چەند بەندێک دەربارەی هونەری کۆنسێپچوەڵ

11/12/2019    09:57

چەند بەندێک دەربارەی هونەری کۆنسێپچوەڵ 


Şêwekar

ن: سۆڵ لیویت (١٩٦٧)
و: هەڵگورد ئەحمەد (پایزی ٢٠١٩)



سەرنوسەرەکە بۆی نوسیبووم کە ئەویش هاوڕایە لەسەر ڕێگریکردن لە "بیرۆکەی دانانی هونەرمەند بە جۆرە مەیمونێک کە تەنها ڕەخنەگری پێگەیشتوو بۆی هەیە ڕونکردنەوەی لەسەر بدات." ئەکرێت ئەمە هەواڵێکی خۆش بێت هەم بۆ هونەرمەندان و هەمیش بۆ مەیمونەکانیش. بەهیوام ئەم سەرنجەی بۆ پشتڕاست بکەمەوە، هەرچەندە ئەو متمانەی تەواوی بەخۆی هەیە. لێرەدا میتافۆری یاری بەیسبۆڵەکە وەبیردێنمەوەو دەڵێم، (هونەرمەندێک وویستی لە تۆپەکە بدات بەرەو دەرەوەی یاریگای ناو پارکەکە، یەکێکی تر دورونزیک لەدەرەوەی یاریگاکە وەستاوە و بەرەو ئەو جێیەی لێدەداتەوە کە تۆپەکەی لێوە هاوێژرابوو)، زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو هەلەی بۆم ڕەخسا و منیش بەرەو دەرەوی یاریگاکە لە تۆپەکە بدەم.
     لێرەدا باس لەو جۆرە هونەرە دەکەم کە خۆم کاری لەسەر دەکەم، ئەویش "هونەری "کۆنسێپچوەڵ"ە. لە هونەری کۆنسێپچوەڵدا ئایدیا یاخود کۆنسێپت گرنگترین ڕەهەندی کارە هونەرییەکە پێکدەهێنێت. کاتێک هونەرمەندێک شوازێک لە شێوازەکانی هونەری کۆنسێپچوەڵ بەکار دەهێنێت، مانای وایە پێشوەخت هەموو پیلان و بڕیارەکانی یەکلایی کردوەتەوە، بەئەنجامگەیاندن و بەرجەستەکردنی کارە-هونەریەکەشی هەوڵێکی نابەدڵ و ناچارییە. لەم جۆرە هونەرەدا ئایدیا دەبێتە بزوێنەر بۆ بەرهەمهێنانی هونەر. ئەم جۆرە هونەرە بریتی نیە لە ڕاڤە و وێناکردنی تیۆریەکان؛ بەڵکو لەناو خودی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت و هونەرێکە لەگەڵ هەموو جۆرە پرۆسەیەکی هۆشەکیدا دێتەوە و مەبەستێکی دیاریکراوی لەپشتەوە نیە. هەمیشە بەتاڵە لە پشتبەستن بە کارامەیی هونەرمەند وەک پیشەگەرێک. ئامانجی هونەرمەندی هونەری کۆنسێپچوەڵ ئەوەیە لەڕووی هزرییەوە هونەرەکەی لەهەمبەر بینەردا سەرنجڕاکێش بکات، وەهەروەها لەبەر ئەم خاڵەشە دەیەوێت هونەرەکەی بەتاڵ بێت لە هەست و سۆز. کەواتە هیچ هۆیەک لەئارادا نیە تا وامان لێبکات بڵێین هونەرمەندی کۆنسێپچوەڵ هاتووە بۆ بێزارکردنی بینەر. ئەوە تەنها ئەگەری کاریگەرییە دەرونی و هەستیەکانە بۆ کەسێک کە پێشتر گۆشکراوە لەسەر هونەرێک کە دەربڕی هەستە دەرونیەکانە، هەرئەمەش ڕێگرە لەبەردەم تێگەیشتنی بینەر لەم هونەرە.

  مەرج نیە هونەری کۆنسێپچوەڵ لۆژیکی بێت. بەلۆژیککردنی کارێک یان زنجیرە کارێکی هونەریی ئامرازێکە ناوبەناو بەکارهێنراوە بۆ تێکدانی لۆژیک. ئەگونجێت لۆژیک بۆ پەردەپۆشکردنی مەبەستە ڕاستەقینەکەی هونەرمەند بەکاربهێنرێت لەپێناو غافڵکردنی بینەر بەو باوەڕەوە کە گوایە لە کارەکە دەگات، یان بۆ دەرخستنی بارودۆخە دژیەکەکان (وەک لۆژیک بەرامبەر نالۆژیک). هەندێک ئایدیا لەڕووی ماناوە لۆژیکین و لەڕووی بینینەوە نالۆژیکی. پێویست ناکات ئایدیاکان ئالۆزبن. زۆربەی ئایدیا سەرکەوتووەکان بێئەندازە ساکارن. ئایدیا سەرکەوتووەکان بەگشتی لەڕواڵەتدا سادەن لەبەرئەوەی لەو دۆخەیاندا وا دێنە بەرچاو خۆسەپێنتربن. لە ڕووی بەکارێنانی ئایدیاوە مەرج نیە تەنانەت هونەرمەند خۆشی سەرسام بێت بە ئایدیاکەی. ئایدیاکان لەڕێی هێزی پەیپێبردنی زگماکەوە دەدۆزرێنەوەو سەرچاوە دەگرن.  ڕواڵەتی کارێکی هونەری هەرچۆنێک بێت گرنگیەکی ئەوتۆی نیە. خۆ هەر دەبێت لەشتێک بچێت ئەگەر هاتوو بارستە فۆرمێکی هەبێت. 

بۆ بەرهەمهێنانی کارێکی هونەریی ئەبێت لە بیرۆکەوە دەست پێبکرێت، دواجار ئەو کارە هەر فۆرمێک وەرگرێت نابێتە گرفت بۆ بیرۆکەکە. لەڕێی پرۆسەی بیرکردنەوە و ناسینەوەیە هونەرمەند دەبێتە جێی بایەخ. هەرکە هونەرمەند حەقیقەتێکی فیزیایی دەخاتەوە، ئیدی کراوەدەبێت بە دیدی هەمووان، بە هونەرمەندەکە خۆشیەوە. (من ووشەی "دید" بەکار دێنم بۆ مەبەستی تێگەیشتن لە زانیاریە هەستیەکان، هەروەها تێگەیشتنێکی بابەتیانەی ئایدیاکەو هاوکات شیکردنەوەیەکی خودی هەردووکیان.) کاری هونەری ئەو کاتە پەی پێ دەبرێت کە تەواو دەکرێت.
    ئەگەر بڕیارە هونەرێک ڕەچاوی هەستی بینینی تێدا بکرێت، ئەوا هەر لەسەرەتاوە بە هونەری دیدەیی دادەنرێت وەک لە هونەری هزری. بەم پێیە زۆربەی ئەو هونەرانەی هەژمار بۆ هەستی بینین یان هونەرێکی بزۆکن یاخود ڕوناکی و ڕەنگیان تێدا بەکاردەهێنرێت دەچنە ناو هەمان خانەی ئەو هونەرانەی لەپێناو چاودا دەکرێن.
   کاتێک ئەرکە هزری و دیدەیەکان دژیەک دەوەستن (یەکیان ئەمدیو-،  ئەوی تریان ئەودیو-حەقیقەت) هونەرمەند ئایدیاکەی ساکار دەکاتەوە تا بڕیارە خودییەکانی بەسەریدا جێبەجێ بکات. گەر هونەرمەندەکە بەهیوای دەربڕینی ئایدیاکەی بوو بەشێوەیەکی تەواو و پوخت، ئەوا بڕیاری سەرپێی یان ڕێکەوت کەمترین دەرفەتیان بۆ دکرێتەوە، هاوکات حەز و ئارەزووە چرکەساتیەکان و چێژ و هەواو هەوسەکانی تر بواریان بۆ ناکرێتەوە لەناو هونەرەکەدا. ئەگەر ڕواڵەتی کارەکەش باش دەرنەچوو، ئەوا پێویست ناکات ڕەتبکرێتەوە. هەندێ کات ئەوەی لەسەرتاوە بە خراپ ئەندێشەدەکرێت لەکۆتایدا چێژبەخش دەبێت لەڕووی بینینەوە.

