دانا ڕەئووف لە تەوەری ڕەخنە و شانۆدا

29/07/2015    05:07

دانا ڕەئووف لە تەوەری ڕەخنە و شانۆدا 


Şano

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

بابەتی ڕەخنە لەنێو کایە هونەرییەکان هەمیشە جێگەی قسەکردن و گفتوگۆی هونەرمەندان بووە، لەنێو هونەری شانۆیشدا بەهەمان شێوە،  ئەم پرسە چەندین قسە و باسی جۆرا و جۆری لەبارەوە دەکرێ و کراوە، لەم تەوەرەی سولی ئۆن وێبدا کە چەند شانۆکارێک بەشداریان تێدا کردووە، هەوڵدەدەین وەڵامی پرسیاری چییەتی ڕەخنە سەبارەت بە نمایشێکی شانۆیی، هەروەها ئەرکی ناوەندەکانی بواری خوێندنی شانۆ لەهەمبەر پرسی ڕەخنە و وەڵامی چەند پرسیارێکی تر بۆ خوێنەران بڵاوبکەینەوە، دووەم شانۆکار لەم زنجیرەیەدا نووسەر و شانۆکار دانا ڕەئووف وەڵام دەداتەوە.
 
چۆن لە ڕەخنە دەڕوانن، گرینگی ڕەخنە بۆ کارێکی شانۆیی لە کوێدا دەبینن؟

ڕەخنە چالاکییەکی هزرییە و چاوی سێیەمە و بە ڕەخنە کارە شانۆییەکە دەگاتە ئاستی پێگەیشتنی تەواو. من هەمیشە گوتومە: گەر بزووتنەوەیەکی چالاکی شانۆییمان هەبێت و ساڵانە وەرزی شانۆیی و ڕێپۆرتوارمان هەبێت، بێگومان ڕەخنەیەکی شانۆیی چالاک و باشیشمان دەبێت. کە تۆ شانۆت نەبێت و ساڵانە لێرە و لەوێ نەمایشێک پێشکەش بکرێت، چۆن داوای ڕەخنەیەکی شانۆیی ڕاستەقینە دەکەیت. ڕەخنەگر کار لەسەر هەموو ئەو توخمانە دەکات، کە پێکەوە نەمایشە شانۆییەکە پێک دەهێنن، بۆ نموونە سینۆگرافیا، کەل و پەلی بەکارهێنراو (ئێکسسوار) ڕووناکی، دەنگ، مۆسیقا، سەما، جووڵانەوە، بەرجەستەکردنی کارەکتەر، جل و بەرگ، دەمامک، تێکست، بینەران... هتد. لە شیکاری و ڕەخنەکەیدا بە دوای ستراکتور و پەیوەندییەکانی ئەم بەشە جیاوازانەدا دەگەڕیت، خاڵێکی گرینگیش بۆ هەموو ڕەخنەگرێکی وریا ئەوەیە، لە خوێندنەوەکەیدا، ئەوەمان بۆ روون بکاتەوە، کە چۆن لەم بەشانە بگەین و لە ستراکتورە گشتییەکەدا کۆبکرێنەوە. بیروڕای ڕەخنەگر لە کاردانەوەی فرە مەودا و جیاوازی بینەرانیشدا قووڵ دەبێتەوە؛ هەموو بینەرێک تێگەیشتنی تایبەتمەندی خۆی بۆ نەمایشەکە هەیە، بۆیە، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی دەبێت بەرامبەر بە کۆی پرۆسێسە شانۆییەکە. ئەمەیش پەیوەندی بە کەسی تاکی بینەرەوە هەیە: ئەزموون، ئاستی خوێندەواری، باری زانیاری لە بواری شانۆدا، چاوەڕوانکردنی لەو کارە، بیر و هەست و هۆش، تێروانینە ئێستاتیکی و مەسەلە ئایدۆلۆژییەکان، چێژ و حەزی بۆ ئەو ستایلی کارە، بێگومان پێگە و هەست و سۆزی ئەو کەسە، لە ڕۆژی نەمایشەکە و لە ناو هۆڵی شانۆکەدا. ئەگەر ڕەچاوی ئەمانەیشی کرد، بوار و مەودایەکی فراوانتر دەبەخشێت بە چۆنییەتی شیکردنەوە و دیدی ڕەخنەکەیەوە. هەر لەم کۆنتێکستی کار و پێداچوونەوەیەدا، ڕەخنەگر دەتوانێت بۆچوونەکانی لە خاڵێک یان چەند خاڵێکدا چڕ بکاتەوە، بۆ نموونە لە چ دەروازەیەکەوە شیکردنەوەکەی دەبەستێتەوە بە نەمایشەکەوە، وەکوو ڕووداوێکی شانۆیی سەیری دەکات و دەیبەستێتەوە بە بنەماکانی مێژووی شانۆوە یان دەیبەستێتەوە بە بنەمایەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، فەلسەفی یان ئەوەتا بۆچوون و دەروازەیەکی ئێستاتیکی پێدەبەخشێت.

