لە تورکیا سێ کتێب لەبارەی بەهمەنی قوبادییەوە بڵاوکرایەوە

25/08/2015    21:54

لە تورکیا سێ کتێب لەبارەی بەهمەنی قوبادییەوە بڵاوکرایەوە 


Cînema

سولی ئۆن وێب

مەنسووڕ جیهانی بەڕێوەبەری کارەکانی بەهمەنی قوبادی لە پەیجی تایبەتی دەرهێنەر ڕایگەیاند کە سێ کتێب سەبارەت بە فیلمەکان و سینەمای تایبەتی بەهمەنی قوبادی بە زمانی تورکی لە وڵاتی تورکیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە و خراوەتە بەر دیدی خوێنەران. 

کتێبی یەکەم بە ناوی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" کە تەواوی کتێبەکە شیکردنەوە و تێڕامانە لە سێیەمین فیلمی سینەمایی بەهمەنی قوبادی کە هەمان ناوی هەڵگرتووە. 

کتێبی دووەم بە ناوی "سینەمای کوردی"ە کە تیایدا نووسەر ئاماژە بە سینەمای کوردی دەکات و بەشێکی سەرەکیی ئەم کتێبە سەبارەت بە تەواوی فیلمەکانی "بەهمەنی قوبادی"یە کە تاکوو ئێستا سازی کردوون. لەم کتێبەدا بۆیەکەمین جارە چاوپێکەوتنێکی بەهمەنی قوبادی بڵاودەکرێتەوە کە لەگەڵ دەرهێنەری ناوداری ئیتاڵی "بێرناردۆ بێرتۆلوچی" سازی کردووە. هەروەها لەم کتێبەدا بە تێروتەسەلی ئاماژە بە سینەمای کوردی دەکرێت و لەو بارەیەشەوە "ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"ی بەهمەنی قوبادی بە دەستپێکی سینەمای کوردی ناو دەبات. دیسانەوە باس لەوە دەکات کە شەپۆلی سینەمای کوردی لە کوردستانی ئێران لە فیلمەکانی ئەم سینەماکارە بە ئەزموونەوە سەریهەڵداوە.

 ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای "ئاگۆرا کیتاپلیگی" چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن ماڵپەری ناوداری "ئەمازۆن" ڕیکلامی بۆ دەکرێت. 

کتێبی سێیەم بە ناوی "پەردەی ڕەش و سپی" بە تەواوی سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" ی پێنجەمین بەرهەمی ئەم سینەماکارە کوردەیە. ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای "سینەما ئایرینتی" چاپ و بڵاوکراوەتەوە و خراوەتە بەر دیدی خوێنەرانی کتێب لە وڵاتی تورکیا. 

سەرچاوە: پەیجی تایبەتی بەهمەنی قوبادی 





هه‌والی زیاتر