    کارکردن بەو پیلانەی پێشوەخت-ئامادەکاری-بۆ-کراوە دەبێتە یەکێک لەو هەوڵانەی ڕێگری دەکات لەبەردەم کارێکی سەبجێکتیڤ. هەروەها دەبێتە هۆی خۆبەدورگرتن لە بەپێویستیزانینی نەخشەڕێژی هەر کارێکی هونەری کە دێتە پێش. پیلان ئاڕاستەی کارەکە دیاری دەکات. هەندێک پیلان ملیۆنەها گۆڕانکاری دەوێت، هەندێکی تریان ژمارەیەکی سنوردار، بەڵام دواجار گۆڕانکاریکردن لە هەردووکیاندا سنوردارە. هەندێک پیلانی تر وادەگەیەنن کە بێ بڕانەوە گۆڕانکاری هەڵگرن. هەرچەندە، هونەرمەند لەهەر بارێکیاندابێت فۆرم و یاسای سادە هەڵدەبژێرێت لەبەرئەوەی دەست بەسەر ئەو گرفتانەدا بگرێت کە دێنە پێش. دواجارێیش، تا کەمتر بڕیار لەسەروبەندی پرۆسەی تەواوکردنی کارە هونەرییەکەدا بدرێت، باشترە. ئەم هەوڵەش ئەوەندەی ڕێی تێدەچێت دەبێتە هۆی لەناوبردنی بێسەروبەرەیی و ڕاڕایی و بڕیاری-خودسەنتەری کە کاتی ئەنجامدانی هونەردا. هەر ئەمەشە هۆکاری بەکارهێنانی ئەم میتۆدە هونەرییە.

      کاتێک هونەرمەندێک میتۆدی هەمەجۆر بەکاردێنێت هەمیشە دەست دەبات بۆ هەڵبژاردنی فۆرمە سادە و حازربەدەستەکان. فۆرم خۆی لەخۆیدا گرنگیەکی یەکجار کەمی هەیە؛ هەرئەوەیە دەبێتە قاعیدە بۆ تەواوی کارەکە. لەڕاستیدا باشترین شتێک ئەوەیە پێکهاتەی بنچینەیی بەمەست سەرنجڕاکێش نەکرێت، ئەمەش وادەکات ئاسانتر ببێتە ڕەهەندێکی قوڵی تەواوی کارەکە. بەکارهێنانی فۆرمە بنەمایی ئاڵۆز هەماهەنگی گشتی کارەکە دەشێوێنێت. بەبەردەوام بەکارهێنانی فۆرمی سادەش، مەودای کارەکە تەسک دەکاتەوە و گوڕەکەی لەناو چونێتی ڕێکخستنی فۆرمەکەیدا ووندەکات. ڕێکخستن لەم بارەدا دەبێتە کۆتا هەوڵی هونەری کە بدرێت و هاوکات فۆرمەکەش دەبێتە مانای کۆتایی کارەکە. 
     هونەری کۆنسێپچوەڵ زۆر پەیوەندی بە زانستی بیرکاری و فەلسەفە یان هەربەشێکی تری زانستی هزریەوە نیە. ئەو بیرکارییەی لەلایەن زۆربەی هونەرمەندەکانەوە بەکاردێت بەهرەیەکی ژمارەناسی سادە یان یاساو ڕێسای ژمارەکانە. فەلسەفەی کارەکەش لەناو بونیادی کارەکە شاراوەیە و لەدواجاردا نابێتە گەیەنەری هیچ سیستەمێکی فەلسەفی.
    لەڕاستیدا نابێتە کێشە ئەگەر بینەر لەڕێی بینینی کاری هونەری هونەرمەندەوە لە تێماکانی هونەرمەند بگات. کاتێک تێگەیشت چۆنێتی مامەڵەکردنی بینەر لەگەڵ هونەرەکەی بەحەزی خۆی نیە، ئیدی ناتوانێت کاریگەری لەسەر شێوازی هەزمکردنی کارەکەی هەبێت لەلایەن بینەرەوە. خەڵک جیاوازن و تێگەیشتنی جیاوازیشیان هەیە تەنانەت بۆ هەمان شت.
    لەم دواییانەدا کۆمەڵێک نوسین سەبارەت بە هونەری مینیمەڵ بڵاوکراونەتەوە، بەڵام کەسێکم نەدی ناوەڕۆکی ئەم نوسینانە بخاتە بواری جێبەجێکرنەوە. لێرەولەوێ فۆرمی هونەری تر دەردەکەوتن کەبە هونەری پرایمەری ستراکچە و ڕیدێکتیڤ و ڕیجێکتیڤ و کووڵ وەهەروەها مینی-ئارت ناودەبرێن. لەناو ئەم هونەرانەشدا، هونەرمەندێک نیە من بیناسم دەرکەوتوو یان ناسراوبێت. لەو ڕوانگەوەیە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی ئەمە زمانێکی نهێنی ڕەخنەگرەکانە و کاتێک لەڕێی گۆڤارە هونەریەکانەوە لەگەڵ یەک دەکەونە گفتوگۆ، بەکاریدەهێنن. مینی-ئارت (و. کە بەمانای هونەری-بچکۆلە دێت) باشترترینیانە، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی وەبیرهێنانەوەی تەنورەی-کورت لەپێی کچی لۆق-درێژ. ئەشکرێت ئەم ناونیشانە ئاماژەبێت بۆ کاری هونەری زۆر ووردیلە و قنجیلە. ئەمەش بیرۆکەیەکی جوانە. لەوانەیە پێشەنگای هونەری-قنجیلە لە قەباغی شقارتەدا جێیبێتەوە و بتوانرێت بە تەواوی وڵاتدا بگێڕدرێت. یاخود ئەشێت هونەرمەندی هونەری-قنجیلە زۆر گچکە بن، وادانێ کەمتر لە پێنج پێ دەبن. ئەگەر وابێت، زۆرینەی کارە هونەرییە باشەکان لە خوێندنگا سەرەتایەکاندا دەکرێن. "پرایمەری سکوڵ، پرایمەری ستراکچە". (و. بەواتای خوێندنگای سەرەتایی پێکهێنانی سەرەتایی، لێرەدا پرایمەری ستراکچە ناوی جۆرە هونەرێکە کە نوسەر بەتوانجەوە باسی لێوە دەکات).

