چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی ئەلبێر کامو

07/11/2015    21:29

چەند وێستگەیەکی گرنگی ژیانی ئەلبێر کامو 


Têkst

سولی ئۆن وێب


ئەلبێر کامۆ یەکێکە لە نووسەرە ناودار و مەزنەکانی جیهان، کە لە جەزائیر لەدایکبووە و بە فەڕەنسی بابەتەکانی خۆی نووسیوە، لێرەدا چەند لایەنێکی گرنگی ژیانی ئەو نووسەرە بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونییەوە بۆ خوێنەرانی سولی ئۆن وێب دەخەینەڕوو:





ئەلبێر کامۆ (Albert Camus) لە ٧ی‌ ١١ی ساڵی‌ ١٩١٣دا لە شاری‌ مۆندۆڤیی‌ جەزائیر لەدایکبووە، باوکی‌ بە ڕەگەز فەرەنسی‌ بوو، کرێکاری‌ کارگەیەکی‌ مەی‌ دروستکردن بوو، دایکی‌ کامۆش بە ڕەگەز ئیسپانی‌یە واتە کامۆ جەزائیری‌ نەبوو، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین کاتی‌ ژیانی‌ خۆی‌ لەوێ‌ بەسەربردوە و ھەر لەوێش مردووە، لە کاتی‌ ھەڵگیرسانی‌ شەڕی جیھانیی یەکەمدا باوکی‌ کامۆ بەشداری‌ ئەو شەڕەی‌ کرد و لە شەری‌ ڕاماندا بریندار کرا و پاشانیش ھەر بە ھەمان ھۆوە و لەبەر خراپی‌ برینەکەی‌ گیانی‌ لە دەستدا، کامۆ دەڵیت «وەکوو منداڵانی‌ دیکە لەگەڵ دەنگی‌ دەھۆڵی‌ جەنگدا بە ھەتیوی‌ گەورە بووە کە درامایەک بووە لە کوشتن و بڕین و زوڵم و زۆرداری.»

لەپاش مردنی‌ باوکی‌ لەگەڵ دایکی‌ و خاڵی و برا گەورەکەی‌ و نەکیدا چوونەتە جەزائیر و لەوێ‌ لە گەڕەکێکی‌ ھەژارنشیندا بە ناوی‌ بلکۆر سەر لە نۆی‌ درێژەیان بە ژانیان داوەتەوە. لە ساڵی‌ ١٩٣٠ کامۆ تووشی‌ نەخۆشی‌ سیل ھات کە بەو ھۆیەوە گەلێک ئازار و ئەشکەنجەی‌ بینیوە. لە ساڵی‌ ١٩١٨-١٩٢٣ خوێندنی‌ سەرەتایی‌ تەواو کرد و پاشانیش لە قوتابخانەی‌ «لیسیەی‌ فەرەنسی‌» قۆناغی‌ ئامادەیی‌ لە ساڵی‌ ١٩٣٠ دا تەواو کرد.

ئەلبێر کامۆ زۆر حەزی‌ لە ئەدەب کردووە، لەبەر ئەوە ھەموو بەرھەمە ئەدەبیەکانی‌ سەردەمی‌ خۆی‌ خوێندۆتەوە بە تایبەتی‌ نووسینەکانی‌ ئەندریە ژید و بە باشیش یەکتریان ناسیوە. ئەلبێر کامۆ بڕوانامەی‌ بەکەڵۆریا و لیسانسی‌ لە بەشی‌ فەلسەفەی‌ کۆلیژی‌ ئادابی‌ زانکۆی‌ جەزائیر وەرگرت بە ھۆی‌ ئەو شارەزاییە زۆرەی‌ کە لە بواری‌ ئەدەبدا ھەیبوو ناسراوی‌ لەگەڵ چەند مامۆستایەکی‌ شارەزای‌ ئەم بوارەدا ھەبووە کە بەشێوەکی‌ راستەخۆ کاریان تێکردوە وەک پۆل ماتیە و جان جیرینیە و ئەندریە ماڵرۆ. لە ساڵی‌ ١٩٣٦ دا بۆ وەرگرتنی‌ دیبلۆم لە خوێندنی‌ باڵادا ،پاش ئەوە نامیلکەیەک دەربارەی‌ پەیوەندی‌ نێوان نھێلستی‌ و مەسیحیەت لەلای‌ ئەفلاتون و سانت ئۆگستین پێشکەش دەکات و ئیتر پاش ئەم نامیلکەیە واز لە خوێندن ئەھێنێت بە ھۆی‌ نەخۆشیەوە و ناتوانێت درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام لە بواری‌ نووسینی‌ ئەدەبی‌ و فیکری‌ و رۆژنامەگەری و سیاسیدا چالاکانە دەست بە خوێندنەوە دەکات، وەک بەرھەمەکانی‌ تۆلستۆی‌ و مارک نۆریل و مارکیزدی‌ سادو بێرلیرڤی‌ و دانێل دوفۆدو سرڤانتس و بلزاک و مەدام دی‌ لاڤایت و سوریل و نێتچەو ئیشپنگلەر.

ئەلبێرکامۆ بۆ یەکەم جار لە ساڵی‌ ١٩٣٤ دا ژنی‌ ھێناوە و پاش ساڵێک جیابۆتەوە بەڵام جارێکی‌ تر ژنێکی‌ فەرەنسی‌ ھێناوە بەناوی‌ فرانسین فاوەر لەو ژنە کچێک و کوڕێکی‌ ھەبوە بەناوی‌ جان و کاترین،لەدوای‌ داگیرکردنی‌ پاریس لە لایەن ئەڵمانیاوە پاریس بەجێدەھێڵێت و دەچێتە شاری‌ کلێرمۆن لە خوارووی‌ فەرەنسا پاشانیش دەچێت بۆ لیۆن تا کانونی‌ دووەمی‌ ١٩٤١ لەوێ َدەمێنێتەوەو ھەر لەو ساڵەشدا دەگەرێتەوە بۆ وەھران و خۆی‌ بە وانە وتنەوەوە سەرقاڵ دەکات. بە مەبەستی‌ چارەکردنی‌ نەخۆشیەکەی‌ جارێکی‌ دیکە گەراوەتەوە بۆ پاریس و ھەر بۆ ھەمان مەبەست سەردانی‌ ئەمریکای‌ کردووە بەڵام ھیچ کام لەو ھەوڵانەی‌ سوودیان نەبووە، کامۆ تا دەھات نەخۆشییەکەی‌ پەرەی‌ دەسەند و باری‌ تەندروستی‌ خراپتر دەبو، کامۆ لە ژیانیدا ئێش و ئازارێکی‌ زۆری‌ بەدەس نەخۆشییەوە بینیوە. لە ساڵەکانی‌ نێوان ١٩٤٨وە ھەتا سالی‌ ١٩٥٧ گەلێک شاکاری‌ جوان و کتێبی‌ بە پێزی‌ لە بواری‌ شانۆو ئەدەب و سیاسەتدا بلاوکردۆتەوە. وەک رێزلێنان لە کارەکانی‌ لە ساڵی‌ ١٩٥٧ خەڵاتی‌ نۆبڵی‌ پێدرا، ئەلبێر کامۆ لەسالی‌ ١٩٦٠ لە جەزائیر لە یەکێک لە شەقامە گشتییەکاندا بە ئۆتۆمبێلەکەی‌ خۆ دەکێشێت بە درەختێک دا و دەمرێت.


سەرچاوە: ویکیپیدیا





هه‌والی زیاتر