09/03/2015    01:05

"ژنان پێویستیان بە شۆڕشێک هەیە (شۆڕشى فیکر)" 


Têkst

کۆچەر ئەبوبەکر

ئەوەى هەموو ساڵێک لە ٨ ى مارسدا من تووشى نیگەرانى دەکات، بەسیمبولکردنى ئەو رۆژەیە وە هاوکات هەڵە تێگەیشتنى ژنانە لەهەمبەر ئەم رۆژەدا. بەگشتى لەلاى ئێمە وێنەیەکى پێچەوانە بەو رۆژە بەخشراوەو بەپێچەوانەوە گەیشتووە بە دونیاى ئێمە، کە خۆى لە خۆپیشاندانە گەورەکەى ژنانى کارخانەیەکى رستن و چنین لە نیۆرک لەساڵى ١٨٥٧دا ئەنجامیاندا سەرى هەڵداو تێیدا ژمارەیەک کوژراو و بریندارى لێکەوتەوە. لێرەوە ئەو رۆژە دیارى کرا بۆئەوەى هەموو ساڵێک ژن هەڵوێستەیەک لەسەر ئەوە بکات کە لەکوێى دەستورو کۆمەڵگاو مافەکاندایە. بیر خستنەوەى ئەو لەقبون و درزو برینانەیە کە کە هیچ کات ساڕێژ نابن، دەستخستنە سەر ئەو کونانەیە کە تێمان کەوتون. کە بەداخەوە لاى ئێمە لە ساڵانى رابردودا بینیمان ژنان بێ ئاگایانە خەریکى ئاهەنگ گێڕان و پۆشینى جلى رەنگاو رەنگ و بەبۆنەیى کردنى ئەو رۆژە بوون. من لەگەڵ بە بۆنەیى کردن و بە سیمبولکردنى رۆژەکاندا نیم، ئەڵبەت بەجیهانى بونى ئەم رۆژەش بۆخۆى هەڵەیەکى گەورەیە.

بەم جۆرە حەقیقەتى ژن دەشاردرێتەوە، جەوهەرى ژن لەبیر دەکرێت. ژن بەردەوام گیرۆدەى سیستمێکى رەمزى و رێکخستنێکى رەمزیە کە ئەوانى تر دروستیان کردووە. ژنانى ئێمە وێنەیەکى هەڵەیان بەم رۆژە بەخشیوە و  لە جەوهەردا کۆمەڵێک گرێ و بەرزو نزمى و برینیان بیر چووەو فەرامۆش کردووە. ئەوەى رێکخراوەکانى ژنان و چالاکوانى بوارى ژنان پێیان وایە لەرێگەى ئاهەنگ گێڕان و گوڵ بەخشینەوە لەم رۆژەدا خزمەت بە ژنان دەکەن هەڵەن، چونکە ئەم رۆژە جەژنێک نییە، ژنان پێویستیان بە شۆڕشێک هەیە (شۆڕشى فیکر)کە هەرگیز لەو دروشمانەدا بەرجەستە نابێت کە بەرزیان دەکەینەوە، شۆڕشى فیکرى هەنگاوى جددى و کەسى جددى دەوێت.

لە ٨ى مارسدا پێویستە هەموومان بەقوڵى درکى ئازارو نەهامەتى ئەو ژنانە بکەین کە رۆژانە ئەزموونى ئازار دەکەن، ژنانى زەحمەت کێش و کرێکار. دەکرێت خۆمان بخەینە شوێنى ئەو ژنە ماندوانە، من وەکو خۆم سبەینێ دەچمە سەر جادەو دەمەوێت هیچ نەبێت تەنیا رۆژێک ئەزموونى ئازارى ئەو ژنانە بکەم کە لەسەر شەقامەکان شمەک دەفرۆشن، من سبەینێ دەبم بەنێرگز فرۆش لەیەکێک لەشەقامەکانى شاردا.


هه‌والی زیاتر