کارە شانۆییەکان و ڕەخنەی شانۆیی وەکوو دوو هێڵی تەریب وان و پێکەوە درێژ دەبنەوە، یەکتری تەواو دەکەن و یەکتر دەوڵەمەند دەکەن. هەمیشە ڕەخنەگرە شانۆییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە دەوڵەمەندکردن و قووڵ کردنەوەی ئەزموونە شانۆییەکان و بە تیۆرەکردنی دیدی شانۆکار و ریژیسۆرە گەورەکان. هەر وەک لەوەوبەر  ئاماژەمان بۆ کردووە، ڕەخنە خوێندنەوەیەکی ئێستاتیکییە بۆ پرۆژە شانۆییەکان و ڕۆڵی ئەو نەمایشە لە ڕووی هزری و هونەری و ئێستاتیکییەوە بۆ ئەو ڕۆژەی ئەو نەمایشەی تیا پێشکەش کراوە، شیدەکاتەوە. 
ڕەخنە بریتی نییە لە دەستنیشانکردنی خاڵی بەهێز و لاواز یان شیکردنەوەی دەقە شانۆییەکە، کە زیاتر دەچێتە بواری ئەدەبی درامییەوە، بەڵکو ڕەخنە خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنەی کردەیی، ئێستاتیکە بۆ خودی نەمایشەکە؛ کردنەوەی کۆدەکانە، دیاریکردنی ڕایەڵە هونەری/هزرییەکانە بەو ڕۆژگارەوە، بە خوێندنەوەی دەقەکەوە، بۆ نموونە بۆ ئەو دەقە هەڵبژێردراوە، ریژیسۆر چ خوێندنەوەیەکی هەیە یان ئەو تیپ و گروپە لە چ دید و دەروازە و ڕوانگەیەکەوە ئەو دەقەیان هەڵبژاردووە؟ ئەو ئامرازانەی بەکارهاتوون، چ ڕۆڵێکیان لە شیکردنەوە و بەرجەستەکردنی دەقەکەدا هەیە، چ مانایەکیان پێدەبەخشێت و بە چ هێماگەلێکەوە پەیوەستن. بۆ نموونە، کە پیتەر بروک لە نەمایشی (کۆنفرانسی باڵندەکان)دا ئامڕازە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەرماڵ یان نوێژی ئیسلام بەکاردەهێنێت، ڕەخنەگرەکان هەوڵ دەدەن کۆدی بەرماڵ و چۆنیەتی نوێژکردن، وەکوو ڕیتواڵێک بە خوێندنەوەی نەمایشەکەوە بدۆزنەوە: پیتەر بروکێکی ڕۆژئاوایی بۆ ئامڕازە ڕۆژهەڵاتییەکان بەکاردەهێنێت و چ خوێندنەوەیەکی هەیە... هتد. 

