فیلمێكی كوردی كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی بەیروت دەكات

03/08/2015    21:43

فیلمێكی كوردی كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی بەیروت دەكات  


Cînema


سولی ئۆن وێب

بەپێی ڕاگەیاندنێکی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فیلمی "ونبوون لە غوبار"ی دەرهێنەر سۆران ئیبراهیم، کە کۆپییەکی بۆ سولی ئۆن وێب نێردراوە، لە ئێستادا فیلمی "ونبوون لە غوبار" بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان و وەک تاکە فیلمێکی کوردی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەكیی خولی ١٥ هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەیروت، لە کێبڕکێدایە.


 سۆران ئیبراهیم دەرهێنەری فیلمەكە، لەبارەی بەشداریكردنی فیلمەكە لەو فێستیڤاڵەدا ڕایگەیاند: "لە خولی پانزەهەمینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەیروت كە لە وڵاتی لوبنان ئەنجام دەدرێ‌، فیلمی (ونبوون لە غوبار) لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیدا بەشداری دەكات و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات."  وتیشی: "فێستیڤاڵەكە لە ڕۆژی ٨ی ئۆكتۆبەری  ٢٠١٥ لە شاری بەیروت دەستپێدەكات و هەتا ١٦ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێ‌". 
لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەشەوە، سۆران ئیبراهیمی دەرهێنەر وتی: "چیرۆكی فیلمەكە سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفالی كوردە و لە رێگەی چیرۆكێكی ئەویندارییەوە تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدی كورد دەگێڕێتەوە".

فیلمی "ونبوون لە غوبار" لەلایەن تاهیر عەبدوڵا پشتگیری كراوە و بەرهەم هاتووە. ستافی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بریتین لە: "سیناریۆ: هێمن حەیدەری، یاریدەدەری دەرهێنان: نەزیر میرزایی، وێنەگرتن: حەمید قەوامی، یاریدەدەری وێنەگرتن: عەلی مورادی، دیزاینی لوكێشن: سۆران ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرهەم: ئەكبەر گوڵی، دەنگهەڵگر:محەمەد تۆریوەریان، فۆتۆگراف: قادر فەرەجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن: شۆڕش محەمەد، نواندن: سۆران ئیبراهیم، دیمەن زەندی، پەیام عەلەوی، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم، تۆفیق ئەمانی."

پێشتریش ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی هەولێر خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی وەرگرت و هەروەها لە خولی ٥٢ هەمینی فێستیڤاڵی ماڵتا فیلم فێستیڤاڵ خەڵاتی سوارچاكی زێڕینی بەدەستهێنا و هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیدا لە خولی ٣٦ هەمینی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی قاهیرە بەشداری كردووە و لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی دیكەش بەشدار بووە. 
هەروەها ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە خەڵاتی لاوی ساڵ وەك باشترین سینەماكار درایە دەرهێنەر سۆران ئیبراهیم.






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw