کامۆ و ڕۆمانی نامۆ و نەمایشێک

05/09/2015    11:53

کامۆ و ڕۆمانی نامۆ و نەمایشێک 


Şano

دانا ڕەئووف


کارەکتەری (مورسۆ) لە ڕۆمانی (نامۆ)ی ئەلبێر کامۆدا، نامۆترین کەسی دونیایە. بۆ ئەو هەموو شتێک لە مەدارێکی پووچگەرادا دەسوڕێتەوە و هیچ شتێک، هیچ مانایەکی نییە. ئەگەرچی ئەو ژیان بەسەر دەبات، لەگەڵ شەپۆلی ڕۆژگاردا دەجوڵێتەوە، بەڵام رێسا و بنەماکانی کۆمەڵ و کۆدە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو هیچ مانایەکیان نییە؛ بڕوای بە خودا نییە، هەموو جۆرە تۆبەیەکی دینی وەلاوە دەنێت، ئەو ڕاستییەی ئەو دەیزانێت و بڕوای پێیەتی، بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی، دووبارەی دەکاتەوە. مورسۆ، کە لە ژێر قرچەی هەتاوی بیابانێکی نزیک جەزائیردا پیاوێکی عەرەب لە کەناری دەریایەک دەکوژێت، دەڵێت تاوانی ئەو نەبووە و تەنها لە ڕێگای ڕێکەوت و بەهۆی خۆرەتاوە تیژە سوتێنەرەکەوە، ڕوویداوە. کامۆ خۆی لە ژینگە و بارودۆخێکی هەژاری ناوچە کەم دەرامەت و هەژارەکانی جەزائیردا گەورە بووە و لە زۆر بۆنەیشدا ئەوەی دووپات کردۆتەوە، هەموو ئەوانەی ئەو نووسیونی، بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە جەزائیرەوە هەیە.
کە ڕۆمانی (نامۆ) بڵاو دەکرێتەوە، لەلایەن سارتەرەوە بە شاکارێکی ئێکسیستێنتیالیزم ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەڵام کامۆ خۆی لە هەموو جۆرە پۆڵێنکردنێک بە دوور دەگرێت. ئەو بەردەوام هانی خوێنەرەکانی داوە، کە لەنێو بەرهەمەکانیدا بەدوای شتە تاریک، ناروون و غەریزەییەکاندا، بگەڕێن. ئەو مەودایانەی شتە گەردوونییەکان لەگەڵ بابەتە مێژوویی و شتە تایبەتمەن و کەسێنییەکان یەک دەگرن و ئاوێتەی یەکتر دەبن، بدۆزنەوە. هاوکات هەرچۆنێک سەیری ئەم ڕۆمانە بکەیت، بابەتێکی فەلسەفی خودگەرا دەوروژێنێت: مرۆڤ نامۆیە بەرامبەر بە دونیا، خودی خۆی، ئەوانیتر و ڕێساکانی گەمەی ژیان و کۆمەڵیش. کامۆ، کە لەساڵی ١٩٤٢دا لە جەزائیرەوە دەگەڕێتەوە بۆ پاریس، ئەفسانەی سیزیف، شانۆنامەی کالیگۆلا و ڕۆمانی نامۆ بڵاو دەکاتەوە.
ئێستا لە یەکێک لە شانۆ بچووکەکانی دەرەوەی ستۆکهۆڵم، ڕۆمانی (نامۆ) لە فۆرمێکی گشتگر، کە هەموو شانە قووڵە فەلسەفییەکانی بەشێوەیەکی ڕوون تیا بەرجەستە دەبێت، لە شێوە مۆنۆدرامایەکی فرە مەودادا پێشکەش دەکرێت. کامۆ بە قووڵی بیری لە شانۆ دەکردەوە و شانۆ جێگای سەرنجی بووە، کە گەنجیش بووە لەگەڵ گروپێکی شانۆیدا کاری کردووە و گەرەکی بووە شانۆ بۆ خەڵک پێشکەش بکات. هەروەها دەقی چەند شانۆنامەیەکی سەرکەوتوویشی نووسیووە، بۆ نموونە کالیگۆلا، بەدحاڵی بوون و تاعوون.
