سیرە و فەرە لەمڕۆی هونەردا

08/05/2019    18:22

سیرە و فەرە لەمڕۆی هونەردا 


Şêwekar



هەڵگورد ئەحمەد

لەبەرواری ٢٧ی چواری ٢٠١٩، لەناو باخچەی یانەی فەرمانبەران، ڕێک چەند مەترێک دور لەڕوداوی ئەو لاوەی لەساڵی ١٩٩٩ خۆی سوتاند، لەناو کوخێکی سەرپێی بونیادنراو، فەرەیدون ناوێک هەڵدەستێت بەکردنەوەی پێشەنگایەکی تایبەت بەو لاوە لەڕێی سودوەرگرتن لەو کار و چالاکیە دۆکیومێنتکراوانەی لەفەوتان ڕزگاریان بووە. (شبر)، کە نازناوێکی سەپێنراوبووە بەسەر ئەو لاوەی ناوی ڕاستەقیەنەی سیروان ڕەوف بووە، لێرەش وەکخۆی بۆ ناونیشانی پێشەنگاکە دانراوەتەوە. سیروان یەکێک بووە لەو گەنجانەی لەساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ هەستاوە بەئەنجامدانی زنجیرەیەک کارو چالاکی یەک لەدوای یەک، کە سروشتیان بەجۆرێکبوون بۆئێستا مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنن. فەرەیدون کەریم کەناسراوە بە (فەرە)، ڕێکخەری کارەکانی ئەم کەسایەتیە، هەندێک سەرەداو و کۆدی تێهەڵکێشی کەرەستە نیشاندراوەکان کردووە، دەخوازێت بڵێت نەک هەر گومانم لەهونەرمەندبوونی سیروان نیە، بەڵکو بە پێشەنگی هونەری هاوچەرخیشی دەزانم لەم ناوچەدا. بەبۆچونی من، ئەم پێشەنگایە یەکێکە لەسەرکەوتوترین پێشەنگاکانی ئەم دواییانە، نا لەبەرئەوەی لەڕووی نیشاندان و ئەزموونی بینینەوە بەهێزە، بەڵکو لەبەرئەوەی ناچار بە یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە مێژووییەمان دەکات، لەلایەک. لەلایەکی ترەوە، بارگاوییە بە هەندێک پرسیاری هونەرییانەی زۆر هەستیارتر، بەجۆرێک بۆ وەڵامدانەوەیان توێژینەوەی ووردمان لێدەخوازێت. لەئێستادا بۆمن دوو لەو پرسیارانە دێنن کەمێک لەسەریان بوەستین. یەکەم: ئایا هەوڵەکانی سیروان بە هونەر، یاخود باشتر بڵێم، بە هونەری هاوچەرخ هەژمارکراوون و دەکرێن؟ دووەم:  ئەگەر شبر لەکاتی خۆیدا وەک هونەرمەندی هاوچەرخ ناسرابێت، بۆچی لەئێستادا دووپاتکردنەوەی بۆ فەرەیدن گرنگە؟ 

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری یەکەم، دەبێت لەو میراتە پراکتی و نوسراوانەی لە شبرەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە سەرەداوەکان دەرکێشین. بۆنموونە، لە هەندێک وێنەی ناو ئەم میراتەی سیروانەوە دەردەکەوێت کە سیروان کۆمەڵێک کاری کردووە تایبەتمەندیان بەو شێوەیە کە هونەرمەندی هاوچەرخ دۆناڵد جەد لەوەسفی کارەکانی خۆیدا دەڵێت "هەرتایبەتمەندیەک لەنیگار