پەیامی رۆژی جیهانی شانۆ لە ٢٠١٥دا

15/03/2015    21:10

پەیامی رۆژی جیهانی شانۆ لە ٢٠١٥دا 


Şano

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
وەرگێڕانی دەق: کۆڕی شانۆی با

ساڵی ١٩٦١ بە پێشنیاری ئه‌نستیوتی نێودەوڵەتی شانۆ ڕۆژی ٢٧ی ٣ی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی شانۆ دەستنیشان کرا، لەوکاتەوە ساڵانە لەو ڕۆژەدا چالاکی هەمەجۆری شانۆیی لە وڵاتانی دنیادا پێشکەش دەکرێت، هاوکات و دوابەدوای دەستنیشانکردنی ئەو ڕۆژە، ساڵانە شانۆکارێکی جیهانی دەستنیشان دەکرێت و پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ دەنووسێت.

پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن دەرهێنەری پۆڵەندی  کریستۆڤ ڤارلیکۆڤسکی  Krzysztof Warlikowski دەنووسرێت.

ئەمە دەقی پەیامەکەیە:
مامۆستا راسته‌قینه‌كانی شانۆ، دوور لە تەختەی شانۆ، ئاسانتر ئەدۆزرێنەوە، بە شێوەیەکی گشتی ئه‌وان گرنگی ناده‌ن به‌شانۆ وه‌ك ئامێرێك بۆ چەندبارەکردنەوەی داب و نەریت و دوباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كڵێشه‌‌، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێن له‌دوی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی ترپه‌یان لێوه‌دێت، به‌‌دوی ئه‌و تەوژمە زیندوانه‌ی زۆرجار هۆڵه‌كانی نمایش‌و حه‌شاماتی ئه‌و ئاده‌میانه‌ تێده‌په‌ڕێنێت, كه‌ دۆشداماون به‌سه‌ر كۆپیكردنه‌وه‌ی جیهانێک یان جیهانێکی دی.

ئێمه‌ له‌بری ئه‌فراندنی جیهانگه‌لێك كه‌ ستونه‌كانی گفتوگۆكردن بێت له‌گه‌ڵ بینه‌ران یان پشت به‌وه‌ ببه‌ستێت، كۆمه‌ڵه‌ وێنه‌یه‌ك له‌جیهان كۆپی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ جه‌خت ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و هەست وسۆزانەی له‌ژێر روكه‌شه‌وه‌ هەڵدەکفێن، له‌راستیشدا هیچ شتێك هاوشێوه‌ی توانستی شانۆ نییه‌ بۆ ده‌رخستنی هه‌ست و سۆزه‌ شاراوه‌كان.

زۆرجار بۆ رێنوێنی روو لە پەخشان ئەکەم، رۆژ لە دوای رۆژ خۆم دەبینم، بیر دەکەمەوە لەو نووسەرانە کە نزیکەی سەت ساڵ بەر لە ئێستا پێغەمبەرئاسا و بە کۆتەوە وەسفی ئاوابوونی خواوەندە ئەوروپیەکانیان کرد، ئەو بوولێڵەی شارستانێتیەکەمانی فڕێدایە ناو تاریکیەکەوە کە هێشتا نەڕەویوەتەوە.

من بیر لە فرانز کافکا ده‌که‌مەوە،لە تۆماس مان و مارسێل پروست. ئەتوانم ئەمڕۆ جۆن ماکسوێڵ کۆێتزی لە نێو ئەو پێغەمبەرگەلە هەژماربکەم
هه‌موو ئه‌وان به‌ ماكی دروستی خۆیان دركیان به‌وه‌كردبو كه‌ كۆتایی جیهان به‌ڕێوه‌یه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیه‌، من لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌كۆتایی هەسارەی زه‌وی نییه‌، به‌ڵكو كۆتایی مۆدێلی په‌یوه‌ندی باوی نێوان مروڤه‌كانه‌، كۆتایی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سەرهەڵدان، کە ئەمە تەوژمێکی کاریگەرە بۆ ئێمە لێرە و لە ئێستادا.

بۆ ئێمەی کە لە دوای کۆتایی ئەم جیهانە ئەژین، ئێمه‌ین كه‌ روبه‌رو ده‌ژین له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوان‌و ململانێیانەی كه‌ هه‌ر ڕۆژه‌و له‌شوێنێكی نوێ خێراتر له‌وه‌ی كه‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ په‌رش‌و بڵاوه‌كانی دونیا پێڕابگه‌ن بۆمانی بگوازنه‌وه‌ به‌‌رپاده‌بن، پاشان ئه‌م ئاشوبانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی وه‌ڕسكه‌ر جێگیر نابن كه‌ بۆهه‌تایی له‌هه‌واڵه‌كاندا بێ گه‌ڕانه‌وه‌ ونده‌بن.

