دەربارەی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک

28/08/2015    19:21

دەربارەی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک 


Cînema

پشتیوان کەمال

فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک لە ٩ی ئەیلوولدا دەست پێدەکات و چەندین فیلمی باش نمایش دەکرێن و جەندین دەرهێنەری ناوداریش لەم فیستیڤاڵەدا ئامادە دەبن.

لەم ساڵدا ٤٤ فیلمی کوردی و ٩٣ فیلمی جیهانی لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن، دابەشکراون بەسەر چەندین بەشی جیا جیادا، پێک هاتوون لە بەشی نمایشە تایبەتیەکان، بەشی سینەمای فەرەنسی، بەشی لە ژێر سێبەری مێژوودا، بەشی سینەمای خێزانی، بەشی فیلمە جیهانییەکان کە لە فیلمی درێژ و کورت و دۆکومێنتەری پێک دێن، هەروەها بەشی سینەمای کوردی کە ئەویش لە فیلمی درێژ و کورت و دۆکومێنتەری پێک دێن. 

هەر یەک لەم فیلمانە جۆرێک لە نمایش(پریمیێر)یان هەیە، بەڵام زۆربەری هەرە زۆری ئەو فیلمانەی بەشدارن بۆ جاری یەکەم لە کوردستان نمایش دەکرێن!تەنها  ٣ فیلم پێشتر لە کوردستان نمایش کراون، بەڵام ئەوانە لە بەشی پێشبرکێ دا نین. چونکە هەموو ئەو فیلمانەی لە بەشی پێشبرکێ دا بەشدارن، مەرجەکەیان ئەوەیە کە پێشتر لە کوردستان دا نمایشی فەرمی بۆ نەکرابێت.

زۆر فیلمیش هەن کە نمایشی جیهانی و نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە فێستیڤاڵی دهۆک دا دەکرێت، واتا یەکەمین نمایشیان لە فێستیڤاڵی دهۆکدا دەبێت. 

ئەمساڵی شەش پێشبرکێ لە فێستیڤاڵدا دەبێت، پێشبرکێی درێژە فیلمی جیهانی، فیلمی دۆکومێنتەری جیهانی، کورتە فیلمی جیهانی، هەروەها پێشبرکێی درێژە فیلمی کوردی، فیلمیدۆکومێنتەری کوردی، کورتە فلمی کوردی، هەروەها ١٤ خەڵاتیش بۆ ئەم پێشبرکێیانە تەرخان کراون.

دەربارەی بلۆکی فەڕەنسی فیستیڤاڵ
بینا قەرەداغی بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند: "بە هەماهەنگی لەگەڵ ئینستیتوتی فەرەنسی، کە نوێنەری لە کوردستان (ستێفان تێلەر)ە، زیاد لە ٢٠٠ هەڵبژاردەیان بۆ ناردین و لیژنەی هەڵبژاردنی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک لە ئەڵمانیا ٩ فیلمیان هەڵبژارد بۆ بەشی بلۆکی فەڕەنسی کە تێکەڵێکن لە فیلمی کلاسیک و مۆدێرن."

قەرەداغی دەشڵێت: "فەرەنسا لە زۆر بەشی تریشدا بە فیلمەکانیان بەشدارن بۆ نموونە لە بەشی فیلمی خێزانی هەروەها لە بەشەکانی پێشبرکێی جیهانی و کوردیشدا!" 

سەبارەت بە هۆڵی نمایشی فیلمەکان قەرەداغی دەڵێت: "دەتوانم بڵێم هۆڵەکانی ئەم ساڵ لە ساڵانی پێشوو دەوڵەمەندترن، کە لە هەر ٣ هۆڵی سینەماکسی مازی مۆڵ فیلم نمایش دەکرێن هەروەها ڕۆژی ئۆپێنیگ و کلۆسینگی فێستیڤاڵ لەگەڵ بەشێک لە فیلمەکان لە هۆڵی کۆنگرەکانی زانکۆی دهۆک دا دەکرێن کە زۆربەی ئەو فیلمانە فیلمی پێشبرکێن و ڕێ و ڕەسمی فەرشی سور یان هەیە و دوبارەیان لە هۆڵەکانی سینەماکس دەبێت."

شەمال سەبڕی، جێگری ڕێوەبەری هونەری فێستیڤاڵەکە لە بارەی ئەو پەیوەندییەوە دەدوێت کە دروستبووە لە نێوان فیستیڤاڵی دهۆک و ئاسیا پاسفیکدا.

