فەهرەنهایت ٤٥١ ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستی بە زمانی کوردی

13/11/2014    05:16

فەهرەنهایت ٤٥١ ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستی بە زمانی کوردی 


Têkst

 ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

فەهرەنهایت ٤٥١، ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستییە و نووسەری ئەمریکایی"ڕەی برادبێری" لە ساڵی ١٩٥٣ نووسیویەتی و "سەیوان محەمەد" لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی، وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ ئەم ڕۆمانە یەکەمین ڕۆمانی خەیاڵی زانستییە بە زمانی کوردی.

فەهرەنهایت ٤٥١، بەگشتی تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی دونیای تەکنەلۆژیا و سەردەمی خێرایی کە لەناو ئەو دونیایەدا دروستدەبێت، نووسەر مەترسی و پێشبینییەکانی خۆی لە میانی کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکەوە بۆ خوێنەر دەخاتە ڕوو.

سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە بۆ وەرگێڕان "سەیوان محەمەد" بە سولی ئۆن-ی ڕاگەیاند: لە کاتی وەرگێڕانێکی وتارێکی کۆستیکا براداتان بۆ "ڕەخنەی چاودێر"، بە ڕێکەوت بەم ڕۆمانە ئاشنابووم. لەوێدا نووسەر ئاماژەی بۆ ئەو بەشەی ڕۆمانەکە کردبوو کە تێیدا کارەکتەرەکان ڕۆڵی بەرگی کتێب دەبینن و ژیانی ئەوان جگە لە لەبەرکردنی سەرلەبەری کتێبەکان چ گرنگییەکی تری نییە. خەڵکانێک، لە ناو دونیایەکدا کە سەرلەبەری نوقمی تەکنۆلۆژیایە و کتێب وەک مەترسیدارترین شت تەماشا دەکرێت، دێن و ژیان و بوونیان بە تەواوی بۆ پاراستنی تەنیا شکۆ و شانازی مرۆڤایەتی تەرخان دەکەن، کە ئەویش کتێبی نووسەرە مەزنەکانە.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد: ئەو دەروازەیە بەس بوو کە وام لێ بکات سۆراخی ئەم ڕۆمانە بکەم و کە تێکستەکەشم چنگ کەوت هەر لەگەڵ خوێندنەوەیەکی خێرایدا خۆشم ویست. ڕەنگە ئەوەی وای کرد پتر سوور بم لەسەر وەرگێڕانی ئەوە بێت کە ڕۆمانی خەیاڵی زانستی ئەو بەشەی ئەم ژانرە بێت کە لە دونیای ئەدەبی ئێمەدا، چ بە نووسین و چ بە وەرگێڕان، بە تەواوی فەرامۆشکراوە. بۆیە بڕیارمدا کار لەسەر وەرگێڕانی بکەم. ئەودەم لەگەڵ هاوڕێیانی غەزەلنووس قسەم کرد و ئەوانیش دەست بەجێ پێیان باش بوو، سوپاسیان دەکەم بۆ ئەوە.

لەبارەی تەکنیکی نووسنی ڕۆمانەکەوە "سەیوان محەمەد"ی وەرگێڕ وتی: تەکنیکی نووسەر لە نووسینی ڕۆمانەکەدا تەکنیکی گێڕانەوەی کەسی سێ یەمە، واتە کارەکتەرەکان لەسەر شانۆ لەبەردەمماندا دەردەکەون و گێڕەرەوەیەک لە دەرەوەی تێکستەکە ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. زمانی نووسەرەکە زمانێکی شیعری قووڵ نییە، بە تایبەت کە باس لە بێڕۆحیی دونیای بە تەکنۆلۆژیا قان دراو دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کە دێتە سەر باسکردنی هەندێک دۆخی تەنیایی ئەو کارەکتەرانەی کە درک بە بێمانایی ئەو ژیانە دەکەن، زمانی نووسین خاڵی نییە لە شیعرییەت. سەرباری هەموو شتێک ڕۆمانەکە لە فۆرمێکی زۆر سادەدا نووسراوە کە خوێنەر ماندوو ناکات، سادەییەک کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە پیشاندانی ترسی نووسەر لەو جیهانە دیستۆپییەی کە وێنای کردووە و دەشێت لە داهاتوودا دوورکەوتنەوە لە قووڵاییەکانی خوێندنەوە و ڕۆچوون لە تەنکاییەکانی تەکنۆلۆژیادا بیهێنێتەدی، کە ئێستا بەرایی دەرکەوتنی کەم تا زۆر هەست پێ دەکەین...

هه‌والی زیاتر