ئێمه‌ هه‌ست به‌ده‌سته‌وسانی‌و ترس‌و ئابڵۆقه‌دان ده‌كه‌ین، له‌تواناماندا نه‌ماوه‌ تاوه‌ره‌كان به‌رزبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌ودیوارانه‌ش كه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ و به‌ كه‌لەره‌قی دروستیان ده‌كه‌ین، له‌هیچ شتێك نامانپارێزن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خۆیان داوای پاراستن و چاودێریەکی ئەوتۆمان لێ ئەکەن کە به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ووزه‌ی ژیانمان بەکاردەبه‌ن.

چیتر هێزی ئه‌وەمان لێبڕاوە هەوڵبدەین نیگایەک بکەین لەوەی لەودیو دەرگا و دیوارەکانەوە دەگوزەرێت.
رێک لەبەر ئەوەیە کە دەبێت شانۆ لە ئارادابێت و دەبێت هەر لەوێشدا هێزی خۆی بدۆزێتەوە. تا بڕوانێتە ناو ئەو جێگایەی سەیرکردن تیایدا قەدەغەیە.

"ئەفسانەکە دەیەوێت ئەوە روون بکاتەوە، کە ناتوانرێت روون بکرێتەوە. چونکە لە حەقیقەتەوە سەرچاوەی گرتووە، وە پێویستە لە لەوێدا کۆتایی پێبێت." کافکا بەم شێوەیە وەسفی ئەفسانەی پرۆمێثیەس  Prometheus Legend  دەکات. منیش بە هەستێکی قوڵەوە بڕوام وایە دەبێت هەمان ووشە بەکاربهێندرێت بۆ باس کردن لە شانۆکە. ئەمە جۆرێکە لەو شانۆیانەی کە لە حەقیقەتەوە سەرچاوەی گرتووە و کۆتاییەکەی لەوێدا دەدۆزرێتەوە کە ناتوانرێت لێکبدرێتەوە. وە من خۆزگەی هەمان شت دەخوازم بۆ هەموو ئەوانەی کاریان تێدا کردووە، هەموو ئەوانەی لەسەر شانۆن و ئوانەی ئامادەی شانۆکە بوون، من لە ناخی دڵەوە خۆزگەی ئەوە دەخوازم.
 
شایەنی باسە کریستۆڤ ڤارلیکۆڤسکی ساڵی ١٩٦٢ لە پۆڵەندا لەدایکبووە، مێژوو، فەلسەفە، زمانی فەڕەنسی و ئەدەبی خوێندووە، ساڵی ١٩٩٣ دەرهێنانی لە زانکۆیەکی وڵاتەکەی خۆی تەواو کردووە، یەکێک لە مامۆستاکانی دەرهێنەری پۆڵەندی "کریستیان لوپا" بووە و لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠دا وەکو یاریدەدەری ئەم دەرهێنەرە ئیشی کردووە، هەندێک لە شانۆکارە جیهانییەکانی ناسیووە کە شتیان لێ فێربووە لەوانە "پیتەر برووک، ئینگمار بێرگمان و جۆرجیۆ سترێلەر".

یەکەمین کاری ئەم دەرهێنەرە ساڵی ١٩٩٣ لە سەر شانۆی "Old Theatre" لە شاری کاراکۆڤی پۆڵەندا پێشکەش کراوە، کە بریتیبووە لە " The Marquis of O" بەرهەمەکانی دواتری ئەم دەرهێنەرە لەسەر شانۆ جیاوازەکانی پۆڵەندا و  ئەوروپا پێشاندرا.

ڤارلیکۆڤسکی ژیانی هاوسەری لەگەڵ سینۆگرافەر و دیزانەری پۆڵەندی مارگرێت شازنیاک پێکهێناوە، لەگەڵ ئەوەی کە ڤارلیکۆڤسکی دانیبەوەدا ناوە کە هۆمۆ سێکسواڵ "هاوڕەگەزباز"ـە.
ئەم دەرهێنەرە بە کارەکانی توانیویەتی ژمارەیەک خەڵات لەسەر ئاستی پۆڵەندا و ئەوروپا بەدەست بهێنێت، لەوانە خەڵاتی "میرهۆڵد"ی لە "مۆسکۆ" بەدەست هێناوە وەک دەستکەوتێکی گرنگی شانۆیی لە ساڵی ٢٠٠٦دا، هەروەها خەڵاتی "ماسکی ئاڵتونی" لە وڵاتی ڕوسیا بۆ باشترین نمایش بە زمانی بیانی بەدەست هێناوە لە ساڵی ٢٠١٢، ئەمە جگە لە بەدەستهێنانی چەندین خەڵات لە فێستیڤاڵەکانی وڵاتی پۆڵەندا.

سەرچاوە: world-theatre-day.org


هه‌والی زیاتر