پارێزەری ئاو لە عێراق

11/11/2014    16:09

پارێزەری ئاو لە عێراق 


Jînge

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: راز حسن بابکر

نە‌بیل موسا یه‌کێکه‌ له‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ سروشت بووه ئەمەش وای لێدەکات ئێستا کارێکی مرۆڤ دۆستانه‌ پێشکه‌ش به‌ ژینگه‌که‌ی بکات .نه‌بیل له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کان به‌شی شانۆ خوێندویه‌تی پێش ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی مناڵی ئه‌و له‌گه‌ڵ سروشت‌ به‌ هێز بووه‌  چونکە ئەو لە ساڵی ١٩٧٦لە ماڵێکدا لە دایک بووە و ژیاوە کە لەسەرچەمی قلیاسان بووە. ئەو چەمە ئاوێکی سازگار بووە وەک ئێستا پیس نەکرابوو هەروەها دارستانێکی چڕ بووە.

ئەو دەڵێت "هەموو مەرجەکانی ئاوی پاک لەو چەمەدا هەبوو بۆیە زۆربەی منداڵیم لەوێدا بەسەر بردووە بەڵام کاتێک لە دەرەوە گەڕامەوە بینیم هەموو خەونەکانم شێواوە"

بەهۆی ئەوەی هونەر و ژینگە پەیوەندیان هەیە و "گڵۆپە سورەکەی ژینگە داگیرساوە" بۆیە دەبێت بە قورسی کاری لەسەر بکرێت. نەبیل دەڵێت "گۆڕانی کەش و هەوا بووە بە بەشێک لە سیستەمی ژیانماندا. چەندەها سەرچاوەی ئاوی هەبوون ئێستا نەماون و ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات کاریگەری مەترسیداری دەبێت لە چەند ساڵی داهاتودا".

نەبیل باس لەوە دەکات کاتێک لە دەرەوەی ووڵات ژیاوە فێری ئەو جۆرە ئیش کردنە بووە کە چۆن ژینگەو هونەر بەیەکەوە ببەستێتەوە و لە ڕێگەی هونەرەوە ئاماژە بە مەترسیەکانی ژینگە بکات. ئەو ئێستا ئەندامە لە ڕێکخراوی(سروشتی عێراق) و لە ڕێگەی ئەوانەوە بەسەرهاتی منداڵی خۆی دەربارەی چەمی قلیاسان دەکات بە کورتە فیلمێک بەناوی "پارێزەری ئاو" بڵاوی دەکاتەوە بەتایبەت لە نزیک ئەو لادێیانەی کە لە چەم و ڕوبارەکانەوە نزیکن بۆئەوەی بە ئاگا بێنەوە و بە نەوەی داهاتومان بڵێن ئەوە هەڵەکانی ئێمەی مرۆڤە کە ئاوێکی سازگار دەشێوێنین و دەیکەین بە ئاوێک کە نایناسینەوە.

نەبیل دەڵێت "هۆکاری دەرهێنانی ئەو کورتە فیلمە لەگەڵ سروشتی عێراق، چەمی قلیاسان و خەونەکانی منداڵیم بوو کە هیچی وەک خۆی نەمابوو". ئەو ئاماژە بەوە دەکات  کە وەک پارێزەری ئاو پارێزگاری دەکات لە چەم و ڕووبار و ئاوەڕۆی بەشی سەرەوەی ڕوباری دیجلە لە عێڕاق. پارێزەرانی ئاو لە عێراق پێکهاتوون لە چەند تاکە کەسێک کار دەکەن لەسەر ڕێڕەوێکی دیاری کراو بۆ پێکهێنانی دەنگێک بۆ ڕوبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکان.

نەبیل باس لەوە دەکات کە لە خواروی عێڕاق زەلکاوێکی زۆر هەیە هەر بۆیە لەگەڵ رێکخراوی سروشتی عێراق هاستاون بە دروستکردنی چەند شوێنێک لە شێوەی چادرگە لە قامیشی ئەو زەلکاوانە. ئەوان پشتگیریەکی گەورەن بۆ ئەو کەسانەی لەو شوێنەدا کاردەکەن. رێکخراوەکە ئامانجی بوژاندنەوەی ئەو زەلکاوانەیە کە (سەدام حسێن) هەستابوو بە وشک کردنیان. ئەوان ئۆفیسیان لەو ناوچە زەلکاویانە دروست کردووە. نەبیل دەڵێت "لەوانەیە دەنگی من زۆر کاریگەری نەبێت چونکە بەشێوەیەکی سەرەکی حکومەت دەتوانێت کاریگەری باش یان خراپ دابنێت، بەڵام من ئەوەی بتوانم دەیکەم".

بەکار نەهێنانی پاسکیل و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و کارگەکان وا دەکات کە زەوی لە چەند ساڵی داهاتوودا توانای ئەو بارگرژیە زۆرەی نەمێنێت. "هەموو هەفتەیەک ئاوی دوکانم پاک دەکردەوە بۆ هەفتەی داهاتوو وەک خۆی بوو. وە ماڵەکانی نزیک ئاوەکە هیج تەنەکە خۆڵ و خزمەت گوزاریان نەبوو بۆیە ٧٠ تەنەکەی خۆڵم دا بە ماڵەکان". کارەکانی نەبیل و رێکخراوی سروشتی عێراق خۆبەخشانەیە. بەڵام هەندێک جار لەڕێگەی تاکە کەسەوە یارمەتی دەدرێت لە پڕۆژەکانیاندا.
هەندێک لە پڕۆژەکانی نەبیل تایبەتییەو هەندێکی دیکەی لەگەڵ گرووپی وەک (سولی ئۆن) و ئەوانی دیکەش لەگەڵ رێکخراوی سروشتی عێراقدایە وەک (سروشت چاوی هەیە، پارێزەری ئاو، گەشتی نێودەوڵەتی لێخوڕینی بەلەم لە باڵەکایاتی، پڕۆژەی تەنەکەی خۆڵ..). 

لە ڕێگەی ئەم پڕۆژانەوە ئەو پەیامە دەگەیەنرێت بە خەڵکی کە ژیانی پێشوو چۆن بووە. پڕۆژەکان دۆکیومێنت دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە. نەبیل دەڵێت "سودێکی دیکەی ئەم پڕۆژانە ئەوەیە کە سەرنجی خەڵکی بە ئەزمونی دەرەوە ڕابکێشین و چالاکیەکانیان لێرە ئەنجام بدەن." 

پەیامی نەبیل وەک پارێزەری ئاو ئەوەیە کە خەڵکی ئیتر بە ئاگا بێتەوە لەو هەڵانەی کە ئەنجامی دەدات بەرامبەر بە ژینگە بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروست بۆ نەوەی داهاتوو بەجێبهێڵین.







هه‌والی زیاتر