فیلمی (ونبوون لە غوباردا) لە بڕیتانیا نمایش دەکرێت

22/08/2015    17:46

فیلمی (ونبوون لە غوباردا) لە بڕیتانیا نمایش دەکرێت 


Cînema

سولی ئۆن وێب

فیلمی (ونبوون لە غوباردا)ی دەرهێنەری کورد سۆران ئیبراهیم بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە فیستیڤاڵێکی سینەمایی نێونەتەوەیی لە وڵاتی بڕیتانیا بەشداری دەکات. ئەم فیلمەی سۆران ئیبراهیم دەیەوێت لە ڕێگای چیرۆکێکی ئەویندارییەوە تراژیدیای ئەنفال بگێڕێتەوە.

سۆران ئیبراهیمی دەرهێنەری فیلمەکە لەبارەی بەشداریکردنی لەو فیستیڤاڵیدا ڕایگەیاند: "فیلمی (ونبوون لە غوباردا) بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان و وەک تاکە فیلمێکی کوردی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی (٢٠ ساڵەی لەدایکبوونی فیستیڤاڵی فیلمی پۆرتۆبیلۆ) کە لە وڵاتی بڕیتانیا ئەنجام دەدرێت، بەشداری دەکات."

فیلمی (ونبوون لە غوباردا) لەلایەن تاهیر عەبدوڵا پشتگیری کراوەو و بەرهەم هاتووە. سیناریۆی ئەم فیلمە لەلایەن هێمن حەیدەری و یاریدەدەری دەرهێنەریش نەزیر میرزاییە. کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لەلایەن حەمید قەوامی ئەنجامدراوە و یاریدەدەری وێنەگرتنی فیلمەکەش عەلی مورادییە. دیزاینی لۆکەیشن سۆران ئیبراهیمی دەرهێنەر خۆی ئەنجامی داوە. بەڕێوەبەری بەرهەم بریتییە لە ئەکبەر گوڵی، دەنگ هەڵگریش محەمەد تۆریەوەریان. قادر فەرەجی کاری وێنەگرتنی ئەنجام داوە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنیش شۆڕش محەمەدە. نواندنی فیلمەکە لەلایەن سۆران ئیبراهیم، دیمەن زەندی و پەیام عەلەوییەوە ئەنجام دراوە. کاری مۆنتاژیش سۆران ئیبراهیم و تۆفیق ئەمانی ئەنجامیان داوە. 

پێشتر ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی هەولێر خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی وەرگرت و هەروەها لە خولی ٥٢ەمین فیستیڤاڵی فیلمی ماڵتا خەڵاتی سوارچاکی زێڕینی بەدەستهێنا و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا لە خولی ٣٦ەمین فیستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی قاهیرە بەشداری کردووە و لە چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی جیهانیی دیکەش بەشداربووە.

لە خولی پانزەهەمینی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەیروت کە لە وڵێ‌تی لوبنان ئەنجام دەدرێت، فیلمی (ونبوون لە غوباردا) لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا بەشداری دەکات و کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتەکە دەکات. 

ساڵی ٢٠١٤ش لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە خەڵاتی لاوی ساڵ وەک باشترین سینەماکار درایە دەرهێنەر سۆران ئیبراهیم. 

بڕیارە (٢٠ ساڵەی لەدایکبوونی فیستیڤاڵی فیلمی پۆرتۆبیلۆ) لە ڕۆژی ٤ی ئەیلوولی ٢٠١٥ دەستپێبکات و هەتا ڕۆژی ٢٠ی ئەیلوول بەردەوام بێت.



هه‌والی زیاتر