ملوانکەی ستیل لە هیندستان خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەدەستهێنا

06/08/2015    14:32

ملوانکەی ستیل لە هیندستان خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەدەستهێنا 


Cînema

سولی ئۆن وێب

کورتە فیلمی ملوانکەی ستیڵ لە نووسینی حەمە فەریق حەسەن و دەرهێنانی زانیار عەزیزی خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کلکتەی وڵاتی هیندستان بەدەستهێنا.
 
حەمە فەریق حەسەن سەبارەت بە دروستبوونی ئەم فیلمە دەڵێت، "ملوانکەی ستیڵ ناوی کۆچیرۆکێکی منە، ساڵی ٢٠٠٤ لە دەزگەی ئاراس، لە هەولێر چاپ و بڵاوبووەتەوە. یەکێک لە چیرۆکەکانیشی ناوی ملوانکەی ستیلە. ئەم دەقە بۆ زمانی فارسی وەرگێڕدراوە. لێرەوە زانیار عەزیزی هونەرمەندی کوردستانی ڕۆژهەڵات خوێندوویەتیەوە و کردوویەتی بە فیلمێکی کورت، کە ماوەکەی سیانزە خولەکە."

هەروەها دەڵێت، "ئەم کارە، پێشتر، لە مانگی مایسی ئەمساڵدا لە فیستڤاڵی لیشبۆنە بۆ کورتە فیلم، لە وڵاتی پورتوگال بەشدار بوو. لە زۆر فیستیڤاڵی تریش بەشدار دەبێت. ئێستایش لە فیستڤاڵی کولکەتە-ی وڵاتی هیندستان خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرتووە. واتە ئەم فیلمە خاوەنی باشترین دەق و باشترین دەرهێنان و باشترین نمایش و دەنگە." 

چیرۆکی فیلمەکە باس لە مەردان دەکات، کە کوردەو خەڵکی خورماتووە، لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا بەشداری دەکات. دوای تێکشانی ڕاپەڕین لەوێ، ناچار دەبێ بە خێزانەوە ڕووبکاتە ناوچەی پێنجوێن، لەوێ بێ ئەوەی هیچی لێ بزانێت، لە کێڵگەی میندا کار دەکات. پەیکەری ئێسکیی سەربازی ئێرانی، کە لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عیراقدا کوژراون دەباتەوە بۆ ئێران، بەو ملونکەیەوە کە لە ستیل دروست کراوەو ناوو ناونیشانی سەربازە بە مین کوژراوەکەی لەسەر هەڵکۆڵراوە. ئەو لەبەرانبەر ئێسکە پەیکەری هەر سەربازێکدا فەردەیەک ئارد وەردەگرێت و بەوە خۆی و منداڵەکانی بەخێو دەکات، دواجار لەو دەمەدا کە ئێسکە پەیکەری سەربازێکی بەکۆڵەوەیە، مینێک لە بن پێیدا دەتەقێت و خۆیشی دەبێت بە قوربانی.








هه‌والی زیاتر