فیلمەکانی یەڵماز گونەی نوێدەکرێنەوە

02/09/2015    16:51

فیلمەکانی یەڵماز گونەی نوێدەکرێنەوە 


Cînema

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

یانزە فیلمی دەرهێنەری کورد، یەڵماز گونەی، بە کوالێتییەکی بەرزترەوە لەلایەن وەزارەتی کلتوور و گەشتیاری تورکیاوە نوێدەکرێنەوە.

ماوەیەکە تورکیا کار لەسەر ئەوە دەکات کە فیلمەکانی یەڵماز گونەی بە کوالێتیەکی بەرزتر پیشان بداتەوە، یەکەمین فیلمیش لەم پڕۆژەیەدا بریتییە لە فیلمی (هیوا) "Umut"، کە لە ئێستادا هەموو کارەکانی نوێکردنەوەی تەواوبووە و ئامادەیە بۆ نمایش، وەزیری کلتووری تورکیا، عومەر چەلیک، لە ڕۆژی هەینیدا ئەم هەواڵەی بە ئاژانسی هەواڵی دۆغانی ڕاگەیاند.

فیلمی هیوا کە گونەی بە هاوبەشی لەگەڵ شەریف گۆرێن کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە و تیایدا گونەی ڕۆڵی سەرەکیش دەبینێت لە فیلمەکەدا، ئەمساڵ فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی ڤینیسیادا پیشان دەدرێت، کە بڕیارە لە ٢ بۆ دوانزەی سێپتەمبەر فیستیڤاڵەکە دەست بە چالاکیەکانی بکات. ئەم فیلمە یەکێکە لەو ٢١ فیلمەی کە لە بەشی کلاسیکی فیستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن، کە هەموو ئەم فیلمانە بریتین لەو فیلمە کلاسیکیانەی کە لە سەرانسەری جیهانەوە نوێکراونەتەوە و بە کوالێتیەکی بەرزتر نمایش دەکرێن.

وەزیری کلتووری تورکیا هەروەها دەڵێت کە هەڵبژاردنی ئەم یانزە فیلمەی گونەی کە تیایدا کاری دەرهێنان و نواندنی بۆ کردووە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورە کە تیایدا وەزارەت بۆ ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر نوێکردنەوەی فیلمە کلاسیکیەکان دەکات و بە کوالێتیەکی بەرزتر ئامادەیان دەکات بۆ نمایش.

نوێکردنەوەی ئەم فیلمانە لەلایەن تیمێکی شارەزاوە کاری لەسەر دەکرێت، وەک چەلیک دەڵێت گفتوگۆیەکی زۆریان کردووە لەگەڵ خێزانی گونەیدا تاوەکو ئەم کارە جێبەجێ بکەن.

فیلمەکانی تری گونەی کە بڕیارە نوێبکرێنەوە بریتین لە فیلمەکانی "Aç Kurtlar"، "Ağıt"، "Arkadaş"، "Endişe"، "Sürü"، "Yol" و "Zavallılar". 

سەرچاوە: TodaysZaman






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw