوات کە توشی بووە. لەڕاستیدا تاختوف کەسێکی دووڕوو نەبوو تا بانگەشەی جیهانێک بکات بڕوای پێی نەبێت. بەڵکو کەسێکی خۆنوێنە (تەمسیلی)، بڕوای بەو جیهانەی خۆی هەیە کە خەڵکی لەسەر قەناعەت پێهێناوە، کەچی دواجار خۆشی هەر وەک ئەوان لە وەهمدا دەژی.

ئەو ساختەییەی تاختوف باسی دەکات، پەیوەندی بە بنەمای دنیدارییەکی ڕوکەشیانەوە هەیە. لەگەڵ کاڵبونەوەی ئایین لەسەدەی نۆزدەدا، جۆرێک لە ساختەیی نوێ دەرکەوت. شاعیر و نیگارکێشە ڕۆمانتیکیەکان پشتیان کردە ئایین و لەڕێی هونەرەوە بۆ ڕزگاری ڕوحی گەڕان. بڕوایان بە لێوەشاوەیی هونەرمەند هەبووە بەشێوەیەک توانایەکی تایبەتی پێدراوە لە تێپەڕاندنی دۆخی مرۆڤ بەشێوازێکی داهێنەرانە و تێکشکاندنی هەموو ڕێساویاساکان لەپێناو چنگخستنی جۆرێک لە خواستی نوێی ئەزموونی. ئیدی هونەر بووە بەردەبازێک بۆ جیهانی باڵا، دەروازەیەک بۆ جۆرێک لە زانیاری باڵاتر.
ڕەسەنایەتی (ئۆریجنناڵێتی)، بووە پێوەری جیاکردنەوەی هونەری ڕاستی لە هونەری ساختە. سەرباری ئەوەی نموونەی زۆری هونەری ڕەسەنمان لەبەردەستدایە، کەچی ئەستەمە پەی بەچییەتی و چۆنێتیان ببەین. لەو نموونانەش: تایتن، بتهۆڤن، بۆدلێر. بەڵام ئەم نموونانە ئەوە دەدەن بەگوێماندا کە گەیشتن بە ڕەسەنایەتی هەوڵێکی تاقەتپڕوکێنی دەوێت: ئەگەرچی لای بلیمەتەکانی وەک ڕامبۆ و مۆزارد وادەبینرێت، بەڵام هێندە ئاسان نیە وەک بڵێیت لەهەوادا بەئاسانی چنگکەوێت. ڕەسەنایەتی، خوێندنەوە و تێکۆشان و شارەزاییت لێدەخوازێت – لەسەروی هەمووشیانەوە -  هەستێکی پوختەکراو و کراوەیی بەڕووی ئەزموون، بەشێوەیەک لە کەمترین نرخیاندا پەلکێشت دەکەن بەرەو گۆشەگیر و ئازارچەشتن.
گەیشتن بە پلەی هونەرمەندێکی ڕەسەن هەروا ئاسان نیە. بەڵام لەکۆمەڵگایەکدا تێدا هونەر وەک باڵاترین دەستکەوتی کەللتوری بەرز ڕاگیریت، بەهای پاداشتەکانیش بۆ هونەرمەندان بەرز دەبن. لێرەوەیە، پاڵنەرێک دێتە ئاراوە تا هونەرەکە ساختە بکرێت. هونەرمەند و ڕەخنەگرەکان گرددەبنەوە تا خۆیان بخزێننە ناو گوڕەپانەکەوە، هونەرمەندەکان وەک داهێنەری گۆڕانکارییە واقوڕمێنەکان خۆیان نیشان دەدەن، هاوشان ڕەخنەگرانیش وەک بڕیاردەری دروست و ژیر لەسەر تەوژمە هونەرییە نوێکان خۆیان دەناسێنن.