و پەیکەردا هەبێت لەکارەکانی مندا نیە." یاخود دەڵێت "باشترین کارەکانی ئەم دواییانە نە نیگارن و نە پەیکەر." سەرباری ئەوەی مەرج نیە لەمێژووی هاوچەرخدا نیگار و پەیکەر بوونیان نەبێت، بەڵام مێژووەکەی بەوەدا دەناسرێتەوە بەرلە هەرشتێک پرسیاری لەسەر ئەو دوو گەیەنەرە هونەرییە تۆکمەیە داناوە و بەزۆریش نیشاندانی کەرەستەی نامۆ بەدونیای هونەر جێگەیانی گرتووەتەوە. سیروانیش لەکات و شوێنێکدا هونەرەکەی خۆی دەخاتەڕوو لێوان لێوە لە نیگار و پەیکەر، وەهەروها ڕواڵەتێک دەدات بە کارەکانی و بەجۆرێکیش نیشانیان دەدات سیروان نەک هەر دەکاتە هونەرمەندێکی سەرەتایی و ساکار، بەڵکو بەو دونیابینیە نوێیەی هەیبووە گوماندەکرێت باشترین هونەرمەندەکانی هاوسەردەمی خۆی تێپەڕاندبێت. بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەی نکۆڵی لەبێئاگایی سیروان دەکەن لە دونیای هونەر، من پێم وابووە ئەو یەکێکبووە لەبەهێزترین ئەو چاوانەی کەبە چاوی-ڕەخنەیی دادەنرێت و توانای هەڵگرتنەوە و ڕاڤەیەک بووە بۆ هونەر کەهیچ لە (هونەرمەند)انی هاوسەردەمی خۆی و پێش خۆی ئەو چاوەیان نەبووە. من هەرکە یەکمجار بەر کارەکانی سیروان کەوتم، بەپێچەوانەی ئەوانەی دەڵێت سیرە هونەرێکی  خۆڕسکانەی بەرهەمهێناوە، زانیم جۆرێک لە مەعریفەیەکی هونەری هەبووە و هەرئەمەش بووتە هۆی ئەوەی بۆجارێکیش بێت وەک هاوسەردەمانی خۆی نەیبینین و خوێندنەوەیەکی جودای لێچاوەڕوان بکەن. ئەم چاوەڕوانەیشمان لە هونەرمەندە لەسەر بنەمای ئەو مەعریفە هونەرییە کەهەرگیز بۆی بەیان نەکراوە.

 سیروان مەعریفەیەکی کەڵەکەکراوی هەبووە، کە من بە (فەعریفەی بینگەیی) یان (داتای وێنەیی) ناودەبەم. ئەو کەلەشتێکی ڕوانیوە، کورد ووتەنی، چاوێکی کردووە بە دوو چاو، بەڵام هەرگیز نەیتوانیەوە وێنە هەڵگیراوەکانی دەماغی لەچوارچێوەی نوسین و گوفتاردا بەتێروتەسەلی بناسێنێت بەجیهانی دەرەوەی خۆی. سیروان بۆ شتەکانی دەوروبەری، ڕاڤەی ناوەکی قوڵی هەبووە، بەڵام بۆی تیۆریزە نەکراون. نازانم بیرۆکەی وێنەی سەر پۆستەر و دەلیلەکانی هی کێ بووە، بەڵام ئەکرێت بڵێم جوانترین دۆکیومێنتێکە گوزارشتی ڕاستەقینە لە شبر بکات، کەسێک بەچوارچاو توێشوی بینگەیی ترنجاندووەتە کەللەسەری، بەڵام هەرگیز ئەو توێشوە لەدەرچەیەکی شیکاریانەی میتۆدی نەهاتەدەر. ئێمە دەزانین سیروان لەسەردەمێکدا نەژیاوە هونەرمەند بتوانێت دەستێکی بەهەرمەندی هەبێت، ئیدی شەرعیەتی هونەرمەندبوونی بەسەردا بدرێت.
