مەشقکردنی موزیک مێشک چالاک دەکات

26/10/2015    19:10

مەشقکردنی موزیک مێشک چالاک دەکات 


Mwsîk

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

دەمەوێت بڵێم شتێکی قورسە یەکێک بدۆزیتەوە کە گۆرانیەک یان پارچەیەک موزیک نەیجوڵاندبێت و کاری لێنەکردبێت. وەک گێڕانەوەی چیرۆک، ژەنینی موزیکیش خاسیەتێکی یونیڤێرساڵیی هەیە، کە بە هەموو کلتورەکانی جیهاندا بۆ ماوەی چەندین هەزار ساڵە بڵاوبۆتەوە و بڵاو دەبێتەوە. موزیک کاریگەریەکی تایبەتی هەیە لەسەر مێشک، لە نێویاندا وەڵامدانەوەی هەستیی بەهێز. لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پڵۆس وەن (Plos One) ئەوە ئاشکرا دەکات کە موزیک ئەگەر بیکەینە کاری تایبەتی خۆمان ئەوا دەمارەکانی مێشک پێکەوە دەبەستێتەوە.

بەدڵنیاییەوە موزیک فۆڕمێکی سەرەکیی پەیوەندییە کە ناوەندێکی تایبەتی مێشک چالاک دەکات: ئەمەش زیاتر بەستراوە بە خەڵاتکردن، پلاندانان، هاندان و هەستەوە. وا زانراوە کە فێربوونی ژەنینی ئامێرێکی موزیک جێگەی مێشک بگرێتەوە : لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٩ سەلماندی کە مەشقی ئامێری موزیک بەشێوەیەکی ئاسایی و بە ڕێژەیەکی ڕێگە پێدراو قەبارەی ناوەندەکانی مێشک زیاددەکات کە بەرپرسن لە بیستن و کارامەیی مرۆڤ. موزیسیانەکانیش بەوە ناسراون کە لێهاتووترن لە ناسینەوەی ئاوازی دەنگ، هەروەها موزیسیانەکان باشترن لە ناسینەوەی دەنگ و بیستنی وشە و قسەکردندا لە ژاوەژاوێکی زۆردا کە لە باکگراوندی ئەو جێگایەدا هەبێت. زیاد لەمانەش موزیسیانەکان توانایەکی زیاتریان هەیە بە جیاکردنەوەی هەست و ناسینەوەی هەستەکان لە کاتی گفتوگۆدا.

لێکۆڵینەوەکانی پێشتر ئەوەی دەرخستووە کە ئەو شانەیەی بەشی نیوەی چەپ و ڕاستی مێشک پێکەوە دەبەستێتەوە لە موزیسیانەکاندا فراوانترە. ئایا ئەوە گونجاوە کە موزیک ئەو هێزەی هەبێت بتوانێت پەیوەندی نێوان هەردوو نیوە گۆی مێشک گەشە پێبدات؟

بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا موزیسیانەکان پەیوەندیەکی گەشەسەندوویان هەیە لە نێوان هەردوو نیوە گۆی مێشکیاندا بەراورد بە ئەوانەی موزیک ناژەنن، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ بڵاوکراوەتەوە لەلایەن زانکۆی (Jyvaskyla) لە فینلەندا ئەویش بە بەکارهێنانی سکانەری fMRI تاوەکو سەیری مێشکی هەردوو جۆرەکەی مرۆڤی پێبکرێت: ئەندامانی یەکەم هەموویان کەسانی پڕۆفیشناڵ بوون، کە موزیک دەژەنن و خاوەنی بڕوانامەشن لە موزیکدا؛ دووەمیش ئەو خەڵکانەبوون کە بە هیچ جۆرێک موزیکیان نەژەنیوە لە ژیانیاندا.

پاش ئەوەی لە سێ جۆری جیاوازی موزیکدا ئەم کەسانە تاقیکرانەوە هەر لە موزیکی کلاسیکییەوە، بۆ تانگۆی ئەرجەنتینی و پاشانیش ڕۆک، لێکۆڵەرەکان بۆ گەشانەوەی چالاکی مێشکی هەردوو نیوەگۆ دەگەڕان، هەروەک ئەوەی چاوەڕوان کرابوو، چالاکی مێشکی موزیسیانەکان لە هەردوو نیوەگۆی ڕاست و چەپدا زۆر زیاتر بوو لەوانەی کە موزیکیان نەژەنیووە.

لە نێو موزیسیانەکاندا ئەو کەسانەی تێدابوو کە کیبۆرد، چەلۆ، ڤیۆلین و ترۆمبۆنیان دەژەند. لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوە دەرکەوت ئەوانەی ئامێری کیبۆرد دەژەنن چالاکترین مێشکیان هەیە. لێکۆلەرەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە جووڵەی ڕێکوپێک لە مێشکی موزیسیانەکاندا کاتێک ئامێرێک دەژەنن زۆر زیاد دەکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ڕێکوپێکیی ئەو دەمارانەی هەیانە. 


سەرچاوە: IFLScience.com


هه‌والی زیاتر