دەکرێت لە تەنهایی ئازاد سوبحی تێبگەین؟

12/11/2014    05:38

دەکرێت لە تەنهایی ئازاد سوبحی تێبگەین؟ 


Têkst

ئازاد سوبحی شاعیر و نوسەرو رەخنەگر لە رێکەوتی ۲۵/۱۱/۲٠۱٤ لەماڵی خۆی لە سەرچنار کۆچی دوایکرد. ئازاد سوبحی بەوە ناسرابو کە زمانێکی تایبەتی خۆی لە نوسیندا هەیە، جیاواز لە بەرهەمە ئەدەبیە باوەکانی سەردەمی خۆی.
دەکرێت لە تەنهایی ئازاد سوبحی تێبگەین؟ پرسێارێکە سایتی سولی ئۆن ئاڕاستەی چەند نوسەرێکی کردوە.



رێبوار سیوەیلی

ئه‌و هه‌میشه‌ ته‌نیا بوو، به‌ڵام ته‌نیایی بۆ ئه‌و به‌تاڵی و هیچیی و لاوانه‌وه‌ نه‌بوو. به‌ڵكو كه‌ش و فه‌زایه‌ك بوو تیایدا له‌گه‌ڵ زمان و ڕۆح كه‌وتبووه‌ ژووانه‌وه‌. مردنی ئه‌و بیرخه‌ره‌وه‌ی ئه‌مجۆه‌ری ته‌نیاییه‌ له‌لای زۆربه‌ی ئه‌وانه‌مان كه‌ ته‌نیایی بچووكده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ئاسته‌ جوگرافیایی و شوێنكاتیه‌كه‌یدا. سوبحی له‌ ئاسته‌ ئه‌به‌دییه‌كه‌ و به‌بێ پابه‌ندبوون به‌ جوگرافیانه‌ی جه‌سته‌ییه‌وه‌ ته‌نیا بوو. بۆیه‌ هه‌واڵی كۆچی ئه‌و، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ ته‌ماشای بێبرانه‌وه‌ و ئه‌به‌دییه‌ت بكه‌یت و هیچ ڕێبوار و موسافیرێكی تێدا نه‌بینیته‌وه‌. ئه‌مه‌ش دۆخێكی تا بڵێی ترسناكه‌ و هێنده‌ی شۆكی ڕووخانی دوایین میرنیشین له‌ ئاستیی سیاسیدا، بۆ ئاستی ئه‌ده‌بیی و به‌تایبه‌تیش شیعری هاوچه‌رخی ئێمه‌ مه‌ترسیدار و ئازار به‌خشه‌.. بۆ ماوه‌یه‌ك زۆر شیعری ئێمه‌ بێ (سوبح)یی پێوه‌ دیار ده‌بێت، به‌تایبه‌تیی كه‌ له‌م دواییه‌دا كه‌وته‌وه‌ نووسین و ئه‌و قه‌سیدانه‌ی به‌ بزماری گوڵمیخی زمان به‌ دیواری ئه‌ده‌بیاتیی كوردیدا داكووتین، داكوتینێكی ئه‌وتۆ كه‌ هه‌رگیز كه‌س بوێریی ئه‌وه‌ی نه‌بێت به‌ بیانووی كۆنبوون و به‌سه‌رچوونه‌وه‌، بیر له‌ هه‌ڵكێشانیان بكاته‌وه‌.. به‌داخه‌وه‌م بۆ ئه‌م مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ی كه‌ تا كۆچیی دوایی وه‌ك دوو هاوڕێی دووربه‌دوور ماینه‌وه‌.. نه‌فره‌ت له‌و زه‌مه‌نه‌ش كه‌ سوبحی ناچاركرد نه‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ شاری خۆی و ناچاریكرد له‌ دووره‌وه‌ بیر له‌ باخچه‌كانی باوكی بكاته‌وه‌.. من دڵنیام ئه‌گه‌ر هاوسه‌رێكی دڵسۆز له‌ پشتی سوبحی نه‌بایه‌، زۆر به‌ر له‌ ئێستا كۆچی دوایی كردبوو..



