خەتخۆشی ئیسلامی لە کۆنتێکست
(ئاڵای عێراق)، ئێستا گەلەری (٢٠١٨). فۆتۆ: سەنگەر عەبدوڵا.

25/03/2020    21:55

خەتخۆشی ئیسلامی لە کۆنتێکست 


Şêwekar

سولی ئۆن وێب

نوسینی: هەڵگورد ئەحمەد


درێژەی ئەم بابەتە لە جۆرناڵی ئینتەسێکشوناڵێتی ئەمریکی لە ١٥ی ١٢ی ٢٠١٩ بڵاوبووتەوە. 
 وەک هونەرمەند و ناوبەناو نوسەری بابەتە هونەرییەکان، زمان پانتایەکی بەرفراوانی لە بیرکردنەوە و پراکتیکی هونەریم داگیر کردووە. گرنگیدانم بە زمان هەر بە پرسەکانی زمانەوانیەوە ناوەستێت، بەڵکو پەلدەکێشێت بەرەو ماناکانی ناو ڕەهەندە فۆرمیەکەی زمانی-نوسراو، بەو مانایەی کەسێک لەڕووی بینینەوە نەک خوێندنەوە، مامەڵەیەکی وێنەیی لەگەڵ ئەم کەرەستەدا دەکات. بەلای منەوە، هونەر ئامرازێکی کاریگەرە بۆ وروژاندنی پرسەکان و نوسینیش دەربارەی هونەر وەک ئەوەی لێرەدا هەیە، پێویستی خۆی دەسەلمێنێت وەک تەواوکەرێکی پراکتیکە هونەرییەکە. هەر لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنەشە کەم تا زۆر نوسین لەپاڵ کارە هونەریەکانم بەپێویست دەزانم. ئەگەرچی ئەم بابەتانە دەکرێت سەربەخۆش وەک بابەتی ڕەخنەیی سەربەخۆش کاربکەن، بەڵام زۆر مەبەستمە ئەو کارە هونەریانەیان لەگەڵ هاوپێچ بکەم کەوەک هەوینی بابەتەکانم ڕۆڵیان بینیوە. سەرباری ئەوەی ئەم بابەتەش تاڕادەیەک توێژینەوەییە، بەڵام پێویستە وەک تەواوکەری کارێکی هونەری خۆم ببینرێت (بڕوانە وێنەی ١)، کە لە دوا پێشەنگای خۆمدا لەژێر ناونیشانی (کاتەلیست)  خرابووە بەر چاوی وەرگر. بەتایبەت لەڕێی ئەم کارەوە وێڵی تەقاندنەوە و خستنەڕووی ئەو مانا کەللتوری و سیاسیانەبووم کە ترنجێنرابوونە ناو فۆمە وێنەییکەی خەتخۆشی عەرەبی. لێرەدا دەبێت خوێنەر ئاگاداری ئەوەبێت کە خەتخۆشی ئیسلامی، دەستنوسی ئیسلام، تێکستی ئیسلامی و تێکستی عەرەبی لەو کۆنتێکستانەی من بەکارم هێناون دوورونزیک هەموویان بەیەک مانا دێن. زیاترلەوەش، زۆرگرنگە بڵێم ئەم نوسینە تەواوی هونەرەکانی شارستانیەتی ئیسلام ناهێنێتە ژێر لێکۆڵینەوە، بەڵکو تەنها کار لەسەر هونەری خەتخۆشی ئیسلامی دەکات کەوەک هونەرێکی باڵا لەسەروی هەموو هونەرە جوانەکانی هونەری ئەم شارستانیەتە دانراوە و هاوشان وەک هونەرێکی ئیلاهی هەژماری بۆ کراوە. لێرەدا هەوڵدەدرێت وەڵامێکی ڕەخنەیی ئەو هەوڵانە بدرێتەوە کە ئەلفوبێ و زمانی عەرەبی دەکەنە بنەمای هونەری خەتخۆشی و ئاینی ئیسلام. سەرباری ئەوەی بەتەواوی ئاگامان لەوەیە ئەم هونەرە کۆمەڵێک مانای ئایینی و گەردوونی هەیە، بەڵام بەپێی ئەو کۆنتێستەی ئەم هونەرەی لێوە دەردەکەوێت و ئەو وەرگرەی لێیدەڕوانێت یاخود دەیخوێنێتەوە، چاوەڕواندەکرێت مانای جوداش بگەیەنێت، ناونیشانی بابەتەکەش لەم تێگەیشنەوە وەرگیراوە. هەربۆیە ئەم نوسینەی من بەزۆری کار لەسەر ئەم هونەرە ئیسلامیە دەکات لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا کە ئەویش جوگرافیای عێراقە. لەم جوگرافیایەدا ناتوانرێت ئەم سکریپتە عەرەبیە تەنها لە بڕیارە ئیستاتیکی و زمانەوانیەکاندا کورتبکرێنەوە، بەڵکو لە بارودۆخی تایبەت و دیاریکراودا، فۆرمی سکریپتەکان سنورەکانی ئیستاتیکا و زمانەوانی تێدەپەڕێنن و دزەدەکەنە ناو سنورەکانی شوناس و سیاسەت و کەللتور. من وەک هونەرمەندێکی عێراقی نا-عەرەب لەڕێی ئەزموونی هونەرییەوە تێبینی ئەوەم کردووە ئەو مانایانەی لەناو قەوارە فیزیاییەکەی زماندا خۆی مەلاسداوە، گرنگی و بەهاکەیان بۆ هونەرمەند هیچی کەمتر نیە لەو مانا زمانەوانیانەی بۆ زمانەوانەکان بەهادارن. هەربۆیە وەک ڕاوکەری ئەو مانایانەی چاوەڕوان دەکرێت لە فۆرمی زمانی نوسراودا هەڵهێنجرێن، بەمەبەسست مشتومڕاویترین تێکستم هێناوەتە ناو گەلەرییەکانەوە تا بزانم چ دسکۆرس و مانایەکی لێدەکەوێتەوە. 