ڕۆڵی ڕەخنەگر هەندێک جار ئەو بوارانەیش تێ دەپەڕێنێت و دەبێتە پردێک لەنێوان نەمایش و بینەراندا. بە چ شێوەیەک دەستی بینەران دەگرێت و چی پێ دەڵێت و چی فێر دەکات؟ زۆرجار ڕەخنەگری شانۆیی ناچار دەبێت کار لەسەر ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سەر شانۆ و هۆڵی بینەران، هەروەها لەنێو بینەرانیشدا دروست دەبێت، بکات. چی لەناو بینەراندا ڕوودەدات، چۆن ئەو ئاماژانەی ئاڕاستەی بینەران دەکرێن، بەشێوەیەکی پراکتیکی تێ بگەین و چۆن بیان خوێنینەوە. ئەوەی لەسەر شانۆ ڕوودەدات، دەیالۆگە، بەڵام تەنها لەسەر شانۆنا، بەڵکو لەنێوان شانۆ و بینەراندا، دەبێت لەو پەیوەندییە بگەین، ئەوەی لەسەر شانۆ لەلایەن هونەرمەندانەوە دەخوڵقێت و ئەوەی لەلای بینەران وەردەگیرێت. 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شانۆ، بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ڕەخنە بنەما تیۆری و ئێستاتیکییەکانی شانۆی داڕشتوە، ڕۆڵی هەبووە لە دەرکەوتنی ریژیسۆرەکاندا، بەهەمان شێوە لە گەشەی شانۆنامەنووسەکاندا ڕۆڵی یەکلایکەرەوەیان هەبووە. لەم ڕووەوە نموونەمان ئێجگار زۆرە؛ ئەگەر ڕەخنەگرەکان نەبوونایە، هەرگیز ناوێکی وەک (جۆن ئۆزبۆرن) ئەو گەشە خێرایەی نەدەکرد و ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لە شانۆی ئینگلیزیدا نەدەبینی. پیتەر بروک هەر لەسەرتاوە کۆمەڵێ ڕەخنەگری لەدەور بووە و تیۆرەی نەمایشەکانییان کردووە، هەر لە ڕوانگەی نەمایشەکانیشیەوە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەو ڕۆژگارانەیان داوەتەوە. ڕەخنەگری پۆلۆنی (یان کۆت) بە خوێندنەوە ڕەخنەییەکانی مەودایەکی تری بە شەکسپر بەخشی و ئەو هاوچەرخێتییەی ئەو لە شەکسپردا دۆزییەوە، شەکسپیری بەشێوەیەکی تر گەڕانەوە بۆ ئەم چەرخەمان. یان کۆت زەمینەیەکی تری بۆ ریژیسۆرەکانی دونیا کردەوە و لەو خوێندنەوەیەی ئەوەوە، شەکسپیر بەشێوەیەکی تر دەرکەوت. پیتەر بروک لە زۆربەی خوێندنەوەکانیدا بۆ شەکسپر دەگەڕێتەوە بۆ یان کۆت و بە کلیلە ڕەخنەییەکانی ئەو دەرگاکانی شەکسپر دەکاتەوە.

ڕەخنە هەمیشە بەشێکی جیانەکراوە بووە لە پرۆسە شانۆییەکە و تیۆر و پراکتیکی پێکەوە بەستۆتەوە؛ ڕەخنەگرەکان لەنێو کارە شانۆییەکاندا دروست بوون، لەنێو کارە شانۆیی و پرۆژە هونەری و رۆژانی مەشق و داهێنانەوە، ڕەخنەکانییان نووسیوە. بێگومان بەو کەسە ناوترێت ڕەخنەگر، کە بەر لەوەی بچێت بۆ بینینی نەمایشەکە بڕیاری دابێت چی بنووسێت، خراپ یان چاک؟ بەڵکو ڕەخنە خەمە، داهێنانە، پەروەردەکردنە، پێکەوە بەستنەوەی پارچە بچووکەکانە تا وێنە گەورەکە بۆ بینەران ڕوون ببێتەوە تا وێنە گەورەکە لە بەشە بچووکەکانەوە چارەسەرە هونەرییەکان ئاشکرا بکات و ئەو نهێنییانەی من و تۆ ، وەک بینەر، درکمان پێ نەکردووە بۆمان ئاشکرا و ڕوون بێتەوە.

زۆر جار پەیوەندییەکانی شانۆکار و ڕەخنەگر پەیوەندییەکی گرژ و ئاڵۆزە، بەتایبەتی ئەگەر لەسەر بنەمایەکی زانستی رۆنەنرابێت و شانۆکار هەست بکات، کەسی ڕەخنەگر تەنها کاری داشۆرینە یا شێواز و جۆری ڕەخنەکەی لە ڕوانگەی پەیوەندیی کەسێنییەوە دادەڕێژێت.
ڕەخنە هونەری ئاشکراکردنی نهێنییەکانە، ئامرازەکەیشی لە ئامڕازی شانۆکارەکان کەمتر نییە، ئەگەر شانۆ هونەری جەستە، هونەری وێنە و شیعرێکی وێنەیی بێت، ئەوا ڕەخنە هونەری دەرگاکردنەوەیەکی ئەفسونییە بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکان، هاوکات هێشتنەوەی نهێنییەکانە لە ئاشکراکردنی نهێنییەکاندا. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ڕەخنە هونەرێکی پڕ لە نهێنی و کردنەوەی نهێنییەکانیشە. ئەمە چۆن ڕوونبکەمەوە: کە ڕەخنەگر کۆدەکانی نەمایشێک دەکاتەوە، بنەما ئێستاتیکییەکانی دەخوێندێتەوە و نەمایش و بینەران/خوێنەر لە پانتاییەکی تردا کۆدەکاتەوە، نهێنییەکی تر لەنێو خودی نەمایشکەدا دروست دەکات، کە نهێنی ڕەخنەگرە. هەمیشە ڕەخنەگری سەرکەوتوویش دید و دونیادیدەی خۆی بۆ ڕۆڵی شانۆ و شانۆ لە کۆمەڵدا هەیە؛ ئەم دونیادیدەییەش لەگەڵ هەموو بینێنێک و لەگەڵ ڕووداوەکانی رۆژگار و ئەزموونەکانی ژیاندا قووڵ دەبێتەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و فۆرمی تری هزری و هونەری لەخۆدەگرن.
 
