بە کۆنسێرتی گۆرانی یادی حەسەن زیرەک دەکرێتەوە

25/06/2015    04:59

بە کۆنسێرتی گۆرانی یادی حەسەن زیرەک دەکرێتەوە 


Mwsîk

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

بەڕێوبەرێتی هونەرەکانی موزیکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، یادی هونەرمەندی ناوداری کورد حەسەن زیرەک دەکاتەوە، یادەکەش بە ڕێکخستنی کۆنسێرتێکی گۆرانی بۆ هەریەک لە هونەرمەندان (ناسڕی ڕەزازی، لوقمان سەلیم، ئیحسان زیرەک و عەبدولقادر حەسەن) بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆنسێرتە لە ڕۆژی ٢٦ی ٦ی ٢٠١٥  کاتژمێر ٩:٠٠ی شەو لە شاری سلێمانی و لەناو تەلاری هونەر بەڕێوەدەچێت، بلیتی کۆنسێرتەکە لە (قاوەخانەی کلتوری، بەردەرکی سەرا و تەلاری هونەر) دەستدەکەوێت.

لەبارەی ئەم کۆنسێرتەوە، هونەرمەند نەجات ئەمین بەڕێوبەری بەڕێوەبەرێتی هونەرەکانی موزیک لە سلێمانی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند" ئێمە هەموو ساڵێک یادی هونەرمەند حەسەن زیرەک دەکەینەوە، ئەمە چوارەم ساڵە یادی ئەو هونەرمەندە دەکەینەوە، ئێمە بەتەنیا فوکسمان نەخستووەتە سەر حەسەن زیرەک و وەک بەڕیوەبەرێتی هونەرەکانی موزیک ئەو هونەرمەندانەی کە جێدەستیان دیارە، ئینجا چ لە ژیاندا مابن یان لە ژیاندا نەمابن یادمان کردوونەتەوە، بۆ ئەمساڵیش نیازمان بوو یادی هونەرمەند عوسمان عەلیش بکەینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یادی ئەو هونەرمەندە نزیکە لە یادی حەسەن زیرەکەوە نەمانتوانی لە یەک ماوەدا دوو کۆنسێرت ڕێک بخەین"

سەبارەت بە بەشداری کردنی هونەرمەند ناسری ڕەزازی، نەجات ئەمین وتی" لەم کۆنسێرتەدا هونەرمەند ناسڕی ڕەزازی بە  وتنی سروود بەشدار دەبێت،  لەم کۆنسێرتەدا دوو سروودی تایبەت بە پێشمەرگە پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت، تێکەڵکردنی ئەم سروودانەش بە یادی حەسەن زیرەک پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستا هەرێمی کوردستانەوە هەیە."





هه‌والی زیاتر