ئاوڕێکی نزیک بۆ مێژووی گۆرانی و موزیکی (ئەهلی حەق)

24/01/2015    23:10

ئاوڕێکی نزیک بۆ مێژووی گۆرانی و موزیکی (ئەهلی حەق) 


Mwsîk

بەدواداچون و ئامادەکردنی: هەڵوێست علی

بەشی چوارەم

بە پێویستی دەزانم سەرنجێکی ورد لەم بوارەدا دەرببرم و بڵێم: ئەو شێوەیەی(سەرئەنجام)ی پێ نووسراوە، شێوەیەکی پاک و بێگەرد و سەربەخۆی گۆران نییە، بەڵکو شێوەگەلێکی تێکەڵی شێوەکانی(لەک،لوری،کەلهور،کرمانشانی،مەریوانی،کرمانجی،سنەییە) کە شیێوەزاری گۆران تیایاندا زاڵتر و زەقترە. ئەگەر چی ناوی گۆرانی لەم خێڵەوە داکەوتووە، کە سەرو مر هەموویان لە پێڕەوانی (ئەهلی حەق)ن، بەڵام زۆرینەی خێڵی (سنجاب)یش ئەهلی حەقن. هەروەها بەشێکیش لە خێڵەکانی (کەلهور و زەنگەنەی کەندۆڵە و عوسمانوەند و جەلالوەندیش)،سەر بە ئایینی(ئەهلی حەق)ن و لەمەش مەبەست ئەوەیە کە شێوەزاری ئەم خێڵانەش کەوتوونەتە ناو(سەرئەنجام)ەوە.

پێرەوانی ئەهلی هەق لەکاتی کۆبوونەوەکانیاندا لە جەمخانە، کە مەڵبەند و بارەگای ئایینیانە، شیعر و سرودی(یارسان)سەرئەنجام بە ئاوازی تەموورەوە دەخوێننەوە و تەمووریش لایان ئامێرێکی موبارەکە. بۆیە لەسەرەتای دەست پێکردنی هەر سروود خوێندنێکدا،هەڵدەستنە سەرپێ و ئەوسا تەموورەکە ماچ دەکەن و لە دوایشدا، دوبارە ماچی دەکەنەوە و دیسانەوە هەڵدەستنەوە سەرپێ و تەموورەکە لە جێی خۆی دادەنێنەوە.

واژەو ناوی تەمووریش کەوەک ئێستا ی دەبینین، لەسەرەتادا لە دوو وشەی لێكرداوی(تار+موور)پێکهاتووە،کە یەکەمیان (تار)،بەمانای ئامێرە ژێدارەکەیە و دووەمیشیان (موور)لە ناوچەکەنی دامێنی کرماشان و ئیلام دا، بەمانای (کۆتەڵ و چەمەری و شیوەن)دێت و بە هەردوو وشەکەش مانای ئامێری شیوەن دەدەن. مەبەست لە راز وگریە و سۆز و لاوانەوە و پارانەوەیە، کە لە ناخی پاکی دڵدار (یار)ەوە بۆ دڵبەر(سان-خوا)بە ئاوازەوە هەڵدەرژێ. هەر لەبەر ئەمەش،بەم کاری سروود خوێندنەی لە جەمخانەکانیاندا دەیخوێنن دەڵێن:(رازو نیاز).



ئەم ئامێرە لە کوردستانی باشوور بە تەموورە و تەمیرە ناوی دەبەن. لەناو کوردانی باکوور و بە تایبەتیش لە سەدان ساڵ دێرترەوە. لەناو کوردانی ئێزیدی دا، کەلەناوچەگەلی
(دهۆک، موصڵ، جزیرە، بۆتان، دیاربەکر، سەعرد، ماردین، نسیبین، ئەرمەنستان،  تلقیسدا)نیشتەجێن و مەڵبەندی گشتیان لە (شەنگار)و بنکەی گرنگ و سەرەکیشیان، لە (لالش)ە. لە هەمان کاتدا بەچەند ناوێکی تری وەک: (تەنبیر،تەمیر،تەنبوور)ناوی دەبەن.

دکتۆر(شەهرەزاد قاسم)کە لێکۆڵەرەوەیەکی موزیکیی عەرەب نەژادە و دوای رەنج و تەقەللایەکی زانستییانە، لەم ساڵانەی دواییدا،کتێبێکی تایبەتی لەسەر بنەچە و جوگرافیا و مێژووی ئەم ئامێرە نووسیوە. بە دڵنییایەوە دەیسەلمێنێ کە لە کۆنترین رۆژگاری مێژووەوە، ئەم ئامێرە تایبەت بووە بە کورد و ناوچەکانی کوردنشین و لە ناوچەکانی عەرەبنشیندا، شوێنەواری بەکار هێنانی نییە. بۆیە بەسەر سورمانەوە دەڵێ: "لەکاتی گەران و سۆراخ کردنە مەیدانیەکانماندا، لەهەندێ ئامێر ساز و ئامێڕژەنی عەرەبمان پرسی :(هۆی دروست نەکردن و بەکارنەهێنانی ئەو ئامێرە : تەنبوور چییە؟ پێان دەوتین:(تەنبوور،زمانی کوردی خۆش دەوێ). مەبەستیش لەو قسەیە، ئەمەیە کە تەنبوور زیاتر لەگەڵ دەنگ و ئاوازی کوردیدا دەسازێ."

هەر ئەم نووسەرە، جوگرافیای ناوچەکانی بەکارهێنانی ئەم ئامێرە، بەم جۆرە لە رۆژگاری ئێستادا دەستنیشان دەکات: "سەرومری کیشوەری ئاسیا، هەر لە ژاپۆنەوە تا چین، هیند، ئەفغانستان، ئاسیای ناوەراست، تورکیا، لە ئەوروپاش، ووڵاتانی بالکان، کەناری زەریای سپی ناوەراست، تا دەگاتەوە بە ئیسپانیا و پاشان هەردوو ئەمریکا." بەڵام واژەی تەنبوور(تەموورە)، لە هەندێ لەو ناوچە و ووڵاتانەی لەسەرەوە ناومان بردن، ئاڵوگۆری بەسەردا هاتووە، یان بەناوی ترەوە هاتووە، وەک ئەوەی عەرەب پێی دەڵێت: (طنبور)، چینیش پێی دەڵێت: (تەنبولا)، یۆنان پێی دەڵێت:(تام پوراس)، وە روسیا پێی دەڵێت:(دومرا).

وە جۆری تری ئەم ئامێرە،لە هیندستان و تورکیا،بە سێ تار برەوەی پەیدا کردووە و لە چینیش بەسێ تارەکەی دەوترێت: (سێ مەرە).

لە (ئیسکلۆپیدیای بەریتانیGROVA DICTIONARY OF MUSIC)دا،وا نوسراوە کە بەهۆی هەمەجۆر بەکارهێنانی واژەی تەنبوورە، لە ووڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپادا بەناوی وەک(پاندۆرا: Pandora،پاندۆلا:Pandola،ماندۆرا:Mandora،ماندۆلا:Mandola،   ماندۆلین:Mandoline) ناونراوە و وەک ئامێرێکی خۆرەهەڵاتیانەش باس دەکرێ، کەلە بنچیەنەی عود بێت و دەسکێکی درێژ و کاسەیەکی بچکۆلە و ژێیەک، یان دوو ژێی هەبێ و بە نینۆک بژەنرێت. بە تایبەتیش مەبەستمان لەو جۆرە بووە کە لە ئێران و سوریا و کوردستان داهەبووە و لە رێگەی تورکیا وە بە یۆنان و ئەوروپا گەیشتووە.

عود و تەمبوور و ئەو ئامێرانەی لەمان دەچن، لەسەدەکانی ناوەراستدا گەیشتنە ئەوروپا و لە لایەن ئاواز سازان و چەنگ ژەنان و غەزەل خوانانی فەرەنسی و ئەڵمانییەوە، بەکارهێنران. بەڵام کۆنترین شوێنەواری تەنبوور، لە بەردە هەڵکۆڵراوەکانی ئاشووردا، ئامێرێک لە شێوەی سێ تار دا بینراوەتەوە کە کاسەیەکی بچووک و دەسکێکی درێژی هەیە، هەرچەندە ناتوانرێ ژمارەی ژێیەکان دیاری بکرێت.

ئاورێکی نزیک بۆ مێژووی گۆرانی و موزیکی (ئەهلی حەق)  (بەشی یەکەم)

ئاورێکی نزیک بۆ مێژووی گۆرانی و موزیکی (ئەهلی حەق)  (بەشی دووەم)

ئاورێکی نزیک بۆ مێژووی گۆرانی و موزیکی (ئەهلی حەق)  (بەشی سێیەم)


هه‌والی زیاتر