پێشئەوەی بێمە سەر مانا سیاسی و کەللتورییەکانی تێکستی ئیسلامی، پێویستە ڕونکردنەوەیەک بدەم لەسەر چیەتی ئەم هونەرە و چۆنێتی سەرهەڵدانی و پەیوەندی لەگەڵ کایەکانی تردا، بەتایبەت هونەر. لەپێناوی چنگ-گیرکردن لە کرۆکی بابەتەکە، باشترە لە پێناسەی ئەم هونەرەوە دەست پێبکەین. ڕەگو ڕیشەی ووشەی خەتخۆشی دەگەڕێتەوە بۆ "سەرەتاکانی سەدەی حەڤدە لە کەلیگراڤیا (kalligraphia) ی، گریکیەوە هاتووە، خەتخۆشیش ئەو کەسەیە بە جوانی بنوسێت، کالۆس (kallos) بەمانای جوان دێت و گرافین (graphein)یش، بەمانای نوسین دێت."   "بە تێگەیشتنێکی مۆدێرنانە، خەتخۆشی پەیوەستە بە هونەری خستنەوەی فۆرمی هێما و نیشانەکانەکان، بەشێوەیەک ڕەچاوی گوزارشت و هارمۆنیبوون و شارەزایی تێدا بکرێت."  خەتخۆشی ئیسلامیش یەکێکە لە ووردترین و دەقیقترین خەتەکانی جیهان و بریتیە لە گوزارشتێکی بینەیی قوڵترین پێزانین و ڕێز بۆ جیهانی خواهانە. خەتخۆشی لە "عەرەبیدا بە بە خەتی ئیسلامی ناودەبرێت، بەمانای هێڵ یان دیزاین یاخود پێکهێنانی ئیسلامیانە دێت."   یەکێک لە پێناسەکان بۆ ئەم هونەرە ئەوەیە "خەتخۆشی ئیسلامی بریتیە لە پارچەیەک نوسینی جوان کە تێکستی عەرەبی وەک بنەما لە نوسینەکەدا بەکارهێنرابێت، هەربۆیە، زۆرجار خەتخۆشی ئیسلامی بە خەتخۆشی عەرەبی ناودەبرێت."  لکاندنی ناوی عەرەبی بەم هونەرەوە تەنها لەسەر بنەمای ئەو حەقیقەتە نیە ئەلفوبێی عەرەبی تێدا بنەمایە، بەڵکو خودی هونەرەکە لە جوگرافیایەکی عەرەبیەوە هاتووەتەدەر. مێژوو و جوگرافیای سەرهەڵدانی ئەم هونەرە لە مەڵپەڕی (ئیجپتودەی)، بەم شێوە پشتڕاستکراوەتەوە "لە سەدەی یەکی مێژووی ئیسلامدا، هونەری خەتخۆشی سەریهەڵدا. یەکەم دەستنوس لە هەرێمی حیجازی سەربە دورگەی عەرەبی دەردەکەوێت، زۆر ڕێیتێدەچێت شاری مەدینەی ئەمڕۆبووبێت."  ئەم هونەرە بەتوندی پەیوەستکراوە بە بیری ئیسلام و عەرەببوونەوە و بە بەرزترین و پیرۆزترین هونەری کەللتوری ئیسلامی دادەنرێت. تیتس بۆکهار وەک نوسەری دیاری هونەری ئیسلامی، سەبارەت بە هونەری خەتخۆشی ئیسلامی دەڵێت: 'هونەری نوسینی عەرەبی زیاتر لە هەموو لقەکانی تری هونەرە جوانەکانی ئیسلام عەرەبیترە. هونەرێکە دەگەڕێتەوە بۆ تەواوی جیهانی ئیسلامی و هەمیشەش بە باڵاترین هونەرکانی سەربەو جیهانە دانراوە، لەبەرئەوەی ڕەهەندێکی بینەیی دەبەخشێتە ووشە پیرۆزەکانی قورئان."  سەید حوسەین نەسر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکی سەبارەت بەم هونەرە و زمانی عەرەبی دەڵێت: "خەتخۆشی ئیسلامی بریتیە لە بەبەرجەستەکردنێکی بینەیی ئەو حەقیقەتە ڕوحیە بلورییەی (الحق)، کە لەناو وەحیە ئیسلامییەکەدایە. خەتخۆشی بەرگێکی دەرەکی دەبەخشێتە ووشەی خودا."  ئەو زیاتر لەوەش دەڕوات و زمانی عەرەبی کە کەرەسەتەی سەرەکی ئەم هونەرەیە بە پیرۆز دادەنێت و تەنانەت وەک بنەمای ئاینی ئیسلام هەژماری بۆ دەکات و هونەری خەتخۆشی ئیسلامی لاپیرۆزە و لە لوتکەی ئەو هونەرە ئیسلامیەکانی دادەنێت.  لێرەدا، سەرباری ئەوەی زۆر ئاگامان لەوەیە لەم هونەرەدا لەپاڵ ئەلفوبێی عەرەبی، ئەلفوبێی نەتەوەکانی تریش بەکاردێت، هاوشان لەپاڵ گوزارشتی ئاینی گوزارشتی نا-ئاینیشی پێبەرجەستە دەکرێت، بەڵام خەتخۆشی بەپێی پێوەرەکانی ئاینی-ئیسلام بەندە لەسەر بەکارهێنانی ئەلفوبێ عەرەبی و بەرجەستەکردنی ناوەڕۆکی قورئان. کرۆکی باسەکەمان لەم خاڵەدایە، بە بڕوای من لەپشت بەبناماکردنی ئەلفوبێ عەرەبی و پیرۆزکردن و بەرزڕاگرتنی ئەم هونەرە و پەیوەستکردنی بە بیری ئاینەوە، هەرلە سەرەتاوە هونەرەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر لەبەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، یاخود ووروژاندنی ئەم خاڵە لەهونەرەکەمدا ڕەنگمپێداوەتەوە.


تەقریبەن لەناو کەللتوری ڤیژەوەڵی زۆربەی نەتەوەکاندا هونەری خەتخۆشی بوونی هەیە. بونمونە نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی چین ئەم هونەرەی گەیاندووەتە ترۆپک، بەڵام نە چینیەکان و نە نەتەوەکانی تر وەک نەتەوەی عەرەب کاری لەسەر پیرۆزکردن و بەئاسمانیکردنی ئەم هونەرە نەکردووەتەوە. مەبەست چیە لەم هەوڵە ئاینیە؟ بۆ خەتخۆشی و دانانی ئەم هونەرە لەگەڵ ئاین وەک دوانەیەکی لەیەکدانەبڕاو؟ دەبێت لەسەرەتاوە ئەوە بزانین کە هیچ لۆژیکێک لەنێوان هونەری خەتخۆشی و زمانی عەرەبی و ئاینی ئیسلام نیە! گەوەرە فەیلەسوفی ئێرانی، عەبدول کەریم سروش لەڕووی فەلسەفی و سیۆلۆجیەوە لەکتێبەکەیدا لەژێر ناوی (بەرفراوانکردنی ئەزموونی پێغەمبەرانە، ٢٠٠٩)، بەدورودرێژی لەسەر ڕێکەوتبوون (ئاکسیدێنتەڵ)، و پیرۆزبوونی زمانی عەرەبی دواوە و بە کورتی دەڵێت: "ڕێکەوتی یەکەم لە دروستبوونی ئیسلامدا زمانی عەرەبیە کە ئەکرا زمانێکی تر لەجێیبوایە. ڕێکەوتی دووەمیش خودی کەللتوری عەرەبیە."  ئەو لە پەرتوکەکەیدا بەڵگەی پێویستی بۆ ئەم تێگەیشتنەی هێناوەتەوە و دەڵێت: "تەواو دڵنیام تێگەیشتنی من بەرامبەر ڕێکەوتبوون و هاتنەوەی زمان لەهەموو ئاینەکاندا یەکلایی بووەتەوە و لەبارێکدان ناتوانرێت پاساویان بۆ بهێنرێتەوە."  ئەو بیرمەندێکی ئیسلامی ڕیمفۆرمخوازی ئێرانیە. بەبڕوای من هەر ڕیفۆمێکیش لە ئاینی ئیسلامدا بکرێت، کۆتاییەکەی بە تەنگەتاوکردنی کەللتور و بیروباوەڕی عەرەبەکان کۆتایی دێت. ڕوونە کاتێک ئیسلام دەردەکەوێت، تاقە کەرەستەیەکی کەللتوری بەردەستی ڤیژوەڵ کە بتوانێت نوێنەری عەرەببوون بکات و ئاینەکە وەک بەرهەمێکی شارستانیەت و بیری عەرەبی مانیفێست بکات، زمانی عەرەبی و ئەدەبەکەی بوو. دەشبوو ئەو کەرەستە مۆرکی عەرەببوونی پێوە دیاربێت تا لەڕێی هاوپێچکردنی ئاینەکە لەگەڵی ئەگەری تەشەنەپێکردنی بیری عەرەبێتیش بڕەخسێت، هەڵبەت لەڕێی دانانی هالەیەکی پیرۆز بەسەر سەری کەرەستەکەوە (پیتی عەرەبی). کەواتە لەبنەمادا لەپاڵیەکدانانی تێکست لەگەڵ جیهانی خواهانە، هەوڵێکی سیاسی و کەللتوریی مرۆڤکردە لەپێناو تەشەنەپێکردن و بڵاوکردنەوەی کەرەستە کەللتورییەکانی عەرەب لەبەرگێکی ئاینیدا. توێژەرێک دەڵێت: "بەکارهێنانی پیتەکانی عەرەبی لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرن کە ڕەنگدانەوەی مێژوو، کەللتور و شوناسن."  ڕاستە خەتخۆشە موسڵمانە نا-عەرەبەکان بەئەلفوبێی زمانی خۆیان ئەم هونەرە پراکتیزە دەکەن، لەنموونەیان خەتاتەکانی ووڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، ئەندۆنیزیا، بەنگلادیش و مالیزیا ...هتد. بەڵام هیچ خەتاتێکی ئیسلامی نیە، تەنانەت ئەگەر عەرەبیش نەبێت، بە ئەلفوبێی عەرەبی گوزارشتە ئاینیەکان و ناوەکانی ئەڵا و ناوی موحەمدی نەنوسیبێت، چونکە مەرجی چوونەژێر خانەی هونەری خەتخۆشی ئیسلامی، وەک لەسەرەوەر ڕونکراوەتەوە، ئەبێت ئەو خەتاتە (١) ئەلفوبێی عەرەبی بەکاربێنێت، (٢) ووشەکانی خوای پێبەرجەستە بکات.  "پەیوەندی نێوان خۆشنوسی و ئایین تاڕادەیەک ڕوونە. بەپێی ئەو پەیمانەی لە حەدیسدا هاتووە، نوسینەوەی قورعان بە کردەیەکی ئایینی دادەنرێت. لە فەرموودەیەکدا هاتووە کە ئەو کەسەی بەجوانی بیسمیلا بنوسێت، دەچێتە بەهەشت "  

 
تێبینی بکە، ئاین چەند وورد و دەقیق کراوەتە بزوێنەرێک بۆ بەرهەمهینانی هونەرێک لەسودی شارستانییەتی عەرەبی، بەشێوەیەک پێشەوای ئەم ئاینە، گفتی چوونە بەهەشت دەداتە هەر کەسێک ئەو دەستەواژە بەو زمانە بنوسێت. هەربۆیە هەرکەسێک لەهەر نەتەوەیەک و لە هەرشوێنێک ئەم هونەرە بەرهەمیبێنێت، بە بەرژەوندنی کەللتوری عەرەبی کۆتایی دێت، چونکە زمان چ لەفۆمی نوسیندابێت یان ئاخافتن، هەڵگری شوناسی نەتەوەییە. زمانەوانی کوردی جەعفەر شێخولئیسلامی پرۆفیزۆر لە زانکۆی کارلیتۆن دەڵێت: "لەناو پێکهێنەرەکانی شوناسی نەتەوەییدا، زمان لەهەموویان گرنگترە."  زمان دەتوانێت نوێنەرایەتی شوناسی نەتەوەیی بکات، گوزارشت لە پێگەی کەللتوری و سیاسی بکات. بەتایبەت لەنێو ئەو نەتەوانەی خولیای سا‌غکردنەوەی شوناسیانی خۆیان هەیە. نەتەوەی عەرەب یەکێکە لەو نەتەوە زلهێزانەی کە وویستی ڕەنگپێدانەوەی فەرهەنگ و کەللتور و دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەتەوەکانی تردا هەیە و لەم هەوڵەشدا یەکێکە لە سەرکەوتوترین نەتەوەکان. بەشێت لەم سەرکەوتنەش لەو ڕۆڵەوەبوو کە سپرادویەتی بە هونەری خەتخۆشی کەمن وەک ئایکۆنی ئاینی ئیسلام دەیبینم! نوسینی عەرەبی بەزۆر-پیرۆزکراو وەک ڕوکارێک لەڕێیەوە عەرەبیزمی تێدا دەبینرێت. ئەکرێت بڵێم یەکەم کەس لەمێژوودا درکی ئەم خاڵەی کردبێت و هەڵوێستی جدی وەرگرتبێت، کەمال ئەتاتورکە (١٨٨١-١٩٣٨). "دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کەمال ئەتاتورکی باوکی تورکیای مۆدێرن لەساڵی ١٩٢٨دا، دەستنوسی عەرەبی کوێرکردەوە. ئەو ووتی دەبێت خۆمان ڕزگارکەین لەو هێما و نیشانە ناڕونانەی ساڵەهایە مێشکی داگیرکردووین. ئەم ڕیفۆرمەی لەسەر ئاستی دەستنوسەکان کرا، بۆ ئێوارەکەی بووە یاسا، بینای سەرەکی عەنقەرە ڕووناکی خستە سەر ئەلفوبێیەکی نوێ بۆ تورکەکان."  " لە هەوڵێکی نوێی تردا، لەساڵی ١٩٣٢. لەڕێی بزوتنەوەیەکی زمانەوانی توندەوە، ئەتاتورک ئاڕاستەی ڕیفۆرمێکی مەعریفی دیاری کرد لەپێناو 'پوختەکردنی' زمانی تورکی لە ووشەی عەرەبی و فارسی و دەستەواژەکانیان لەپێناو بنیادنانی "تورکیایەکی نوێ."  ئەو دەیزانی بەپراکتیزەکردنی ئەم هونەرە هەتا ئەگەر عەرەبیش نەبیت، زمانی تورکی ڕوو لەکوێربوونەوە دەکات و بەبەرژەوەندی کەلتوری عەرەبی کۆتایی دێت. کەواتە کاتێک خەتخۆشی عەرەبی لەکارەکانی مندا دەردەکەوێت، بەو مانایە نایەت کە من ئەو هونەرە خواهانە پیرۆزەم نیشانداوە کە پلەی یەکەمی هەیە لەناو پلەبەندی هونەرە جوانەکانی ئاینی ئیسلام، بەڵکو خەتخۆشی عەرەبی لای من لەژێر پرسیاردایە و داماڵراوە تا ئەو ڕادەی مانا ڕاستەقینەکانی خۆیان بەییان دەکەن، کە بریتین لەمانای نا-هونەری. کەواتە هونەرەکەم پەردە لەسەر مانا شاراوەکانی خەتخۆشی یان تێکستی ئیسلامی لادەبات، بەتایبەت لەناو کایەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاوشان دیاریکردنی لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی. 

ئەزموون کورد لەگەڵ ئەم هونەرەی کە گوایە بەرجەستەکەری ووشە کریستاڵیەکانی خودایە، ئەزموونێکی تاڵە و ئەرێنی نیە. دەستەواژە ئایینیەکانیش هەمیشە وەک کەرەستەیەکی سیاسی و مەترسیدار بەرەو کوێرکردنەوەی ناو و ناونیشان و زمان و شوناسی کورد ئاڕاستە کراون. کوردی عێراق، زیاتر بەر کاریگەرییە نەرێنیەکانی تێکستی ئیسلامی کەوتووە وەک لەوەی سەرچاوەیەکبن بۆ وەرگرتنی چێژی ئیستاتیکی و ڕوحی. لەدیارترین کارەساتەکان کە بەهۆی سودوەرگرتن لەو دەربڕینە ئایینیانەوە بەسەر کوردا هاتووە، ئەو شاڵاوە سەربازیە بوو کە لەژێر ناو و کۆنسێپتی ووشەی (ئەنفال)، عێراقیە عەرەبەکان بەرامبەر قەڵاچۆکردنی کورد گرتیانەبەر. "ئەنفال بەمانای پاشماوەکانی جەنگ دێت. ئەم ووشە ناونیشانی بەندی هەشتی قورئانە...... لەو بەندەدا داوا لە پێغەمبەر موحەمەدی موسڵمان و شوێنکەوتوەکانی دەکات کە بجەنگن لەدژی بێ-باوەڕەکان، تا سەرکەوتنی یەکجارەکی."  سەرباری ئەوەی کوردەکانی عێراق پەیڕەوی ئاینی ئیسلامیان دەکرد، بەڵام لەو کاتەدا سیاسیەکانی عێراق حوکمی بێ-باوەڕیان دا بەسەر کوردەکاندا. "هێزی سەربازی عێراقی ناوی ئەنفالیان لەساڵی ١٩٨٨ هەڵگرتەوە بۆ دەستپێکردنی شاڵاوێکی جینۆسیدی دژی کوردەکانی باکوری عێراق. ...... بەو شێوازە، حوکمەتی عێراق کوردەکانیان لەگەڵ نا-موسڵمانەکان/بێ-باوەڕەکان هاوتا کردەوە و هەوڵی شەرعیەتپێدانی ئەو شاڵاوە لە دیگایەکی ئیسلامیەوە درا."  دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، "ی ن ک ڕاگەیاند ١٨٢،٠٠٠ هاوڵاتی کورد کوژراون."  ئەمە تەنها یەک شاڵاوی سەربازییە کە بەسودوەرگرتن لە تێکستی ئیسلامی کراوە. ئەم جۆرە بەکارهێنانە سیاسیەی تێکستی ئاینی تا ئەمڕۆش لە فۆرمی جیاجیادا درێژەی هەیە و من لەڕێی کاری-هونەریی ئاڵای عێراق لە ڕووی بینینەوە سەرنجی بینەرم بۆ ئەم باسە ڕاکێشاوە و ئێستا لەڕێی ڕاڤەکردنی مانای ئەم کارەوە دەخوازم دریژە بەم بابەتە بدەم.


کاری یەکەم (ئاڵای عێراق)، دەقاودەق بریتیە لە ئاڵای عێراق و کەرەستەی کارەکە بریتیە لە بەرمیلێکی فلاتکراوی نەوت وەک ئاماژەیەک بۆ عێراق وەک ووڵاتێکی نەوت. پێوانەی کارەکە ٨٨بە١٦٢سم. ئەمە ئاڵای عێراقێکی نوێیە، کەدەکاتە عێراقی دوای ڕژێمی سەدام. ئەم کارە لەلایەک پەیوەندی بە پرسی نەوتەوە هەیە. لەلایەکی تر، پرسی سیاسی و ئاینی. لێردا پرسی نەوت وەلا دەنێین و درێژە دەدەین بەو پرسەی لەڕێی تێکستەوە دەمانگلێنێتە پرسی سیاسەت و ئایین. ئاڵا یەکێکە لەو کەرەستانەی لەڕووی سمبۆلییە هەر ڕەگەزێکی سەری (وەک تێکست و ڕەنگ و سمبول و هێل) بەهاو مانای قوڵی خۆیان هەیە. لێرەدا تەنها تێکست وەردەگرین لە دەستەواژەی (اللە اکبر)، دەکۆڵینەوە وەک ڕەگەزێکی سەرەکی سەر ئاڵای عێراق. بیرۆکەی هێنان و جێگیرکردنی ئەم تێکستە لەچرکەساتێکی مێژوویی دیاریکراودا سەرەداوی باش لەخزمەتکردنی بابەتەکەمان دەخەنەڕوو. سەدام لە ١٦ی حەوتی ١٩٧٩ تا ٩ی چواری ٢٠٠٣ سەرۆکی عێراق بوو. ئێمە دەزانین کاتێک حیزبەکەی سەدام لە ساڵی ١٩٦٣وە دێنە سەر حوکمی عێراق، ئاڵای ووڵات ئەم تێکستە ئیسلامیەی لەسەر نەبوو، بەڵام لەساڵی ١٩٩١ یەک گۆڕانکاری بچوک لەو ئاڵایەدا دەکرێت، ئەویش هێنانی تێکستی (اللە اکبر)ە، بۆ ناوەڕاستی ئاڵاکە. ساڵی ١٩٩١ خاڵی وەچەرخانی بیرکردنەوە و سیاسەتی سەدام بوو بەرامبەر ئەمەریکا. سەدام بەر لەو بەروارە بە هاوپەیمانی ئەمریکا دادەنرا، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم هاوپەیمانیە، دیدو بۆچوونیان بووبێت بەرامبەر بە ئێران وەک دوژمنێکی هاوبەش بۆ هەردوو ووڵاتەکە. کاتێک سەدام ئەم پاڵپشتیەی نامێنێت و ئەمەریکا پشتی تێدەکات، دەبێت جێگرەوەیەکی خێرا بدۆزێتەوە بۆ وەستان دژی ئەو دوژمنە نوێیەی وادەردەکەوێت زاڵبوون بەسەریدا ئەستەم بێت. سەدام دەیزانی کۆمەڵگەیەکی لەبەردەستدایە عاتیفەیەکی قوڵیان هەیە بۆ ئاینی ئیسلام، هەربۆیە دەکرێت بەگۆڕانکاریەکی کەم کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئەو گۆمەڵگایە دابنێت. کورترین و خێراترین چارەسەر ئەوەبوو لەوەودوا وەک پیاوی خودا خۆی نیشان بدات و بەرگێکی ئیسلامی بپۆشێت. جیمس پیسکاتۆری سەبارەت بە بڕوای سەدام پێش جەنگی ساڵی ١٩٩١ی  ئەمریکا و عێراق دەڵێت:  "سەدام قەت ئەو هێزەی پێباشنەبووە کە ئاین لەدەماغ و بوینیادی مرۆڤدا دروستی دەکات. بەڵام لە لێواری جەنگێکدا کە خەریکە ڕووبدات، فەرماندە باڵاکانی کۆکردەکانتەوەو ڕایاندەسپێرێت تا ڕوولە خودابکەن وەک ئەندازیاری جەنگێک کە خەریکە هەڵدەگیرسێت."  سەدام پێشتر کۆمەڵێک هەوڵی سەرکەوتوانەی لەڕێی سودوەرگرتن لە فەرهەنگی ئیسلامیەوە تاقیکردبووە و سەرکەوتبوو تێیاندا. ئەمجارەیان وویستی سەرلەبەری عێراق بەفیتەری ئیسلامیدا تێپەڕێنێت و بەم هەوڵەش پاڵپشتی دەوڵەتە عەرەبە ئیسلامیەکانی تریش بەدەست بێنێت دژی دوژمنە نوێکانی. بۆ دووپاتکردنەوە و مانیفێستکردنی ئەم باوەڕە لەناکاوەی هەندێک ماتریاڵی ئیسلامی لە هەندێک شوێنی هەستیارەوە زەقکردوە، لەگرنگترنیان ئەم تێکستەی سەر ئاڵای عێراقە، تێدا دووپاتی دەکاتەوە کە خودا مەزنترینەو من لەژێر فەرمانی ئەودا کارەکانم ڕێک دەخەم. سەرباری ئەوەی جەنگ بەدڵی سەدام کۆتایی نەهات و شکستی هێنا، بەڵام لێرەوە لەوێ وەک ئاکۆنێکی ئاینی خاوەن ئیرادە هەڵدەسەنگێندرا. "لەسەروبەندی قەیرانی گۆڵفی ٩١-١٩٩٠، سەدام حوسێن بەمتمانەوە پەیمانی سەرکەوتنی دژی هێزە داگیرکاریەکانی ڕۆژئاوای دا، بەڵام لەبەر دەستکەوتێکی و سەیر و چاوەڕواننەکراوی تر لەبیر نەکرا. ئەو ڕژێم و ووڵاتەکەی تا کەنار وێرانکارییەکای یەکجارەکی هێنا، کەچی هێشتا، ملۆنەها موسڵمان لە سەرتاسەری جیهاندا وەک پەرچەکردارێک دژی حوکمەتە گەندەڵەکانی خۆیان، وەک پاڵەوانێکی موسڵمان ستایشی سەدامیان دەکرد."  سەرنجبدە، ڕاهێنراوی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان چەند ڕەگەخۆشکەرە بۆ بەلاڕێبردنی تاک. ئەوەی جێی سەرنجە دوای لەناوچوونی هەژموونی سەدام و ڕژێمەکەشی، دەستنوسی سەر ئاڵاکە بەپێویست زانرا بهێڵرێتەوە بۆ هەمان کۆمەڵگا. شیعەکانی عێراق کە ساڵانێکی زۆر ژێردەستەی ڕژێمی سەدام بوون و خەونی گرتنە دەستی دەسەڵاتیان هەبوو، ئێستا عێراق لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە و لێیان چاوەڕێ دەکرێت گۆڕانکاری بنەچەیی لەعێراقدا بکەن. بەر لە هەرشتێک، چاوەڕواندەکرا ئاڵاکەی سەدام گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەتایبەت ئەو دەستنوسە ئیسلامییەی کە سەدام وەک مەرامێکی سیاسی داینابوو. لەعێراقدا تەنها نەتەوەی عەرەب ناژیت، بەڵکو نەتەوەکانی وەک کورد و ئاشور و کلدانیش دەژین. زیاتر لەوەش لەعێراقدا تەنها ئاینی ئیسلام پەیڕەو ناکرێت، بەڵکو ئاینی مەسیحی و یەزیدی و کاکەیی و زەردەشتیەکانیش. هەربۆیە کاتێک ئاڵایەک بۆ ووڵاتێکی وەکو عێراق دیزاین دەکرێت، ئەبێت هەژمار بۆ هەموو نەتەوە و بیروباوەڕ و ئاینەکان بکرێت. دەستەواژەی (ئەڵاهو ئەکبەر)، وەک دەستەواژەیەکی ئیسلامیانە و بە ئەلفوبێی عەرەبی، یەکێکە لەو دەستەواژانەی هەرلەسەرەتاوە خۆسەپێنە و شوناسێکی ئیسلامی دەدا بەسەر تەواوی ئایینەکانی تردا، وە پیتەکانیش گوزارشت لە کەللتور و شوناسی عەرەب دەکەن. سەیر لەوەدابوو، ئەم دەستنوسە لەشوێنی خۆی هێڵرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەخەتی کوفی، وەک لە کارە هونەرییەکەمدا دیارە. تەنها گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەو ئاڵایەدا سڕێنەوەی سێ ئەستێرە سەوزەکەی نێوان دەستەواژەکان بوو کە وەک ئاماژەبوون بۆ دروشمە سێ ووشەییەکەی حزبی بەعس "ئازادی و یەکگرتوویی و سۆشیالیزم.'  ئاشکرایە سەدام سونی مەزهەب بوو، وەهەروەها عێراقی نوێش چووە ژێر ڕکێفی عەرەبە شیعە مەزهەبەکانەوە. ئاشکرایە، دواهەمین گۆڕانکاری لەم ئاڵایەشدا لەژێر چاودێری شیعەکاندا کرا. گۆڕینی ئەم دەستەواژە ئیسلامیە لە دەستخەتی سەدامەوە بۆ خەتی کوفی لەم چرکەساتەدا کە شیعەکان حوکمڕانی عێراق دەکەن بۆم ڕێکەوت نیە و کردەیەکی بیرلێکراوەیە. بۆ تێگەیشتن لەم کردەیەش، هەرئەوەندە بەسە کەمێک بچینە ناو مێژووی سەرهەڵدانی تێکستەکەو پەیوەندی لەگەڵ بیری شیعەگەریدا دەستنیشان بکەین.  خەتی "کوفی لە شاری کوفە لە دەیەی دووەمی ئیسلامدا دادەهێنرێت."   "کوفی، بەپێ ناوەکەیبێت لە ناوی شاری کوفەی عێراقەوە وەرگیراوە و ئەم خەتەش بەتەواوی جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبووەتەوە."   هێشتنەوەی تێکستەکە لەلایەن عەرەبە شیعەکانەوە چاوەڕوانکرابوو، چونکە لەبنەمادا جەخت لەرسەر عەرەبوون دەکاتەوە، بەڵام دەبوو بگۆڕدرێت بۆ جۆرە دەستخەتێکی تر کە مانیفێستی دەسەڵاتی شیعە بکات لەعێراقدا "کوفە یەکێکە لەو پێج شارە عێراقیەی گرنگیەکی ئەوتۆی هەیە بۆ موسڵمانی شیعە."  "لەو کاتەی عەلی ئەچێتە کوفە لە ٦٥٦، تەنانەت زوتریش، ئەم شارە دەبێتە سەنتەری سەرەکی بزاف و خولیا و ئاواتەکانی شیعە. لە دەوروبەر و ناوەوەی کوفەدا چەندین ڕوداوی وا ڕوویدا بەشێوەیەک سەرەتای مێژوویەکیان بۆ موسڵمانە شیعەکان دروستکرد."  تێبینی بکە، ئەم هونەرە چەند هەستیارانە و دەقیق شەڕی شوناس و خاوەندارێتی لە ئاستێکی ووردتردا پێدەکرێت. شیعە ئەو جۆرە خەتەی لابرد کە تایبەتمەندێتی سونەی پێوەبوو، و بە خەتێکی تر هەمان نوسینی دانایەوە کە ئاسەواری شیعەی پێوە دیارە و گوزارشت لەو سەروەرییەی شیعە دەکەن کەهەیانبووە، لێرەشەوە دەڵێن گەیشتینەوە هەمان سەروەری. ئەمە ئەگەر بەئەستەم ڕاستی تێدابێت، ئەوا بێئەندازە گرنگە لە جیهانی سیاسەت و کەللتوردا. ئەگەر لە ووڵاتێکی وەکو عێراق پرسەکانی زمان تەنها لەناو پرسەکانی زمانەوانیدا کورتبکرێتەوە، ئەوا هەڵەیەکی فەرهەنگییە. بۆنموونە، وادانێت کوردەکانی عێراق داوا دەکەن هەمان دەستەواژەی سەر ئەم ئاڵایە بەزمانی کوردی بنوسرێت (خودا مەزنە)، کەبەهەمان ئەو مانایەی دەستەواژە عەرەبیەکە دەیدات، ئایا هەمان مانا و لێکەوتی دەبێت؟ بێگومان نا. بەڵکو لەپاڵ مانا ئاینیەکە، مانایەکی سیاسی و کەللتوریش خۆی دەردەخات کە هەمیشە لەناو فۆرمی وێنەیی تێکستدا خۆی مەڵاس داوە و لە دەرفەتێک دەگەڕا خۆی تیا بەیانکات. ببینە، لێرەدا ئامادەیی زمانە کوردییەکە وەک نوێنەر و شوناسی نەتەوەیەک مانا دەدات، هەربۆیە هەتا عەرەب لە عێراقدا دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت و عەرەبوون لایان بابەتبێت شتی وا ڕوونادات. 


