دلاوەر قەرەداغی کتێبی (نایادەوەرییەکان)ی ئەندرێ مالرۆ دەکات بە کوردی

07/11/2015    14:01

دلاوەر قەرەداغی کتێبی (نایادەوەرییەکان)ی ئەندرێ مالرۆ دەکات بە کوردی 


Têkst

سولی ئۆن وێب
ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا



کتێبی ''نایادەوەرییەکان" نوێترین کاری وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد دلاوەرقەرەداغییە کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ئەم کتێبە بریتییە لە یادەوەرییەکانی ڕۆماننووس و بیرمەند و سیاسەتمەداری ناوداری فەڕەنسی ئەندرێ مالرۆ کە لە ساڵی ١٩٦٥ دەستی بە نووسینی کردووە و ساڵی ١٩٧٦ لە پاریس چاپ بووە.

دەربارەی نووسەری ئەم کتێبە، دلاوەر قەرەداغی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهاندا هیچ نووسەرێک شک نابرێت کە هێندەی ئەندرێ مالرۆ ژیانی تێکەڵەیەک لەو هەموو ڕووداوە گەورەیە و ئەو هەموو  کتێبە بە نرخە بووبێت؛ لە لایەک بەرفراوانی و مەزنیی نەبەردگەلێک کە تیایاندا بەشدار بووە، هەر لە جەنگە ڕزگاریخوازییەکانی چین و هیندۆچین و شەڕی ناوخۆی ئیسپانیاوە بیگرە تا هەڵگرتنی بەرپرسیاریی دوو پۆستی وەزارەت لە قەیراناویترین دەورانی مێژووی ئەوروپادا، لەلایەکی تریش هەمەجۆریی و دەوڵەمەندیی کتێبگەلێک کە نووسیونی، هەر لە نامەی فەلسەفی و ڕۆمانەوە بیگرە تا وتاری سیاسی و توێژینەوەی هونەریی، وەک بڵێی مارلۆ نەک یەک جار، بەڵکو چەند جارێک ژیابێ."

وتیشی: "مالرۆ لە ساڵی ١٩٦٥ دا بە زەریادا بەرەو خۆرهەڵاتی دوور بەڕێ دەکەوێ و لەمیانەی ئەم سەفەرە درێژەدا؛ نووسینی یادەوەرییەکانی خۆی دەست پێدەکا و بەری ئەو دوو ساڵ نووسینەش، ئەم کتێبە دەبێ. بەڵام ئەوەی کە دەینووسێ یادەوەریی یان بیرەوەرینامە نابێ بە مانای باوی وشەکە. مالرۆ خۆی ناوی کتێبەکە دەنێ "نایادەوەریی" یان دژەیادەوەریی و لە پێشەکیی کتێبەکەیدا بەڵگە بۆ ئەو ناولێنانە دێنێتەوە و دەڵێ:'' من ئەم کتێبە ناو دەنێم "نایادەوەریی" لەبەرئەوەی وەڵامگۆی پرسێکە کە یادەوەریی نایکا و وەڵامی ئەو پرسانەش کە یادەوەریی دەیانکا؛ ناداتەوە.''

ڕوونیشیکردەوە: "بەڵام وەک سەرنجێکیش، دەبێ خوێنەر هەر لە سەرەتاوە بزانێ کە سەروکاری لەگەڵ کتێبێکی قووڵ و دژواردا هەیە، بەڵام کتێبێکیشە لە هەر لاپەڕە و هەندێک جاریش لە هەندێک ڕستەیدا بەر ئەندێشەی قووڵ  دەکەوین. ئێمە نابێ چاوەڕێی ئەوە بین کە ئەم کتێبە وەک هەر کتێبێکی تر بخوێنینەوە، بەڵکو ئەمە کتێبێکە بۆ وشە بە وشە خوێندنەوە و وشە بە وشە بیر لێکردنەوە.

لە کۆتاییدا وەرگێڕی کتێبەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "لە ڕاستیدا ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە گرینگەکان کە خوێنەر بە ستایلێکی جیاوازی گێڕانەوە و نووسین و تەنانەت ژیانیش ئاشنا دەکا. بۆ وەرگێڕانی کتێبەکە سوودم لە هەر سێ تەرجەمەی فارسی و سویدی و عەرەبی کتێبەکە وەرگرتووە."  





هه‌والی زیاتر