هیشام زەمان لە فێستیڤاڵی دهۆکدا دوو خەڵاتی بەدەستهێنا

16/09/2015    23:34

هیشام زەمان لە فێستیڤاڵی دهۆکدا دوو خەڵاتی بەدەستهێنا 


Cînema

پشتیوان کەمال

لە دواهەمین ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکدا، ئەمشەو خەڵاتەکانی ئەو فێستیڤاڵە دابەشکران و هیشام زەمان بە فیلمی (نامەیەک بۆ پاشا) توانی دوو خەڵاتی گرنگی فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنێت. فیلمەکەی هیشام زەمان لەلایەن یەکێتی نوسەرانی کوردەوە وەک باشترین فیلمی فێستیڤاڵەکە دەستنیشانکرا و بڕی ٤٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی بردەوە، هەروەها هیشام زەمان و مەحمەت ئاکتاش بە هاوبەشی خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلمی کوردیان بردەوە، کە لەلایەن عەتای نەهاییەوە خەڵاتەکەیان پێبەخشرا.

هیشام زەمان کێیە؟
هیشام زەمان لەساڵی ١٩٧٥ لەدایکبووە و دەرهێنەرێکی کوردی-نەرویجییە. لە خوێندنگەی فیلمی نەرویج دەرچووە لە لیلیهامەر لەساڵی ٢٠٠٤دا. چەندین خەڵاتی کورتە فیلمی بەدەستهێناوە و کورتە فیلمی "باوکە" زیاتر لە ٤٠ خەڵاتی نەتەوەیی و نێو نەتەوەیی بۆ ئەم دەرهێنەرە بەدەستهێناوە لەنێویاندا پاڵێوراوبووە بۆ بەدەستهێنانی باشترین کورتە فیلمی ئەوروپا لەساڵی ٢٠٠٥دا. ئەم دەرهێنەرە لە یەکەمین فیلمی درێژیدا "پێش بەفربارین" خەڵاتی دراگۆنی فێستیڤاڵی فیلمی گۆتنبێرگی بەدەستهێنا. ساڵێ دواتر ئەم دەرهێنەرە بە فیلمێکی درێژی تر "نامەیەک بۆ پاشا" بەشداری لە فێستیڤاڵی گۆتنبێرگ کردەوە و بۆ جاری دووەم لەسەریەک خەڵاتی دراگۆنی بەدەستهێنایەوە. 

فیلمەکانی هیشام زەمان: 
٢٠٠٣: پرد
٢٠٠٤: ڕوو
٢٠٠٥: باوکە
٢٠٠٧: زستانە
٢٠٠٩: ئەوروپا
٢٠١٣: پێش بەفربارین 
٢٠١٤: نامەیەک بۆ پاشا 







هه‌والی زیاتر