ئیسماعیل حەمەئەمین

ئەوەندەی بەئەدەبی ئازاد و بەتایبەت کاری ڕەخنەی ئەدەبی و شیعری ئاشنا بووم، ئەوەندە تاوەکو لە ١٩٩٤ کوردستانم جێهێشت بەخۆی ئاشنا نەبووم. بەڵام ئەم ساڵ و نیوەی دوایم  لەکوردستان زیاتر لەئازادی نێزکردمەوە ، لەڕۆحی ئەو. دیارە کەمن کوردستانم جیهێشت ئازاد سوبحی کەسێکی دیکە بوو لەڕوی جەستەوە، بەڵام کەلەبەردەم ئۆفیسی هاوڵاتی باوەشی پێداکردم کەسێکی تر بوو، هیلاک و پیر، ئەوەش منی شۆک کرد. بەجۆرێک گووتی؛ من ناناسیتەوە، منیش گووتم چۆن کاکە ئازاد گیان ، چۆن ناتناسمەوە. ئازاد لەنەوەی ئێمەیە، نەوەیەک کەچاودەکاتەوە کوشتن لەبەردەم ماڵەکەیەتی و کە گەورەش دەبێت لەنێو جوانی شیعردا جەنگ هەموو ئەو وزە جوانیەی لێ دەستێنێتەوە، چاری نییە یان ئەوەیە لەنێو بازرگانەکانی جەنگدا بژی، یان دەبێت هیجرەت بکات بۆ مەنفا دوورەکان و خۆی لەبیربکات. ئازاد مەنفای ماڵەکەی خۆی هەڵبژارد.  نەوەی ئەدەبی ئێمە  ئازاد سوبحیەکی لەڕۆحی خۆیدا هەڵگرتووە.

ئازادلەدونیا زیز بوو، هەمیشەش گوتوومە زیزبونی ئازاد لەزیزبوونی هەموومان گەورەترە، بەجۆرێک وەهای لێکردبوو ساڵانێک لەماڵ نەیەتەدەرێ و تەنانەت نەنوسێت. زیزبوونی ئازاد پاڵنەر نەبوو بۆ نوسین، بەڵکو پاڵنەربوو بۆ تێگەیشتن لەو ڕۆحە گەورەیەی کەجیهانی ئێمەی پێکهێناوە. زیزبوونی ئازاد   لەدونیا وجودیانە بوو، ئێکسیستێنتاڵانە بوو. ڕۆحی جیهان لای ئازاد پێکهاتەیەک بوو لەنامورادی مرۆڤ بەرامبەر ناشرینی، بەجۆرێک کەنەیدەتوانی بۆ ساتێکیش بێت پشتی تێبکات، یان وەک ئێمە جارجارە خۆی هەڵبخەڵەتێنێت بەوەی دەتوانین شتێک لەنێو ئەم هەموو ناشرینیە بگۆڕین. مردنی ئازاد  لەدوای مردنی شیرکۆ بێکەسەوە دێت، هەردووکیان بۆ من  سەرەتاکانی مردنی  سوبێکتیڤانەی خۆمە…



هیمداد شآهین

بۆ تەنهایی چی ئەوترێت لەڕاستیا؟ هیچ ناوترێت، کاک ئازاد یەکێک بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی من، هەمیشە کە گفتوگۆمان دەکرد و دەچوینە سەر باسی "تەنهایی" زمانمان تێکدەئاڵا، زمان ناتوانێت وەسفی تەنهایی بکات، چونکە زمان بۆخۆی نوقمی تەنهاییە، غەرقی غەریبییە، کاک ئازاد تەنها بوو، بەڵام خیانەتی لە جوانییەکانی نەکرد، زۆر کەمن ئەو مرۆڤانەی تەنهان و خیانەت لە جوانییەکانی خۆیان ناکەن، ئەو بێ سنوور لە مانا قوڵەکانی تەنهایی تێگەشتبوو، دەیزانی بۆچی تەنهایە، بۆچی غەریبە، بۆچی غەمگینە، ئەو خەڵکی شارەکەی من بوو، شارێک بۆخۆی پڕە لە مرۆڤی تەنها و ماڵی تەنها و شەقامی تەنها و ئاسمانی تەنها، پردی پەیوەندی و هاوڕێییەتی نێوان من و ئەویش هەر ئەم تەنهاییە بوو، هەمیشە کە سڵاوی دەنارد دەیوت "سڵاو پیاوی تەنها" "سڵاو دۆستی تەنها"...



