وێنە ئیرۆتیکەکانی بەشدار سامی

04/10/2015    01:00

وێنە ئیرۆتیکەکانی بەشدار سامی 


Şêwekar

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: دالیا کەمال

شاعیری لاو بەشدار سامی کە خاوەنی دوو کتێبی شیعرییە،  لە چەند ساڵی ڕابردوودا کاری لە پرۆژەیەکی فۆتۆگرافیی خۆیدا کردووە کە بریتییە لە کۆمەڵێک وێنەی ئیرۆتیکی. بەشدار سامی لەماوەی ڕابردوودا پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافیی بۆ ئەو وێنە ئیرۆتیکیانە کردەوە و ئێستاش سولی ئۆن وێب کۆکراوەیەکی ئەو پرۆژەیە بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو، هاوکات هەردوو شاعیر هێرۆ کوردە و شاڵاو حەبیبە ڕای خۆیان لەسەر ئەو پرۆژەیەی بەشدار سامی دەخەنە ڕوو.


هێرۆ کوردە:

نابێت قسەكردنی ئێمە لەسەر بەشدار قسەكردن بێت لەسەر فۆتۆگرافەرێكی ئەكادیمی كە ساڵانێ‌ بە تیۆری و پراكتیكی خەریكی ئەم كارە بوو بێت، حەزێك كە تەنیا بەشدار خۆی دەزانێت چۆن و بۆ و كەی بەشداری هاندا بۆ نیشاندانی دونیای شتەكان بە جۆرێكی تر. بەشدار دەستی كرد بە فۆتۆ گرتن و كاری جوانی خستەروو گەر دەگمەن و دانسقەش نەبوون، بەڵام پاش بیرۆكەی فۆتۆ ئیرۆتیكییەكانی بەشدار وەك فۆتۆ گرافەر تەماشا دەكرێت ئەمەش بۆ خۆی بۆ بەشدار سود و زیانیشی هەیە، بەڵام دواجار كارەكانی تایبەت بوون، جوان و دانسقە، دیارە كە ئەو ئەكادیمی نییە بەڵام بینینكی تایبەتی هەیە لە هەڵبژاردنی مۆدیڵەكەی كە خاوەن لەش و لارێكی هونەری ژنانە بوو هاوكات لە دانانی لۆكەیشنەكانی، من كارەكانی ئەو وەك دیوی دووەمی دەقە شیعریەكانی دەبینم كە زۆر ورد كاری بۆ كردوون و حسابی بۆ هەموو گەردێك كردووە كە لە عەدەسەی كامێراكەی دەردەكەوێت، گەر حەز یان سەركێشی یان هەر شتێكی دیش بەشداری بۆ ئەم كاركردنە هان دابێت دواجار چاو بە فۆتۆكانی ئەو تێر دەبێت و برسیش بۆ جوانی.
 
بەشدار هێند سەركەوتوو كارەكانی پێشكەش كرد نیشانەی لێزانی خۆی بووە. كاری هونەرمەند گۆڕینی تێڕوانینەكان نییە ئەوەندەی مەبەستی خستنە رووی جوانی و جوان بینی و دونیا بینی خۆیەتی. من لەم رۆژانە فۆتۆی ژنێكم بینی كە نەشتەرگەری منداڵبوونی بۆ كراوە و پاش چەند كاتژمێرێك لە منداڵ بوون وێنەی گیراوەو عەدەسە كراوەتە سەر برینەكەی، ئەمە رێك بۆ گۆڕینی تێڕوانینە كە ناشرین تەماشای برینی منداڵ بوون نەكەن.
كارەكانی بەشدار هونەرین و هونەرە بۆ هونەر، هەرچەندە دواجار ئەوە لای فۆتۆگرافەرە بۆچی و چ مەبەستی چركاندویەتی بەڵام من وای دەبینم كە باشترە تەنیا وەك جوانییەكی جوان تەماشای بكەین و جەستەش وەك هونەر ببینین. دەشێ‌ چاوەكانی ئێمەی كورد ئیتر جۆرێكی تر تەماشای جەستە بكەن كە جوانە و دەبێت ئەم جوانییە نیشان بدرێت وەك خۆی. تیروانینەكان بەردەوام دەگۆڕێن بەڵام من زیاتر وەك هونەر تەماشای رووتییەكانی فۆتۆكانی بەشدار دەكەم، دەشێ‌ كەسێكی تر بە مەبەستی تێركردنی حەزی سێكسی خۆی تەماشایان بكات، ئەمە هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت كە ئەم كارانە هونەرین و دەبێت وەك تابلۆی هونەری تەماشا بكرێن.




 
شاڵاو حەبیبە:
وێنە ئیرۆتیکییەکانی بەشدار سامی دەبێت لەگەڵ ئەو شیعرانەیدا بەراوردی بکەین کە تێما سەرەکییەکانیان "ژن"ـە. چونکە ژن هەم لە شیعرەکانیدا و هەم لە وێنەکانیدا بە بەرجەستەیی دەردەکەوێت. لە هێندێک لە وێنەکانیدا دەرکەوتنی ژن تەمومژاوییە. ئەو زۆر زیرەکانە توانیویەتی بە هینانی تەمومژ بۆ ناو وێنەکانی لایەنی هونەریی فۆتۆکان بارزتر و بەهێزتر بکات. تەمومژ لە وێناکانی بەشدار سامیدا جیاکردنەوەی سنووری نێوان ئیرۆتیکە لە پۆڕنۆ. هونەری بەشدار سامی ستایشکردنی جەستەی ژنە، تا ئەو شوێنەیش کە نەبووەتە پۆڕنۆگرافی، ڕێزگرتنی ئەو جەستەیەیە. وێنە ئیرۆتییەکانی ئەو دەرفەتێکن بۆ ئەوەی جەستەی ژنیش وەک هەر توخمێکی دیکەی ناو دنیای کوردی، هەناسە بدات.


هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