یەکەمین کتێب دەربارەی هونەری سەما بەزمانی کوردی

02/10/2015    16:15

یەکەمین کتێب دەربارەی هونەری سەما بەزمانی کوردی 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا


کتێبی "بالێت، یەکەمین پەرتوکم" دەبێتە یەکەمین کتێبی زانستی لەبواری هونەری سەمادا کە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی و بڕیارە بە سپۆنسەری هیوا فاوندەیشن لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ئەم کتێبە لەلایەن "سوسا هێمەرل"ـەوە نووسراوە و "ئاسترید ڤۆڤینکێل" کاری وێنەکێشانی ناوەوەی کتێبەکەی ئەنجامداوە، هونەرمەندی سەماکاری کورد کاروان عومەر لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ کوردی وەریگێڕاوە.


هونەرمەندی سەماکار کاروان عومەر وەرگێڕی ئەم کتێبە، لە پێشەکی کتێبەکەدا کە کۆپییەی بۆ سولی ئۆن نێردراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "لەدوای چەندین ساڵ خزمەتکردن لەبواری هونەری سەمادا و خوێدن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لەهەمان بواردا بڕیارمدا وەرگێڕان بۆ یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی بواری سەما بۆ منداڵان "بالێت، یەکەمین پەرتوکم" بکەم. بەڵام وەرگێڕانی ئەم پەرتوكە لەبەر ئەوە نییە کە تاكو ئێستا كتێبێك سەبارەت بە سەما لە كتێبخانەی كوردیدا نییە، بەڵكو ناوەڕۆكە دەوڵەمەندەكەی و چۆنێتی هەڵبژاردنی بابەتەكان و ئاستە باڵا پەروەردەییەكەییەتی."


سەبارەت بە گرنگی ئەم کتێبە، هونەرمەندی ناوبراو نووسیویەتی: "ئەم پەرتوكە دەتوانێت جێگەی خۆی لە بواری زانستی سەمادا لە ژیانی ڕۆشبیریی كوردیدا بكاتەوە، چونكە لە ئاستی یەكەمدا پەرتوكێكی پەروەردەییە بۆ منداڵان، لە ئاستی گشتیشدا گەنجان و خوێندكاران و مامۆستایانی كۆلێژ و پەیمانگاكانی هونەرەجوانەكان لە كوردستان زۆر لێی سودمەند دەبن، هەروەها بۆ ئەو كەسانەش كە بەبێ شارەزاییەكی ئەكادیمی هەستاون بە وتنەوەی وانەی سەما. ئەم پەرتوكە شیكردنەوەیەكی گشتییە بۆ كاری سەما بە تیشكخستنە سەر چیرۆكە بنچینەیی و گرنگەكانی بواری سەمای بالێت، لەپاڵ ئەوەشد گرنگیدان بە فەرهەنگۆكێكی زانستی سەما و مێژوویەك لەو كارە بەناوبانگانەی كە لەو بوارەدا پێشكەش كراون، هەروەها ئەو موزیكە بەناوبانگانەی كە كات و ریتمی چیرۆكەكانیان نەخشاندووە."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: "لەم پەرتوكەدا گرنگییەكی زۆر دراوە بە هونەری موزیك پەیوەست بە سەماوە، چونكە سەما و موزیك تەواوكەری یەكترن، وەك چۆن لەم پەرتوكەدا بەشێوەیەكی ئەكادیمی و پەروەردەیی زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێت كە فێربوونی تەكنیك و مێژووی سەما و چیرۆكە بنچینەییەكانی موزیك چەند گرنگن بۆ وتنەوەی وانەی سەما، لێرەدا لە ڕێگەی تەكنیك و چیرۆك و وێنە نەخشێنراوەكانییەوە دەتوانیت ئەندێشە و ڕوانینی منداڵان بۆ ژیان و جەستەیان فراوان بكەیت."








هه‌والی زیاتر