ئەندامانی لیژنەی دادوەری فیلمی درێژی جیهانی بناسە

31/08/2015    04:57

ئەندامانی لیژنەی دادوەری فیلمی درێژی جیهانی بناسە 


Cînema

 

سولی ئۆن وێب

فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆک لە ٩ی ئەیلوولدا دەست بە چالاکیەکانی دەکات کە تیایدا فیلمی جیهانی لە پێشبڕکێیەکی جیادا پێشبڕکێی بردنەوەی باشترین دەکەن، فیلمە کوردییەکانیش بەجیا کێبڕکێی باشترین دەکەن. ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵەکەی ناساند و لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵەکە بۆ فیلمی درێژ بریتین لە: 
  
وێرنەر ڕوزیکا (Werner Ruzicka) سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی نێودەوڵەتی
بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی (Duisburg Film Festival) و وانەبێژ
ئەڵمانیا
وێرنەر ڕوزیکا بەڕێوەبەری Duisburg Film Festival ەو ئەمەش یەکێکە لە فیستیڤاڵە هەرە گرنگەکانی دۆکومێنتەری لە ئەوروپادا. ڕوزیکا وەک وانەبێژێک لە زانکۆی میونخ و زانکۆی هونەرە جوانەکانی هامبۆرگ کار دەکات. ڕوزیکا سیمیناریش لەبارەی فیلمی دۆکومێنتەرییەوە دەبەستێت کە لەلایەن ئینستیتوتی گۆتەوە ڕێکدەخرێت لە چەندین وڵاتی وەک چین و هیندستان و ئیسڕائیل.

فرێدی ئۆڵسن  
بەرهەمهێنەر، پڕۆگرامەری فیستیڤاڵ
سوید
فرێدی ئۆڵسن (Freddy Olson) لە ساڵی ١٩٥٢ لە باشووری سوید لەدایکبووە. لە یەکەمین ئەزموونیدا وەک ئەکتەر لە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەساڵی ١٩٨٣دا، ئۆڵسن درکی بەوەکرد کە زیاتر حەز دەکات لە پشتی کامێراوە کار بکات وەک بەرهەمهێنەرێک. لەو کاتەوە کورتە فیلم، فیلمی دۆکومێنتەری و فیلمی درێژی بەرهەمهێناوە. فیلمە هەرە سەرکوتووەکانی بریتین لە (The Mill) و (The Cross)ە کەلەلایەن دەرهێنەری پۆڵەندی لێک ماجێوسکی (Lech Majewski)ەوە کاری دەرهێنانیان بۆ کراوە. لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ەوە لەگەڵ فیستیڤاڵە بەناوبانگەکانی باکوری ئەوروپا کاریکردووە، لەوانە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی گۆتنبێرگ.

ئایشە پۆڵات
نووسەر و دەرهێنەر
ئەڵمانیا
ئایشە پۆڵات (Ayse Polat) لەساڵی ١٩٧٠ لە مالاتیای تورکیا لەدایکبووە، ئەو دەرهێنەر و نووسەری کورد-ئەڵمانە. لەساڵی ١٩٧٨، خێزانەکەیان بەرەو ئەڵمانیا کۆچ دەکەن. پۆڵات لەوێ ئەدەب و فەلسەفە دەخوێنێت. لەماوەی خوێندنیدا دەست دەکات بە دروستکردنی کورتە فیلم. لەساڵی ١٩٩٩ یەکەمین فیلمی درێژی خۆی بڵاودەکاتەوە بەناوی (گەڕان لە دەرەوە). دووەمین فیلمی خۆی (هۆشیار) لە فیستیڤاڵی فیلمی لۆکارنۆدا خەڵاتی زیوین دەباتەوە لەساڵی ٢٠٠٤دا. دواهەمین فیلمی (میراتگر) لە ساڵی ٢٠١٣دا لە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی ڕۆتردامدا نیشاندرا. 

جانی بۆردەیس
بەڕێوبەری ئینستیتوتی فەڕەنسا، هەولێر
فەڕەنسا
جانی بۆردەیس لەساڵی ١٩٥٤ لە فەڕەنسا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٧ بۆ ١٩٨٣ لە فەڕەنسا و وڵاتانی دەرەوە خوێندوویەتی. پاشان بەشی هەرە گەورەی کارەکەی تەرخانکردووە بۆ هاندانی هونەر لە تۆڕە کلتورییەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی. بۆیە لەساڵی ١٩٨٣ەوەچەندین کاری هونەری لە ناو فەڕەنسا و وڵاتانی تری وەکو ئەردەن، سوریا، ئیتاڵیا، ئیندۆنیسیا، ڤێتنام، لوبنان و مۆڕیتانیا ڕێکخستووە.

سۆپوم سۆن 
دەرهێنەر، وانەبێژی فیلم
ئەمریکا
سۆپوم سۆن (Soopum Sohn) لە سیۆلی پایتەختی کۆریا لەدایکبووە، لەساڵی ١٩٩٣ ەوە کۆچیکردووە بۆ ئەمریکا. وەک دەرهێنەر، نووسەر، سینەماتۆگرافەر و وانەبێژ لە نیۆیۆرک کاردەکات. کورتە فیلمەکەی (Island to Island) خەڵاتی ئەکادیمیای خوێندکاری وەرگرتووە لەساڵی ٢٠٠٢دا. فیلمە درێژەکەی (Make Yourself at Home) لەساڵی ٢٠١٠دا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پوسان بۆ یەکەمجار نمایشکراو هەروەها لە MoMa ش پیشاندرا. هەروەها لەبواری سینەماتۆگرافیشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و فیلمەکەی (Mitchellville) لە فیستیڤاڵی سەندانس نمایشکرا، هەروەها فیلمی (SA-KWA)ش خەڵاتی ڕەخنەگرانی وەرگرت لەساڵی ٢٠٠٥دا لە فیستیڤاڵی تۆرۆنتۆدا.






 

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw