بەچیدا کاری هونەری ڕاستەقینە بناسینەوە؟

08/01/2019    17:21

بەچیدا کاری هونەری ڕاستەقینە بناسینەوە؟ 


Têkst


نوسەر: ڕۆجەر سکرتن
وەرگێڕ: هەڵگورد ئەحمەد
بەشی سێیەم


لەکایەی هونەردا، دەبێت وابکەین جوانی براوەبێت و ئەم کارەش قورستر دەبێت لەگەڵ گەشەی دەبەنگی دەوروبەر.
ئەو جیهانە هونەرییەی من ئاماژەم پێداوە، لێوان لێوە لە ساختەکاری. ڕەسەنی ساختە، هەستی ساختە، پسپۆڕی ڕەخنەیی ساختە – ساختەیی لەهەموو لایەکەوە گەمارۆی دوین. بێشومارییان وامان لێدەکات بەئەستەم ڕێدەرکەین لەوەی ڕاستی لەکوێیە. خۆ ڕەنگە دواجار شتێک هەرنەبێت بەناوی ڕاستی؟ ڕەنگە جیهانی هونەر یەکپارچە نواندنێکی گەورە بێت، بەشێوەیەک هەریەکەمان بەشدارین تێیدا، لەکۆتایشدا هەرگیز نەزانین نرخی ڕاستەقینەی شتەکان چییە، جگە لەو نرخانەی لای کەسانی وەک چارلس ساچی هەیە، بەشێوەیەک بایی ئەوە دەوڵەمەندە پارەکانی لەکڕینی خەڕەکەشکاودا بەهەدەر بدات؟ ڕەنگە هەرشتێک بچێتە خانەی هونەر ئەگەر هاتوو کەسێک بەهونەر ناوی برد. ئەگوترێت: "پەیوەندی بە چێژەوە هەیە". بەڵام ئایا لەبەرامبەر ئەمانەدا نابێت وەڵامێک هەبێت؟ ئایا ڕێگەیەک دەستەبەر نیە تا ڕاستی پێ لە هەڵە جیابکرێتەوە، یاخود بڵێین بۆچی هونەر گرنگە و چۆن؟ ئالێرەدا پێویستە هەندێک پێشنیاری ئەرێنی بکەم.

بەرلەهەرشتێک دەبێت هەموو ئەو پاڵنەرانە پشتگوێخەین کەوامان لێدەکەن بڕیارەکانمان لەسەر هونەر نادروستبن. دەتوانرێت خاوەنداری یان کڕین و فرۆشن بە نیگار و پەیکەرەکانەوە بکرێت. هەر ئەمەشە وادەکات ببنە بنچینەی سەوداگەرییەکی گەورە، بەهای هونەریان هەبێت یاخود نا، دواجار پارەی خۆیان هەر دەکەن. ئۆسکار واییڵد وەسفی سنیک (و. بەدحاڵی)ەکان، بەشێوەیەک دەکات کە نرخی هەموو شتێک دەزانن بێئەوەی لە بەهای یەک شت بگەن. دواجار، بازاڕی هونەر بەناچاری دەبێت بەدەست ئەمانەوە هەڵدەسوڕێنرێت. دەقاودەق خۆڵ و خاشاک بەشێوەیەکی بەربڵاو لەمۆزەخانەکاندا کەڵەکە دەکرێن، ئەویش تەنها لەبەرئەوەی نرخیان لەسەرە. لێرەوە بۆمان دەدەکەوێت، بەو شێوەی خاوەنداری بە هونەری دایمن هێرستەوە دەکرێت، ناتوانرێت بە سەمفۆنیایەک یان ڕۆمانێکەوە بکرێت. لەدەرئەنجامی ئەمەشەوە، بەبەراورد بەو هەموو هونەرە ساختەیەی لە جیهانی هونەری ڤیژوەڵدا هەیە، زۆر کەمتر سەمفۆنیا و ڕۆمانی ساختە هەیە.

چاودێرە فەرمیەکانی هونەر کارێکیان کردووە هیچ شتێک لەجێی خۆی نەمێنێت. دەزگای هونەر و ڕۆشنبیری بۆ کۆمەککردنی کارە گرنگەکانی هەر هونەرمەند و نوسەر و مۆسیقایارێکە. بەڵام ئایا بیرۆکراتەکانیان چۆن دەتوانن بڕیار لەسەر گرنگبوون یان نەبوونی کارێک بدەن؟ کەللتور پێیان دەڵێت کارێک گرنگی خۆی هەیە ئەگەر هاتوو ڕەسەن بێت، بەڵگەش بۆ ڕەسەنبوونی کارەکە ئەوەیە جەماوەر حەزی لێنەکات. لەکاتێکدا، ئەگەر جەماوەریش حەزی لێبێت، بۆچی دەبێت کۆمەک بکرێت؟ بڵێین یان نەیڵێن، چاودێرە فەرمییەکانی هونەر پشگیری لەو کارانە دەکەن کە شاراوە و ئازاردەر، یاخود بێمانان، فەزلیشیان دەدەن بەسەر ئەو کارانەی هێزی ڕاکێشانی بەردەوام و  ڕاستەقینەیان هەیە.
کەواتە سەرچاوەکانی ئەو هێزە چیە، هاوشان چۆن بزانین کام کاری هونەری ئەم تایبەتمەندییەی تێدایە؟ بە سێ ووشە وەڵامەکەم لەکورتی دەبڕێنمەوە – ئەو سێ ووشەش بریتین لە جوانی، فۆرم و ڕزگاری.
بۆ زۆرێک لە هونەرمەند و ڕەخنەگر، (جوانی) بیرۆکەیەکی لەکەدارە. پێیان وایە، جوانی نیشانەیە بۆ شیرینی ناو ئەو باخچە خەیاڵی و ئاوازە پڕ جۆشوخرۆشانەی پەککەوتەکان دەهێنێتە هەلەکەسەما. ئەو پەیامە مۆدێرنەی دەڵێت هونەر دەبێت ژیان وەک خۆی نیشان بدات، ئەوە دەدات بەگوێی زۆرێک لە خەڵکدا ئەگەر ئامانجتان بۆ جوانییە، ئەوا جگە لە کیچ هیچی ترتان چنگناکەوێت. بەڵام ئەم تێگەیشتنە، هەڵەیە. کیچ پێتدا هەڵدەداو دەڵێت چەندێ باش و جوانی. بەنرخێکی کەم، هەستێکی سەرپێیت پێدەدات. بەڵام جوانی پێت دەڵێت ئەوەندە خۆتت بەلاوە گرنگ نەبێت، لەخەو ڕاپەڕە و لەخەمی کەسانی تریشدابە. جوانی دەڵێت: " لەمە بڕوانە، گوێ لەوە بگرە، لەویتریان ووردبەرەوە – شتێک لەئارادایە لەخۆت گرنگترە". لەکاتێکدا کیچ بریتیە لەو ڕێگایەی دەتبات بەرەوە هەستە هەرزان باییەکان. جوانی هەموو تینوێتیەک دەشکێنێت. بۆگەیشتن بە جوانیش دەبێت بەرژەوەندیەکانمان بخینە لاوە و لێگەڕێین جیهان بەڕواماندا هەڵبێت. گەڵیک ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بە جوانی، بەڵام بێ چەندوچون هونەر یەکێکە لەگرنگترین ئەو ڕێگایانە، بەمەرجێک وێنەی ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤ بخاتە ڕوو – ژیانی تایبەتی خۆمان و هەموو ئەو ژیانانەی مانایەکیان هەیە بۆ ئێمەی مرۆڤ – لەڕێی وێنەیەکەوە نیشانمانبدات ڕاستەخۆ ناچار بەلێوردبوونەوە تێڕامانمان بکات، لێوردبوونەوە لەپێناوی ئەوەدا نەبێت کە چیمان لێی لێدەستدەکەوێت، بەڵکو لەپێناوی ئەوەی دەتوانین چی پێببەخشین. لەڕێگەی جوانیەوە، هونەر جیهان ڕادەماڵێت لەو شتانەی ناچار بەخۆ-سەنتەریمان دەکەن.

