چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر نابۆکۆڤ

27/10/2015    18:30

چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر نابۆکۆڤ 


Têkst

سازدانی: هێربەرت گۆڵد
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
بەشی یەکەم

ڤلادیمێر نابۆکۆڤ لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٩ لە دایک بووە. ئەو نووسەرێکی ڕووسی-ئەمریکییە. لە کاتێکدا نۆ یەکەمین بەرهەمەکانی نابۆکۆڤ بە ڕووسی بڵاودەبێتەوە، پاشان دەبێتە نووسەرێکی درەوشاوەی جیهانی زمانی ئینگلیزی. 

لۆلیتای نابۆکۆڤ کە لە ساڵی ١٩٥٥ دا نووسیوویەتی بە باشترین ڕۆمانی ئەم پیاوە دادەنرێت کاتێک ڕۆمانەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە. ئەم ڕۆمانە بە چوارەم باشترین ڕۆمانی مۆدێرن ئەژماردەکرێت. هەروەها نابۆکۆڤ حەوت جار پاڵێوراوە تاوەکو خەڵاتی باشترین نووسینی ئەدەبی بباتەوە بەڵام هیچ جارێک خەڵاتەکەی بەدەست نەهێناوە. 

ڤلادیمێر نابۆکۆڤ لەگەڵ ڤێرای هاوسەری لە هۆتێلی مۆنتروکس پالاس لە سویسرا دەژی، شارێکی هاوینەهەوارە لەسەر ڕووباری جەنەوا کە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بوو بۆ ڕووسە ئەرستۆکراتەکان لەم سەدەیەدا. یەکێک لە ژوورەکانی ناو هۆتێلەکەی نابۆکۆڤ تەرخانکرابوو بۆ ئەرشیفی نابۆکۆڤ خۆی، ڕۆمانی لۆلیتا بە زمانەکانی تورکی و یابانی، کتێبی تر، کەلوپەلی وەرزشی و ئاڵای ئەمریکا لەو ژوورەدا هەبوون.

نابۆکۆڤ لە بەیانیاندا زوو هەڵدەستێت و دەست دەکات بە کارکردن. لەسەر کارتێکی تایبەت نووسینەکانی دەنووسێت، پاشان کار لەسەر ئەو نووسینانە دەکات و ڕێکیان دەخات تا بەرەبەرە دەبێتە ڕۆمانە درێژەکانی. لە کاتی وەرزە گەرمەکاندا لە مۆنتروکس حەز بەوە دەکات کە لە مەلەوانگەکەی نزیک هۆتێلەکە مەلەبکات. ژنەکەی هاوکارێکی زۆر باشیەتی، بە ئاگایە لە هەموو کارێکی ئەو، نامەکانی دەنووسێت، کارەکانی بەڕێوە دەبات، تەنانەت کاتێک هەست بکات کە نابۆکۆڤ قسەیەکی هەڵە دەکات دەیبڕێت و ناهێڵێت لە هەڵەکەی بەردەوام بێت.
 
نابۆکۆڤ لە کاتی سازدانی ئەم چاوپێکەوتنەدا خەریکی نووسینی ڕۆمانێکی درێژە کە پەنهانی و ناڕوونی کات دەپشکنێ. کاتێک باسی ئەم کتێبە دەکات، دەنگ و ڕووخساری لە شاعیرێکی تازە دەکات کە ئارەزووی ئەوە دەکات بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی. 


دەقی چاوپێکەوتنەکە:

هێربەرت: بەیانیت باش. ڕێمبدە کۆمەڵێ پرسیاری نامۆت ئاڕاستە بکەم. 
نابۆکۆڤ: بەیانی تۆ باش. من ئامادەم. 

هێربەرت: هەستی داوێن پیسیت لە پەیوەندی نێوان هەمبەرت هەمبەرت و لۆلیتا زۆر بەهێزە. لە هۆڵیوود و نیویۆرک ئەم پەیوەندییانە لە نێوان پیاوی گەورە و گەنجتر لە لۆلیتاش زۆر دووبارە دەبێتەوەو هاوسەرگیری دەکەن.
نابۆکۆڤ: نا، ئەوە هەستی داوێن پیسی من نییە لە پەیوەندی نێوان هەمبەرت هەمبەرت و لۆلیتا کە بەهێزە، ئەوە هەستی هەمبەرت هەمبەرت خۆیەتی. ئەو گرنگی پێدەدات، من نا. من لایەنە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگام هەر بەلاوە گرنگ نییە، لە ئەمریکا بێت یان لە هەر شوێنێکی تر. بەهەرحاڵ بابەتی ئەوەی کە پیاوێکی چل ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی هەرزەکاردا بکات هیچ پەیوەندی بە لۆلیتاوە نییە. هەمبەرت عاشقی کچی مناڵکارە نەک کچی لاو. پەرییەکان کچی مناڵکارن. لۆلیتا دوانزە ساڵ بوو، نەک هەژدە، کاتێک هەمبەرت چاوی پێکەوت. ڕەنگە ئەو کاتە ئەوەت بێتەوە یاد کە لۆلیتا چواردە ساڵانە، هەمبەرت وەک "خانمی تەمەن" بانگی دەکات.

هێربەرت: پڕایس جۆنسی ڕەخنەگر لەبارەی تۆوە دەڵێت"هەستەکانی لە هەستی کەسی تر ناچێت." ئەمە هیچ مانایەکی هەیە بۆ تۆ؟ یان مانای ئەوەی هەیە کە خۆت هەست بە هەستەکانی خۆت دەکەیت باشتر لەوەی خەڵکی تر هەست بەوانەی خۆیان دەکەن؟ یان ئەوەتا خۆت دۆزیوەتەوە لە ئاستێکی تردا؟ یان بە شیوەیەکی ساکار ئەوەیە کە مێژووی تۆ تایبەتە؟ 
نابۆکۆڤ: ئەو بابەتەم بیر نایەتەوە، بەڵێ‌م ئەگەر ڕەخنەگرێک ڕستەیەکی وا بڵێت، بێگوومان مانای وایە کە ئەو درکی بە هەستی ملیۆنان کەسی ئەدەبی کردووە، بە لایەنی کەمەوە لە سێ ووڵاتدا، پێش ئەوەی بگاتە ئەو شتەی دەیەوێت بیڵێت. ئەگەر وابێت، من کەڵەشێرێکی دەگمەنم. ئەگەر لە لایەکی تریشەوە، ئەمەی لەسەر ئەندامانی خێزانەکەی تاقی کردبێتەوە، بێگوومان هی ئەوە نیە قسەکەی بە جدی وەربگیرێت.

هێربەرت: ڕەخنەگرێکی تر لەبارەی تۆوە نووسیویەتی کە "جیهانی تۆ نەگۆڕە. ڕەنگە ببنە خولیا و ئارەزوو بەڵێ‌م جیاوازی دروست نابێت وەک جیهانە ڕاستەقینەکەی ژیانی ڕۆژانە." بڕوات بەمە هەیە؟ ئایا کوالیتیەکی جێگیر هەیە بۆ بینینی شتەکان؟
نابۆکۆڤ: "ڕاستەقینە"ی چی؟ "هەموو ڕۆژێ" لە چ شوێنێ؟ با پێشنیاری ئەوەت بۆ بکەم کە "ژیانی ڕاستەقینە" خۆی بە تەواوی جێگیرە لە کاتێکدا پێشتر حاڵەتێکی وا دادەنێت کە بۆ ماوەیەکی کاتی جێگای تێبینییە، بە تەواوی ئاڕاستەکراوە. گومان دەکەم کە خۆت پسپۆڕی "ژیانی ڕاستەقینە"ت داهێنابێت. بوونی نییە شتی وا.

هێربەرت: باشە ڕەخنەگرێکی تر دەڵێت کە تۆ کارەکتەرەکانت "وون دەکەیت تا خاڵێک کە دەبنە سفر لە گەردووندا." من لەگەڵ ئەمە نیم؛ هەمبەرت بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە، دەوری کەسایەتیەکی کاریگەر و پێداگر دەبینێت. 
نابۆکۆڤ: من جیاواز دەیبینم: هەمبەرت هەمبەرت لەخۆبایی و دڵڕەق و بەدبەختە کە دەیەوێت "کاریگەر" دەربکەوێت. ئەو نازناوە بە مانا ڕاستەقینەکەی تەنها دەکرێ بە کچە بچووکەکەمی بڵێی. لە پاڵ ئەوەشدا چۆن دەتوانم ئەو کارەکتەرانەی خۆم دروستم کردوون تا ئاستی سفر بچووک بکەمەوە؟ یەکێک دەتوانێت بایۆگرافی کەسێک کەم بکاتەوە، بەڵام نەک هی تارمایی.
 
هێربەرت: ئی. ئێم. فۆستەر لەبارەی کارەکتەرە سەرەکیەکانییەوە دەدوێ و دەڵێ هەندێ کات تەواو دەست دەگرن بەسەر بابەتی ڕۆمانەکەوە. هەرگیز ئەمە کێشەیەکی بۆ تۆ دروست کردووە، یان تۆ تەواو هەموو شتێکت لەبەردەستە؟
نابۆکۆڤ: من زانیاریم تەنها دەربارەی یەک ڕۆمانی بەڕێز فۆستەر هەیە، کە حەزیشی لێ ناکەم. بەهەرحاڵ ئەو دامەزرێنەری ئەو شتە بێ نرخە نییە کاتێک کارەکتەرەکان لە دەست دەردەچن، ئەمە شتێکی زۆر کۆنە، لەگەڵ ئەوەی یەکێک بێگوومان دڵسۆزی لەگەڵ خەڵکەکەی دەکات ئەگەر ڕێیان لێبگیرێ تاوەکو بەرەو هیندستان بچن یان هەرکوێیەک کە بیان بات. کارەکتەرەکانی من کۆیلەی کەشتی چارۆکەدارن.

هێربەرت: کلارێنس براونی پرینستن باسی هەبوونی لێکچوونی زۆر لە کارەکانتا دەکات. بە زۆر دووبارەبووەوە ناوت دەبات و دەڵێت کە بە چەند ڕێگایەکی جیاواز هەمان شت دەڵێیتەوە. دەڵێت کە چارەنووس دەربڕینێکی نابۆکۆڤییانەیە. ئایا تۆ بە ئاگای لە دووبارەبوونەوەی خۆت، یان بە شێوەیەکی تر، کە تۆ خەبات دەکەیت بۆ یەکێتییەکی بە ئاگا بۆ ڕیزی کتێبەکانت؟
نابۆکۆڤ: بڕواناکەم ئەو نووسینەی کلارانس براونم خوێندبێتەوە، بەڵێ‌م ڕەنگە شتێکی گرنگی ووتبێت. نووسەرە لاوەکییەکان بەهرەدار دەردەکەون لەبەرئەوەی لاسایی زۆری تر دەکەنەوە، لە ڕابردوو و ئێستاشدا. هونەری ڕەسەن تەنها خۆی هەیە تا کۆپی بکات.

هێربەرت: پێت وایە ڕەخنەی ئەدەبی مەبەستێکی لە پشت بێت؟ بە گشتی یاخود بە تایبەتی دەربارەی کتێبەکانی خۆت؟ ئایا هەرگیز سوودی هەبووە؟
نابۆکۆڤ: مەبەستی ڕەخنە ئەوەیە کە شتێک بڵێی دەربارەی کتێبێک کە ڕەخنەگرەکە خوێندبێتییەوە یان نەیخوێندبێتەوە. ڕەخنە دەکرێت سوودمەند بێت بەوەی کە شتێک بە خوێنەر دەدەن، تەنانەت بە نووسەری کتێبەکەشەوە، هەندێ زانیاری دەربارەی زیرەکی ڕەخنەگرەکە، یان ڕاستگۆیی، یاخود دەکرێت بڵێین هەردووکی.


سەرچاوە: زە پاریس ڕیڤیوو




هه‌والی زیاتر