بەهۆی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە سەدان ماسی دەمرن

16/07/2015    06:48

بەهۆی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانەوە سەدان ماسی دەمرن 


Jînge

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

بەهۆی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو و دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکەوە، سەدان ماسیی ناو ئەو دەریاچەیە دەمرن، شارەزایەکی بواری ژینگەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەم کێشەیە لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بەردەوامە و تا ئێستا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

لەبارەی هۆکاری پیسبوونی ئاوی ئەو دەریاچەیەوە سەروەر قەرەداخی شارەزای بواری ژینگە کە هاوکات سەرۆکی ڕێکخراوی سروشتی کوردستانە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لقانەی دەرژێنە ناوی، وەک لقی تانجەرۆ کە ئاوەڕۆی چەندین کارگەی ئاسن و پاڵاوتگەی نەوت و ئاوەڕۆی شاری سلێمانی لەسەرە، بەم هۆیەوە ئاوی خواردنەوەی شاری دەربەندیخان پیسبووە".

ڕوونیشیکردەوە: " پیسبوونی ئاوی ئەم دەریاچەیە بووە بە کێشەیەکی چەندین ساڵە و لەپێش ساڵی ٢٠٠٨ـەوە بەردەوامە تا ئێستا، ساڵانەش لە ڕووباری سیروان هەزاران ماسی دەمرن بەهۆی بەزبوونەوەی پلەی گەرما و دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکەوە."

دەربارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە سەروەر قەرەداخی ڕایگەیاند: "بەشێکی ئەم کێشە گەورەیە لەڕێگەی چارەسەرکردنی ئاوی تانجەرۆوە چارەسەر دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم کێشەیە ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە چارەسەری بکات، گومانم هەیە کە بشتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات."
























هه‌والی زیاتر