گفتوگۆی شانۆکار

21/02/2015    21:31

گفتوگۆی شانۆکار 


Şano

لەسەر داوای فرمێسک مستەفا دووەم گفتوگۆ ئەمانباتە دەنیمارک، "میدیا ڕەوف بێگەرد" لەگەڵ سەرقاڵیی بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خوێندنی باڵا لە بواری شانۆد،ا بە سوپاسی زۆرمەوە بۆی کاتی بۆ ئەم گفتوگۆیە تەرخان کرد.

‌شوان کەریم: میدیا خان وەک ناوێکی دیار لە شانۆی کوردا دوای ئەزمون و خوێندنی لە ئەوروپا  چی پێشنیار ئەکات  بۆ  ئەوەی کورد بببێتە خاوەن شانۆیەکی پرۆفیشیوناڵ؟ هەڵبەت ئەوە قسە زۆر هەڵئەگرێت بەڵام گەر هەنگاو بۆ سەرەتای شانۆیەکی لەو جۆرە  مەبەستمان بێت چی پێشنیار بکەین؟

‌میدیا بێگەرد: پرۆسەی بە پرۆفیشیناڵ کردنی شانۆی کوردی پرۆسیەکی ئاسان نییە و قسە زۆر هەڵدەگرێت، بە ڕای من پێویستیمان بە شۆڕشێکی گەورەیە لە نێو خودی هونەرمەند و هەروەها سیستمی بەڕێوەبردن، ئەمەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵات و دامەزراوە هونەرییەکانەوە هەیە.
ئێمە دەبێ لە سفرەوە دەست پێ بکەین، چونکە تا ئێستا و لەم ساڵانەی دواییدا شانۆ بەرەو نەمان دەڕوات، هیچ کارێکی جددی و هەوڵی گەورە نەنراوە چ لەلایەن هونەرمەندان و چ لەلایەن دەسەڵاتەوە، نوسین و ناڕەزاییەکان زۆر زۆرن، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی جێ نەهێشتوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە خۆمان لەدەرەوەی دەسەڵات دەبینین و داوای هەموو شتێکی لێ دەکەین بێ ئەوەی بچینە ناو پرۆسەکەوە و بە داواکردنی ڕەسمی کارەکان بکەین. ئەوسا گەر نەکرا قسەمان دەبێت هەر وەک چۆن لەم وڵاتانەدا بەو شێوەیە کارەکان دەبرێن بەڕێوە. ئێمە گلەییمان لە دەسەڵاتە و چاوەڕێی ئەو دەکەین هەموو شتێکمان بۆ بکات بەڵام خۆشمان کەمتەرخەمین.

من نائومێد نیم و دەشزانم کە وا بەئاسانیی ناگەینە ئامانجەکانمان، بەڵام دەتوانین وەک سەرەتایەک چەند خاڵێکی گرنگ هەیە وەک دەستپێکێک و بناغەیەکی دروست ڕەچاوبکرێت و بکرێتە بەرنامە و ئیشی لەسەر بکرێت، بکرێتە داواکاریەک و پێشکەش بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان. بەڕای من ئەم خاڵانە زۆر گرنگن بۆ سەرەتایەکی دروست:

-  وانەی شانۆ لە قوتابخانەی سەرەتایی دەست پێ بکرێت: ئەمە وەک سەرەتایەک بۆ دروست کردنی کۆمەڵگایەکی دروست دەبێ لە مناڵەوە دەست پێ بکەین، ئەمەش وەرچەرخانێک لە عەقڵی مناڵەکەدا دروست دەکات کە پاش چەند ساڵێک بەرهەمەکەی دەبینینەوە. بەمەرجێک کەسانی پسپۆری دەرونی و هونەری دابنرێن بۆ چاودێری کردنی کاری قوتابخانەکان. کەمێک ئاگاداری چالاکی قوتابخانەکانم کە بەم ڕۆڵە هەڵدەستن، بەڵام هەوڵەکان کاری زیاتری دەوێت، لێرەدا زیاتر مەبەستم لە شانۆیە نەک هونەری شێوەکاری، پێویستە قوتابخانە سەرەتاییەکان هەموو ساڵێک نمایشێکی شانۆییان هەبێت و ببرێن بۆ نمایشە شانۆییەکانی دەرەوەی قوتابخانە. ئەم خاڵە لای من بەگرنگترینیان دەزانم هەر بۆیە بەوەش دەستم پێ کرد تا لەگەڵ چارەسەرەر کردنی قەیرانی شانۆ، مناڵانیش قۆناغێکی باشیان بڕیبێت لەو ماوەیەدا.
- هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردە، کار و پرۆژەی هاوبەش دابنێن بۆ گەشەپێدانی هونەری شانۆ، یەکێک لەو خاڵانەی سەرنجی ڕاکێشام لەم دواییەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕۆڵی یارمەتی دەری دەرهێنەری لابردوە لە کلێشەی پڕوپۆزەڵەدا، من ئەوە بەڕاست داناننێم چونکە ئێمە لەکوردستان سینۆگرافی پڕۆفیشناڵمان نیە تا جێی یارمەتی دەری دەرهێنەر بگرێتەوە. دەبێ جارێکی تر بەو خاڵەدا بچێتەوە یان ئەوەتا کەسانێک بنێرێتەوە دەرەوە لەسەر حسابی وەزارەت بۆ خوێندنی سینۆگراف. هەروەها ئەو بڕە پارەیەی کە دانراوە بۆ هونەرمەندی شانۆ کە چەندەها مانگ خەریکی پرۆڤەیە دەبێ بەشی هەموو ئەو مانگانە بکات کە پرۆڤە دەکات وەک لە سیستمی ئەوروپادا هەیە، تا هونەرمەند ئەوەندە بە سوک سەیر نەکرێت و هەست بکات کە بونی هەیە.



شوان کەریم: ئێمە لەگەڵ ئەو هەموو شتە نەگەتیفەشدا خاوەنی شتێکی هاوبەشین لەگەڵ شانۆی باشی جیهان ئەویش ئەوەیە ڕۆحیەتی جوان و ئینسانی زۆر دڵسۆز بە هونەری شانۆ بەڵام بەجیا و دوور لەیەک کار ئەکەین کەی لەو وتەیە تێئەگەین (ڕاستیەکان قەت هەموی لای یەک کەس نییە)؟

میدیا بێگەرد: گەڕانەوەی هونەرمەند بۆ خودی خۆیی و ئاشتبونەوەو بەرەو ڕووبونەوەی لەگەڵ خودی خۆیدا و پیاچونەوەیەکی سەرتاسەریی هونەرەکەی و بەراوردکردنی لەگەڵ هونەری جیهانی و دەوروبەرەکەی خاڵێکی گرنگە، هونەرمەندی ئێمە هێندەی خۆی بە شتی لاوەکیەوە خەریک دەکات ئەوەندە سەرقاڵی خۆی نابێت. هەندێک لە هونەرمەندان  تەنها کارەکانی خۆیان بە شانۆ دەزانن و کاری هونەرمەندێکی تر تەنها لەبەر ئەوەی هاوشێوەی خۆی نییە بە شانۆی دانانێت. ئەمەش پەیوەندی بە بیر تەسکی هونەرمەندەکەوە هەیە. شتنیە پێی بڵیین ئەمە شانۆیەکی هەڵەیە یاخود ڕاستە. ڕاستیەکان هەمیشە لای یەک کەس نین و نابن، ئێستا شانۆ لەجیهاندا و پاشپۆست مۆدێرنیزم سەدان میتۆدی جیاوازی لەخۆی گرتوەو هەموشیان شانۆن بەڵام هەریەکەیان ئامانجێکی مرۆڤانە لەخۆ دەگرێت. وشەی پێرفۆرمانس کە یەکێکە لە گۆڕانکاریە هەرە گەورەکانی پۆستمۆدێرنیزم شانۆی لەقاڵبە تەقلیدیەکەوە گۆڕی و ڕوبەری شانۆی گەورەتر کرد، بەبەکار هێنانی زیاترین فۆرمی ئیستاتیک و بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای تازە لە ڕوناکی، دیکۆر، مۆسیقا و گشت دیاردەکانی (‌ئەداو) بەرجەستە کردن. ئەمەش بەئاسانی نەهات بەڵکو پاش نوسینی چەندەها تیۆری جیاواز لەلایەن پرۆفیسۆری جیهانیەوە لەوانە جان فرانسوا ليوتار کە گرنگیەکی زۆری بە هەندەسەی بیناسازی دا. پاشان نمایشە گەورەکانی ڕۆبەرت ویلسن یەکێک بوو لەگرنگترین گۆڕانکاریەکانی ئەم سەردەمە. هەر بۆیە  شانۆ خۆی  لەیەک ڕەنگدا نابینێتەوە، بەڵکو چەندەها ڕەنگی جیاواز لەخۆ دەگرێت. هونەرمەندی ئێمە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی جیاوازتر هەیە لەخوێندنەوەکانی پێشوو. هونەرمەند پێویستی بە تازەبونەوە و پێداچونەوە هەیە لەگەڵ گۆڕانکاریە جیهانیەکاندا، ئەگینا  وەک خۆی دەمێنێتەوە و کاریگەریەکی نەگەتیڤی دەبێت لەسەر کۆمەڵگا و ڕەوشی شانۆ. ئەمەش تەنها بەخودی هونەرمەند دەکرێت لەخۆیدا کەس ناتوانێت یارمەتی بدات.

شوان کەریم: میدیا لە قۆناغی کۆتایی خوێنندنەکەیدا ئایا دوای وەرگرتنی بڕوانامە پرۆژەی گەڕانەوەی هەیە بۆ کوردستان وەک مامۆستایەک؟ هەر لەوپرسیارەوە ئاستی فێربوون لە پەیمانگا و ئاکادیمیەکان لە کوردستان چۆن ئەبینن؟

میدیا بێگەرد: بەڵێ پرۆژەی گەڕانەوەم هەیە بۆ کوردستان. بەڕاستی ناتوانم ئاستی فێربوون لە پەیمانگا و ئەکادیمیەکان هەڵسەنگێنم لەبەر ئەوەی لەوێ نیم و لە نزیکەوە ئاگام لێی نییە. بەڵام ئەوەی ئەتوانم لێی بدوێم ئاستی شانۆیە کە باش نایبینم و بێگومان بەشێکی ئەو قەیرانە دەگەڕێنمەوە بۆ ئاستی خوێندن لە پەیمانگا و کۆلێژەکان. بۆ خۆم لەبەر ئەوەی لێرە لە زانکۆی کۆبنهاگن دەخوێنم، زۆر شت هەیە کە بێگومانم لەوەی کە لە کوردستاندا نییە وەک پرسیارم کردووە. ئەویش لە چۆنیەتی سیستمی خوێندن دایە.. کە لەزانکۆ لە پۆلدا دادەنیشم لەگەڵ ئەوەی کە دڵم زۆر خۆشە بەڵام خەمێکی قورسیش دامدەگرێت کە دەبینم ئەو هەموو زانیاری و بەکار هێنانی تەکنۆلۆجیایە خراوەتە بەر دەست قوتابیەکان کەبەراورد ناکرێت لەگەڵ سیستمی خوێندن کوردستاندا. هەر لەبەر ئەوە ئەم چەند ساڵەی لێرە دەخوێنم زۆر خاڵی گرنگم بەڕۆژانە لەکاتی خوێندن دا لای خۆم تۆمارکردوەو بەتەمام لە گەڕانەوەمدا جێبەجێی بکەم.. هیوادارم ئەم خەونەم بێتە دی.

 شوان کەریم: سوپاس و دەستخۆشیم بۆ بەڕێزت بۆ بەردەوام بون لەم گفتوگۆیە، میدیا شانۆکاری داهاتووم بۆ دەستنیشان ئەکات؟

‌میدیا بێگەرد: سوپاس بۆ ئێوە، پێم خۆشە گفتوگۆی داهاتوو لەگەڵ شانۆکار "سدیق عەزیز" بێت.



لێرەوە بەشەکانی دیکەی گفتوگۆی شانۆکار بخوێننەوە:

گفتوگۆی شانۆکار لەگەڵ (فرمێسک موستەفا)

هه‌والی زیاتر