ئەرکی کلتور لەم بارودۆخەداو رۆڵی گەنج

24/10/2015    15:26

ئەرکی کلتور لەم بارودۆخەداو رۆڵی گەنج 


Têkst

ئازەر عوسمان

لوزینتێراپتوس گروپێکن لە گەنج لە وڵاتی ئیسپانیا کارەکانیان لەسەر شەقام و لە نێو خەڵکدایە ئەوان گروپێکی ١٥ کەسین،  مەبەستیانە پرسیارە گرنگەکان بوروژێنن و خاوەنی ( نا ) یەک بن، سووربونی خۆیان نیشان بدەن لەبەرامبەر ئەو نا رەواییانەی دەسەڵات و سیستمی کۆنخوازی و گروپە دیاریکراوەکانی ناو پێگە گرنگەکان بەڕێوەی دەبەن گەرچی لە فۆرمی کارکردنیشیاندا رووناکی بۆتە کۆنسێپتی کارەکانیان و بە پێی هەبوونی کات نمایشەکانیان دەکەن. ئەوەی لەم گروپەدا دەبینرێت دروست بوونێکی خۆرسکەو هەست بە لێپرسراوێتی خۆی دەکات لەبەرامبەر رووداوەکاندا، ئەوان چاوەڕیی شوێنە دیاریکراوەکان ناکەن تا سپۆنسەریان بن گەرچی کراوەیی وڵاتانی خۆرئاوا هەمیشە لە رێگەی رێکخراوی نا حکومی و شوێنی جیاوازەوە فەندی ئەم پرۆژانە دەکات بە شیوازو رێسای خۆی.
ئەوەی پرسیارەکە دروست دەکات ئەو رۆڵەیە کە گەنج خۆی لە بەرامبەر ماف و پیشهاتەکاندا دەیگێڕێت لە پێناو بنیاتنانی ژیانێک باشتر و وابەستە نییە بە کردەکانی پیشتر لە کلتوردا ئەوەی دروستی دەکات ئەو رووداوانەی رۆژە کە بەردەوام دەبینرێن و دووبارە دەبنەوە بۆیە لە پەیوەست بە کۆمەڵگای ئێمەوەوە ئەوەی دەگوزەرێت رۆلی کلتورە لە رووداو قەیرانەکاندا کە بێ ئاگا خۆی لێ قوتار کردووە، ئەتوانین بڵین ئەوەی ئێمە هەمانە کلتورێکی ژێر دەستەو پاشکۆی کلتوری رابردوە، کلتورێکە نەیویستووە تائێستا دەنگ و رایەکی خۆی هەبێت، دیارە دیدی تاکەکەس هەن بەڵام ئەو هێزە خۆرسکییەی لە گەنجدا دروست دەبێت جیاوازە چونکە هەڵگری هێز و پێشینەیەکی پەنگخواردوو دووبارە بووەوەی بارودۆخە قەیراناویە یەک لە دوا یەکەکانن.
پێگەی کلتوری گەنج لە کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایە، ئەو چالاکیانەی دەکرێت، هەرهەمان کردەیە کە چەند ساڵە دوبارەو سێ بارە دەبێتەوە سنورو چوارچێوەیەکی دیاریکراویشی هەیە لە شێوازی خۆنمایشکردن و ناوەرۆکیدا
لێرەوە گەنجیش بۆتە تەماشاکەرێک و قسەکەرێک بێ هەبوونی پرسیار، کە بەردەوام لە ناو ئەو دۆبارەبونەوەدا  ئەمیش خۆی نمایشدەکاتەوە، ئەم جۆرە لە بیر کردنەوەی گەنجیش هەمان کلتورمان پێ دووبارە دەکاتەوە کەنەوەکانی رابردو بەرهەمیان هێناوە.

بۆیە لێرەدا بە بێ هەبوونی پرسیار کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرو قسەکەر دروست دەکات دەبیێتە مرۆڤێکی چاوەروانکەر و ئەلتەرناتیڤێکی نییە بۆ بیرکردنەوە، لە دەرئەنجامدا دەبینە تەماشاکەرێکی راستەوخۆ  چاوەرێکەری بێ بڕیار لەو پێگانەی خاوەنی دەسەڵاتی کلتورین لە کاتێکدا خاوەنی دەسەڵاتی کلتوری لەم وڵاتەی ئێمەدا هەمان شێوە مامەڵەی سیاسەت دەکەن کەمێک بیر لەوە دەکەنەوە کە لە نێوەندێکی کلتوریدان و پێویستە کاری بۆ بکەن.
سیستەم و قەیرانەکان نەوە نوێکانیشی فێری هەمان مامەڵە و بیرکردنەوە کردووە گروپەکان پێیان وایە دەبێت تەکەتول هەبێت بۆ ئەوەی سەربکەویت بەرێوەبەر پێی وایە دەبێت تا دوا هەناسە لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە نەرم و نیانی بنوێنین و خەندەی درۆ بکەین بە دەم یەکەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین هاوڕێین و هاوڕاین!!!
بۆیە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی کە گروپی لوزینتێراپتوس جەخت لەسەر بیری خۆیان دەکەنەوە لە پێناو نیشاندانی فۆرمێکی ترو رەخنەیەکی جیاوازتر و هەروەها نیشاندانێکی جیاوازتر گەر چی لە نمونەی کارەکانیشیاندا هیچ کات ئەوان مەبەستیان نییە شوێن ناشرین بکەن بەڵکو پرسیار لەسەر شوین و مانەوەش لە شوێندا دروست دەکەن.
گەنج ووزەو هێزێکی ترە، هەڵجوونەکانی گەنجن لە چالاکیە کلتوریەکاندا فۆرمێکی دی لە مەعریفەو زانین بنیات دەنێت و رەهەندێکی تر بە رووی کۆمەڵگە دەکەنەوە چالاکیە کلتوریەکان هەریەک لە شوێنی خۆێەوە دەتوانێت رۆڵی هەبێت، کار لەسەر پرسیارەکان و وویستەکانی ناوەوەی کلتوری گەنج خۆیبکات گفتوگۆیەکی رەخنەیانە لەگەل خۆیدا بکاتەوە.
دەرچوون لەم سیستەمە ئاسنینە پێویستی بە جوڵە خۆرسکەکانی نێو خۆمانە و چالاکی و نمایشی هونەری و بەرهەمی جوان و پڕ مانا پێویستە بوونی خۆی هەبێت و وا بەستەی ووتە سواوەکان نەبێت لە بەرامبەر نەکردنی چالاکی و نمایشەکاندا.

تێبینی: گەنج لێرەدا ئەو پێناسەی نییە کە بیخەمە چوارچێوەیەکی تەمەن یاخود نەوەکانەوە، بەڵکو مەبەستی ئەو هێزە خۆرسک و خاوەن پرۆژەو بیرە تایبەتەیە کە لە هەریەکێکدا دروست دەبێت (گەنجە).



هەستکردن بە لێپرسراوێتی و رووداوەکان پرۆژە دروست دەکات..... یەکێک لە کارەکانی گروپی لوزینتێراپتوس




هه‌والی زیاتر