ڕۆمانێكی دیكه‌ی ئەرنست هەمینگوای بە کوردی بڵاودەکرێتەوە

12/08/2015    19:41

ڕۆمانێكی دیكه‌ی ئەرنست هەمینگوای بە کوردی بڵاودەکرێتەوە 


Têkst

سولی ئۆن وێب


دوای وەرگێڕانی دوو ڕۆمانی دیکەی هەمینگوای، "خۆر دیسان هەڵدێتەوە" کە یەكەمین رۆمانی ئەرنست هەمینگوای (Ernest Hemingway) نووسەری ئەمریكییە کە لەلایەن جەبار سابیرەوە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوە و بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بڵاوبکرێتەوە. ئەم ڕۆمانە  خاوەنی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتی ساڵی ١٩٥٢ـە و وەك زۆربەی رۆمانەكانی دواتری هەمینگوای قسەكردنە لەسەر شەڕ، باس لە شەڕی یەكەمی جیهان ئەكات. پاڵەوانی رۆمانەكە "جیك بارنز" رۆژنامەنووسێكی ئەمریكییە، كە دوور نییە خودی نووسەر بێت، لە پاریس ئەژی و لەوێش كاری رۆژنامەوانی دەكات. ئەم رۆژنامەنووسە لە شەڕەكەدا بەشداربووە و پاش برینداربوونی حەزی سێكسی لە دەست ئەدات. گەر بیرتان بێت لە رۆمانی "ماڵئاوایی لە چەك"یش كارەكتەری سەرەكی بریندار ئەبێ. 


جەبار سابیر وه‌رگێڕی ڕۆمانەکە له‌ باره‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه‌ ده‌ڵێت: "هەمینگوای لەم رۆمانەدا باسی نەوەیەك دەكا كە داهاتوویان فەوتاوە و بەوەرگرتنی دێڕەشیعرێكی "گرۆتەر ستاین"ی شاعیری ئاوانگاردی ئەمریكی كە لە سەرەتای سەدەی بیستدا لە پاریس ژیاوە و ماڵەكەی شوێنی كۆبوونەوەی هونەرمەندان و نووسەرانی ناسراوی دنیابووە. ئەم شاعیرە دەڵێ: ئێوە نەوەیەكی لە دەستدەرچوون. ئەو نەوەیەی ستاین و دواتر هەمینگوایش باسی ئەكەن نەوەی سەردەمی شەڕە گەورەكانن كە هیچ داهاتوویەكیان دیار نییە و شەڕ بەهای بۆ هیچ شتێكی ژیانیان نەهێشتۆتەوە لە كۆمەڵگەدا."


وتیشی: "كارەكتەرەكانی هەمینگوای لەم رۆمانەدا زۆر خۆشگوزەرانن و هەمیشە بە شوێن چێژەوەن و تەنانەت لە پاریسەوە دەچن بۆ ئیسپانیا و لەوێ بەشداری كەرنەڤاڵی گابازی ئەكەن. بەڵام ئەمانە لە ناخەوە لە ژیان رازی نین و هەمیشە هەست بە كێماسی شتێك ئەكەن. ئەمەیش بۆشاییەكە و شەڕی یەكەمی جیهان لەواندا دروستی كردووە. ئەمانە هەمیشە بەشوێن بەختەوەرییەوەن و كەچی هەر نایگەنێ. هەرچی پیاوی ناو ئەم رۆمانەیە پێیوایە ئەو رووخسارەی دۆزیوەتەوە كە ئەیەێ پیشانی دنیای بدات. بەڵام لە ناخەوە پەرێشان و شێواون. هەموو پێیانوایە و وادەنوێنن متمانەیان بە خۆیانە، بەڵام هەر خۆشیان تێدەگەن وانییە و ئەمە رووكاری بابەتەكانە. ئەم ئازارەی كارەكتەرەكانی هەمینگوای كە لە زۆربەی رۆمانەكانیدا هەیە، ئازاری تەواوی مرۆڤایەتییە، بۆیە نووسەرێكی گەورەی وەك ویلیام فۆكنەر ئەڵی: هەمنیگوای لەبری خوا ئەنووسی."












هه‌والی زیاتر