فۆتۆگرافەران باسی ڕەوشی فۆتۆ و فۆتۆگرافەر دەکەن لە هەرێمی کوردستان

20/08/2015    00:13

فۆتۆگرافەران باسی ڕەوشی فۆتۆ و فۆتۆگرافەر دەکەن لە هەرێمی کوردستان 


Şêwekar

ئامادەکردنی: سولی ئۆن وێب – ئاراس عەبدوڵڵا


دیاری کردنی ١٩ی ٨ وەک رۆژی جیهانیی فۆتۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٣٩ کاتێک جۆزێف نیسفۆر نیپس و لویس داگیر هەریەکەیان بەجیا پێشکەوتنی زیاتر لەو پرۆسیجەرەدا دەکەن کە لویس داگیر دروستی کردووە، ناوی "کایلۆ تایپ"بووە و بۆ فۆتۆگرتن بەکار هێنراوە. پاشان لە بەرواری ١٩ی ٨ی هەمان ساڵدا حکومەتی فەڕەنسی بەهاوکاری ئەکادیمییانی فەڕەنسی دان بەم داهێنانەدا دەنێت و ئاشکرای دەکات و داهێنانەکە وەک دیارییەک وەسف دەکات. شایەنی باسە لە پێشتردا و لە ساڵی ١٨٢٦ جۆزێف نیسفۆر نیپس فۆتۆیەکی گرتووە بەڕێگایەک کە هیلیۆگراف ناسراوە "View from the Window at Le Gras" ناوی فۆتۆکەیە.
هەر لەبەر ئەم داهێنانەشە کە ١٩ی ٨ی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی فۆتۆ دەستنیشان کراوە و لەو ڕۆژەدا چەندین چالاکی بەو بۆنەیەوە لە دونیادا بەڕیوە دەچێت. لەم ڕاپۆرتەی سولی ئۆن وێبدا هەوڵدەدەین لەمیانی ئەزمونی چەند فۆتۆگرافەرێکی کوردەوە تیشک بخەینە سەر ڕەوشی فۆتۆ لە کوردستان، هاوکات مامۆستایەکی پێشوی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی باسی ناوەندەکانی خوێندن دەکات لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە فۆتۆ.




         بنار سەردار                                    فایەق حەمەساڵح                       هاوڕێ خالید




بنار سەردار یەکێکە لە کچە فۆتۆگرافەرەکانی کوردستان کە ماوەی چوار ساڵە لەبواری فۆتۆستۆریدا کاردەکات و چەندین فۆتۆستۆری لەسەر بابەتی جیاواز تائێستا بڵاوکردووەتەوە، ئەو سەبارەت بە فۆتۆ ستۆری دەڵێت: "فۆتۆ ستۆری گێرانەوەی چیرۆكە بە شیێوەیەكی هونەری كەوا لە مرۆڤ دەكات كات و یادگاریەكانی بپارێزێت،  یان پیاهەڵدانە بە جیهان لەو رێگایانەوە كە دەیانبینین."


ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە: "تا ئێستا ئاستەنگیەكی وام بۆ دروستنەبووە كە جێگەی باس بێت، چونكە تارادەیەكی باش توانیومە خۆم بگونجێنم لەگەڵ ئەو كەسانەی كە ستۆریان لەسەر دەكەم، بگرە بوونەتە هاوڕێم."


هاوڕێ خالید فۆتۆگرافەرێکی کوردە کە تا ئێستا چەند کارێکی لە میدیای دەرەوەدا بڵاوبووەتەوە، سەبارەت بە ڕەوشی فۆتۆ لەناو میدیا کوردییەکان بەراورد بە میدیا جیهانییەکان دەڵێت: "لە دەرەوە سەرجەم بوارەکان گرنگی خۆیان هەیە بەبێ ئەوەی هیچ بوارێک لەوی دیکە کەمتر سەیربکرێت، لە ناوەندی ڕۆژنامەوانی بەگشتی و فۆتۆگرافییەکان بەتایبەتی. ئەگەر ئەم حاڵەتە بەراورد بکەی بە ئێرە، ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە. زۆر بەداخەوە دەتوانم بڵێم تا ئەم دەقەیە نەک فۆتۆگرافی بگرە ڕۆژنامەوانی بەهەموو لقەکانییەوە %١٠٠ هەڵەیە، کەواتە ئێمە ئەگەر نەتوانین لە ڕۆژنامەوانی تێبگەین چۆن دەتوانین لە فۆتۆ تێبگەین کە لقێکە لە ڕۆژنامەوانی."
 