ئەو دەڵێت: "ئامانجی فێستیڤاڵی دهۆک نەک بە تەنیا لە دروستکردنی بنکەیەکە بۆ سینەماکارانی کورد، بەڵکو لە هەمان کاتدا ناساندنی سینەمای کوردی یە بە جیهان."

هەروەها دەڵێت: "هەر لە سەرەتای سازکردنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دهۆک، ستافی فێستیڤاڵ بە بەردەوامی کاریان لە سەر ناساندنی سینەمای کوردی کردووە بە جیهان ئەوەش لە ڕێگای پڕۆگرام و چالاکی تایبەت و پلان بۆ دانراو. وەکو ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تایبەت لە فیلمی کوردی و نمایشکردنیان لە فێستیڤاڵی جیهانی بۆ نموونە فێستیڤاڵی ناشڤیڵ لە ئەمریکا، ویلایەتی تێنیسی لە ژێر ناوی (ئاهەنگی فیلمی کوردی)، هەروەها چەندین پرۆگرام و بلۆکی تری فیلمی کوردی ئامادەکران کە لە سەرانسەری فیستیڤاڵەکانی جیهانەوە وەکو (کارلۆڤیڤاری لە چیک، ترۆمسۆ لە نەرویج)، جگە لە چالاکی تایبەت بۆ پێشبردنی گەنجان ئەوەش لە ڕێی بەشداری کردنی گەنجانی کورد لە ڕێی فێستیڤاڵی دهۆکەوە لە فێستیڤاڵەکانی گەنجانی جیهانی بۆ نموونە فێستیڤاڵی نۆردیکی گەنجان لە نەرویج."

سەبڕی بەردەوام دەبێت: "هەر بۆ بەدەستخستنی ئەم ئامانجە، دوای بە دەست خستنی نازناوی نێودەوڵەتی، فێستیڤاڵی دهۆک پێشنیاری نوێنەرایەتی ئاسیا پاسیفیکی کرد، کە تا پێش فێستیڤاڵی دهۆک، فێستیڤاڵی خەلیج نوێنەرایەتی عیراقی دەکرد. و دوای ماوەیەکی کورت لە لێکۆڵینەوەیان بۆ فێستیڤاڵی دهۆک، و بە پێی مەرجە جیهانییەکانی ئەندامەتی ئاسیا پاسیفیک، لەبەر ئەوەی دهۆک لە سەر ستاندەردە جیهانیەکان سازکراوە و هەموو مەرجە پێویستەکانی تێدا بوو بۆ وەرگرتنی ئەو نازناوە، توانیمان ببین بە ئەندامێکی تۆمارکراو لە ئاسیا پاسیفیک و نوێنەرایەتی عیراق بکەین لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان دا شان بە شانی ٧٢ ووڵاتی ئاسیا، فێستیڤاڵی دهۆک ساڵانە دوو بۆ چوار بەرهەم کاندید دەکات کە نوێنەرایەتی عیراق بکەن لەو فیستیڤاڵەدا."

هەروەها دەڵێت: "وەرگرتنی پۆستی ئەندامەتی ئاسیا پاسیفیک یەکێکە لە باوەڕنامە جیهانییەکان بۆ فێستیڤاڵی دهۆک، باوەرنامەیەکە کە پەسەندی ئەو چەندە دەکات کە فیستیڤاڵی دهۆک لەسەر بنەما و ستاندەردە جیهانییەکان دانراوە. سەرەڕای ئەوەش، سەرکەوتنێکە بۆ سینەمای کوردی، کە فێستیڤاڵێکی کوردی نوێنەرایەتی عیراق بکات، کە نەک ئەم پۆستە لە فێستیڤاڵێکی تری عێراقی وەرگرتووە بەڵکو توانیویەتی لە فێستیڤاڵێکی عەرەبی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت. هەروەها، ئەم پۆستە گرنگیەکی گەورەی هەیە بۆ فیلمسازانی کورد، کە ئیتر دەرفەتێکی گەورەیان هەیە لە ڕێی فێستیڤاڵی دهۆکەوە بەرهەمەکانیان بگەیەننە ئیڤێنتی خەڵاتەکانی ئاسیا پاسیفیک، کە بە ئۆسکاری ئاسیا دەناسرێت."



هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw