گێڕانەوەی مێژووی سەد ساڵەی سینەما لە کتێبێکدا

02/10/2015    16:31

گێڕانەوەی مێژووی سەد ساڵەی سینەما لە کتێبێکدا 


Cînema

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

کارزان کاردۆزی کە هەلگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەبواری دەر‌هێنانی فیلم و سینەماتۆگرافیدا لە وڵاتی ئەمەریکا، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە وڵاتی ئینگلتەرا بۆ بواری بەرهەمهێنانی فیلم. لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی کتێبێکی تایبەتە بە مێژووی سەد ساڵی سینەما ئەویش لەڕێگەی باسکردنی ژیان و فیلمی سەد دەرهێنەری سینەمای جیهانەوە دەبێت کە بەشێوەیەکی چڕوپڕ تیشک دەخرێتە سەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان و بەرهەمی هەریەک لەو دەرهێنەرانە. ئەم پرۆژەیەی کاردۆزی دەبێتە پرۆژەیەکی گەورە و گرنگ بۆ کتێبخانەی کوردی لەبواری هونەری سینەمادا، چونکە تا ئێستا سەرچاوەیەکی ئەوتۆی تایبەت بە هونەری سینەما بەزمانی کوردی لەبەردەستدا نییە بۆ خوێنەرانی کوردی زمان، لەم گفتوگۆیەی سولی ئۆن وێبدا کارزان کاردۆزی زانیاری تەواو دەربارەی ئەو پرۆژەیەی بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.
 
بیرۆکەی نووسینی ئەم کتێبە

کارزان کاردۆزی: نووسینی ئەم پەرتووکە دەگەرێتەوە بۆ سێ ساڵ لەمەو پێش کاتێک کە لەگەڵ تەهای کەریمیدا خەریکی دەرهێنانی فیلمی "هەزار و یەک سێو" بوین لە ناوچەکانی گەرمیان و پاشان بادینان. زۆر جار کە بە سەیارە دەچووین بۆ ئەو شوێنانە یان لە کاتی پشوودا باسی فیلممان دەکرد، من ئەو کاتە لە سلێمانی بووم، زۆر دیڤی دی و بلو رەی و فیلمی ترم هێنابۆوە و ڕۆژانە لە بلۆگەکەمدا بە ئینگلیزی لە بارەی ئەو فیلمانەوە دەمنووسی کە دەمبینین، تەها حەزی دەکرد کە من بە کوردی بنووسم. بەڵام ئەو کاتە تازە گەرابوومەوە و هەر نەمدەزانی کە بە فۆنت و کیبۆردی کوردی شت بنووسم و هەستم دەکرد کە خوێنەرێکی زۆر نییە لە کوردستان بۆ سینەما، بۆیە هەر لە بیرم چۆوە، ساڵی پار کە ماستەرەکەم تەواو کرد لە ئینگلتەرا، گەرامەوە بۆ کوردستان بۆ درووستکرنی کارێکی دۆکۆمێنتاری، ئیتر لەو کاتەوە ئەم بیرە هات کە پەرتووکێک بنووسم لەسەر سینەما.


کاردۆزی دەیەوێت لەم پەرتوکەدا چی بکات؟


کارزان کاردۆزی: تۆ ڕەنگە خۆت بزانیت کە تا ئێستا لە کوردستان پەرتووکیێکی زانستی نییە لەسەر سینەما و فیلم کە بەووردی باسیان بکات، وا بزانم کاک تەهای کەریمی پەرتوکێکی نووسییبوو کە باسی چەند فیلمێک و دەرهێنەرێک دەکات. ئەوەی من دەمەوێت بیکەم، گێرانەوەی مێژووی سەد ساڵەی سینەمایە، بەڵام کە دەڵێم سەد ساڵەی سینەما، ئێوە دەزانن کە سینەما زیاتر لە سەد سالە تەمەنی، بەڵام گەر ژیانی سینەما بەراورد بکەین بە مرۆڤ، ئەو کاتەی کە سینەما بە تەواوی پێ دەگرێت لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩٢٠ دا دەبێت، پێشتر زۆربەی ئەو فیلمانەی دروست دەکران کورتە فیلمن بوو و بینەرێکی کەمیان هەبووە، بەڵام لە دوای ساڵانی ١٩١٥ وە، چەند دەرهێنەرێک دروست دەبێت کە فیلمی درێژ دروست دەکەن، وەکوو دەڵێن؛ سینەما دروستکەرێکی دەبێت لە دەرهێنەردا. ئینجا؛ باسکردنی سەد ساڵەی سینەما زۆر ئەستەمە. تۆ دەبێت باسی سەدان هەزار فیلم و هەزاران دەرهێنەر بکەیت. وەکوو چێشتی مجێوری لێدێت. بۆیە من دەمەوێت کە هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر سینەمادا هاتووە لەو سەد ساڵەدا، لە ژیان و فیلمی سەد دەرهێنەرەوە نیشانی بدەم. 


ژیانی سەد دەرهێنەر و فیلمەکانیان باس دەکات

کارزان کاردۆزی: ویستم لە سەرەتادا لە دی، دەبلیو گریفیزەوە دەست پێبکەم بۆ ڕیچار لینکلەیتەر، واتە؛ لە ساڵانی ١٩١٠ وە بۆ ٢٠١٤، بەڵام ئەوەش ئەستەم بوو، بۆیە ویستم بیکەم بە دوو بەش و زیاتریش. لە ئێستادا، لە بەشی یەکەمدا هەوڵ دەدەم کە ژیانی سەد دەرهێنەر و فیلمەکانیان باس بکەم، ئەو دەرهێنەرانە ٩٦ دانەیان کۆچی دواییان کردووە. واتە؛ دەتوانم باسی ژیانیان بکەم لە ڕۆژی لە دایکبوونیانەوە تا مردن و هەموو فیلمەکانیان بە وردی. چوار دەرهێنەرەکەی تر؛ "هایۆ میزاکای و ئیسا و تاکاهاتا" کە کاری ئەنیمەیشن دەکەن. لە ئێستادا بڕیاریان داوە واز لە کاری فیلم بهێنن، گەرچی لە ژیاندان، بەڵام بڕوا ناکەم فیلمی تر دروست بکەن. کەواتە دەتوانم باسی هەموو فیلمەکانیان بکەم. هەمان شت ڕاستە بۆ ژاک ڕیڤیێت، دەرهێنەری شەپۆلی نوێی فەرەنسی، گەرچی ئێستادا لە ژیاندایە، بەڵام توشی نەخۆشی ئەلزایمەر بووە و ناتوانێت کاری تر بکات. تەنها دەرهێنەر کە لە ئێستادا کار بکات و لە پەرتووکی بەشی یەکەمدایە، ژان لوک گۆداردە ئەویش یەکێک لە گەورە ڕەمزەکانی سەدەی پێشووی سینەما و پێویست بوو باسی بکەم. ئەمە بەشی یەکەم، لە بەشی دووەمدا هەوڵ دەدەم  باسی سەد دەرهێنەری تر بکەم، لە جیهانی سێ و ئافرەتەکان و ئەوانەی ئێستا کاردەکەن.


بەشی یەکەمی پەرتوکەکە نزیکەی یەک ملیۆن وشە دەبێت و بەوردی باسی دەرهێنەران و فیلمەکانیان دەکات

کارزان کاردۆزی: ئێستا خەریکی تەواوکرنی کاری فرانک کاپرام، باسی ژیانی کاپرا ئەکەم کە چۆن وەکوو ئاوارەیەکی ئیتالی دێتە ئەمەریکا و ژیانێکی هەژاری دەژی و چەندان جۆر کار دەکات، دوای چەندان ساڵ لە نەهامەتی، کە هۆڵیوود دەست بە کار دەکات و لە ماوەیەکی کەمدا دەبێت بە یەکیک لە گەورە دەرهێنەرانی هۆڵیوود، لە فیلمەکانیدا، هەمێشە کارەکتەراکانی کەسانێکی هەژارن کە لە کۆتایدا شتێک دەکەن، ژیانی خۆی لە زۆر فیلمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، ئەمە لە باسکردنی ژیانی لە فیلمەکانیدا. پاشان باسی تەکنیکی فیلمەکانی دەکەم، چۆنیەتی بەکارهێنانی کامێرا و دەنگ و میوزیک لە فیلمی کاپرادا، کارەکتەرەکانی فیلمەکانی کاپرا، چۆنیەتی گێرانەوەی چیرۆک، گرنگی کاپرا بۆ سینەمای ئەمەریکی.

لە بەشێکی دیکەدا  باسی دەرهێنەری ئەڵمانی، مۆرناوم کرد، مۆرناو یەکێکە لە دۆزەرەوانی قوتابخانەی ئێکسپریشنستی ئەڵمانی، لە ڕێگەی ئەو و فیلمەکانیەوە باسی قوتابخانەی ئێکسپریشینستی ئەڵمانی دەکەم، چۆن جوڵەی ئاڵۆزی کامێرا و بەکارهێنانی ڕووناکی دەکەن بە هونەر.

دەرهێنەرانی یەکیەتی سۆڤیەت، باسی قوتابخانەی مۆنتاج دەکەم لە فیلمەکانیاندا، سەرەتای دروستبوونی زمانی مۆنتاج و جۆرەکانی، لە هەمان کاتدا، باسی چیرۆک و ناوەڕۆکی فیلمەکان دەکرێت، جیاوازی دەرهێنەراکان، ئەو نوێگەریەیی بۆ سینەما دەهێنن، بەڵام، باسی مێژووی سەدەی بیستیش دەکرێت، کاریگەری جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، گۆڕانی کلتوری ئەو ووڵاتەنە و کاریگەری لەسەر فیلمەکان هەر بۆیە، لە کۆتاییدا، ڕەنگە بەشی یەکەمی پەرتووکەکە زیاتر لە یەک ملیۆن ووشە بێت.

کیشەی گەورەی کاردۆزی لەم پرۆژەیەدا

کارزان کاردۆزی: ژیان و فیلمی ١٠٠ دەرهێنەر و باسکردنی وردی زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار فیلم، کە دەبێت هەموو تایتڵەکانیان بکەم بە کوردی و لە هەمان کاتدا، زمانێکی کوردی بەکار بێت بۆ پێناسەکردنی تەکنیکی فیلم، تا ئێستاش لە زمانی کوردیدا وشەیەک نیە کە پێناسەی ئەمە بکات " Depth of fields"، زمانی کوردی زۆر لاوازە کە دێتە سەر بەکارهێنانی ووشە بۆ پێناسەکردنی تەکنیکی سینەما، ئەوە یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکان کە تووشی بووم.









کارزان کاردۆزی

هه‌والی زیاتر