گۆران بابەعەلی

كاك ئازاد په‌پووله‌یه‌كی بێده‌نگی ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی بوو. ئه‌و هه‌ر ئه‌و كاتانه‌شی له‌ گه‌رمه‌ی نووسین و به‌رهه‌مهێناندا بوو، پیاوێكی بێده‌نگ و قڕه‌قڕنه‌كه‌ربوو.

به‌ڵام بێده‌نگی ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر دووره‌په‌رێزی و خۆبه‌دوورگرتن له‌ ده‌یان ده‌ركه‌وته‌ی ناشیرینی ناو ئه‌و دونیایه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو زۆر له‌وه‌ زیاتر بوو. ئه‌و هه‌ڵوێستێكی ئارام و بێده‌نگانه‌، به‌ڵام نه‌به‌زی به‌رامبه‌ر ناشیرینیه‌كانی ناو ئه‌و سێكتۆره‌ وه‌رگرتبوو بێ ئه‌وه‌ی بیكاته‌ ئیدیعا و قڕه‌قڕ. ئه‌و ته‌نانه‌ت ده‌ستی له‌ نووسین هه‌ڵگرت چونكه‌ پێی وابوو نووسین هێنده‌ قێزه‌وون بووه‌ و دونیای نووسین و ئه‌ده‌ب هێنده‌ پڕبووه‌ له‌ پۆخڵه‌وات كه‌ چیدی كه‌س شایه‌نی نووسینی جوان نیه‌. به‌ڕاستی ته‌نها كه‌سانێكی زۆر نزیك لێوه‌ی كه‌ كات و رێزی ئه‌وه‌یان بۆ داده‌نا گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ بكه‌ن و گوێی بۆ رادێرن، لێی تێده‌گه‌یشتن و ده‌یانزانی هۆی بێده‌نگی ئه‌و پیاوه‌ چیه‌. به‌داخه‌وه‌ من یه‌كێك نه‌بووم له‌وانه‌. ته‌نها ماوه‌یه‌كی كورت له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی چه‌ند جارێك زۆر به‌كورتی له‌گه‌ڵیدا دوام و له‌ به‌شێك له‌و تووڕه‌ییه‌ بێده‌نگانه‌یه‌ی گه‌یشتم.

ئه‌وه‌ی من پێم گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ بێده‌نگانه‌یه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ لای كه‌سانێكی ده‌گمه‌ن تریش له‌ دونیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا هه‌بێت، بكرێته‌ وزه‌یه‌كی ناڕازی بۆ جوڵاندنی هه‌ندێك له‌وانه‌ی بێڕه‌حمانه‌ ئه‌و دونیایه‌شیان كردۆته‌ به‌شێك له‌ سیستمه‌ سیاسیه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی كوردستان. ئه‌گه‌ر من كه‌مێك له‌و یاخیبوونه‌ بێده‌نگه‌ی ئازاد سوبحی و گۆشه‌گیریه‌كه‌ی تێگه‌یشتبم، نائومێدبوونی بوو له‌و حاڵه‌ته‌.

ئه‌و حاڵه‌ته‌ش وه‌ك من بیبینم [راسگۆیانه‌ بیڵێم زۆر زیاتر له‌ ئازاد سوبحی گه‌شبینتر نییم] چاره‌سه‌رێكی ئه‌وتۆی نیه‌، چونكه‌ هه‌ر دیارده‌ و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی كولتووری یان كێشه‌یه‌ك نیه‌ له‌ سێكتۆره‌كه‌ خۆیدا، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌ كه‌ هێنده‌ گرێدراوه‌ به‌ كۆی سیستمه‌ سیاسیه‌كه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ته‌نها چاره‌ سه‌ره‌وژێركردنی ئه‌و سیستمه‌ بێت. ئایا ئه‌مه‌ شتێكی مه‌حاڵه‌؟ ئه‌وه‌ من هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌وتۆم بۆی نیه‌.

