چی دەبوو ئەگەر کتێبەکانی کافکا سووتێنرابان؟

04/07/2015    15:40

چی دەبوو ئەگەر کتێبەکانی کافکا سووتێنرابان؟ 


Têkst

لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

تێرمی "کافکایی" پێناسە و مانایەکی ئێجگار جیاوازی دەبوو ئەگەر هاتبا و ماکس برۆد وەک ئەوەی داوای لێ کرابوو دەستنووسە بڵاونەکراوەکانی هاوڕێکەی خستبایەتە نێو بڵێسەی سووری ئاگرەوە؟
هەرگیز بەڕاستی مەبەست و نیازە ڕاستەقینەکانی کافکامان نەدەزانی. دەگوترێت کە کافکا داوای لە هاوڕێکەی، دوا ژیاننامەنووسی خۆی، ماکس برۆد، کردووە کە دەستنووسە بڵاونەکراوەکانی بۆ بسووتێنێت. لە جیاتی ئەوەی بیانسووستێنێت، برۆد تەواوی دەستنووسە بڵاونەکراوەکانی بڵاو کردەوە. ئایا برۆد بێگوێی دوایین ئاواتی هاوڕێکەی کرد؟ یان کافکا بۆیە دەسنووسەکانی داوە بە برۆد لەبەرئەوەی دەیزانی کە کۆیان دەکاتەوە و دەیانکاتە کتێبێک؟ (برۆد لەو دواییانەدا باسی لەوە کردبوو کە بە کافکای گوتووە کە ئەو دەستنووسانە ناسووتێنێت.) ئێمە چیمان لەم چیرۆکە بکردایە ئەگەر هاتبا و کافکا تەواوی دەستنووسەکانی بدابا بە یەکێک لە عاشقەکانی و ئەویش بیخستنایەتە ناو گڕی ئاگر؟ چەندین کتێب تا ئێستا لەسەر ئەم پرسیارە نووسراون. مەحاڵە تەواوی ئەو چیرۆکە کۆکراوانە، کە (وەشانخانەی پەنگوین) بڵاوی کردوونەتەوە، بخوێنیتەوە بەبێ بیرکردنەوە لە وەها مەسەلە و وەها پرسیارێک لە کەلەپووری کافکا و لە مەقامی کافکا لە داهاتوودا.

بیر لە جیهانێک بکەرەوە کە تیایدا برۆد دەستنووسەکانی کافکا دەسووتێنێت و دوایین ئاواتەکانی بەجێ دێنێت. ئەو کات تێرمی "کافکایی" مانایەکی تەواو جیاوزای دەبوو، یان وەک ئەوەی "میشێل هۆفمان" لە پێشەکیی چاپی کۆلێکشنەکەی پەنگویندا پێشنیازی دەکا 'لەوانەبوو ئێمە قەت لەبارەی کافکاوە هیچمان نەبیستبا.'

هۆفمان پێیوایە [بەوپەڕی گومانەوە] کە ئێمە بەبێ "دادگایی"، "کۆشک" و "ئەمریکا" شتێکی ئەوتۆمان لەسەر کافکا نەدەبیست. لە پاش ئەوانەشیەوە ئیشە ناوازە و کارتێکەرەکانی وەک "مەسخ"  و "وڵگەی سزا".

یەکەمین چاپی چیرۆکە کۆکراوەکانی لە وەشانخانەی پەنگوین و لە ساڵی ١٩١٣ لەژێر ناوی "تێڕامان" بڵاوکرایەوە. ئەم سکێچە کورتانەی بەئاسانی سەرئاو دەکەون و لە هەوادا دێن و دەچن، لەکاتێکدا ڕۆمانەکانی ناوبانگ و قورساییەکی زیادتری پێ دەدەن.

ئاخەرین پارەگرافی "موسافیر" شتێکی ئێجگار تایبەت و سەرنجڕاکێشە؛ کە دوای پەسنی ژنێک دێت، کە لە ترامێکدا دەیبینێت: "لەو دەمەدا لە خۆمم پرسی؛ چۆن دەبێت بەدیار خۆیەوە حایر نەبێت، بۆچی وا دەمی داخستووە و هیچ شتێک لە سەرسوڕمانبوونی پێوە دیار نییە و دەری نابڕێت." ئەوە ئانوساتێک بوو کە من هیوام دەخواست لەژێر هەر هەلومەرجێکدا بووایە بە شان و باڵیمدا هەڵبایە.

یەکێک لە یەکەمین شتەکان کە تۆ لەگەڵ کافکادا فێری دەبیت ئەوەیە کە بەهای شتەکان لە ڕووخساریاندا نییە – کە ئەمەش بەتەواوی شتێکی باشە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەت لێ قورس و ئاڵۆز دەکات کە بتوانیت جیاوازی لەنێوان دانە دانەی چیرۆکە و کەلپوورە بەربڵاوترەکەی بکەیت.

هەروەها مەحاڵیشە کافکا بخوێنیتەوە و دابڕ و بێبەری بکەیت لە داهاتوو. بیهێنە بەرچاوی خۆت چۆن چەند ئیشێکی وەک مەسخ و وڵگەی سزات دەخوێندەوە لەکاتێکدا ئەمانە لە ١٩١٣ و ١٩١٤دا، پێش یەکەمین جەنگی جیهانی، نووسراون.

جۆزێف ئێپستنی وتارنووس، چیرۆکنووس و ئیدیتەر لەبارەی کافکاوە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چەند شتێکی پێکەنیناویە نکووڵی لە گەورەیی کافکا بکەین. لە کۆتایی کتێبێکیدا دەنووسێت: "کافکا [ژیان]ـی وەک شتێکی ئاڵۆز و بەرگەنەگر کەشف کرد، بەگشتی وەک شتێکی تۆقێنەر، لە سەروو هەمووشیانەوە وەک شتێکی بێتام و بێلەزەت، ئەمانەشی لە نووسینەکانیداوەسف کردووە."

سەرڕای هەموو شتێک ئەگەر ئێمە بشتوانین پرسیاری جۆرێتیی ئیشەکان بخەینە لاوە، هێشتا ئەو ڕاستییە هەر دەمینێتەوە کە قورسە هیچ شتێکی کافکا بخوێنینەوە و جیای بکەینەوە لە میراتە فراونترەکەی.

ناوبانگی کافکا بە پێشبینییەکانی لە کارەکانیدا بە جۆرێک زیادتری کردووە کە ناپێورێ و خاڵێکی فراوانتر کە دەمێنێتەوە ئەوەیە، کە چیرۆکەکانی کافکا گیانی بەگیانین لەگەڵ ئەو شتانەی کە دێن و ڕوو دەدەن و جیا ناکرێنەوە لێیان.
 
سەرچاوە: theguardian.com

هه‌والی زیاتر