بینەران لەم نەمایشەدا، لەگەڵ پاڵەوانی ڕۆمانەکەدا (مورسۆ) لەو ڕۆژەوەی، کە دایکی دەمرێت تا ئەو ساتەی لە سێدارە دەدرێت، ئاشنا دەبن. مورسۆ خۆی وەک حیکایەتخوانێک چیرۆکی چارەنووسی خۆی دەگێڕێتەوە؛ لەنێوان تێگەیشتنێکی تەواو و بێدەربەستیدا گوزەر دەکات و هەندێک کاتیش بە تەواوی دڵخۆشە. ئەو دەزانێت ژیان هیچ هۆکارێک سەبارەت بەم شتە یان ئەویتریان ناخاتە ڕوو، تەنها ڕێکەوت و شتە دیار و کاردانەوە خۆبەخۆییەکان، کە لەپڕ بۆ مرۆڤ دێن، ڕێگای ئەو ژیانەمان بۆ دەکاتەوە، کە هیچ بەهایەکی گەورەی نییە. پیاوێک لە بەخاکسپاردنی دایکیدا بگری یان نەگری، پیاوێکی نامۆی توڕە لەسەر دەریاکە بکوژرێت یان نە کوژرێت، هاوسەرگیری بکات یان نەیکات لەگەڵ ئەو ژنەی، کە خۆشەویستی خۆی بۆ دەربڕیووە. هەموو ئەم شتانە لەسەر ڕێگای ژیان چۆن یەکن و مرۆڤ لە بنەڕەتدا کەسێکی بێ تاوانە. مردنیش لەم دووڕیانەدا شتێکی پووچ و ئەبسوردە، لەوانەیە بۆ خودی کامۆ خۆیشی هەروا بووبێت، کە لە هەڕەتی ژیاندا، لە ترۆپکی داهێنان و تەمەنێکی گەنجیدا، لە چواری مانگی یەکی ساڵی ١٩٦٠ و لەسەرە ڕێگایەکی بێ ناونیشاندا، لە کارەساتێکی ئۆتۆمۆبیلدا ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. ئەمجارەیان بەڕاستی، نەک وەک لە ڕۆمانی (نامۆ)دا روودەدات، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەو پاڵەوانەوە، دایکی کامۆ ئامادەی بەخاکسپاردنی کوڕەکەی دەبێت. کامۆ گوتەنی (مرۆڤ تەنها لە ڕێگای مەرگەوە چارەنووسی خۆی دەهێنێتەدی).
ئەو ئەکتەرەی، کە ڕۆڵی هەموو کارەکتەرەکان دەبینێت، زۆر بە خێرایی لە کارەکتەرێکەوە بۆ کارەکتەرێکی تر دەگۆرێت، بۆ ئەم مەبەستەیش جەستە، دەنگ، زمانی ئاماژە و تەکنیکێکی بەرزی پانتۆمایم، کە دەبێتە بەشێک لە خوێندنەوە شانۆییەکەی ڕۆمانەکە، بەکاردەهێنێت. بە تایبەتی لە بەرجەستەکردنی دیدی مورسۆ بۆ مرۆڤ. ئەم ئەکتەرە سەرەتای نەمایشەکە، لە دیدێکی کۆمیدییەوە ژیانی ڕۆژانەی مورسۆ، بە تایبەتیش لە ڕووە ئەبسورەکانییەوە دەخاتە ڕوو. مورسۆ دەبێت بە ریژیسۆر و ڕەوش و بارودۆخەکەی ژیانی خۆی ڕێک دەخات، دابەشی دەکات بەسەر دیمەنەکاندا، لەگەڵ کارەکتەرەکانی تر دەدوێت و ساتە خۆشەکانی خۆی لە گوێ ڕووبار و لەگەڵ ماریادا، بە جەستەی بەرجەستە دەکات. لەو دیمەنانەیشدا، کە پێویستی بە هەست و سۆزێکی ئاشکرا و چڕ و پڕ هەیە، بۆ نموونە کە دایکی دەمرێت یان ئافرەتێک دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بە تەواوی بێدەنگ دەبێت و ئاستی تێڕوانینی چاوەکانی لە شوێنێکی دوور مەودادا چەق دەبەستێت و سیمای لە هەموو ڕوویەکەوە دەیبەستێت. ئەم ئەکتەرە تەکنیکی نامۆبوونی برێشت بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەستی نامۆبوون لەلای مورسۆ  بەهێزتر بکات و بیخاتە دەرەوەی ڕووداوەکانیشەوە؛ بۆ نموونە لە پڕ دەبێتە جادووگەر، تەکنیکی مەلە پێشان دەدات و لێرە و لەوێ پەیوەندی لەگەڵ بینەران دروست دەکات و هەوڵی بەشداری کردنییان پێ دەدات. ستایل، ریتم، کۆمپۆزیشۆن، ئەو بنەما بەهێز و توندەی فۆرم و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی پێکەوە بەستۆتەوە، لە نەمایشەکەیشدا ڕەنگی داوەتەوە.   