كه‌واته‌ پێده‌چێت ته‌نها چاره‌ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی یاخیانه‌ و جه‌ربه‌زانه‌ بێت به‌رامبه‌ر ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌و سیستمه‌ له‌ناو سێكتۆری كوولتووریدا. به‌ڕای من مه‌رج نیه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ به‌هه‌مان شێوازی ئازاد سوبحی بێت؛ ده‌شێت له‌جیاتی بێده‌نگی و وه‌ستان له‌ به‌رهه‌مهێنان، به‌رهه‌مهێنانی كولتوور بێت به‌ ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌تره‌وه‌ له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌.

به‌ڕاستی من رێزێكی گه‌وره‌م بۆ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئازاد سوبحی هه‌بوو، چونكه‌ به‌رهه‌منه‌هێنان باشتره‌ وه‌ك له‌ به‌رهه‌مهێنانی كارێكی هونه‌ری كه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ گشتێكی گه‌وره‌تری بێبه‌ها.



هەورامان وریا قانع

ڕەنگە لە نەوەی دوای شێرکۆ بێکەس، هیچ شاعیرێکی دیکەمان نەبێت، هێندەی ئازاد سوبحی تەنها و گۆشەگیر بووبێت. ئازاد چەندە لە ڕێگەی تێکستە شیعرییەکانییەوە ناسرا، چەندە نووسینە ڕەخنەییەکانی دەروازەیەک بوون بۆ ناسینی ئەم نووسەرە، زیاد لەوە لە ڕێگەی ئەو تەنهایی و گۆشەگیری و دوورە پەرێزییەوە ناسرا کە بەشێکی زۆری ژیانی ئەم شاعیرەی داگیر کردبوو. واتە ناسینی ئازاد سوبحی، بەتایبەت لە نێوەندە ڕۆشنبیرییەکەدا، زیاتر لە ڕێگەی واقعی ژیانی ڕۆژانەیەوە بوو تا لە ڕێگەی تێکستەکانییەوە. بە مانایەکی تر ئەم مرۆڤە بێدەنگ و لەسەرخۆیە، زیاتر لە ڕێگەی ئەو قەوقەعە (قاوغە) سەخت و دژوارەوە ناسرا کە بە دەوری خۆیدا کێشابووی، یان لە ڕێگەی ئەو چوارچێوە ئەستورەوە ناسرا کە چووبووە ناوی و لە دونیای دەرەوەی دادەبڕی. بێگومان ئەو قاوغە یان ئەو چوارچێوەیە، چەند پەنجەرەیەکی نیمچە ڕوونی تێدا بوو کە ئازاد جار جارە لێیەوە لە دونیاو لە شیعر ڕادەما. جارجارە سەرێکی لێوە دەردەهێناو تێکستێکی شیعری جیاواز و ناوازەی لێوە فڕێدەدایە دەرەوەو بەخێرایی دەگەڕایەوە بۆ ناوەوەی تەنهاییەکەی، بۆ ناوەوەی چوارچێوەکەی.