پێویستی مرۆڤ بۆ جوانی شتێک نیە مرۆڤ لەنەبوونیدا بتوانێت خۆی تێر بکات. پێویستیەکە لە سروشتە مۆڕالییەکەیەوە سەرچاوەدەگرێت. بەو هۆیەوە دەتوانێت بەناو جیهانێکدا گوزەر بکات کە پڕە لە دڵڕەنجاوی و جاڕسبوون و گومان و بێبڕوایی. یاخود لەڕێی ئەم جوانییەوە هەر لێرە ئارامی بدۆزێتەوە، لەگەڵ خۆیی و دەوربەردا لە کەشێکی هاوسەنگدا پشوو بدات. هەروەها، ئەزموونی جوانی دەبێت ڕێنوێن و ڕێنیشاندەر بێت بەدرێژایی ڕێچکەی دووەم. پێمان دەڵێت ئێمە دەتوانین لەم جهیانەدا لەئارامیدا بین، ئەم جیهانە بەپێی تێگەیشتنی خۆمان داواکراوە و وەک شوێنێک پڕاوپڕ بۆ ژیانی بوونەوەری وەک ئێمەی مرۆڤ. وەک ئەوەی لە نیگاری دیمەنە سروشتیەکانی کۆرۆت و سێوەکانی سیزان و پێڵاوە قەیتان دانەخراوەکانی ڤان گۆگدا دەردەکەوێت.

لەمەوە پەلکێش دەکرێم بۆ درکاندنی دووهەم گرنگترین ئەو سێ ووشەی ئاماژەم پێدا، ئەویش ووشەی (فۆرم)ە. کارێکی ڕاستەقینەی هونەریی، جوانیەکەی وەک جوانی ئاژەڵێک، گوڵێک یان دیمەنی لادێیەک نیە، بەڵکو جوانی شتێکی دیکەیەو لەڕێی ئاگایی مرۆڤەوە ئەفرێنراوە، لەڕێیەوە پێویستیەکانی مرۆڤ بە فۆرم سەردەکەوێت بەسەر بێسەروبەرەیی ئۆبجێکتەکاندا. ژیانی هەریەکەمان هەرپروهەپرون و پەرتەوازەیە – شتەکان لە هەستەکانمانەوە هەڵدەقوڵین و سەرچاوەدەگرن، بێئەوەی دەروازەیەک بدۆزنەوە بۆ ساڕێژبوون. هەندێکیانی لێدەرچێت گرنگییان دەرکەوتووە، دەنا ماناکانیان بەشاراوەیی ماوەتەوە. سەرباری ئەمەش، لە بواری هونەردا ئەفراندنی مەوداکانی خەیاڵ لەئارادایە، تێیدا هەر سەرەتایەک کۆتایی خۆی دەدۆزێتەوە، هەروەها هەر پەرتێکیش دەگەڕێتەوە ناو یەکە بەپەرتبووەکە. وادەردەکەوێت ناوەڕۆکی مۆسیقای باخ خۆی مۆسیقاکە بەرەو گونجاوی ببات و کەلێنە مۆسیقیەکان پڕبکاتەوە و بەشێوەیەکی لۆژیکیانە بڕوات تا کۆتایی بەخۆی دێنێت. بەڵام ئەمە هەر لەدەرنجامی ڕاهێنانی بیرکاریانەوە بەدەست نایەت، بەڵکو یەکبەیەکی ئاوازەکانی باخ هەڵگری سۆزێکن، لەگەڵ ڕیتمی ژیانی ناوەکی هەر گوێگرێکدا دەکەونە جوڵە. باخ پەلکێشت دەکات بەرەو ناو مەودایەکی خەیاڵی، لەو مەودایەدا وێنەیەکی خۆت نیشان دەدات پڕیەتی لە دڵنیایی و تێربوونی ڕوحی. بەهەمان شێوە، ڕامبراندیش تێکەڵەی ڕەنگە ڕوح-بەبەرکردووەکانی دەگوزێتەوە سەر ڕوخساری کەسایەتییە تەمەن جیاوازەکان و بەجۆرێک هەرڕەنگەو شتێک لەو ژیانەی دەگەیەنێت کە کەسەکەی تێدا ژیاوە. ئالێرەوەیە، هاوسەنگی فۆرمی ڕەنگەکان دەکەوێتە گەیاندنی کامڵی و یەکانگیری کەسایەتیە نیگارکراوەکان. لەناو هونەری ڕامبراندا، کەسایەتی تۆکمە و تەواو لەناو جەستەیەکی هەپروهەپروندا دەبینین. دواجار وامان لێدەکات بەرز لێی بڕوانین.