لە کۆتایدا، من تێکستی ئیسلامی وەک کەرەستەیەکی هونەریی ئیستیغلالکراوە دەبینم، جۆرێک لەمامەڵەی سیاسی نا-هونەریانەی لەگەڵدا دەکرێت. لەسەرەتاوە عەرەبەکان کە هەرخۆیان ئەم هونەرەیان داهێنا و خاوەندارێتی دەکەن، هەرخۆشیان ڕێگایان کردەوە بۆ تێوەگلانی ئەم هونەرە لە کایە ناهونەریەکان. عەرەب ئەوەندەی پەرۆشی هاوپێچکردنی کەلوپەلە عەرەبیەکانیبوو (بە پلەی یەک ئەلفوبێی عەرەبی، وەک لەسەرەوە باسکراوە) لەگەڵ ئاین، ئەوەندە پەرۆشی بەگەردوونیکردنی بنەماکانی خودی ئاینەکە نەبوون، ئەمیش لەبەرئەوەی تەشەنەپێکردنی کەللتوریان پێش ئایین خستبوو. بیرۆکەی بەبناماکردنی ئەلفوبێی عەرەبی و پیرۆزکردنی لە ئایینی ئیسلامدا، هەر لەو تێگەیشنەوە سەرچاوەی گرتووە، هەربۆیە لەسەرەوە کارمان لەسەر پوچەڵکردنەوەی ئەو برۆکەیە کرد کە دەویسترا لەڕێی بەکارهێنانی هونەری خۆشنوسییەوە ئەم دەسکەوتە چنگخرێت. ئاینی ئیسلام لە هەناوی عەرەببوونەوە هاتووەتە دەر، دەشبوو عەرەب کەرەستەیەک هەڵبژێرێت بۆ مانیفێستکردنی ئەم ئاینە، عەرەبی بێت تاوەکو مۆرکی عەرەبوونی ئاینەکە بپارێزێت. ئەمە ئەو هەنگاوەیە کە ئاین دەگلێنتە ناو ململانێ سیاسی و کەللتوریەکان. ئەگەر بڕیارە شەڕی فکری و فەرهەنگی شارستانیەتەکان هەبێت و کەرستەیەکی سەربە کەللتوری ڤیژوەڵ هەبێت توانای بەشداریکردنی لەم شەڕەدا هەبێت، ئەوا تێکست زیاتر لەهەر کەرەستەیەک دەتوانێت بەو ئەرکە هەستێت. هەربۆیە عەرەب لەڕێی بارگاویکردنی تێکستەکەی بە ئایین نیشاندانی لەفۆرمێکی هونەریدا، توانیویەتی زۆرتین دەستکەوتی کەللتوری و سیاسی پێبەدەست بێنێت. هەربۆیە بەمانایەک لەماناکان، چەمکی هونەر وەک هونەر لە فەرهەنگی ئیسلامدا بەشێوەیەکی پەتی بوونی نیە، بەڵکو باس باسی هونەرە لەپێناوی شتێکی تر. لەو جێیەی دەستنوس وەک کەرەستەیەکی ئیستیغلالکراو توانای بەجێهێنانی ئەرکێکی سیاسی یان ئاینی هەبێت، ئیدی کاری تەواو دەبێت و ئەرکە هونەریی و زمانەوانەکانی بە شتێکی لاوەکی دادەنرێت. ئەکرێت پشتبەست بەهەندێک پێوەری ئیستاتیکی و ئاینی خوێندنەوەیەکی دوور لە سیاسەت بۆ دەستنوسی ئیسلامی بکرێت و بە هونەرێکی ناسک و ڕوحی دانرێت، بەڵام ئەمە کاتێک ڕوودەدا پەیوەندی ئەم دەستنوسە لەگەڵ سیاسەتدا لەسەر ئەرزی واقع لەبەرچاو نەگیرێت. دەستنوسی ئیسلامی، بەو جۆری مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بە ئامرازێکی بەلاڕێدابەر هەژمار دەکرێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسانێکی پێشتر-گۆشکراو بۆ ئیسلام دەدەنێت. 








  27-13 December, 2018,  Esta Gallery, Sulaimani, Iraqi Kurdistan), https://www.youtube.com/watch?v=n0gqb0xCpfI&t=286s

  Lexico, Lexico dictionary, powered by Oxford, Aug 30, 2019.

  Razwan Baig, 25th June 2016, Qur‌anic History and the Role of Islam Calligraphy, The Review of Religions, 30th Aug 2019, https://www.reviewofreligions.org/12577/quranic-history-and-the-role-of-islamic-calligraphy/
  Islamic Art Store, Calligraphy Artworks, 30th Aug 2019, https://www.islamicartstore.com/collections/calligraphy-artworks/quran-verse
  Moslimcalligrapy,  7th July, 2012, Islamic Calligraphy, 30th Aug 2019, http://moslemcalligraphy.blogspot.com/2012/07/definition-of-islamic-calligraphy.html

  Razwan Baig, 25th June 2016, Qur‌anic History and the Role of Islam Calligraphy, The Review of Religions, 30th Aug 2019, https://www.reviewofreligions.org/12577/quranic-history-and-the-role-of-islamic-calligraphy/
  Burckhardt, Titus, 2009, Art of Islam: Language and Meaning, World Wisdom, Inc. 
  Seyyed Hossein Nasr, 1987, Islamic Art and Spirituality, State University of New York Press.
  BYU MOA, 2012, Dr. Seyyed Hossein Nasr-Islam: Truth and Beauty, Accessed Dated 30 Aug, 2019 https://www.youtube.com/watch?v=asTPBo9ei1M
  Abdulkarim Soroush, 2009, The Expansion of Prophetic Experience, Translated from Persian by Nilou Mobasser, Brill, Leiden Boston. 
  American Academy of Religion, Discussion with Abdul Karim Soroush on Revelation, Reform, and Secularism. November 20, 2011, Accessed 1st Sep, 2019. https://www.youtube.com/watch?v=riwmwcgo6_o&t=467s

  Noha A. Mohamed and Khaled T. Youssef, vol. 19, 2014, Utilization of Arabic Calligraphy to Promote the Arabic Identity in Packaging Designs, Helwan University, Giza, Egypt. 
  Hee Sook Lee-Niinioja, 2018, Islamic Calligraphy & Muslim Identity, Novel&Noble Communication: Helsinki. P49.
  Jaffer Sheyholislami, 2010, ‘Identity, Language, and New Media: The Kurdish Case,‌ Language Policy, v9, n4, p291.
  Showcase, The Story of Islamic Calligraphy, 2018, Accessed 1st Sep, 2019, https://www.youtube.com/watch?v=IPYfKSBPNHE&t=19s
  Murat Yetkin, 25th Dec 2014, Turkish Cannot Go Back to Arabic Script, Hurriyet Daily News, Accessed 1st Sep, 2019. http://www.hurriyetdailynews.com/opinion/murat-yetkin/turkish-cannot-go-back-to-arabic-script-76063
  Chak Center (The Center of Halabja Against Anfalization and Genocide of the Kurds), “Anfal” The Iraqi State‌s Genocide Against the Kurds, CHAK, Halabja: 2007, p6.
  Ibid, p6
  Hiltermann Joost, 3rd Feb, 2008, The 1988 Anfal Campain in Iraqi Kurdistan, Escyclopedia of Mass Violence: SciencesPo, Accessed 1st Sep, 2019, https://www.sciencespo.fr/mass-violence-war-massacre-resistance/en/document/1988-anfal-campaign-iraqi-kurdistan
  James piscatori, Vol 45, No  1 (Oct, 1991), Religion and Realpolitik: Islamic Responses to the Gulf War, Bulletin of the American Academy of Arts and Sciences. P18. 
  Ibid. p17.
  Dave Fowler, (11th July 2015), Evolution of the Iraqi Flag, FOTW, accessed 1st Sep 2019. https://fotw.info/flags/iq_evol.html
  Razwan Baig, 25th June 2016, Qur‌anic History and the Role of Islam Calligraphy, The Review of Religions, 30th Aug 2019, https://www.reviewofreligions.org/12577/quranic-history-and-the-role-of-islamic-calligraphy/
  Markus Hattstein, Editor: Peter Delius, Islam Art and Architecture, H.F. Ullmann Publishing Gmbh, 1st June 2015, p574.
  Aug 2017, Kufa, Wikipedia, Accessed 1st Aug, 2019,  https://en.wikipedia.org/wiki/Kufa
  Kufa, Stage of Shi‌I Activities, Al-Islam.org, 2nd Sep 2019, https://www.al-islam.org/the-origins-and-early-development-of-shia-islam-sayyid-jafari/chapter-5-kufa-stage-shii-activities


هه‌والی زیاتر

3D و سورریاڵ

Şêwekar

27/12/2015

3D و سورریاڵ