ڕۆمانی (نامۆ) باسی رووناکیش دەکات. تیشکی خۆر دەبریسکێتەوە و بەری چاوی مورسۆ تاریک دەکات و توانای بینینی دەشێوێنێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەو ڕێکەوتەی کابرای عەرەبی پێ دەکوژرێت. لە نەمایشەکەیشدا رووناکی ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت: چەند تیشکێکی رووناکی بەهێز لە ژووری مەیتخانەکە بە دیار جەستەی دایکییەوە، ئەو تیشکی ڕۆژەی کەناری دەریاکە دەکاتە ئاگر، هەر بەهێزی رووناکی پانتاییە بچووکەکەی بەندیخانە و دادگا دەخوڵقێت. مورسۆ لەژێر سێبەری مەرگدا دەژی، بۆینباخێکی ڕەش بۆ خەمی ئەو دایکەی تازە مردووە و ئەو نایناسێت، دەکاتە ملی. ئەم پاڵەوانە بۆ یەکەمجار لە تەنیاییەکی ڕەهادا بۆ ژیان، دونیا و مەرگیش دەکرێتەوە. بۆ یەکەمجار لەبەرامبەر مەرگدا بەئاگا دێتەوە، بەڵام لەو تەنهایی و نامۆبوونە ڕەهایەدا لە هیچ پەشیمان نییە.
مورسۆ کەسێکی ئاساییە و بەشێوەیەکی ئاسایش ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەگوزەرێنێت، وەک گوتمان، ڕێکەوت دەیکات بە پیاوکوژ. کە دادگایش دەکرێت لەبەر ئەوەی کابرای عەرەبی کوشتووە، هەموو کردارەکانی لەوەوبەری دژی خۆی بەکاردەهێنرێت، وەکوو کەسێکی تەواو بێ هەست و سۆز ئاماژەی بۆ دەکرێت و دەبێتە تابلۆ و باسێک بۆ رق و بێرێزیی. بەڵام ئەو هەموو ئەو شتانەی لە چواردەوری ڕوو دەدەن بەشێوەیەکی بێدەربەست دەبینێت، ژیان هەر وەک گەمەیەکی ڕێکەوت وایە. ئەو بە ئەوانیتر و بە خودی خۆیشی نامۆیە. کامۆ لەم ڕۆمانەدا ژیان وەک شتێکی ئەبسورد و پووچ لە کەش و ژینگەیەکی کۆلۆنیالیزمدا بەرجەستە دەکات.
لەلای کامۆ کێشەیەکی فەلسەفی چڕ و گران هەیە، ئەوەیش بریتییە لە: خۆکوشتن. کامۆ لە ئەفسانەی سیزیفدا بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێت، کە بەرلەخۆی کیرکەگۆر، دۆستۆیڤسکی و نیتشە بەبێ وەڵام لە دوای خۆیانەوە بەجێیان هێشتووە؛ ئایا دەکرێت بەبێ خواوەند بژین، بەبێ هیوای ڕزگاربوون لە نێزیکەوەبوونی مردن؟ مورسۆیش لە (نامۆ)دا لەم کێژاوە فەلسەفییەدا دەژی و هەستی پووچگەرایی ئەو لەنێو هوشیاریی ئەودایە لە ڕووبەرووبوونەوەی ژیاندا. کامۆ لە کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا دەڵێت: (پووچگەرایی نە لە مرۆڤدایە و نە لە جیهاندا، بەڵکو لە ڕووبەڕووبوونەوەی هۆشیاریی مرۆڤدایە لەگەڵ جیهاندا).
کامۆ لە ساڵی ١٩١٣ لە جەزائیر لە دایک بووە و لە ڕووداوێکی وەرگەڕانی ئۆتۆمۆبیلدا لە ساڵی ١٩٦٠دا کۆچی دوایی کردووە. لە ساڵی ١٩٥٧ پاداشتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرتووە. (نامۆ) یەکێکە لەو ڕۆمانە خودگەراییانەی کاریگەری و هەژموونێکی گەورەی بەسەر تێکڕای ئەدەب و فەلسەفەی سەدەی ڕابردووەوە هەبووە.   











هه‌والی زیاتر