بێرتۆلوچی وێنەکێشی ناو سینەما

15/10/2015    15:27

بێرتۆلوچی وێنەکێشی ناو سینەما 


Cînema

ڕۆجەر ئیبەرت
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال


بەشی سێیەم 

لە سەرەتای یەکتربینینی ماتیۆ و دووانە پاریسیەکەدا یەکترناسینەکە شتێکی دڵخۆشکەر دەبێت. ماتیۆ بۆ دایک و باوکی دەنوسێت، "لە کۆتاییدا کۆمەڵێک خەڵکی پاریسیم ناسی!" لەناو جیهانە داخراوە پڕ لە ترسەکەی ئەپاڕتمێنەکەدا، خۆی لە نێو خولیا سێکسیەکانی دووانەکەدا دەبینێتەوە. شەوێک دەبینێت خوشک و براکە پێکەوە نوستوون، بە ڕووتی. ئیزابێل تیۆ دەبەزێنێت لە تاقیکردنەوەیەکی فیلمدا و فەرمانی بەسەردا دەکات کە دەسپەڕبکات (لەسەر ئەژنۆ و بەرامبەر وێنەیەکی مارلین دیاتریچ (Marlene Dietrich)). تیۆ تاقیکردنەوەکە دەباتەوە و فرمان بەسەر ماتیۆ دەکات کە لەگەڵ خوشکەکەیدا بخەوێت. ماتیۆ هەندێجار کەمێک سەرخۆشە، هەندێجاریش زۆر، هەندێجار زۆر ئارەزووی سێکسی هەیە، بەڵام باش دەشزانێت ئەمانەی دەیکات هەڵەن، ئەمانە هەموویان کۆتایی فیلمەکە پێک دەهێنن، کە تیایدا پێمان دەڵێت سێکس و سینەما مەکینەن و سیاسەتیش شەمەندەفەرەکەیە.

فیلمەکە سەیر جوانە. بێرتۆلوچی یەکێکە لە وێنەکێشە گەورەکانی شاشەی سینەما. ڕێگایەکی نایابی بەکارهێناوە بۆ گەڕانەوە بۆ فیلمە کلاسیکەکان و ڕۆڵگێڕانی کارەکتەرەکانی ناو ئەو فیلمانە لەم فیلمەدا. لە هەندێ جێگەدا زۆر بە وردی کاری لەسەر ئەو گەڕانەوانە کردووە بۆ فیلمە کلاسیکیەکان. ماتیۆ لە پەنجەرەکەوە تەماشای بارینی بارانەکە دەکات بۆ سەر شووشەکە، ڕووناکی سەر شووشەکەش وایکردووە دڵۆپی بارانەکە وا دەربکەوێت کە بەسەر ڕووخساری ماتیۆدا دێتە خوار.

ئەمە دیمەنێکی بەناوبانگی کۆنراد هۆڵ (Conrad L.Hall)ە لە فیلمی (In Cold Blood)ی فیلمەکەی (Richard Brooks)ی ساڵی ١٩٦٧. لەگەڵ ئەوەی مایکڵ پیت بەزۆری لە لیۆناردۆ دیکاپریۆ دەچێت، لەم گرتەیەدا، لەم گۆشەیەوە، بەو ڕووناکیە، بۆ ساتێک ڕۆڵی مارلۆن براندۆی لاو دگێڕێت. یەکێکی تر لەو دیمەنانەی لە فیلمێکی ترەوە وەرگیراوە: ئەو کاتەیە کە سێ گەنجەکە لە قادرمەکانەوە ڕادەکەن بەرەو خوار، سێبەرەکانی خۆیان دوای ئەم سێ کارەکتەرە کەوتووە، ئەمەش لە فیلمی (The Third Man)دا دەبینین.

فیلمەکە بۆ خوار حەڤدە ساڵ نابێت تەماشای بکات ئەمەش بەهۆی تێماو بابەتی ناو فیلمەکە لەگەڵ ئەو دیمەنە زۆرە سێکسیانەی لە فیلمەکەدا دەیبینین. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا بۆچی دەبێت شەرم بکەین لەوەی فیلمێکی بێرتۆلوچی بڵاوبکەینەوە بەو فۆڕمەی خۆی ویستوویەتی؟ بێگومان بابەتی سێکسی ناو فیلمەکە کات و شوێنی ئەو سەردەمە دەوروژێنێت نەک ئێستا. ئەم فیلمە فیلمێکی پۆڕنۆگرافی نییە بەڵکو ڕووداوێکی مێژوویی دەگێڕێتەوە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا چی ڕوودەدات کە وامان لێدەکات باوەش بۆ توندوتیژی بکەینەوە و شەرم لە سێکس و ڕووتی بکەین؟

بێرتۆلوچی ناوی فیلمەکەی ناوناوە (The Dreamers) چونکە کارەکتەرەکانی خەون دەبینن، تا ئەو کاتەی ئەو بەردەی لە دەرەوە دێتە ژوور و پەنجەرەکەیان دەشکێنێت لە قۆزاخەکەیاندەریان دەهێنێت، پاشان جیهانی ڕاستی دێتە بوون و دوکەڵ و گاز تێکەڵی ژیانیان دەبێت. ئێستا ئەوە ڕوونە کە گۆدارد و ئازادی سێکسیی هەرگیز جیهان ناگۆڕێت. ئەم ڕێگایە تەنها ماوەیەک بڕی کرد. ئەوانەی کە ژیان بەڕێوە دەبەن زۆر ناچن بۆ تەماشاکردنی فیلم، هەرگیزیش بیر لە سێکس ناکەنەوە. ئەوان تەنها خەیاڵیان لای پارە و هێزە.

ماتیۆ لە کۆتاییدا هەست دەکات ناتوانێت دوای دووانەکە بکەوێت بۆ هەر جێگەیەکی خەیاڵی کە ئەوان خەونی پێوە دەبینن. ڕووی وەردەگێڕێت و لە قەرەباڵغیەکەی ناو خۆپیشاندانەکەدا ون دەبێت، بە پێچەوانەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکەوە دەڕوات. بەرەو داهاتوویەک کە ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە دەرهێنەری ئەم فیلمەی کە دەیبینین.


سەرچاوە: RogerEbert.com





هه‌والی زیاتر