 
هەر سەبارەت بە پرسی ڕەخنە و ڕەخنەگر، کاری ناوەندەکانی خوێندنی شانۆ (ئەکادیمیا و پەیمانگاکان) لە هەرێمی کوردوستان بۆ ئەم بابەتە، چۆن دەبینن؟
 
بەداخەوە، نە پەیمانگا و نە ئەکادیمیا، هیچ گرینگییەکیان بەم بوارە نەداوە، ئەمەیش جێگای پرسیارە؟ دەبێت ئەو ڕاستییەیش بڵێن، کە خوێندنی ڕەخنە و ڕەخنەی  شانۆیی بۆ ئەم لایەنانەیش گرانە و هەروا بە ئاسانی مەنهەجی خوێندن بۆ ئەم بوارە دەستەبەر ناکرێت، بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم، هیچ هەوڵێکیش نەدراوە بۆ داڕشتنی وانەیەکی لەم شێوەیە. بۆ نموونە کەسێکی پسپۆری دەوێت، هاوکات کەسانێکی پسپۆریش بۆ دروستکردن و داڕشتنی ئەو بنەمایانەی دەبێت بخوێنرێت: ڕێبازە ڕەخنەییەکان، ئەدەبییەکان و ڕۆڵی زانستی ئێستاتیکا و فەلسەفە، شیکردنەوەی دەق و خوێندنی بنەما ئەنترۆپۆلۆژییەکان. ئەمە جگە لە شیکردنەوەی نەمایش و شارەزابوون لە بوارە کردەیی و پراکتیکییەکەی شانۆ و پرۆسەی نواندن و ریژی. چۆنییەتی نووسینی دەقی شانۆیی و دراماتۆرگی. دواتر چۆن ئەمانە پێکەوە ببەسترێنەوە و لە خوێندنەوەی نەمایشێکی شانۆیدا پراکتیزە بکرێن. هەروەها ڕەخنەی شانۆیی چەندە تیۆرییە و قوتابی دەبێت لەسەر خوێندنەوەی بەردەوام و شیکردنەوە و خوێندنەوەی جیاوازەوە بۆ دەقە کلاسیکی و مۆدێرنەکانیش ڕابهێنرێت، هێندەیش کردەیی و پراکتیکییە: دەبێت قوتابی ڕووبەرووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە و دیمەنی هاوڕێکانی، دواتر نەمایشەکانیان شیبکاتەوە و هەڵیانسەنگێنێت، لە شانۆکاندا گەورەبن و هەست بەو تەنگەژانە بکەن، کە ریژیسۆر و ئەکتەر لە کاتی پرۆڤەدا پیا تێدەپەڕن و چۆن چارەسەریان بۆ دەدۆزنەوە. ئەگەر ڕەخنەگر یان ئەو قوتابیانەی بۆ ئەم بوارە ڕادەهێنرێن، بەشێک نەبن لە لایەنە کردەیی و پراکتییکییەکە، ڕەخنەگرێکی مردویان لێ دەردەچێت و وشەکانیان بێگیان و تێڕوانینەکانیان تەنها وشەی سەر کاغەز دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان هەبێت. هەر بەپێی ئەم ئاڕاستەیە خۆشەویستی شانۆ لەلای ئەو قوتابییە دروست دەکەیت، کە لە ئایندەدا دەبێت بە ڕەخنەگر، نەک هەر ئەوە، بەڵکو فێری ئەوەیشی دەکەیت، خۆشەویستی بۆ شانۆ مانای چی دەگەیەنێت و دەیکاتە ڕەخنەگرێکی وریا و هەمیشە لە تازەکردنەوەی تیۆرییەکانیدایە. ڕەخنەگرە مردوو و دابونەریتگاییەکان، هەمیشە هەمان تیۆرییان هەیە و بۆ هەموو نەمایشێک بەکاری دەهێنن و دەیجونەوە و دەیجونەوە.

دیلمان سەڵاح لە تەوەری ڕەخنە و شانۆدا

ڕاڤیار نەوزاد لە تەوەری ڕەخنە و شانۆدا











هه‌والی زیاتر