لەم تێگەیشتنەوەیە، میزدانە بەناوبانگەکەی دۆشامپ دەبێتە جۆرێک لە پارادایم بۆ هونەرمەندە مۆدێرنەکان. ڕەخنەگرەکان دەڵێن: بەڵێ بەم شێوە کاری هونەری دەکرێت. ئایدیایەک بێنە، بیخەرە ڕوو، ناوی بنێ هونەر، دواتر هەرخۆشتی لێتێمەگەیەنە. لەڕێی پاکەتە بریلۆکانی ئەندی وارهۆڵەوە ئەم تەڵەکەیە دووبارە کرایەوە، دواتریش قرش و چێڵە سوێرکراوەکانی دامێن هێرست. لە هەردوو نموونەکەدا، ڕەخنەگرەکان کۆبوونەوە هەر وەک چۆن مریشک لەدەوری هێلکەیەکی تازەکراوی نامۆ کۆدەبنەوە و دەستدەکەن بە گارەگار، پاشان هونەری ساختەکراو لەڕێی ئەمانەوە بۆ جەماوەر زەقکرایەوە بەشێوەک هەموو ئەو ئامادەکاریانەی بۆ کرابوو کەوا لە وەرگر دەکات ساختەکراو وەک ڕاستی ببینێت. ئەو تەوژمە بەئاڕاستەی ئەو قەوارە ساختەکراوە ئەوەندە بەهێزە وادەکات بەلامانەوە دەگمەن نەبێت کەسێک بێئەوەی ئۆبجێکتێکی یان ئیڤێنتێکی وای بەرهەمبێنی هەتا ڕەخنەگران نەڵێن ئەوە هونەرە خۆی هیچ نیشانەیەکی هونەربوونی تێدا نەبێت و دواجاریش یەکەمین کەس بیت بۆ بردنەوەی خەڵاتی تێرنە.
ئەو جێ-پەنجە ڕەسەنەی کە دۆشامپ ناساندی، ناکرێت دووبارە بکرێتەوە – هەروەک نوکتە و قسەی خۆش تەنها یەکجار دەردەبڕدرێت. ئەگەر دەرفەتی دووبارەکردنەوە لەئارادا بێت، ئەوا بیری ڕەسەنایەتی زۆر بەخێرایی سەردەکێشێت بەرەو خۆدووبارەکردنەوە. نەریتی ساختەکردن بەشێوەیەک دەچەسپێت کە هیچ بڕیاردەرێکی هونەری ناتوانێت بڕیاری ڕاست و دروستی لەسەر بدات، جگە لەو بڕیارەی کە ئەم هونەرە پێشتر 'ڕاست' بووە و بەهیچ شێوەیەک ساختە نەبووە، لەکاتێکدا ئەم بڕیارەش لە سەروبەندی خۆیدا بڕیارێکی ساختە بووە.  
گرنگە لەخۆمان بپرسین بۆچی بیرکردنەوە لە ڕەسەنێتی ساختەکراو ئەوەندە جێی بایەخی ناوەندە هونەرییەکانمانە، هەموو مۆزەخانە و گەلەرییەکان و تەواوی هۆڵە-کۆنسێتیە پاڵپشتیکراوەکان ئەم هەوڵە بەهەند وەردەگرن. پێشەوایانی مۆدێرنیزمی وەک – ستراڤنسکی و شۆنبێرگ لەبواری میوزیک، ئیلۆت و پۆند لەبواری شیعر، ماتیس لەبواری نیگارکێشی و لۆس لەبواری تەلارسازیدا – هەموویان هاوڕابوون لەسەر ئەو بڕوایەی چێژی گشتی هەلاهەلابووە و هیچی بەسەر هیچیەوە نەماوە، هەستیاریی و پەڕپوتی و کیچ مەودا هەمەچەشنەکانی هونەری داگیرکردووە و تارمایی لەبەردەم پەیامەکانی داناوە. میوزیکی سەردەم بووەتە هۆی لەناوبردنی تۆنە هارمۆنیەکان، فۆتۆگرافی زاڵبووە بەسەر نیگاری فیگەرەتیفدا، کێش و سەروا بوونتە کەرەستەی کارتی دیاری کریسمس، و چیرۆکەکان بەکەمی دەگێڕدرێنەوە. هەموو شتێک  لەجیهانی ئەم خەڵکە ساویلکە و بیرکۆڵەکانەدا، کیچە (و. "کیچ" بەمانای هەوڵە سواو و دووبارەبووەکان دێت).

مۆدێرنیزم هەوڵێک بوو بۆ ڕزگارکردنی ڕاست و ڕەوانی و هەوڵە جدیەکان لە تاعونی ساختەکردن. هیچ کەس ناتوانێت گومانی لەسەرکەوتویی پێشەواکانی مۆدێرنیزم لەسەرپێخستنی پرۆژەی مۆدێرن هەبێت، جۆرێک لەکاری هونەرییان پێبەخشین کە ڕوحی مرۆڤی لەناو ژینگە نوێکەی مۆدێرندا بەزیندویی دە‌هێشتەوە و بەردەوامی دەدا بە هێشتنەوەی نەریتە باڵاکانی ناو کەللتورەکەمان. بەڵام لەپاڵئەمەشدا، مۆدێرنیزم بواری کردەوە بۆ ڕۆتینی ساختەکردن: هەوڵ و تەقەلا بۆ هێشتنەوەی نەریتەکە کەمتر جێی بایەخبوو، بەبەراورد بەگرتنەبەری ڕێگە ئاسانەکەیان کەئەویش ڕەتکردنەوەی ئەو نەریتەبوو. لەبری ئەو هەوڵە تاقەتپڕوکێنەی پیکاسۆ دای بۆ نیشاندانی ڕوخساری ئافرەتێکی مۆدێرن بەدەربڕینێکی مۆدێرنانە، تۆ ئەتوانی ئەوەندە بکەیت کە دۆشامپ کردی، تەنها و تەنها سمێڵێک بۆ مۆنالیز دابنێیت.



"دووجۆر لە ئاڕاستەکردنی ناڕاستی هەیە – درۆکردن و ساختەکردن. ئەو کەسەی درۆ دەکات شتێک دەڵێت خۆی بڕوای پێی نیە، بەڵام کەسێک کە ساختە دەکات شتێک دەڵێت خۆی بڕوای پێی هەیە، ئەگەرچی بۆ خۆقوتارکردن بێت لە بارودۆخێکی کاتی، یان لەپێناو مەبەستێیک دیاریکراویشدا بێت. (ڕۆجەر سکرتن)".