کاماڵی فۆرم، بەبێ پابەندبوون و ئاگایی و زانیاری لە وردەکاریەکانی بەدەست نایەت. ئێستا خەڵک وردە وردە خەریکە لەوە تێبگات. ئیدی جێی باوەڕ نیە، ئەو خەیاڵەی کەگوایە هونەر وەک ئاوپرژێنێت ئەپرژێت بەسەر سەرماندا و تاقە ئامانجی قوتابخانە هونەریەکانیش هەرئەوەندەبێت فێرمانبکات چۆن بەلوعاکە بکەینەوە. ڕۆیشت ئەو ڕۆژانەی ئەتتوانی جێ-دەستێکت هەبێت لەڕێی داپۆشین وپێچانەوەی بینایەک وەک ئەوەی کریستۆ کردی یان دانیشیتن بەبێدەنگی بەدیار پیانۆیەکەوە بۆ ماوەی چوار خولەک و سی و سێ چرکە وەک ئەوەی جۆن کەیج کردی. بۆ ئەوەی هەژماری هونەرمەندێکی مۆدێرنت بۆ بکرێت، دەبێت کارێکی هونەری وا بەرهەم بێنیت ژیانی مۆدێرن بەهەموو لەبەریەک هەڵوەشاوەییەکانیەوە ڕەنگی تێدا دابێتەوە، ئەو ژیانەش بێنیت بەرەو تێرکردن و چارەسەر، وەک ئەو هەوڵەی فلیپ لارکن داویەتی لە شیعرە بەهێزەیکدا لەژێر ناوی "ئاهەنگەکەی ویتسن". نابێتە گرفت ئەگەر هاتوو کۆمپۆزەرێک پارچە مۆسیقاکانی بە دەنگی نەشاز و کلاستە کۆرد بەبێزتر بکات، هەروەک چۆن هاریسن برێتویسڵ کردوویەتی، بەڵام ئەگەر زانیاری لەسەر هاوسەنگی و جوتکردنی دەنگەکان نەبێت ئەوا ئەنجامی پارچە مۆسیقاکانی دەنگە دەنگی بێسەرەوبەرە دەبوون، نەک مۆسیقا. وەهەروەها ناشبێتە گرفت بۆ نیگارکێشێک ئەگەر هاتوو ڕەنگەکان بەملاولادا بپرژێنێت هەروەک جاکسن پۆڵۆک،  بەڵام زانستی ڕاستەقینەی ڕەنگەکان لەڕێی خوێندنەوەی جیهانە سروشتیەکەوە دەبێت سەرچاوە بگرێت و دواجار هەست و سۆزەکانی خۆمان لەڕەنگدانەوەی نهێنی ڕەنگەکانی سەر شتە نیگارکراوەکان بدۆزینەوە، هەروەک سیزان لەناو سینیەک سێودا، ئاشتی و ئارامی دۆزییەوە. 
ئەگەر لەم سەردەمەی خۆماندا، بڕوانین بۆ ڕابەرە ڕاستەقینەکانی جوانی – بەبۆچۆنی من لەناو مۆسیقادا کۆمپۆزەرەکانی وەک هینری دیتیێ و جەیمس ماکمیلن و لەناو نیگارکێشیشدا دایڤد ئنشوا و جۆن ۆنکۆت و لەناو شاعیرانیشدا ڕوس پادل و چارلس تۆملینسن و لەناو پەخشان-نوسەکاندا ئیتالۆ کالڤینۆ و جۆرج پێرک لەو پەیامهێنەرانەن – یەکسەر سەرسام دەبین بەهەستان بەو ئەرکە مەزنانەیان، بەو کۆششەی لەهەموو شتێک دایبڕیون، بەو ئاگاییەی هەیانبووە بۆ وردەکاریکردن لەکارەکانیدا کەدواجار وایکردووە کارەکانیان بەو شارەزایانەی هەیانبووە بناسرێتەوە. لەکایەی هونەردا، دەبێت وابکەین جوانی براوەبێت و ئەم کارەش قورستر دەبێت لەگەڵ گەشەی دەبەنگی دەوروبەر. بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش، دەهێنێت شانی بدەینەبەر، هەر لەم سۆنگەشەوە پەلکێشدەبم بۆ سێهەم گرنگترین زاراوەم – ئەویش زاراوی (ڕزگارییە).
داخ و پەژارە و بێسەرەوبەرەیی، یان تێپەڕبوونی خۆشی و ناخۆشیەکانمانەوە ناچارماندەکات لەخۆمان بپرسین: "بۆ؟" پێویستمان بەوە هەیە دڵنیابکرێنەوە. بەشێوەیەک لەهونەر چاوەڕوان دەکەین تا بیسەلمێنێت ژیان لەناو ئەم جیهانەدا مانایەکی هەیە و زوخاوچەشتن وەک ئەوەی زۆربەی جار دەردەکەوێت بێمانا نیە، بەڵکو بەشێکی پێویستی بەشێکی گەورەتر و  گشتێکی ڕزگاریکەرە. تراژیدیاکان زاڵبوونی سەروەری بەسەر ڕوخاندا و ئارمگرتن بەسەر نائومێدیدا دەردەخەن. بەشێوەیەک هەمیشە نهێنیەک لەئارادایە، فۆرمێکی کامڵ دەکەن بەبەری زوخاوچەشتنداو لەوێوە هاوسەنگی مۆڕاڵی دێتە خۆی بەیان دەکات. پاڵەوانی تراژیدی لەڕێی چارەنوسیەوە کامل دەبێت. مردنەکەی قوربانیدانێکە، ئەم قوربانییەش نوێبوونەوە بە جیهان دەبەخشێت. 

تراژیدیا جوانیەکمان وەبیردێنێتەوە کە بریتیە لە ڕزگارییەکی هەنوکەیی لەم ژیانە. ئەوە دەرکەوتنی عیشقە، لەناوجەرگەی وێرانکارییە ناوەکیەکانی مرۆڤەوە دەدروشێتەوە. نابێت بەلامانەوە سەیربێت زۆرێک لە کارە هونەرییە بەرز و جوانەکانی مۆدێرن لەکاردنەوەی ڕق و ستەمەوە هاتوونەتەدەر. شیعرەکانی ئەخماتۆڤ، نوسینەکانی پاسترناک، مۆسیقای شۆستاکۆڤیچ – ئەو کارانەن لەناو تاریکیە خۆسەپێنەرەکانەوە تروسکایی دێننەوە، یاخود لەناو ترۆپکی داڕوخانی مرۆڤەوە عیشق دێننەوە. ڕەنگە هەمان شت بگوترێت لەسەر چوارینەکانی ئلیۆت، سروتی ناشتنی جەنگی بریتن، پەرستگەکەی ماتیس لە ڤینس.
سەرهەڵدانی مۆدێرنیزم بەهۆی ئەو هونەرمەند و نوسەر و مۆسیقایارانەوەبوو کە وابەستەی ڕوئیایەکی ئەو جوانیە بوون کە وەک ڕزگارییەکی هەنووکەیی لەم ژیانە خۆی بەیان دەکات. هەرئەمەشە جیاوازی لەنێوان کاری هونەری ڕاستەقینە و ساختەکراو. هونەری ڕاستەقینە بریتیە لە کارێکی عیشق-ئامێز. هونەری ساختەش بریتیە لە کارێکی بەلاڕێدابەر.

هه‌والی زیاتر