       ئەگەر هونەرمەند ئایدیاکەی بێنێت و بیکاتە فۆرمی بینراو، ئەوکات هەر هەنگاوێک لەم پرۆسەیەدا بگیرێتەبەر گرنگی خۆی وەردەگرێت. هەر ئایدیاکە خۆی، تەنانەت ئەگەر بەبینینیش نەکرێت، بە ئەندازەی هەر بەرهەمێکی هونەری تەواوکراو هەژماری هونەری بۆ دەکرێت. هەموو دەستێوەردان و دەسکاریەکی-بێمانا و سکێج و هێڵکاری و کاری تەواونەکراو و مۆدێل و خوێندنەوە و فکرە و گفتوگۆیەک لەم هونەرەدا دەبنە جێی سەرنج. هەندێک کات ئەو شتانەی لەکاتی بەرهەمهێنانی کارێک دەبنە نیشاندەری پرۆسەی فکری هونەرمەند زیاتر لەکارە تەواوکراوەکەی جێگای لێوردبوونەوەن. 
دیاریکردنی ئەوەی قەبارەی کارێکی هونەری دەبێت چەندە بێت، کارێکی ئاسان نیە. ئەگەر ئایدیایەک تەنێکی سێ ڕەهەندی خواست، ئەکرێت هەر قەبارەیەک نەبێتە گرفت بۆی. پرسیار ئەوەیە چ قەبارەیەک بۆ کارەکە باشترینە. ئەگەر قەبە بێت ئەوکات هەر قەبارەکە بەتەنها کاریگەری خۆی دەبێت و ئایدیاکەش بەتەواوەتی وون دەبێت. دووبارە، ئەگەر زۆر گچکەش بێت، ئەکرێت زۆر پڕوپوچ بێت. بەرزی باڵای بینەر ئەشێت هەندێک پەیوەندی بە کارەکەوە هەبێت وەهەروەها مەودای بۆشایی لەگەڵ ئەو شتەی لە ناویدا دادەنرێت. ڕەنگە هونەرمەند بەهیوای دانانی ئەو بارستانە بێت کە بەرزترن لە ئاستی بینینی بینەر، یا نزمتر. وای بۆدەچم کە دەبێت ئەو تەنە-هونەرییە هێندە گەورەبێت تا ئەو زانیارییانە بگەیەنێتە بینەر کە پێویستیەتی بۆ تێگەیشتن لە کارەکە وە بەشێوەیەک دانرابێت ئاسانکاری بکات بۆ ئەو تێگەیشتنە. (مەگەر ئایدیاکە خۆی لە پێناوی کۆسپ دانان و گرفتی بینین و خۆواڵانەکردن بۆ بینەر هاتبێتە ئاراوە.)

     ئەکرێت سپەیس وەک ڕووبەرێکی خشتەکی بیری لێبکرێتەوە، بەشێوەیەک بۆشاییەکی سێ-ڕەهەندی داگیریکردبیت. هەموو تەنێک سپەیس داگیر دەکات. لەبەرئەوەی سپەیس هەوایە، ناتوانرێت ببینرێت. بەڵام خۆی بریتیە لەو مەودایەی لە نێوان شتاکاندا هەیە و دەتوانرێت پێوانە بکرێت. مەودا و پێوانەکان ئەکرێت گرنگ بن بۆ کارێکی هونەری. ئەگەر دوورییە دیاریکراوەکان گرنگ بن ئەبێت لەناو کارە هونەریەکاندا دەکەوەن. گەر بۆشایی بەشێوەیەکی ڕێژەیی گرنگ نەبێت ئەکرێت ڕێکبخرێت وە یەکسانیش بکرێت (شتەکان بەدووری یەکسان لەیەک جیا بکرێنەوە)، ئەمیش لەبەر کەمکردنەوەی هەر سەرنجێکە کە بچێتە سەر دووری و مەوداکان. هەروەها دەکرێت بۆشایی ئاسایی ببێتە توخمی مەترە-کات، جۆرێک لەشێوەی لێدانی دڵ. کاتێک مەودا بە ئاسایی وەرگیراو جێی سەرنج نەبوو هەرچیەک نائاسایی بێت لەناو ئەو بۆشایەدا، گرنگی زیاتر وەردەگرێت.

   بیناسازی و هونەری سێ-ڕەهەندی لە سروشتیاندا بەتەواوی دژیەکن. یەکەمیان پەیوەستەبە دروستکردنی ڕوبەرێک بۆ ئیشێکی دیاریکراو. بیناسازی، ئەگەر کاری هونەری بێت یان نا، ئەبێ بەکاربێت بەپشتگوێخستنی ئەم خاڵە بیناکە بەتەواوەتی بێکەڵک دێتەوە. هونەر بۆ بەکارهێنان نیە. کاتێک کارێکی سێ ڕەهەندی هەندێک تایبەتمەندی بیناسازی وەردەگرێت بۆ نموونە سازدانی هەندێک جێگای کارەکە بۆ بەکارهێنان ئەوا ئەرکەکەی وەک هونەر لاواز دەبێت. وەکاتێکیش بینەر قەزەمکرایەوە بەهۆی گەورەیی کارەکەوە ئەم هەژموونە جەخت لەسەر هیزی تەنی و هەستی فۆرمەکە دەکات، ئەویش بە لێدان و کەمکردنەوەی ئایدیای کارە هونەریەکە کۆتایی دێت.
    ماتریاڵی نوێ یەکێک بوو لە گەورەترین کارەساتەکانی هونەری هاوچەرخ. هەندێک لە هونەرمەندەکان وادەزانن ماتریاڵە نوێکان بریتیە لە ئایدیا نوێیەکان. هیچ لەوە خراپتر نیە کە هونەرێک بەدی بکەیت خۆی خەریکات بە تڕوتەشقەڵەی باقوبریقدارەوە. بەگشتی زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی ئەو ماتریاڵانە سەنجی ڕاکێشاون ئەوانەن دونیابینیان تەسکە لەکاتێکدا دونیابینی بەرفراوان هۆکارە بۆ تواناپێدان لە بەکارهێنانی ئەو ماتریاڵانە بەشێوەیەکی گونجاو. بەکارهێنانی ماتریاڵی نوێ و گۆڕینیان بۆ کاری هونەری؛ هونەرمەندی باشی دەوێت. وای بۆدەچم، مەترسییەکە لە بەگرنگزانینی بونیادی ماتریاڵەکەدایە کە ببێتە ئایدیای کارەکە (بەشێوەیەک ببێتە جۆرە هونەرێکی تری دەربڕی هەستە دەروونیەکان).

     هەرجۆرێک لە هونەری سێ-ڕەهەندی، حەقیقەتێکی تەنیە. بونیادە فیزیکەیەکەی ڕوونترین و کاریگەرترین ناوەڕۆکە. هونەری کۆنسێپچوەڵ هێنرا تاوەکو کارلێک لەگەڵ ژیری بینەر بکات نەک چاو یان هەست و دەروونی. بونیاتی تەنێکی سێ-ڕەهەندی دژ ئەوەستێت لەگەڵ مەبەستە نا-هەستیەکەی. ڕەنگ، ڕواڵەت، تێکسچەر، و شێوە تەنها جەخت لەسەر چەمکی فیزیکی کارەکان دەکەنەوە. هەرشتێک سەرنج ڕاکێشێت و کەیف بە بینەر بدات لەم بونیادە فیزیکیانە، دەبێتە کۆسپ لەبەر تێگەیشتن لە ئایدیاکە. هونەرمەندی کۆنسێپچوەڵ ئەوەندەی بتوانن ئەیانەوێت کار لەسەر باشترکردنی باری سەرنج بکەن لەسەر ماتریاڵ، یاخود لەچوارچێوەیەکی ناکۆکدا بەکاری بێنن. (لەپێناوی ئەوەی بیانگۆڕن بۆ ئایدیا.) کەوایە ئەم جۆرە هونەرە، ئەبێت بەشێوەیەک ئاڕاستەبکرێت کە کەمترین بەفیڕۆدانی گەیاندنی تیا ڕەچاوبکرێت. هەر ئایدیایەک بە دوو-ڕەهەندی باشتر گەیەنرا ئەوا ناکرێت بە سێ-ڕەهەندی بکرێت. ئەگونجێت ئایدیاکە لەڕێی ژمارە، فۆتۆ، یان ووشە یان هەر ڕێگەیەک کە هونەرمەند هەڵیدەبژێرێت بگەیەنرێت، چونکە فۆرم گرنگ نیە لەکارەکەدا. 

    ئەم بەندانە (پارەگرافانە) ڕاها و حەتمی نین، بەڵکو ئەو ئایدیایانەی ئاماژەم پێداون لەئێستادا ئەوەندی ڕێی تێدەچێت لە بیرکردنەوەی منەوە نزیکن. وەک هەر هونەرمەندێک ئەو ئایدیایانە دەرئەنجامی کارەکانمە هەرکە ئەزموونم گۆڕا ئەوانیش قابیلی گۆڕانن. لێرەدا هەوڵمداوە ئەوەندەی بتوانم بەڕوونی ئاماژەیان پێ بدەم. ئەگەر ڕوونیش نەبن ئەبێت بەمانای ناڕوونی بیرکردنەوەم بێن. تەنانەت لەکاتی نوسینی ئایدیاکانمدا وادەرکەوت سەرنجی لەگەڵ یەک نەگونجاوی تێدابێت (هەرچەند هەوڵمدا ڕاستیان بکەمەوە، بەڵام هەندێکیان هەر دزەیان کرد). پێشنیاری هەر شێوەیەکی هونەری کۆنسێپچوەڵ بۆ هیچ هونەرمەندێک ناکەم. من خۆم گەیشتمە ئەو ئەنجامەی ئەم هونەرە بۆمن جێگیەکی زۆر دەگرێت لەکاتێکدا هونەرەکانی تر نا. ئەمە تەنها یەک شێوازی هونەرکردنە، شێوازەکانی تر بۆ کەسانی تر جێگە دەگرن. واش تێناگەم هەموو هونەرەکانی کۆنسێپچوەڵ سەرنجی بینەر ڕاکێشن. هونەری کۆنسێپچوەڵ کاتێک باشە کە ئایدیاکەی باش بێت.

تێبینی:- ئەم بابەتە لە ساڵی ١٩٦٧ لە گۆڤاری ئارتفۆرم بڵاو کراوەتەوە.
   


     
      

هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