لە ڕاستیدا تەنهایی و گۆشەگیری بۆ کەسێکی ئەدیب، دەکرێ دوو لایەنە بێت، لەلایەکەوە دەکرێ کۆمەڵی دەق و تێکستی جوان بەو ئەدیبە ببەخشێت، هەروەها دەکرێ کاتێکی زۆری بۆ فەراهەم بکات و تێیدا کۆمەڵێ کتێبی زۆر بخوێنێتەوەو بەردەوام سەری بەسەر کتێبەوە بێت و بیکاتە نووسەرێکی دیارو ناودار. بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ئەو تەنهایی و گۆشەگیرییە بووە بەشێکی سەرەکی ژیان و وەک جۆرێک لە ڕاکردن و دوورکەوتنەوە لە ژیانی واقیعی لێهات، ئەوا دەکرێ ژیانی ڕۆژانە و واقیعی کەسەکە لە نێو چوار دیواری ماڵەوەدا قەتیس بکات و بڕێک لە جوانییەکانی ژیان کە دەکەونە دەرەوەی ماڵ و لە پیاسەو چوونە دەرەوەدا دەردەکەوێت، لەدەست بدات. تەنهایی دەتوانێ وا لە خاوەنەکەی بکات قەناعەت بە ژیانی ناو تێکست و نووسین و کتێبەکانی بێنێت و پشت بکاتە ژیانی دەرەوەی تێکست و کتێبەکانی. دەتوانێ وا لە کەسەکە بکات تەنها رازیبێت بە ژیانی ناو دەق و خوێندنەوەکانی و هەر ئەو ژیانەش بە ڕاست بزانێت و ئەوەی دەکەوێتە دەرەوەی ئەوان، بە ناراست یان بە زیادە بزانێت. ئەمەش ئەو کاتە ڕوودەدات کە تەنهایی لە حاڵەتێکی تەندروست و گرنگەوە دەگۆڕدرێت بۆ حاڵەتێکی نەخۆشی و ناتەندروست. چونکە هەرگیز ژیانی ناو تێکست و کتێبەکان، یەکسان نییە بە ژیانی دەرەوە. ئەو دوو ژیانە یەک ئەوی دیکەیان تەواو دەکات و پێویستە هاوسەنگییەک لە نێوانیاندا هەبێت و کەسیان لەسەر حسابی ئەوی دیکەیان نەبێت. تێکدانی ئەو هاوسەنگییە بە هەر بارێکیاندا بێت، بە زەرەری تێکدانی ژیانی ڕاستەقینە دەشکێتەوە. بگرە دەتوانم پێداگیری زیاتر بکەم و بڵێم پێویستە ژیانی نێو نووسین و تێکستەکانمان، هەوڵێک بێت بۆ جوانترکردن و چێژوەرگرتنی زیاتر لە ژیانی دەرەوەی تێکستەکان. ئەوەی ئێمە لە خوێندنەوەی کتێبەکانەوە وەریدەگرین و فێریدەبین، هیچ نییە جگە لەوەی مانایەکی جوانتر بدات بە ژیانی دەرەوەی کتێبەکان و وامان لێبکات زیاتر باوەش بە ژیاندا بکەین و کەمتر گۆشەگیرو تەنهابین. گەر کتێب نەیتوانی ڕۆحی لێکبوردەیی و هاوخەمی-مان تێدا بچێنێت، ئەوا ناتەواوییەک لە ئێمەدا هەیەو دەبێت دەستکاری بکەین و بیگۆڕین.

لەوانەیە هەنووکە ئەم پرسیارە بێتە پێشەوە: ئەم تەنهاییە کوشندەیەو ئەم دوورە پەرێزییە لە کوێوە هات و خۆی بە ژیانی ئەم شاعیرەماندا کرد؟ چۆن تەنهایی هات و بووە میوانی هەمیشە ماڵەکەی؟ گۆشەگیری چۆن توانی تێکەڵ بە چرکە بە چرکەی هەناسەکانی ببێت و ببێت بە بەشێک لە ژیان و زیندەگی؟ بێگومان وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە کارێکی قورسەو پێویستی بە بەدواداچوونی زۆر ورد هەیە. ئەوەی لێرەدا و پەیوەست بە وەڵامی ئەو پرسیارانەوە دەکرێ بیڵێم، ئەوەیە ئازاد دڵێ بۆ یەکجارو بۆ هەتاهەتایە شکا، چۆن؟ بەوەی سەردەمانێک بە نیازی ژیانێکی باشترو خۆشتر، بە ماڵەوە لە هەولێرەوە هاتە سلێمانی، وەلێ ئەم هاتنەی نە ژیانی باشتر کرد و نە خۆشتر، بگرە ئەو ماوە کەمەی کە لە سلێمانی مایەوە- کەمتر لە مانگێک- هیچی بۆ نەکراو نەیتوانی کارێک بدۆزێتەوەو لێیەوە دەست بە سەرەتایەکی تازەی ژیان بکات. هەر بۆیە بەناچاری گەڕایەوە بۆ پایتەخت. ئەم دڵڕەنجانەی، سەرەتای ئەو گۆشەگیری و تەنهاییەی بوو کە چیتر نەیتوانی لێی بێتەدەرەوە. بە داخەوە ئەم شاعیرەمان لەو مرۆڤە ناسک و پاک و بێگەردانە بوو کە دڵی شکاو لە شتێک ڕەنجا، ئیدی مەحاڵە بتوانێت ئاشتبێتەوە. ئەو بە یەکجار دڵی لە هەموان و لەگەڵیدا لە ژیان ڕەنجاو تەنهایی و گۆشەگیری بووە ماڵە ڕاستەقینەکەی.



هه‌والی زیاتر