هونه‌ری نووسه‌ره‌ فاشسته‌کان!

ڕەخنە

ڕەخنە

نووسینی: میران ئه‌براهام

 

هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین؛ کە ڕەوشتی فاشیزم لە بەرگی نوێ و شێوازی جۆراوجۆردا خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەگەر ئێمە… مەبەستم لە هەموو مرۆڤێکە، ئاگاداری خۆمان نەبین، ئەوا ڕۆژانە دەکەوینە هەمان هەڵەوە و شێوازێک لە ڕەفتاری فاشیزم دووبارە دەکەینەوە، بێگومان بەبێ ئەوەی ئاگاداری خۆمان ببین. کە مێژووی هونەر بە هەموو فۆرم و شێوازەکانییەوە پڕن لەو جۆرە کارانە، بێگومان نووسینی کوردیش بەرامبەر خەڵکی خۆمان. لەبەر جیاوازی، ئایدیۆلۆژی، کولتوور، ڕەنگ و شوێن. کەوتوونەتە هەمان هەڵەوە.

نووسەر لە ئاستی هونەری گێڕانەوەدا (چیرۆک، نۆڤێلە یان ڕۆمان) بە نموونە، کاتێک تۆ وەکوو نووسەر دێیت و لە فەزای خولقێنراوی نێو چیرۆکێکدا فەزای سەردەمێک یان وڵات و شارێک دەخولقێنیت، ڕووداوەکان لەنێو ماڵ، گەڕەک، شار، ئەو وڵاتێک ڕوو دەدەن، دەستکاری زمان و کولتووریان دەکەیت، جینۆساید و تاوان ڕوو دەدات و هیچ کاریگەری لەسەرت نابێت، یان بە دێڕێک چییە گوزارشتی لێوە ناکەیت. بە واتایەکی تر، پەردەی پەنجەرەی ماڵەکەت دابده‌یتەوە و خەیاڵ بە بەهەشتێکی خوازراوەوە لێ بدەیت و چیرۆکی بۆ بهۆنیتەوە، یان بە مەبەست سەرنجی خوێنەر لەسەر ڕووداوەکان دەگۆڕیت و پەردەپۆشی ڕووداو یان تاوانەکان بکەیت، ئیتر لەژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژی و شۆڤێنیزمدا یان هەرچی فۆرمێکی تری ڕەگەزپەرستیدا بێت.

دە ساڵێک پێش ئێستا ڕۆژنامەنووسێک لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا؛ ڕووی دەمی دەکاتە نووسەرانی تورک و بەتایبەتی ناوی یەشار کەمال، ئۆرهان پاموک، ئەلیف شەفەقی نووسەری تورک دەهێنێت و پێیان دەڵێت: ”ئەو نووسەرانە لە کاتی نووسینەوەی ڕۆمانەکانیاندا کوێرانە هەنگاویان بەسەر لاشەی مردووی خەڵکی خۆیاندا ناوە، یان خۆیان گێل کردووە… کە لە گوند، شار، ئەو وڵاتە چی ڕووی داوە و بەردەوام ڕوو دەدات. چۆن دەبێت منێکی نووسەر لە ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٥دا لە ئەڵمانیا یان وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بژیامایە و هۆلۆکۆست و تاوانەکانی تری ئەو ساڵانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کەسایەتی و تەنانەت خەیاڵیشم نەکردبێت و هیچ دەر بارەیان نەنووسم. یان هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرم، وەکوو چۆن هەندێک لە نووسەرە تورک زمانەکان کردوویانە، کە لەلای من هەموو ئەزموونی نووسینی ئەوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.”

هەروەها لە پرسی جینۆسایدی ئەرمەن و کورددا و بەردەوام تاوەکوو هەنووکە دووبارە بوونەوەی زوڵم و زۆری گەلی تورک بەرامبەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕەخنەیە لە نووسەرانی تورک دەگیرێت و پێیان دەگوترێت: ”ئایا لە دووتوێی کتێبی نووسەرە تورک زمانەکاندا چی نووسراوە، کە ناتوانێت کاریگەری لەسەر عەقڵیەتی تاکی تورک بەجێ بهێڵێت و مۆراڵ و ئاستی مرۆڤ دۆستییان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، لە کاتێکدا هەست بەوە دەکرێت زۆرینەی گەلی تورک بەتایبەتی دەسەڵاتی سیاسییە یەک لەدوای یەکەکان ڕەوشتی فاشیزم لە فۆرمی جیاوازدا دووبارە دەکەنەوە.”

ئەوەی من لە سی ساڵی ڕابردوودا سەرنجم داوە؛ دەرک و سەلیقەی نووسەر یان ڕۆژنامەنووسانی کوردە، بەتایبەتی ئەوانەی کە خوێنەر یان سەرچاوەی زانیاری و مەعریفەیان لە زمانەکانی (عەرەبی، فارسی، تورکی)یەوە بووە، دەرکیان بەوە نەکردووە کە خۆی وەکوو کارەکتەری تاکێکی کورد، جێگای لە ئەدەبی ئەو سێ زمانەدا چییە؟ بەڵکوو بە پێچەوانەوە شانازییان پێوە دەکەن و بەردەوام لەلای خوێنەری کورد گەورەیان دەکەن. کە بوون بە سپۆنسەر و لەژێر سێبەری شانامەکانی ئەواندا لە کتێبخانە کوردییەکاندا پۆستەریان بۆ کراوە. لە کاتێکدا ئەوان کارەکتەری کوردیان تاوەکوو ئاستی ونبوون بچووک کردووەتەوە، کە دەتوانین بەراوردیان بکەین بە نووسەرانی ئەمریکا و کەنەدا و بەتایبەتی ئینگلیز… یان بەگشتی ئەدەبی ئۆریانتالیست (سپی پێستەکان)، کە چۆن لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا بەرامبەر ڕەگەزی ڕەش پێست کردیان، کە ئێستا ئەو چیرۆک و کارە هونەرییانە هیچ بەهایەکی هونەرییان نییە و نەوەک تەنیا جێگای ڕەخنەن بەڵکوو شەرمەزارین بۆ مرۆڤایەتی، کە کەسایەتییەکی ڕەش پێستت لە نووسینەکانیاندا نەدەبینی، کە سەردار و سەروەر بێت، یان هەر هیچ نەبێت ئەسپ سوار بێت، یان تەنانەت باوک یان دایک بێت، یان خوێندەواربێت و زمانزان بێت، ئەگەر کارەکتەرێکی ڕەش پێستیش لە کتێبەکانیاندا هەبووبێت، تەنیا بچووک و کۆیلەبوون، ئەوە کاریگەری لەسەر کەسایەتی پێست ڕەشەکان خۆشییان هەبوو، ئەمە عەقڵیەتی فاشیزمە کە لە بواری هونەردا، لە شێواز و فۆرمێکی تردا خۆی دووبارە دەکاتەوە. نموونەی ئەو کارە هونەرییانە دەتوانیت لە فیلمی (ڕینگۆ) بڕوانیت، کاتێک دانیشتووانی شارێک کەسێکی پێست ڕەش بە سواری ئەسپەوە دەبینن، چۆن هەڵوێست وەردەگرن.

لە وڵاتی باشووری ئەفریقا، لەژێر ناوی لێتراتۆر (ئەدەب)ی ڕەش و سپی دا، تاکوو ئەمڕۆش دوو بلۆکی جیاواز و دوور لە یەک گۆڤار و کتێب و ڕەخنەی ئەدەبی بوونیان هەیە، لە ساڵانی ڕابوردوودا و بەتایبەتی پێش ئازادی ماندێلا، ئەگەر نووسەر یان ڕۆژنامەنووسێکی پێست ڕەش ڕەخنەی لە نووسین یان کارێکی هونەری پێست سپییەک بگرتایە، نەک هەر بە هەند وەرنەدەگیرا بەڵکوو یان سەرزەنشت دەکرا یان بە زمانی جنێو وەردەگیرا و زۆری لەسەر دەکەوت، چونکە هەنووکە پێست ڕەشەکە بە کەم و کەسێکی دەرەکی بە جیهانی پێست سپییەکان تەماشا دەکرا، کە ئەمەش پەیوەندی بە جۆرێک لە هونەری عەقڵیەتی فاشیزمەوە هەبووە، کە زۆربەی پێست ڕەشەکانیش خوێنەری بوون و لەژێر کاریگەریدا بوون.

زۆر بەداخەوە کە نووسەرانی فارس و عەرەب و بەتایبەتی تورک؛ وەکوو یەشار کەمال، ئۆرهان پاموک یان ئەلیف شەفەق و گەلێکی تر هەمان ڕەوشتی ئەو عەقڵیەته‌ فاشیزمییە دووبارە دەکەنەوە، یان لە فۆرم و شێوازێکی تایبەت و شاراوەدا لە خزمەتی عەقڵیەتی فاشیزمدان و پاڵپشتی پەرەپێدان و بەردەوامی دەکەن. بەبێ ئەوەی نووسەر یان خوێنەری کورد هەستی پێ بکات.

بە ڕای من، ئەمانە هۆکارن بۆ سڕینەوەی هەستی باوەڕ بە خۆ بوونی مرۆڤی کورد. ئەوەندە ناشیرین و بچووک کراوەتەوە… کە لە فەزای لۆکاڵ و گڵۆباڵدا خۆی لەسەر نەخشە و نێو پەڕەی کتێبەکاندا بۆ نادۆزرێتەوە.

Related Posts

Leave a comment