(بیرەوەریەکانی سەر بەرد)ی شەوکەت ئەمین کورکی

19/10/2015    01:13

(بیرەوەریەکانی سەر بەرد)ی شەوکەت ئەمین کورکی 


Cînema

شاهۆ عارف


لە سێیەم فیلمیدا شەوکەت ئەمین ئاوڕ بۆ ڕابردوو دەداتەوە و دیالێکتیکی کورد و سینەما لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵدا دێنێتە سەر سکرین. ئەمە یەکەمین جارە فیلمسازیی کوردی بە دوای ڕەگ و ریشە جددیەکانی خۆیدا بگەڕێت و لەڕێی خۆیەوە هەوڵی چەسپاندن و بەمێژوویکردنی خۆی بدات. ئەم ئیشەی شەوکەت کۆششێکی سەرەتاییە بە ئاراستەی بە هەندوەرگرتن و بیرکردنەوە لە سینەمای کوردی، سینەمایەک کە هەتا ئێستایش لە ئاستی جیهانیدا ئیعتیرافی پێ ناکرێت و ناوە گەورەکانی وەک گیونای و بەهمەن ئەدرێنە پاڵ سینەمای تورکی و ئێرانی. گەڕانەوە بۆ گیونای وەک پڕۆتایپ و دروستکردنی هێڵی مێژوویی، هۆشیاربوونەوەی دەرهێنەری کوردە بەرامبەر بە میراتی سینەمای خۆی و دۆزینەوەی خاسیەت و تایبەتمەندیەکانی ئەو میراتەیە.

ئەوەی لە پلۆتی ئەم فیلمەوە هەستی پێدەکەین داستانی موعانات و ژانی نەتەوەیەکە کە بە درێژایی چەندین ساڵ لە فۆرم و شکڵی جیاجیادا دەردەکەوێت و درێژدەبێتەوە. ئەم ژانە نەتەوەییە بۆ شەوکەت دەبێتە تێمای بەردەوامی ئەو سێ فیلمەی کە لەناو فیلمەکەی خۆیدا ئاماژەیان بۆ دەکات، هەریەکە لەو فیلمانە گوزارشت لە قۆناغ و سەردەمێکی دیاریکراو دەکەن کە تیایدا میللەتێک چەوساوەتەوە باجی چەوسانەوەکەی دەدات. لە فیلمی ڕێگای یەڵماز گیوناییدا (ڕابردووی دوور)، میللەتێک لەژێر زەبر و زەنگی دەسەڵاتێکی بێ رەحمدا ئازار دەچێژێت و زیندانی دەکرێت، لە فیلمی ئەنفالی حوسێندا (ڕابردووی نزیک)، هەمان تراژیدیا لەجێیەکی ترەوە و بەشێوەیەکی تر بەردەوامی هەیە، هەرچی فیلمەکەی شەوکەتیشە (ئێستا)، لەگەڵ پاشماوە و کاریگەریە گەورەکانی ئەو کارەساتانەدا مامەڵەدەکات. بەمجۆرە شەوکەت ئەمین لەڕێگەی خۆ بەستنەوەی بە سینەمای دەوڵەمەندی گیونایەوە، تێمای ژان و نەتەوە وەک هێڵی هاوبەشی نێوان هەرسێ فیلمەکە دیاری دەکات و هەیکەلی گشتی فیلمەکەی خۆیشی لەسەر دادەمەزرێنێت.

ئەوە تەنیا حەقیقەتی مێژوویی کورد نیە کە دەبێتە بابەتی ئەم فیلمە، بەڵکو ئەو مەیل و ئیرادەیەشە کە کورد بەرامبەر بە سینەما هەیبووە و هەیەتی. دژواریەکانی گیونای لە تەواوکردنی فیلمەکەیدا، هەروەها ئەو دەمەی حوسێن بە تۆمەتی تەماشاکردنی فیلمی کوردی، لێدانی باوکی و دەستبەسەرکردنی بینەرانی سینەما بەچاوی خۆی دەبینێت، وە ئەو کاتەی کە دروستکردنی فیلمەکەی بەسەر دابڕان لە ماڵو خێزانیدا هەڵ دەبژێرێت، لەو شوێنەدا کە نزیکە قوربانی بە هەموو ژیانی بدات، بەهەمان شێوە کارەکتەری سنور کە هەموو شتێک لەپێناو ڕۆڵگێڕاندا ئەکات. وە تێکڕای ئەو قورسی و گرفت و بەربەستە کلتوری و کۆمەڵایەتیانەی کە لە دروستکردنی فیلمەکەیدا ڕووبەڕی حوسێن دەبێتەوە. ئەمانە پێکەوە ئەو تامەزرۆییە دەخەنە ڕوو کە لە زەەمەنی چیرۆکەکانی ئەم فیلمەدا بۆ سینەما هەیە.

بەمانایەکی فراوانتر دیالێکتیکی کورد و داپڵۆسێنەرەکانی لەلایەک و کورد و سینەما لەلایەکی ترەوە، دوو بابەتی گرنگی ئەم فیلمەن و لە گۆشەنیگای هیگڵەوە مێژووی کورد و مێژووی فیلمسازی کوردیمان بۆ دروست دەکەن. لە ئاستی یەکەمیاندا دژایەتی هەیە و لە دووەمیاندا تەماهی، ئێمە لە فیلمی ڕێگا و ئەنفالەوە شایەتی ئەوە دەبین کە چەوساندنەوە و ستەمکردن لە کورد لەلایەن نەیارەکانیەوە قەزیەی کوردبوون دروست دەکات. پاڵەوانەکانی گیونایی ناتوانن بە کوردی بدوێن، لە زیندانێکی بچوکەوە بەرەو زیندانێکی گەورەتر دەچن، لەدەرەوەیش ڕووبەڕوی نۆرم و دۆگما کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەبنەوە، ئەویندارەکانی فیلمەکەی حوسێن لێک جیا دەبنەوە، ملیۆنان کورد زیندانی و ئاوارە و بێ سەروشوێن دەبن. لێرەوە تراژیدیا و ژان دەبن بە بەشێک لە شوناسی کورد، بەبێ ئەو تراژیدیایە ناتوانین لە کورد و مێژووەکەی تێبگەین، نازانین بڵێین بەبێ زیندانیکردن و کوشتنی گەنجەکانی، کورد لەناو ئەو مێژووەدا چیترە؟ ئەگەر ئەنفال و کیمیاباران لەدەرهێنەرێکی وەکو حوسێن بسەنینەوە چۆن دەتوانێت باسی ژیانمان بۆ بکات؟ ئەوەی زمانی دایکی لێ دەسەننەوە، ئەوەی ئەنفالی دەکەن، ئەوەی دێی کاول دەکەن، ئەوەی کچەکانی دەبەن، ئەوەی لاوەکانی زیندانی دەکەن، تەنیا کوردە، کورد و ئەم فۆرمانەی تراژیدیا لەناو مێژوودا یەک شتن. فیلمەکەی حوسێن و گیونای، ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعیەتە مێژوویەی ژیانی نەتەوەیەکن کە تراژیدیا لەواندا شێوە دەگرێت. بۆ شەوکەت، سینەمای کوردی خاوەنی ئەم قەزیە بەردەوامەیە، وە ئەوەی ئێمە هەتا ئێستا لە سینەمامان ویستوە دووبارەبوونەوەی ئەم شوناسە کوردیەیە. لەو زەمەنانەی کە لە گێڕانەوەکەی شەوکەتدا دەردەکەون، مێژووی کورتی ئەو بەرکەوتنە دەبینین کە کورد لەگەڵ سینەما هەیەتی. لەم مێژووەدا مرۆڤی کورد عاشقی سینەمایە و قوربانی بۆ دەدات، لە پێناویدا لێیدەدرێت و دەستبەسەردەکرێت. ئەو نموونانەی کە لەسەرەوە باسکران، وێنەی نەمری ئەو خۆشەویستیەیە کە مرۆڤ و هونەرمەندی کورد بۆ سینەما هەیەتی و ئەوپەڕی تەماحیشیان ئەوەیە کە سینەما شوناسی پڕئازاری کوردبوونیان لێ قبوڵ بکات.

بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی کە تا ئێستا فیلمەکانی گیونای، بەهمەن، تەها و شەوکەت تیایدا هاوبەشن، موعاناتی کوردبوونە، ئەم بابەتە لای هەر یەکێکیان بەشێوەی جیاجیا دەرەکەوێت و دووبارە دەبێتەوە. لە سینەمای گیونایدا، لە ژێر زەبری دەسەڵاتێكی ستەمکاردا، بیروباوەڕە خێڵەکیەکان، نالەباری و جیاوازیە چینایەتیەکان، کوشتار و زیندانیکردنی بەکۆمەڵ دەبینین. سینەمای بەهمەن بەو نەوە مەعسومەوە سەرقاڵە کە لەگەڵ ئازاردا ئەژین و بەچیاکانەوە ئەمرن. بۆ تەهای جوانە مەرگ، برینە قوڵە ناوخۆیەکان و ئاسەوارە گەورەکانی ژێر دەستەیی جێی بایەخن. کارنامەی تازە پێکەوتوی شەوکەتیش خۆی لە هەڵچوون دوورخستۆتەوە و بە دوای مانایەکی قوڵتری ژیانی پاش جەنگ و نەهامەتیانەکاندا دەگەڕێت. ئەگەر ئەم فیلمە توانی بێتی پێمان بڵێت بونەوەرێک هەیە بەناوی سینەمای کوردی، ئەوەشمان پیشان دەدات کە ئەم بوونەوەرە هێشتا ساوایە و کەم ئەزموونە. هێشتا توانای ئەوەی نیە بە فیچەر و خەسڵەتی ڕەسەنەوە خۆی لەناو مێژووی گەورەی سینەمادا ببینێتەوە. بە هەموو پێوەرەکانی فیلمۆلۆژی سینەمای کوردی خاوەن کەرەستە و ئامرازی سەربەخۆ نیە. ئەوە تەنیا شەوکەت نیە کە لە گێڕانەوەی نەریتی و دووبارە خۆی بۆ ڕزگار نەکراوە، بەڵکو گیونایشە کە لەچوارچێوەکانی نیوڕیالیزم و ژانەری وێسترندا قەتیس بووە. بە کورتی هێشتا عەشقی ئێمە سینەمای لەناوخۆیدا نەتواندوەتەوە، نەیتوانیوە بە وێنە بیر بکاتەوە و بە وێنە قسە بکات. لەپاڵ گێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکی کارەساتباردا، بوعدی فیکری و فەلسەفی دروست بکات.

فیلمەکەی شەوکەت لە ئاستێکی تردا جێگا بۆ سینەما خۆش دەکات و هەلومەرجەکانی بوونی دەسازنێت. لەم پێناوەیشدا بە گژ تێڕوانینە جەمعیەکان و دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا دەچێتەوە. کێشەکانی نەبوونی ئەکتەری کچ، کامێرا، بودجەی بەرهەمهێنان، هۆڵی سینەما گرنگترین ئەو ئاماژانەن کە کلتوری کوردی خۆی بەڕووی ئەم هونەرەدا داخستوە. هەریەکە لەم کێشانە هێڵێکی درامی لەناو سیناریۆی فیلمەکەدا دروست دەکات و هەتا کۆتایش بەردەوام دەبێت. کارەکتەری سنور لەگەڵ خۆیدا دوالیزمی "ژن و شەرەف"ی عەقڵی کوردی دێنێتە ناوەوە، سەختیەکانی پەیاکردنی کامێرا، لایەری سیاسی و دۆخی دەگمەنی ئیزافە دەکات. مەترسیەکانی بودجە هەتا ئاستی خراپکردنی فیلمیش ئەچێت. گۆڕینی هۆڵی سینەما بۆ ڕێستۆرانت، فیلمەکانمان ئاوارەی سەر دیوارەکان ئەکات و بینەرەکانیش ئەتۆرێنێت. بەمشێوەیە شەوکەت ئەمان خاتە بەردەم لێپرسراوێتی بەخێوکردنی ئەم سینەما کەم تەمەنەوە، سینەمایەک کە گیونای بە ئاوارەیی و دەربەدەری و کەلەپچەکراویەوە دایمەزراند، سینەمایەک کە هاوسەردەمەکانی حوسێن لەبەردەمیدا شەلەقەکران، پێویستە ئەمڕۆ بە ژیان و گیانمان پارێزگاری لێبکەین.

سەرچاوە: ئەکاونتی تایبەتی شاهۆ عارف





هه‌والی زیاتر