دەربارەی ناوەندەکانی خوێندن و بەشەکانی ڕاگەیاندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا، مامۆستایەکی پێشووی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی کە وانەی فۆتۆی دەوتووە ئاماژە بەوە دەدات کە گرنگی بە لایانی فۆتۆگرافی نادرێت لە زانکۆکاندا و تەنیا وەکو کات بەڕیکردن لێی دەڕوانێت، فایەق حەمەساڵح  فۆتۆگرافەر و مامۆستای پێشووی زانکۆی سلێمانی هۆکارەکانی خراپیی ئەو بەشانە دەخاتە ڕوو و دەڵیت: ". هۆکار زۆرە؛ یەکەم مەنهەج، چۆن؟ لە مەنهەجدا تەنها یەک کۆرسە و، هەفتەی سێ کاژێر تەرخان کراوە بۆ فۆتۆگرافی، هەروەها نەبوونی پێداویستی پراکتیکی وانەکە و زۆریی ژمارەی خوێندکار لە پۆلەکاندا ( ٣٠ - ٤٠ ) خوێندکار لە هۆلێکدا، قبوڵ مەرکەزی."


ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژە بە هۆکارێکی گەورەی ئەو کێشانە دەکات و دەڵێت: "وەرگرتن و دانانی خوێندکار دوور لە حەزی ئازادانەی خۆی کە بەڕای من ئەمە گەورەترین کێشەی ئەو بەشەیە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێویستە بەشێکی تایبەت بکرێتەوە کە خوێندکار دوو ساڵ ( فۆتۆگراف ) بخوێنێت و دبلۆم وەربگرێت تەنها لە ( فۆتۆگرافیدا ) بەهەموو جۆر و بەشەکانیەوە، دەکرێت ساڵی یەکەمی ئەو بەشە گشتی بێت و مەنهەجی دایک ی میدیا بخوێنرێت و ساڵی دووەم وەک چۆن ڕۆژنامە و تی ڤی جیاکراوەتە ئاواش فۆتۆگراف جیا بکرێتەوە ."

هاوڕێ خالیدی فۆتۆگرافەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ سولی ئۆن وێب تیشک دەخاتە سەر چەند کێشەیەکی دیکەی بواری فۆتۆ و فۆتۆگرافی لە کوردستان و دەڵێت: "کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە بەڕێوەبەری میدیاکان دەیانەوێت بە حەزی ئەو کار بکەیت کە ئەمەش هەڵەیە، کەواتە کاتێک لێرە فۆتۆ گرنگی پێنادرێت لەلایان میدیاوە هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەرپرسی دەزگاکە حەزی لێی نییە."

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "فۆتۆ لە کوردستان وەکو شیعری لێهاتووە، هەموو کەس پێی دەوێرێت، شتێک کە لەکاری فۆتۆگرافیدا گرنگە ئەوەیە کە فۆتۆی جوان شتێکە و فۆتی باش شتێکی دیکەیە، کە دەزگاکان ئەمە جیاناکەنەوە، هەروەها فۆتۆ پێویستی بە فۆتۆ ئیدیتۆرە کە فۆتۆگرافەر ناتوانێت بیکات، کەچی سەیردەکەی بەڕێوەبەری دەزگاکان زۆرجار بڕیار لەسەر فۆتۆکان دەدەن بەبێ ئەوەی بابەتێکی لەسەر فۆتۆ خوێندبێتەوە پێشتر."


هاوڕی خالید باسی گرنگی فۆتۆ بۆ میللەتێکی وەکو کورد دەکات و دەڵیت: "ئێمەی کورد دەبوو لەهەموو میللەتێکی دیکە زیاتر ڕێزمان لە وێنە بگرتایە، چونکە وێنە ئەنفال و هەڵەبجەی بەجیهان ناساند."

هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