سەیر لەوەدابوو، نەریتی ساختەکردنی مۆدێرن لەخودی ترسان لە بیری ساختەکردنەوە سەرچاوەی گرت. هونەری مۆدێرن پەرچەکردارێک بوو دژی ئیمۆشنی ساختە و خودوورگرتن لە سوینەوە و جوینەوەی کەللتورە باوەکە. نیازەکە لەپێناو ڕاماڵینی ئەو هونەرە-ساختەیە بوو کەوامان لێدەکات لەبەر سێبەری درۆ هەستبزوێنەکان پاڵی لێبدەنینەوە، لەبری ئەم هونەرە ساختەیە ڕاستی جێگیر بکەین، کە ئەویش ڕاستی ژیانی مۆدێرن بوو، بەڕەچاوکردنی ئەمەش هونەری ڕاستەقینە لەهەناوییەوە دێتە دەر و خۆی بەیان دەکات. ئالێرەوەیە، تاوەکو ئێستا، وا گریمانەکراوە هیچ داهێنانێکی ڕەسەن لەسەر ئاستی هونەری باڵا ناکرێت ڕووبدات ئەگەر بەشێوەیەک لەشێوەکان "ململانێ"یەک نەبێت لەهەمبەر کەمتەرخەمیەکانی کەللتورە باوەکەمان. هونەر دەبێ سنورشکێن و بێزارکەربێت، بێتە دەرەوەی ئەو داهاتووە و لەئامادەباشیدابێت دژی چێژی بۆرجوازی لەپێناو خۆگونجاندن و خۆئاسودەکردن، دواجار ئەمانیش هەر بریتن لە دوو ناوی تر بۆ کیچ و کڵیشێ. بەڵام دەرنجامی ئەم سنورشکاندنەش خۆی لەناو 'کڵیشێ'دا دەبینێتەوە. ئەگەر جەماوەر بەو ڕادەیە خۆشەکرابێت بۆ شۆک، بەشێوەیەک تەنهاو تەنها بە قرشێکی مردارەوەبوی ناو فۆرمەڵدەهاید بێتە هەلەکەسەما، کەواتە هونەرمەند ئەبێ قرشێکی مردارەوەبوو بەرهەم بێنێت و بیکاتە ناو فۆرمەڵدەهایدەوە – خۆ هەر هیچ نەبێت دەبێتە هەوڵێکی ڕەسەن.
هەربۆیە پۆلێک لە ڕەخنەگر و ڕێکخەری-مۆسیقی، لەدەوری مۆدێرنیستەکان قوتبوونەوە و دەستیان کرد بەڕونکردنەوەی ئەو خاڵەی بۆچی ڕوانین لە کۆمەڵە خشتێک، یاخود دانیشتن بەدیار دە خولەک لە دەنگە دەنگی بێزارکەر، یان خوێندنەوەی لەخاچدراوێکی بەمیز سوێرکراو، ناچێتە ناو خانەی کات بەفیڕۆدانەوە. بۆ ئەوەی قەناعەت بەخۆیان بێنن هەرخۆیان ئەو پێشکەوتنخوازە حەقیقیانەن کە ڕیزی پێشی پێشەوەی مێژوویان گرتووە، ئەم ڕێکخەرە-مۆسیقیە سەردەمیانە کەسانی وەک خۆیانیان لە دەوری خۆیان خڕکردەوە و دەیانگەیاندنە هەر لیژنەیەکی پەیوندیدار بە هەوڵەکانیانەوە، خۆشیان لەچاوەڕوانی ئەوەدابوون ئەگەر نۆرەیان هات بەرزکرێنەوە بۆ پێگەیەکی بەرزتر. هەربۆیە دواجار دەزگای مۆدێرن سەریهەڵدا – ئەو بازنە لە ڕەخنەگری لەسەرپێی-خۆیان-وەستاوانەی بڕبڕەی پشتی ناوەندە کەللتوریەکانمان پێکدەهێنن و مامەڵە بە 'ئۆریجناڵێتی' و 'سنورشکاندن' و 'دۆزینەوەی ڕێچکەی نوێ'وە دەکەن. دواجار ئەمانەش هەر زاراوەی ڕۆتینین لەلایەن دەزگا هونەرییە بیرۆکراتیەکان و دامەزراوە مۆزەییەکانەوە داتاشراون، ئەوانەی هەرکات بیانەوێ سامانی نەتەوەیی بەهەدەر بدەن لەکڕینی شتێک هەرگیز بەخەویش نەیان ویستووە لەماڵەکەی خۆیاندا هەڵیواسن. بەڵام ئەم زاراوانە سواون هەروەک ئەو شتانەی بەبەرزی ڕاگیراون. لێرەوە دەردەکەوێت، خۆقوتارکرند لە کڵیشێ بەخۆبینینەوە لەناو کڵیشێ کۆتایی دێت و هەوڵدان بۆ ڕەسەنیبوون بە ساختەیبوون کۆتایی دێت. 





هه‌والی زیاتر