 نا سیروان وەک مۆدێرنیستەکان دەڵێن ئەو پۆخڵەواتەی جیهانی مۆدێرنی وەک خۆی نیشانداوەتەوە، بێئەوەی ئیستاتیکا و تەکنیک و شارەزایی، هەژموون وەرگرن و بەزمانێک ئەو پۆخڵەواتەی بەیانکردووە، کوتومت زمانی هونەریی هاوچەرخە. بۆریس گرۆیس فەیلەسوف و تیۆریستی هونەریی ئەڵمانی دەڵێت 'هونەری هاوچەرخ ئەو ڕێگایەیە ئێستای پێبخرێتە ڕوو.' سیروان ئەو زمانە هونەرەوەبوو گوازارشتی سەد-دەر-سەدی لەوسا دەکرد. ئائەمانە ئەو خاڵانەن هونەری سیروان تانزیکرین مەوداکانی هونەری هاوچەرخ دێنن و لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی ئاکاری و مێژوویدا بەگومانەوە دەمانهێڵێتەوە، بەڵام وانازانم هەموو ئەمانە هاوچەرخبوونی سیراوانمان بۆیەکلایی بکەنەوە. وادەزانم بۆئەوەی هونەری سیروان بەهاوچەرخ هەژمار بکرایە دەبوو سیرە یان هاوسەردەمانی چیان بکردایە؟

بۆئەوەی بوارێک بۆ تێگەیشتن بکەینەوە، بۆجارێک سیروان ڕەووف کە بیرۆکەی دانانی بە پێشەنگی هونەری هاوچەرخی لەم ناوچەدا وروژێنراوە، بەراورد دەکەین بە مارسل دۆشامپی پێشەنگی ئەم جۆرە هونەرە. دۆشامپی مۆدێرنیست کەلەناکاو وەچەرخانێکی هونەریی بەسەرداهات و دەسبەرداری هونەر و پەیامە هونەرییە مۆدێرنەکان بوو، لەڕێی زمانێکی هونەریی نوێ و دونیابینیەکی هونەری تەواو جیاواز زۆر ئاگایانە بەرگری لەم هەوڵە نوێیەی دەکرد. ئەو لەگەڵ خستنەڕووی هونەرە نوێکەی و نوسین و چاوپێکەوتنەکانیەوە، میدیاو و ناوەندە هونەرییەکان و بینەری هێنابووە سەرخەت، تا لەچیەتی هونەرێکی دژبە پرۆژەی مۆدێرن بدوێن کەزۆرنەبوو بیرۆکەکەی لا گەڵاڵەببوو، هەر ئەم جۆرە مامەڵەیە هونەرەکەی لەناو کۆنتێکستی هونەریدا جێگیرکرد. ناوەڕۆکی هونەرەکەی سیروان ڕەنگدانەوەی کات و شوێنی خۆی بوو، بەڵام فۆرمی هونەرەکەی شتێکی دی. سیروان نەخۆی نەبینەرەکانی وەهەروەها نە ناوەندە هونەرییەکان و دوروبەری هەرگیز ڕەخنەییانە لەو فۆرمە هونەریەیان نەڕوانی کە هونەرمەند هەڵیبژاردبوو. یەکێک لە هەرە سەرنجە وردەکان و قوڵەکانی دۆشامپ ئەوەبوو کە دەیگوت: 'بینەر کاری هونەری تەواو دەکات.' یاخود دەیگوت: 'چەند میلوێنێک هونەر دەکەن، بەڵام چەند هەزارێک لەبارەیانەوە دەگوترێت.' ئەو دەیزانی هونەرمەند نیوەی هاوکێشەکەیە، نیوەکەی تری ئەوانەن لەبارەی هونەرەکەیەوە دەدوێن تا مانایەک بدەنە پاڵ هونەرەکەو لەناو هێڵە-کاتی مێژوویدا جێگیر بکەن. سیروان ڕەووف ئەگەر جارێک قوربانی بێت لەپێناو هەستە نەتەوەییەکەی و بوبێت بە سوتماک، ئەوا دەجار قوربانی ئەو جەماوەرە مرودو و چاو-بەبەردبوانە بووە کە هەمیشە (سەیری) هەوڵەکانی سیروانیان کردووە، بەڵام هەرگیز (بینەری) نەبوون. هاوسەردەمانێکی سیروان دەڵێت: 'هیچ پێشەنگایەک ئەوەندی پێشەنگاکانی سیروان خەڵکی لێنەبووە.' هەمیشە ژمارەی جەماوەرە هونەرییەکان بۆ هونەرمەند گرنگ بووە، بەڵام گرنگتر لەوە بینەری ڕەخنەییە کە سیروان هەرگیز نەییبووە! کوشندەترین کەرەستەکان کەلەپاشخۆی جێماون، ئەو نوسراوە عاتیفی و شیعر و شانامە ئەدەبیانەیە کەلەبارەی سیروانەوە نوسراون. ئەوەی جێی سەرنجە، بەشی زۆریان لەدوای خۆسوتاندنی سیروانەوە نوسراون، ئەمانەش جگە لەکۆمەڵێک هەوڵی ناهونەرییانەی درەنگ وەخت بۆ هونەرەکەی سیروان، بنەمای شین و واویلایەکی ئەدەبیانەشی دانا بۆ کەسانی وەک سیروان و ئێستا بووتە دیاردەیەکی ساویلکانەی فەرهەنگی و کەلتوری. ئەو گەلەریانەش کەپێی وابووە نمایشتیان تێدا بکات ئیدی پلەی هونەرمەندبوونی بەرزدەبێتەوە، دیسانەوە جگە لەجێگەیەکی فوتێکراو وەک گەلەریەکانی ئەمڕۆ، هیچیان نەخستوەتە سەر میراتەکەی سیروان، چونکە هەرگیز لێرە گەلەریەکان بڵاوکاروەی میتۆدی و دۆکیومێنتی زانستیانەی هونەرمەندەکانیان نەکردووە بەوشێوەی لەجیهانی دەرەوە هەیە، تەنها جێگەیەک بوون لەڕووی تەکنیکیەوە لەباربوون بۆ نیشاندان.

بەناو ڕەخنەگر و مێژوونوس و تیۆریستە هونەرییەکانمان هەوڵەکانیان لە یاسین خوێندن چووە بەسەر مەرگی هونەرمەندەکانماندا و گەلەریەکانیش گۆڕێکی پێشتر-ئامادەکراو بۆ هونەرەکانیان. ئەو ئەگەر بەردەوام بوایە لە نمایشتکردنی لەدەوەری گەلەریەکان، دۆشامپ گوتەنی لەبارەیەوە بگوترایە (هەڵبەت ڕەخنەییی)، یاخود خۆی پێناسی هونەرەکەی بکردایە کەچۆن و بەچ دونیابینیەک هونەردەکات، یاخود پێگەی خۆی لەناو کۆنتێکستی هونەری هاوچەرخ دیاری بکردایە، ئێستا پێویستی نەدەکرد ئەو مێژووەی بۆ یەکلایی بکرێتەوە. کەواتە سیروان ئەوەی نەکرد و بۆی نەکرا کە دەبوو بیکردایە، یاخود بۆیان بکردایە. 

لەناو کایەی هونەردا قسەیەکی باو هەیە سەبارەت بە هونەری پێش-مۆدێرن کە گوایە 'هونەرمەند لەڕێی توانای دەستەکانیەوە هونەرەکەی و هونەرمەندبوونی خۆی دەشایەنێت.' ئەوکات کە هونەر کوڵەپێچکرابووە ناو تیۆرییە ئیستاتیکیەکانەوە و شارەزایی و تەکنیک، پێگەی سەرەکیان هەبووە، ڕاستی ئەم دەستەواژەیە دەسەلما. وەکاتێک هونەر پێدەخاتە ناو جیهانی مۆدێرن، ئیدی ڕەخنەگر بڕیاردەی یەکەم بووە و دەیتوانی کەسێک وەک هونەرمەند بناسێنێت و بیگەیەنێتە ترۆپک، وە بەپێچەوانەشەوە دەیتوانی ببێتە نەفرەت بۆ هەر هونەرمەندێک و بەسەرنجە ڕەخنەییەکانی لەپەلوپۆی بخات و بیخزێنێتە پەراوێزی مێژوو. ئەگەر ئەم دەستەواژانە سەد دەر سەد وانەبێت لەو دوو سەردەمە مێژووییە جیاوازەدا، ئەوا بەشێک لەڕاستی و دروستیان تێدایە. ئێستا کە هونەری هاوچەرخ لەئەوجی خۆیدایە، باری چوابسکی ڕەخنەگر و مێژوونوس کارەکتەرێکی بڕیاردەری تر قوتدەکاتەوە و دەڵێت: 'وەک چۆن ڕەخنەگر دەستە بەهرەمەندەکانی هونەرمەندی بڕی و چاوی خۆی کرد بە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر هونەری هونەرمەندێک، ئەوا دەستێکی نادیاریش چاوی ئەوەی تەقاند.' ئەو مەبەستی لە پێگەو ڕۆڵی کیورەیتەیە وەک کارەکتەرێکی دیاری ناو هونەری هاوچەرخ. لەوروژاندنی ئەم بابەتەوە دەچینە سەر وەڵامدانەوەی پرسیاری دووەم، کەهەرخۆمان لەسەروە ئاڕاستەمان کردبوو. بڕوام ناکەم هەوڵەکەی فەریدوون کەریم، هەوڵێکی هەست و سۆز سەنتەر بێت بۆ سیروان ڕەئووف، بەڵکو لە کردەیەکی وریایانەی زۆر وردە دەچێت بۆ تەقاندنەوەی کۆمەڵێک پرسی هونەری کەمەرج نیە لەئەنجامدا هەوڵەکانی سیروان وەک دەخوازێت بکەونەوە. فەرە ئەگەر ئاگابێت یان نا، کەسی یەکەمە لەبڕیاردان لەسەر ئەوەی چۆن بڕیار لەسەر چارەنوسی شتەکان دەدات، ئەمیش لەکاتێکدا دەچێتەسەر ئەگەر مافی تەواوەتی ئەو ناونیشانە بدات کەداویەتە پاڵ ناوەکەی. لەیەکەم هەنگاودا، بێگەڕانەوە بۆهیچ ناوەند و دەسەڵاتێکی هونەری دێت سپەیسێکی هونەری لەبناغەوە بونیاد دەنێت و لەڕێی پێشەنگایەکەوە دەست دەکات بەچالاکی و وروژاندنی پرسیارە هونەرییەکان خۆی.
 ئێرە ئەگەر لەمەودوا هیچ چالاکیەکی هونەریشی تێدا ئەنجام نەدرێت، ئەوا بۆجارێکیشبێت کیورەیتە توانی بارگاوی بکات بەمانایەک و دەسەڵاتی خۆی لەڕێگەیەوە پەراوە پێبدات. من ئاگاداری ئەوەم یەکێک لەبنەماکانی هونەری هاوچەرخ بریتیە لە دەسەڵاتی گەلەرییە هاوچەرخەکان لەیەکلایکردنەوە و بڕیاردان لەسەر هونەر. بۆنموونە، خشتەکانی کارڵ ئەندرییە و پاکەتە تایتەکان ئەندی وارهۆڵ ئەگەر لەناو گەلەرییەکاندا نیشان نەدرانایە، ئەوا هەرگیز وەک هونەر نەدەبینران، بەڵام هەرکە دەخرێنە ناو گەلەرییە هاوچەرخەکانەوە ئیدی بارگاوی دەبن بە هونەر. گەلەری هاوچەرخ ئەو پێگە و دەسەڵاتەی بۆخۆی درست کردووە. سەرباری ئەوەی بەپێی ئەزمونی خوێندنەوەی خۆم بەر ئەو تێکستانە کەوتووم کەباس لە دەسەلاتی ڕەهای گەلەرییەکان دەکات، بەڵام هەمیشە 'دەسەڵاتی گەلەرییەکان'م وەک دەستەواژەیەکی مەجازی بینیوە. ئەوەی مانا دەدات بەگەلەرییەکان ستراکچەرە ڕەق و ووشکەکانی نیە، بەڵکو ئەو سیاسەت و دونیابینیە هونەرییە قوڵانەیە کە کادیرانی وەک کیورەیتە و بەڕێوبەری گەلەریەکان هەیانە و لەڕێی بڵاوکراوە و میدیا و ڕێکلام و دیبەت و سیمینار و نمایشتەکانیانەوە بەرجەستەی دەکەن، هاوشان ئەو جەماوەرەش کەلەدەروە چاودێری ئەم ستراکچەرە دەکەن. کەواتە دەسەڵات و پێگەی گەلەری بەندە لەسەر ئەو ئەقڵەی بەڕێوەی دەبات، بەتایبەتی عەقڵی کیورەیتە. لێرەوە دەمەوێت بڵێم، وەک چۆن تیۆریای هاوچەرخ مۆڵەتی بۆهەرکەسێک کردووەتەوە لەژێر ناوی هاوچەرخبووندا هونەر بکات، ئەوا مۆڵەتی بۆ هەرکەسێکیش کردووەتەوە لەژێر ناوی کیورەیتەدا چالاکیە هاوچەرخەکانی ئەنجام بدات، بەڵام ئەم تایتڵانە چ بۆ هونەرمەند چ بۆ ڕێکخەر لەسنوری تێرمینۆلۆژی تێپەڕناکەن ئەگەر شان نەدرێتە بەر ئەو مانایانەی سیفاتەکانیانمان پێدەبەخشن. سەرباری ئەوەی هەوڵی بەپێشەنگدانانی سیروان بۆ هونەری هاوچەرخ بە درەنگ-وەخت دەزانم، بەڵام بڕواشم بە دانانی ئەگەرێک هەیە بۆ فەرەیدوون وەک کیورەیتەیەک لەڕەهەندێکی ترەوە ڕوبەڕووی ئەم هاوکێشە مێژووییە ببێتەوە. فەرە ئەگەر توێشوی ڕەخنەیی و مێژوویی و ئارگومێنتی میتۆدی پێویست بخات، ئەوا پێگەکەی دەشایەنێت و واشمان لێدەکات بەجۆرێکی تر لەهونەرەکەی سیروان ڕابمێنین، بەپێچەوانەوە هەوڵی هەردووکیان وەک دوو هەوڵی خەمخۆرانە و ڕاستگۆیانە دەچنە پەراوێزی مێژووی هونەرەوە.  

لەکۆتایدا، وادەزانم سیروان خوێندنەوەیەکی جودای بۆکرێت وەك لەوەی بگلێنرێتە ناو پرسی هاوچەرخبوونێک بەو مانایەی ئەمەریکی و ئەورپیەکان ئەدایان کردووە. هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن کەسیروان ویستویەتی وەک هونەرمەند ئاماژەی پێبکرێت و لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیەدا ناویبێت کەسیفاتی هونەرمەندبوونیان دراوەتەپاڵ، هەربۆیە وویستویەتی هونەرەکەی لەسەر شەقام و شوێنە کراوەکانەوە بخزێنێتە ناو گەلەرییەکانەوە لەپێناو بەفەرمیکردنی هونەرەکەی و دڵنیاکردنەوەی خۆی و دەوربەری لەوەی ئەمیش هونەر دەکات. زیاترلەوەش بەتەنگ پۆستەر و دەلیلەوە بووە بۆ پشتڕاستکردنەوە و شایاندنی زیاتری پراکتیکەکەی وەک هونەر. وەک هاوسەردەمێکی دیکەی خۆی دەڵێت: 'سیروان هەمیشە لە پێشەنگا هونەرییەکاندا بەدی دەکرا.' ئەمیش ڕەنگە دەیسانەوە لەپێناو دوپاتکردنەوەی ئەوەبێت کەئەویش سەر بەو کۆمەڵەیە. ئەم هەوڵانە سیروانی پێدەخرێتە ناو میانی هونەرمەندبوونەوە بەو مانایەی لەم ناچەدا هەبووە و هەیە. کەواتە گومانێک لە لۆکاڵیە-هونەرمەندبوونی شبردا نیە، ئەوەی قسەی لەسەرە هونەرەکەیەتی کەتا چ ئاستێک ئەم هونەرمەندە بەرزدەکاتەوە بۆ ئەو پێگەی دەیدەینە سیروان. ئاست و زیندوێتی بەرهەمی هونەریی ئەمڕۆ و خۆشایاندنی بۆناو هێڵەکاتی مێژوو، بەندە لەسەر ئاستی ڕاڤەکانی و هەستیاری ئەو دیسکۆرسەی لەسەروبەندی خۆیدا دروستی دەکات. دیسانەوە، بۆمن سیروان لەڕووی مێژییەوە یەکلایی بووەتەوە بەو مانایەی سیروان هونەرەکەی دورونزیک هەرئەوەندە بووە کەلەسەربەندی خویدا خوێندراوەتەوە. بیری بەپێشەنگدانانی هاوچەرخ بەوە یەکلایی دەبێتەوە کە بزانرێت سیروان تاچەندێک ویستویەتی پرس و دسکۆرسە لۆکاڵیەکانی ئەوکاتەی هونەر بخاتە ژێر پرسیارەوە و تێیان پەڕێنێت، یاخود بزانرێت ئایا سیروان ئاگایانە هونەرێکی هەڵبژاردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی پرۆژەی مۆدێرن و کلاسیک کەئەوکات لەم ناوچەدا لەئەوجی خۆیاندابوون؟ ئەوەندەی تێدەگەم هیچ ئاسەوارێک بەسەر ڕەهەندە تیۆرییەکەی سیروانەوە دیارنیە شتێک بدرکێنن دەربارەی چیەتی و چۆنێتی هونەرەکەی خۆی و گرفتەکانی لەگەڵ هونەرەکانی پێشخۆی. شبر وەک پێشینەکانی ئێرە، دیوی ڕواڵەتی هونەرەکە لەڕێی چاوەوە وەردەگرێت و بێشەنوکەوکردنی ئەیداتەوە. من سیراون بەدرێژکاراوەی ئەو نەریتە دەزانم ململانێی یەکەمبوون دەکەن لەسەر خواستنی دیوە ڕواڵەتیەکەی هونەری کلاسیک و مۆدێرن. سیروان پێشەنگی هونەرێکی هاوچەرخە لەگوستنەوەی تەنها دیوە ڕواڵەتیەکەی ئەم هونەرە، بەئەندازەی ئەو هونەرمەندە-پێشەنگەش پێمگرنگە کە سەرەتا دیوە ڕواڵەتیەکەی هونەری مۆدێرن یان پێش-مۆدێرنی خواستووە بۆ ناو کەللتوری هونەریی ئەم ناوچەیە. تا ئێستاش کێبڕکێی خوستنی تازەترین بزاڤە هونەرییەکانی بەردەوامە، بەڵام پێم وانیە ئەمە مێژوویەکی شێوەکاری کوردی شکۆدار دروست بکات. هونەر بەرلەفۆرم بیرکردنەوەیە. ئەشێت سود لەتیوریای هونەریی گەلانی تر وەرگرن بەومەرجەی هیچ نەبێت لای توێژێک 'بیرێکی هونەری ڕەسەن' سەرپێ و ڕێی بخرێت و بەهەند وەرگیرێت، هەر ئەمەشە هونەرێکی ڕەسەن لەفۆرمێکی ڕەسەندا بەدوای خۆیدا دێنێت و بنەمای مێژوویەکی هونەریی دادەنێت ڕەنگدانەوەی کات و شوێن و دونیابینی مرۆڤەکانی بێت. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا کەلتوری هونەر دەسەڵاتێکی ڕەهای داوەتە کیورەیتە بۆ دەرکێشانی ئەو سەرەداوانەی ئەگەری دروستبوونی بیرکردنەوەیەکی هونەریی ڕەسەن دەهێننە ئاراوە، یاخود دەبنە خۆی بزواندنی باسوخوسێکی هونەری ئێستایی. من ئێستا خۆم لادەدەم لە ئاماژەدان بەو مەرجانەی کەسێک دەکاتە کیورەیتە و خستنەڕووی هەندێک هەوڵی کیورەیتە بەناوبانگەکانی وەک سیس سگڵۆب و کریس دێرکن و نیکۆلا بۆریۆ و هانس ئۆڵڕیچ ئۆبریست، بەڵام ماتمانە و کاتی تەواو دەدەم بە فەرە بۆئەوەی دید و تێگەیشتنەکانی خۆی پەراوە پێدات و ئەو پرسیارە مێژووییەی کەخۆی هەستاوە بەورژاندنی یەکلایی بکاتەوە. چاوەڕواندەکەم وەک چۆن سەرکەوتووە لەورژاندنی پرسیار لەڕێی یەکەم ئەزموونی هونەرییەوە، ئەوهاش ڕەخنەییانە لەسەر مێژووی سیروان توێشووی ڕەخنەیی بخات و بەکردارەکی توانای کیورەیتەمان بۆ ئەدا بکات.  





هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